. . . .


5 Oct 2013

گرشە، بەشیک لە بەرهەمەکانی ٣٠ ساڵی مامۆستا بێبەش چاپ و بڵاو کرایەوە


ئا: ئازاد بانەیی
" گرشە" کۆکراوەی بەشێک لە شێعر و هۆنراوەکانی مامۆستا بێ بەش، شاعیری شۆڕشگێر و خاوەنی هەڵویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەر ئەرکی یەکێتی نووسەرانی کورد، چاپ و بڵاو کرایەوە.
کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا بێبەش. بێبەش پیرۆتی، ناسراو بە مامۆستا بێبەش، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە ئاوایی قەرەقشلاق،ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. هەر لە سەرەتای لاویەتییەوە خولیای شێعر هۆنینەوە و پەخشان نووسینی لا درووست بووە و دواتر بە شێوەیەکی زۆر شارەزا پێی ناوەتە بواری شێعر و ئەدەبی کوردییەوە. پاش ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامی ئێران و دەستپێکی خەباتی ئاشكرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، مامۆستا بێبەش دەچێتە ڕیژەکانی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و پاش هێرشی بەربڵاوی ئەو ڕژیمە بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەیەک بە نهێنی کاری تەشکیلاتی دەکات و پاش ئاشكرا بوونی ڕوو لە ڕیزەکانی ئاشكرای حیزب دەکات و دەبێتە پێشمەرگە. شەڕ و داگیرکاری خاک و وڵاتەکەی هێندەی دیکە هەستی بەرزی بێبەش،ی شاعیر دەبزوێنی و بە تەواوی ئەسپی خۆی لە بواری نووسینی هۆنراوە و پەخشانی شۆڕشگێڕانە دا تاو دەدات. جگە لە هۆنینەوەی شێعر و نووسینی پەخشان، دەست دەکات بە نووسینی شانۆنامە و تەنانەت پەروەردە و ڕاهێنانی لاوانی شۆڕش بۆ کاری شانۆ و بە تایبەت شانۆی پانتۆمیم و بێ دەنگەکان. مامۆستا بێبەش خۆشی شارەزاییەکی باشی هەیە لە بواری نەواندن دا هەیە و لە سەردەمی پێشمەرگایەتی دا لە چەندین شانۆگەری دا بەشداری کردووە، کە دەکڕی شانۆگەری " چرۆی وەریو" کە دەوری پێشەوا قازی محەممەدی تێدا دەبینی، بە بەهێزترینی کارەکانی باس بکرێ.
جگە لە هۆنراوە و نووسین و وەرگێڕان، بێبەش پیرۆتی بێژەرێکی زۆر شارەزا، ڕەوان بێژ و بە هەستە، کە ماوەی چەندین ساڵ بە دەنگە زوڵالەکەی هەواڵی چالاکی و قارەمانەتی هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە رادیۆ دەنگی کوردستان،ەوە بە گوێی خەڵکی کوردستان دا دەدا. مامۆستا بێبەش جگە لەوە، لە ماوەی کاری بێژەری دا چەندین بەرنامەی ئەدەبی بەڕیوە بردووە کە دیارترینیان، بەرنامەی ئەدەب و هونەر و بەرنامەی پەیتووکە بوو، کە لە رادیۆ دەنگی کوردستان و تەلەفزیۆنی کوردکاناڵ دا بڵاو دەکرایەوە.
پاش ساڵانێکی دوور و درێژ خزمەت بە ئەدەبیاتی شۆڕش و وەشاندنی وشەی پاراوی کوردی، سەرئەنجام یەکەمین بەرهەمی شێعری مامۆستا بێبەش، کەوتە بەر دیدەی خوێنەرانی و کتێبخانەکانی وڵاتەکەمانی دەوڵەمەندتر کرد. مامۆستا بێبەش لە وتووێژێکی کورت دا لەگەڵ ناوه‌‌ندی ڕاگه‌یاندنی د‌‌ه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێمۆکرات، بەو شێوەیە وڵامی پرسیارەکانی داینەوە.
با لە زمانی خۆیەوە سەربردەی بڵاو بوونەوەی " گرشە" بخوێنینەوە.

- ئەگەر ئیمکان دەبێ و ئەرک نیە، هێندێک لە سەر ناوەرۆکی ئەو بەرهەمە چاپ کراوەت و قەبارە و تیراژەکەی و چ کەس و لایەنێک یارمەتی دایت بۆ چاپ و بڵاو کردنەوەی؟

و: ئەو بەرهەمە بەشێک لە بەرهەمەکانی ٣٠ساڵ خەباتە. یەکیەتی نووسەرانی کورد چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ١٧٦ لاپەڕەیە و تیراژەکەشی ٥٠٠ دانەیە.

- ئەوەندەی من ئاگادار بم بەڕێزت ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە سەرقاڵی هۆنینەوەی هۆنراوە و نووسینی دەقی ئەدەبی و پەخشان و تەنانەت شانۆنامەشی، ئایا ئەوە یەکەم بەرهەمەتە کە بڵاو بکرێتەوە یان بەرهەمی دیکەشت لە چاپ داوە؟

و: وەک شێعر بەڵێ. بەڵام پیشتر چیرۆکێکم بە ناوی دوایین (هەل) چاپ و بڵاو بۆتەوە. دیارە لەم دواییانەش دا کتێبێکم وەرگێراوە بە ناوی رۆژنامەنووسیی پیشەیی کە چاپ و بڵاو بۆوە و ٤٠٠ لاپەر بوو.

- ئەم بەرهەمە نوێیە تەنیا شێعر و هۆنراوەیە، یان پەخشانیش لە خۆ دەگرێ؟

و: ئەم بەرهەمە تەنیا شێعرە و پەخشانەکانم ماون.

- بە نیازی پەخشانەکانیش وەک بەرهەمێکی جیاواز بڵاو کەیتەوە؟

پەخشانەکانم زۆرە و بڕێک پرش و بڵاون، ئەگەر بتوانم هەموویان کۆبکەمەوە، ئەوا کتێبێکی تەواویان لێ دەردەچێت و بێ گومان ئەگەر ئیمکان هەبێ و لایەنێک پشتگیریم بکات، بڵاویان دەکەمەوە.

- مامۆستا گیان ئێستا سەرقاڵی چیت؟ ئایا هیچ کارێکی وەرگێڕان، یان بەرهەمێکی ئەدەبیت بە دەستەوەیە؟

و: رۆمانێکم نووسیوە و ئامادەی چاپە.ئێستا بە دوای چاپ کردنی ئەو رۆمانەدا وێڵم.

- بەڕێزت ڕاگەیاندنکارێکی زۆر شارەزا و بە ئەزموونی و ماوەی نزیکەی ٣ دەیە کاری نووسین و بێژەریت کردووە، ئایا ئێستا بە تەواوی لە بێژەری دابڕاوی، یان لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن کاری بێژەریش دەکەی؟

و: هەر لە راگەیاندن کار دەکەم بەڵام بيژەری ناکەم. جار جار بابەتێکی ئەدەبی دەخوێنمەوە و رەنگە وەک بەرهەمی خۆم بڵاویش ببنەوە.

- مامۆستا گیان گەلێک سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندین، بە هیوای بەردەوامی و بەرهەمی زیاترت.

و: منیش سپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1142 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact