. . . .


28 Sep 2013

به‌سته‌ی تیرباران (وه‌رگێڕاوی شێعری مۆناموور)


ئاسۆ حەسەن زادە
کۆنسێرتۆی "ئارانخوێز" به‌رهه‌می موزیسیه‌نی ئیسپانیایی "ژوواکیم رۆدریگۆ" (1939)، یه‌کێک له به‌نرخترین شاکاره‌کانی مووزیکی کلاسیکه. ئه‌و ئاوازه به زۆر زمان و به زۆر ستایل گوتراوه‌ته‌وه که ناسراوترینیان بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌ی ئێمه "مۆناموور"ه.
مۆناموور که هونه‌رمه‌ندی فه‌ڕانسه‌یی "ریشارد ئانتۆنی" له نێوه‌ڕاستی شه‌سته‌کانی زایینی‌دا گوتوویه‌تی، هه‌م به‌هۆی ئاوازه‌که‌ی و هه‌م به‌هۆی تیتره‌که‌ی، لای زۆربه‌ی خه‌ڵک وه‌ک ئاوازێكی ئاشقانه ناسراوه، به‌ڵام راستییه‌که‌‌ی ئه‌وه‌یه که په‌یام و مانای شێعره‌که‌ ته‌واو سیاسی‌یه و باسی پۆلێک له ئازادیخوازان ده‌کا که تیرباران کراون.
دانه‌ری ئه‌و شێعره، "گی بۆنتامپێلی"،‌ وێ ده‌چێ بۆ نووسینی تێکسته‌که ئیلهامی له هه‌موو ئه‌و ریوایه‌تانه وه‌رگرتبێ که له‌سه‌ر خودی کۆنسێرتۆی ئارانخوێز هه‌ن. له‌لایه‌ك کۆنسێرتۆیه‌که حاڵ و هه‌وا و سروشتی سێحراویی کۆشکی شاهانه‌ی ئارانخوێز له ئیسپانیا وێنا د‌ه‌کا، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌گوترێ که بۆمبارانی "گێرنیکا" ئیلهامی دانانی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی داوه به رۆدریگۆ. به‌ڵام ناوبراو بۆخۆی له‌و باره‌وه ده‌ڵێ ئیلهامی ئه‌و ئاهه‌نگه شتێک نه‌بووه جگه له ناڕه‌حه‌تیی خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی پاش له‌بارچوونی منداڵی یه‌که‌میان.
له‌‌کاتێکدا که له کوردستانه‌که‌ی خۆمان، دایکی نیشتمان دیسان نیگه‌رانی له سێداره‌درانی کوڕه‌کانیه‌تی، تێکستی "ئارانخوێز"‌م له فه‌ڕانسه‌ییه‌وه وه‌ڕگێڕایه سه‌ر زمانی کوردی.

* * *

خۆشه‌ویستم!
له‌و شوێنه‌‌ی وا کاتی ئاوابوونی هه‌تاو
گوڵه رۆزه په‌ڕپه‌ڕبووه‌کان به شنه‌ی با ده‌که‌ونه سه‌ر ئاوی کانی..
له‌و شوێنه‌ی وا له‌ژێر تیشکی خۆر،گڤه‌ی با و رێژنه‌ی باران،
به تێپه‌ڕینی ساڵه‌کان دیواره‌کان درز ده‌ده‌ن..
له‌و به‌یانی‌یه‌ی مانگی گوڵان کاتێ هاتن،
به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی سروودێ، به لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیان
شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان له‌سه‌ر دیواره‌کان نووسی..
له‌و وه‌خته‌وه بڕکێ گوڵه‌باخ به‌ دیواردا هه‌ڵگه‌ڕاوه
له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوانه‌ی له‌سه‌ر دیواره‌که هه‌ڵکه‌نراوه،
ده‌ست له‌ملانه..
ئیتر هاوینان ره‌نگی رۆز سوورێکی گه‌لێ جوانه!
خۆ‌شه‌ویستم!
کانیاوه‌کان وشک ده‌بن
له‌گه‌ڵ تینی رۆژ و باهۆز، به درێژایی ئه‌و ساڵانه که راده‌برن..
له‌و به‌یانی‌یه‌‌ی مانگی گوڵان، هێنایانن :
سه‌ر سینگیان‌ گوڵ؛ پێیان په‌تی؛ هه‌نگاو نه‌رم؛
چاویان رووناک به تروسکه‌ی پێکه‌نینێکی زۆر گه‌رم..
خۆشه‌ویستم که شه‌و دادێ
ئه‌و دیواره که به گوڵی رۆز نه‌خشاوه،
له‌و ده‌مه‌وه هه‌تا ئێستا هه‌‌ر ده‌ڵێی به خوێن پڕژاوه..
خۆشه‌ویستم "ئاران خووێز"!
tirbaran.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1025 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact