. . . .


25 Sep 2013

ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسی پارتی کرێکارانی بریتانیا بەڕێوەچوو


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژەکانی ٢٢ تا ٢٥ی سپتامبری ٢٠١٣ی زایینی، کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کرێکاری بریتانیا لە شاری برایتۆن بە بەشداری سەدان میوانی بێگانە و ناوخۆیی و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکانی دەستە خۆشکی ئەو حیزبە و نوێنەر و باڵوێزی وڵاتانی جیهان بەڕێوە چوو.
لە پەراوێزی کاری سەرەکی ئەو کۆنفرانسە دا رۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ بۆ پێکهینانی کۆبونەوەی تایبەت و دیدار و چاوپێکەوتن لە نێوان بەشدارانی نێونەتەوەی و بالوێزخانە و دیپلۆماتەکان تەرخان کرابوو.
بەرنامەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی سپتامبر کاتژمێری ٢و نیوی پاش نیوەرۆ بەهاتنی سەرۆکی حیزبی کرێکار بەڕێز ئێد ملیباند دەستی پێکرد. بەرێزیان لە سەرەتای وتەکانی بە باس لە باشتر بوونی دۆخی بریتانیا و خەڵکی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بەوە کرد کە ژیانی خەڵکی بریتانیا پێویستی بە پێراگەیشتنی زیاتر و دوکتور دەرمان و ئیمکاناتی زیاترە. لاوان، منداڵان و پیر و پەککەوتەکانی ئێرە پێویستیان بە پێڕاگەشتنە، دەبێ سەرچاوەی وزەی باشتر و دڵنیا بۆ خەڵک دابین بکرێ. دەبێ ئابووری وڵات ببووژێتەوە و ئاستی ژیانی خەڵک باشترو باشتر بکرێ. ئێمە دڵنیاین و لەو بروایە داین کە هەموو ئەوانە کاتێک دێنە بەرهەم و دەستەبەر دەکرێن، کە حیزبی لیبەر پارتی بگاتە دەسەڵات و یەکسانی لە کۆمەڵگادا جێبەجێ بکات. ناوبراو سیاسەت و بەرنامەی کاری حیزبەکانی دەسەڵاتداری ئیستای بریتانیای خستە بەر ڕخنەی توند و داوای لە خەڵک کرد کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دا ئاوڕ لە کێشەکانی خۆیان بدەنەوە دەنگ بەو حیزبانە نەدەن چونکا ئەوانە شیاوی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە نین. بەڕێز ئێد ملیباند لە بەشیکی دیکە قسەکانی دا و لە پەیوەندی لەگەڵ کێشە و ئاڵۆزییەکانی جهان و بە تایبەت گرفتی سوریە دا وتی: ئێمە لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشی سەربازی بۆ سەر سوریە پەلە ناکەین و بە پەلە بڕیار نادەین و چاوەڕێی بەڵگەی زیاتری دەکەین بۆ بڕیار دان سەبارەت بەو پرسە.
لە درێژەی کاری ئەو کۆنفڕانسە دا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە کاتژمێری ٤ بۆ ٥ی ئێوارە لە یەکێك لە سالۆنەکانی هوتێل هیلتن کۆبونەوەیەک بۆ وڵام و پرسیاری بەشدارانی کۆنفڕانسی ساڵانەی لیبەر پارتی ڕێکخرا. سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە پرسیاری میوانان دەستی پێکرد و لە لایەن هەریەکە لەبەرێزان داگلاس ئەلکساندر ئەندامی پارلمان و وەزیری سێبەر بۆ وەزارەتی دەرەوەی و بەڕێز ئیفان لویس ئەندامی پارلمانی بریتانیا و وەزیری گەشە پێدان بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و بەریز جیم مۆرفی ئەندامی پارلمان و وەزیری سێبەر بۆ وەزارەتی بەرگری، وڵام درانەوە.
لە پیوەندی لەگەڵ سوریە کە زیاتر پیوەندی بەکێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە چەندین پرسیار ئاراستەی ئەو بەڕێزانە کرا. تەوەری سەرەکی پرسیارەکان لەوە دا کورت کرانەوە کە ئەگەر هاتوو ئەو ووتوێژانە لە پەیوەندی لەگەڵ چەکی کیمیای سەری نەگەرت هەڵوێستی حیزبی کارگەر چی دەبێت؟ لە وڵامدا ئاماژە بەوە کرا کە ئەگەر هاتوو سوریە هێرش بکاتە سەر تورکیە، ئێمە ناچارین بێینە مەیدان و پشتگیری لە حکومەتی تورکیە بکەین، چونکا تورکیە ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئێمەیە و ڕێگە نادەین کە تەنیا بمێنێتەوە. لە ئەگەری ئەوەش دا کە حکومەتی ئەو چەکانە بدات بە حیزبوڵا دا ئێمە ناچار هەر بڕیاری شەر بدەین، بەڵام سەرەرای هەموو ئەوانەیش ئیمە دەبێ سەبر بکەین و زوو بریار نەدەین.
کاتژمێری پێنج و چل و پێنچ بۆ حەوت و چل و پێنچ خولەکی هەمان ڕۆژ بەشێکی بەرچاو لەبەشدارانی کۆنفرانسە لە ئیوارە خوانێک دا کە لە لایەن حیزبی لیبەرەوە ڕێکخرا بوو بەشداریان کرد. ئەوجارەش لەلایەن بەرێزان خاتوو هاریەت هارمن ئەندامی پارلمانی بریتانیا و جێگری سەرۆکی حیزبی کارگەر و بەرێز داگلاس ئەلکساندر ئەندامی پارلمان و وەزیری سێبەر بۆ کاروباری دەرەوەی بەخێر هاتنی میوانانیان کرا و بەرێز ئێد میلیباندیش هەر لەو پیوەندیەدا چەند ووتەیەکی پێش کەش کرد.
جێگای ئاماژەیە کە بەرێز مەولوود سوارە ئەندامی رێبەری و نوێنەری حیزب لەبریتانیا بەشداری ئەو کۆبوونەوانە بوو توانی لە نزیکەوە لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە میوانان و ئامادە بووانی ئەو کۆنفڕانسە و هەروەها ستافی نێونەتەوەیی پارتی کرێکاران دا دیدارو چاوپێکەوتن بکات و لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لۆگۆی حیزبی کارگەری پێشکەشی بەرێز ئێد میلیباند سەرۆکی پارتی کرێکارانی برێتانیا کرد.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 870 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact