. . . .


22 Sep 2013

بەرێوەچوونی سمیناری تیرۆریزمی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ?


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژ شەممە ڕێکەوتی ٢١ـ ٠٩ ـ ٢٠١٣ کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی بەیانی بە بەشداری بەشێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوئێد و ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان سمینارێکی سیاسی لە ژێر ناوی سمیناری تیرۆریزمی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلای ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم بەرێوەچوو.
سەرەتا لە لایەن خاتوو کوێستان بابایی بە نوێنەرایەتی دەستەبەرێوەبەری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانەوە بەخێر هاتنی بەشداربووان و کۆڕگێرانی حازر لە سمینارەکە کرا و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی میکۆنووسی بێرلین شەهید دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاورێیانی ڕاگەیاندرا.
پاشان ڕیزی بەرنامەکان پێشکەش کرا و هاوکات ئامانجی سمینارەکە لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامەوە تیشکی خرایە سەر. دوای ئەم بەشە پەخشانە شێعرێک لە ژێر ناوی هەورازی کوڕ لە لایەن خاتوو سۆزان فەتحی بە هاوکاری موزیکی هیوا گەردی پێشکەش کرا.
لە لایەن خاتوو کوێستان بابایی کۆرتەیەک لە سەر کەسایەتی بەرێز ئاسۆ حەسەن زادە پێشکەش کرا پاشان بەڕێز ئاسۆ حەسەن زادە باسه‌كه‌ی خۆی که ته‌رخانی کردبوو بۆ ره‌هه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد. بەرێزیان سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی به کۆمه‌ڵێك فاکت و داتای پێوه‌ندیدار به تێرۆری جیابیران و موخالیفانی کۆماری ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات کرد و تایبه‌تمه‌ندییه‌‌کانی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی له‌ڕووی ئامانج و پۆلێنبه‌ندیی قوربانییه‌كان و کات و شوێن و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌ چوونی تێرۆره‌كانه‌وه ده‌ستنیشان کرد. ئینجا ناوبراو چوارچێوه‌یه‌كی گشتیی که له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ خه‌بات به‌دژی تێرۆریزم له ئارادایه شی کرده‌وه و بنه‌ماکانی قه‌ده‌غه‌كردنی کرده‌وه‌ی تێرۆریستی و قه‌تڵه‌ سیاسییه‌كان و ئێعدامی فه‌راقانوونی و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی له مافی نێونه‌ته‌وه‌ییدا شی کرده‌وه.
دواتر ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی خستنه‌ ڕوو که کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی و بنیاته‌كانی داکۆکی له مافی مرۆڤ له‌بواری خه‌بات به‌دژی قه‌تڵه سیاسییه‌كاندا په‌سندیان کردوون و ره‌فتاری کۆماری ئیسلامیی له‌و بواره‌دا له‌گه‌ڵ یه‌ك یه‌کی ئه‌و پێوه‌ر و پره‌نسیپانه به‌راورد کرد. له‌ به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌كه‌یدا حه‌سه‌ن زاده مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی له رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی تێرۆری کۆماری ئیسلامیدا هه‌ڵسه‌نگاند و هه‌روه‌ها ئه‌و که‌یسانه‌شی باس کردن که له‌واندا کۆماری ئیسلامی له‌به‌رده‌م دادگاکانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌هۆی کرده‌وه‌ی تێرۆریستی و قه‌تڵی سیاسی مه‌‌‌حکوم کراوه و لێره‌دا به‌تایبه‌تی قه‌زیه‌ی میکۆنۆس و بایه‌خ و ئاکامه‌کانی بڕیاری دادگای بێرلینی شی کرده‌وه.
حه‌سه‌ن زاده له کۆتایی قسه‌کانیدا ئه‌و کاناڵ و رێکارانه‌ی شی کردنه‌وه که بۆ به‌دواداچوونی په‌روه‌نده‌ی تێرۆره‌کان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌به‌رده‌ستدان و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی هه‌موو لایه‌نه‌ کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌گشتی بۆ وه‌سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کانی پێوه‌ندیدار به جینایه‌ته‌كانی رێژیم و تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌و کاناڵانه حقووقییانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکە سروودی سادقی شەرەفکەندی وەک چیا سەربڵندی لە لایەن دوو کیژۆڵەی دەنگخۆش و بەهرەمەند بە هاوکاری موزیک ژەن ڕەهێڵ قادر پێشکەش کرا.
لە لایەن خاتوو لەیلا محەممەدی بیوگرافی خاتوو ڕوئیا حەکاکیان نووسەری کتێبی قاتڵانی کۆشکی فیروزە خوێندراویەوە و تیشک خرایە سەر بەشێک لە نێوەرۆکی کتێبەکە ودواتر کۆڕگێری دووه‌م، خاتوو رۆئیا حه‌کاکیان سه‌ره‌تا باسی کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی جوان و به‌رزی کورده‌کان له‌بواری کولتوری و ره‌فتاری سیاسی و رێکخراوه‌یی ئه‌واندا کرد و ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی به نیشانه‌یه‌ک له زیندوویی و رووحی ئازادیخوازانه‌ی کورده‌کان له قه‌ڵه‌مدا که پێویسته هه‌رده‌م له خه‌بات و تێکۆشانی خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ی بکه‌نه‌وه. رۆئیا حه‌کاکیان ئینجا هاته سه‌ر باسی بیرۆکه‌ی نووسینی کتێبی قاتڵانی کۆشکی پیرۆزه و کار و هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆ لێکۆڵینه‌وه و ئاماده‌کردنی نووسینی ئه‌و کتێبه.
ناوبراو هه‌روه‌ها باسی گرینگیی ئه‌م جۆره کارانه‌ی له خه‌بات به‌دژی کۆماری ئیسلامیدا کرد و گوتی ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ کۆماری ئیسلامی و مێکانیزمه‌ نێوخۆییه‌کانی و سیاسه‌ته‌کانی ڕوو به‌ده‌ره‌وه و به‌گشتی ماهییه‌ت و روومای ئه‌و رێژیمه بناسین، پێویسته ئه‌و کتێبه بخوێنینه‌وه. حه‌کاکیان هه‌روه‌ها ئیشاره‌ی به‌وه کرد که ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ دادگای میکۆنۆس وه‌ك پێویسته به جیهان نه‌ناسێندراوه و زۆر گرینگه له‌مه‌ودواش له رێگای کار و پرۆژه‌ و فکری جۆربه‌جۆره‌وه هه‌‌وڵ بدرێ ئه‌م که‌یسه وه‌ك نموونه‌‌یه‌كی سه‌رکه‌وتووی ئه‌و بوارانه‌ی ده‌کرێ له‌واندا شکست به کۆماری ئیسلامی بهێندرێ و پاشه‌کشه‌ی پێ بکرێ بۆ ئاینده که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێ.
خاتوو حه‌کاکیان وێڕای خستنه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک پێشنیار له‌بواری زیندووراگرتنی که‌یسی میکۆنۆس، هه‌روه‌ها ئه‌و راستییه‌ی وه‌بیرخستنه‌وه که پرۆسه‌ی میکۆنۆس نموونه‌یه‌كی گه‌وره بوو که له‌ودا چالاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌بێ وه‌به‌رچاوگرتنی کێشه و جیاوازییه‌کانی نێوانیان پێکه‌وه کار و هاوکارییان کرد و ئه‌مه‌ش پێویسته بکرێته نموونه‌‌یه‌ک له هاوپێوه‌ندیی نێوان کورد و غه‌یره‌کورده‌کان و به‌گشتی ئازادیخوازانی ئێران.

دوای ئەم بەشە حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەرپرسی کۆمیتەی سوئێد باسێکی کورتی لە سەر جینایەتی میکۆنووس و شەهید دوکتور سەعید و هاورێیانی پێشکەش کرد و هاوکاتیش ئاورێکی خێرای لە ژیانی پێشمەرگەی دێرین کاک مستەفا حەکیم زادە کە بۆ سەفەر هاتبوو وڵاتی سوئێد دایەوە. کاک مستەفا یەکێک لەو پێشمەرگە پارێزەرانی دێموکرات بوو کە وەک پێشمەرگەی پارێزەری هەموو سکرتێرەکانی حیزب خزمەتی بەگەل و نیشتمان کردوە. بۆ ڕێزلێنان لە ٣٣ ساڵ خەبات و تێکۆشانی بەرێز مستەفا حەکیم زادە لەوحەی ڕێزلێنانی کۆمیتەی سوئێدی حدک لە لایەن کاک نەبەز عەلیدووست بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی کۆمیتەی سوئێدەوە پێشکەش بە ناوبراو کرا و دواتر لە لایەن خاتوو فریشتە عەبباسی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان چەپکە گوڵێ ڕێز و پێزانین پێشکەش بە کاک مستەفا حەکیم زادە کرا.
دوای ئەم بڕگەیە لە لایەن خاتوو موژدە عەزیزی کورتە نووسراوەیەک لە سەر ژیانی خاتوو خەجیج مەعزووری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک پێشکەش کرا و دواتر خاتوو خەجیج وێرای دەستخۆشی کردن لە بەرێوەبەران و پێکهێنەرانی ئەو سمینارە باسێکی لە سەر کار و خەباتی ماندوونەناسانەی شەهید دوکتوری سەعیدی هاورێی پێشکەش کرد و بە تایبەت باسی لە بیروبۆچوونی شەهید شەرەفکەندی لە ئاست پرس و کێشە و مافی ژنان کرد. خاتوو خەجیج چەندین نموونەی لە هەڵس‌وکەوتی کاک دوکتوور لە ئاست خەباتی ژنان و ڕۆڵی ژنان لە شۆڕش و بزووتنەوە دا کرد و هاوکاتیش چۆنیەتی هەڵس و کەوتی ئەو ڕێبەرەی لەگەڵ دەوروبەر و کارگێر و کادرو پێشمەرگەکان بە وردی باس کرد. خاتوو خەجیج شێعری کاک شێرکۆ بێکەس ی شاعیری بە دەنگە ئەفسووناویەکی پێشکەش کرد و سرنجی بەشداربووانی بۆ شۆرش و بزووتنەوە ڕاکێشا.
لە نێو ئاخنی بەرنامەکان دا چەندین شێعر و پەخشان و هەروەها سروودی شۆرشگێری پێشکەش کران.
بڕگەیەکی ئەم سیمینارە تەرخان کرا بوو بۆ پرسیاری و وەڵامی بەشدار بووان و کۆڕگێران و لەم بەشەش دا کۆمەڵێک لە بەشداربووان بە دەربرینی بیرو ڕا و تێ‌بینی خۆیان و هەروەها بە پرسیار باسەکانی سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کردو کۆرگێڕانیش بە وەڵام و تێ‌بینی سیمینارەکەیان درێژە پێدا.
لە بەشی کۆتایی دا لە لایەن خاتوو سکاڵا حەکیم زادەوە سوپاسنامەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە و هاوکات ڕێزی خۆیان بۆ شەهیدانی میکۆنووس و تێکرای شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەربری.
کۆمیتەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
٢٢-٠٩-٢٠١٣

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 872 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact