. . . .


15 Sep 2013

ئه‌وانه‌ی مێژوویان دروست کرد" برایم تارایی، له‌ "هه‌وشینان"ه‌وه?


ئا: هەمزە ئاگووشی

-- ساواک هەر رۆژە و بیانوویه‌کی پێدەگرتین و تا دواجار خەڵکی ئاوایی لێ هانداین و لە ئاوایی دەریانکردین.

-- وه‌رن با بە رێبەریی حیزب بڵێین به‌رژه‌وه‌ندی گەلی کورد لە به‌رژه‌وه‌ندیی چەند کەسی کورسی پەرەست و قازانج ویست گه‌وره‌تره



*بۆ ئاشنایی زیاتری خوێنه‌ران ده‌کرێ خۆت به‌ خوێنه‌ران بناسێنی و له‌ قۆناغی منداڵی و هه‌رزه‌کاریت بۆمان

-- من برایم تارایی کوڕی رەحمان، ساڵی ١٣٤٧ی هه‌تاوی لە ئاوایی هەوشینان لەدایک بوومە .
بەداخەوە مانگ و رۆژی لەدایکبوونەکەم نازانم، به‌ڵام باوکم بۆی باس دەکردم کە ئەو رۆژەی من لەدایک بوومە شەهیدی سەرکردە کاک سولەیمانی موعینی هاتۆتە مووچەی ئێمە. بابم بۆمانی باس دەکرد و دەیگوت ئێوارە درەنگانێک کاک سولەیمان لەگەڵ چەند پێشمەرگەیه‌ک هاتنە لام و دوای چاخواردنەوەی ئ‌ێوارێ کە دەبووایە بۆ ماڵ وەگەرێم و فەرموویانم کردبان بۆ ماڵێ، عەرزی کاک سولەیمانم کرد کە پێوقەدەمتان بەخێرە و ئەوڕۆ کوڕێکمان پەیدابووه‌ . کاک سولەیمان بەو خەبەرە زۆر خۆش حاڵ دەبێ و بە بابم دەڵێ کەوایە من خۆم ناوێکی بۆ دەبینمەوە . بابم دەڵێ تۆ هەر ناوێکت پێ خۆشە با ئەو بێ، کاک سولەیمان دەڵێ باشە تۆ بڕۆوە تا هەوا تاریک دەبێ و ئێمەش دێینە ناو ئاوایی ناوێکت بۆ دەبینمەوە . دوای کاک سولەیمان و هاڕێکانی دێنە ناو گوند و ئەوجار نایەنە ماڵێ ئێمە و بە بابم دەڵێ من ناوی دەنێم سەرهەد، تۆ دەڵێی چی؟ بابم دەڵێ هەر زۆر خۆشە ئەویش کاک سولەیمان دەڵێ بەتەنێ نابی دەبێ دایکی رازی بێ بابم دەچێتە ژوورێ و بە دایکم دەڵێ کاک سولەیمان ناوی ناوە سەرهەد تۆ دەڵێی چی؟ دایکم دەڵێ ئەیڕۆ سەرهەد ناوی بێژینگە، بابم بۆ کاک سولەیمان دەگیڕێتەوە و ئەویش زۆر پێدەکەنێ . کاک سولەیمان دەڵێ باشە من دەڕۆم ئەگەرهاتمەوە شتێکی بۆ بە دیاری دێنم! هەزار جار بەداخەوە نە کاک سولەیمان گەڕایه‌وە و نە منیش ناوەکەم پێوە نووسا، چونکه‌ ساواک رازی نه‌ده‌بوو ناسنامەم به‌و ناوه‌ بدرێتێ.
بابم دەیگوت تا ساڵی١٣٥٢راوەستام گوتم بەڵکوو ئەو دەوڵەتە بگۆڕێ، بەڵام دوایی بە پیلانی ساواک لە گوندی هەوشینان دەریان کردین و روومان لە شار کرد، بە ناچار لەوێ بە ناوی برایم ناسنامەم بۆ وەرگرتی ..
تەمەنی منداڵیی منیش وەک هەموو منداڵانی گوندەکەمان، بە نه‌خوێنده‌واری و بە سه‌ختی دەرباز کرد، بەڵام بۆ من و براکانم هەر زۆر بە ناخۆشی گوزەرا . ساواک هەر رۆژە و بیانوویه‌کی پێدەگرتین و تا دواجار خەڵکی ئاوایی لێ هانداین و لە ئاوایی دەریانکردین. جا با شتی خۆش ون نەبێ، پێش ئەوەی لە ئاوایی دەرمان بکەن، ماڵە مام و خاڵەکانم بە بابمیان دەگوت برا بڕۆ تۆ لەگەڵ شا ناتوانی بەربەرەکانی بکەی، بابم هەردەیگوت نا من دەبێ لەسەر زەوی و خاکی خۆم بکوژرێم . لە دواییدا ساواک لەگەڵ گورگەکانیش بوون بەیەک و شەوێک گورگ لە مەڕی دا و ٢١سەر مەڕی لەناو بردین . دوایی دایکم بۆی دەگێڕاینەوە دەیگوت ئەوجار بابتان شمەکەکانیشی لەگەڵ بار نەکردین، بە کوردی بەبێ تەقە تەسلیم بوو ..
ibrahim1-2.jpg

*چۆن بوو تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت بووی و له‌ رێگای کێوه‌ حیزبی دیموکراتت ناسی

-- من هەر لە دەورانی منداڵیمەوە لە رێگای باوکم و ئاغای گوندەکەمانەوە حیزبم دەناسی، بەڵام نەک ناسینێک بە مانای کەلیمە، ئەوان بەیەکەوە دادەنیشتن و باسی زۆر شتیان دەکرد، بۆنموونە ئەوەی باشم لەبیرە زۆر باسی پاسگای لگ بنێ یان دەکرد، دەیانگوت نابێ ئەو پاسگایە لەوێ بێ. هەر بۆیە دوایی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌ دژی نیزامی پاشایی، بۆ من ناوی حیزبی دیموکرات زۆر نامۆ نەبوو. دوای رووخانی رژیمی پاشایی، حیزب خه‌باتی ئاشکرای خۆی ده‌ست پێکرد و بنکه‌ و باره‌گاکانی حیزبی دیموکرات له‌ شار و گونده‌کانی کوردستان کرانه‌وه‌ و منیش وردە وردە سەرم له‌ حیزبایه‌تی دەخورا، بەڵام تەمەنم کەم بوو و نەمدەتوانی ببم بە پێشمەرگە، چەند جارێک لەگەڵ شەهید محه‌مەد گولابی کە جیرانی خۆمان بوو، باسم دەکرد و ئەو دیگوت راوەستە دوای خۆم پێت دەڵێمەوە به‌داخەوە ئەو دوایی لە گرتنی پایەگای گردەسور لەگەڵ دووهاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی مەحموود سمێڵ و محه‌مەد کە شۆرەتەکەی نازانم شەهید کران. دوایی منیش بڕیارمدا نه‌هێڵم سەنگەرەکەیان چۆڵ بێت ببم به‌ پێشمه‌رگه‌ .
ibrahim1-3.jpg

*قۆناغه‌کانی ژیانی سیاسیت له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێده‌کات

-- من لە ٥ بانەمەڕی سالی ١٣٦٢ هاتم بۆ پێشمەرگایەتی، لە لکی ٤ ی هێزی ئاوارە لە دەستەی شەهید سەدیق کوهی سازمان درام .
بەشی هەرە زۆری پێشمەرگایەتیم لەناوچەی لاجانی پیرانشاری بووه‌
*به‌رپرسانی ئه‌و کاتی حیزبی له‌و ناوچه‌یه‌ کێ بوون؟
-- بەرپرسانی حیزبیی ئەوکات فەرماندەری هێز، شەهید مام قادر ئیفتخاری دوای شەهیدبوونی مام قادر، کاک سەید رەسوولی سەیدئەحمەدی بوو،ئەگەر ناوی هەرهەموو بەرپرسانی حیزبی بنوسم زۆر دەبێ و لەوانەیە برێکم لەبیر بچن .
بەڵام لە لکی ٤ ئەو کەسانە بەرپرسم بوونە: شەهیدی هەمیشە لەیاد کاک هەمزە بێهنام وەک سەرلک، کاک ئەبوبکر قەدیکورد وەک بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی لاجانێ، من وەک پێشمەرگە کارم کردووه‌.

* ئەرکەکانی حیزبیت لە کام هێز و کۆمیتە شارستان دەست پێکرد

-- من لە سەرەتای پێشمەریەتیم تا ساڵی ١٣٦٦ هەر لە هێزی قەندیل بوومە،ساڵی ٦٦ لەگەڵ چەند هاورێم لەگەڵ کاکە هه‌مزە نەقڵی هێزی بەیا ن کراین تاساڵی ٦٧ لەوهێزە ماینەوە . ساڵی٦٨ نەقڵی هێزی ئاگری کرام . دوایی گەڕامەوە هێزی قەندیل و تا ساڵی ٧٢ ی هه‌تاوی له‌و هێزه‌ مامه‌وه‌ و ئەوجار لەسەر داوای کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی نەقڵی هێزی پارێزگاری کرام و ساڵی٧٤ی هاتمەوە هێزی قەندیل تا دوایین رۆژی پێشمەرگایەتیم هەرلەو هێزە مامەوە، بە کوردییەکەی زۆر گەڕاوم.

*ده‌کرێ به‌ کورتی باسێک له‌و شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونانه‌ بکه‌ی که‌ دژ به‌ هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی تێیاندا به‌شدار بووی؟

-- سوپاس بۆپرسیارەکەت!
ئەگەر باسی هەر هەموویان بکەم لەوانەیە زۆر بێ، بەراستی هەر ئەوەندە زۆرن نازانم باسی کامیان بکەم، بەڵام باسی ئەوانە دەکەم کە کاریگەر بوون:
- هاوینی ٦٢ جادەی نەغەدە پیرانشار
- پاییزی ئەو ساڵە شەڕی بەناوبانگی شاری شنۆ
- ساڵی ٦٣ شەڕی سەرین چاوێ
- هەر ئەو ساڵە٣ جار چووینەتە ناو شاری پیرانشار کە هەر هەموویان زۆر گرینگ بوون.
- سه‌ره‌تای سالی ٦٤ عه‌مه‌لیاتی ناو شاری پیرانشار کە دوژمن تاسا
- هەر ئەو ساڵە تەفروتوناکردنی گروهی بەناو زەربەتی نەغەدە کە هاتبوونە ناوچەی لاجانێ، بە بۆنەی٢٥ی - گەلاویژی٦٤ کۆنتڕۆڵکردنی جادەی سەردەشت پیرانشار، تەفروتوناکردنی گوردانی تەکاوەرانی میزاوێی سەردەشت، ساڵی ٦٥ گرتنی پایەگای گرداسێ
- ساڵی ٦٦ شەڕی بەردەهەڵۆ کە هەردوو هێزی بەیان و پێشەوا کردیان
- هەر ئەو ساڵە گرتنی تۆپخانەی حوسێن ئاباد
- ساڵی ٦٧ شەڕی سپی سەنگ
- هەر ئەو ساڵە شەڕی ناوشاری پیرانشار
- شەڕی دوو رۆژەی گەڵی گادەران
- گرتنی پایەگای ئاسنگران
- سووتاندنی پارکماتۆری کارخانەی قەندی ورمێ
- شەڕی گرمەنجەڵی
- شەڕی بەرەتیشکی و زۆر شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونی دیکه‌ به‌ داوای لێبوردن له‌ خوێنه‌ران که‌ له‌به‌ر زۆری ناوه‌کان ناتوانم ئاماژه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونانه‌ بکه‌م.
ibrahim1-4.jpg

* په‌یوه‌ندی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ جۆن بوو

-- پەیوەندی ئێمە لەگەڵ خەڵک زۆر زۆر باش بوو و ئەوان حیسابی عەولادی خۆیانیان بۆ دەکردین.
کە پێشمەرگەیەک شەهید دەبوو ئه‌وان زیاتر له‌ ئێمه‌ بە داخ بوون بۆی
ئەگەر دوژمن زەربەی دەخوارد ئەوان، ئه‌وان له‌ ئێمه‌ خۆشحاڵتر بوون .

*خۆشترین و ناخۆشترین بیره‌وه‌رییه‌کانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیت چی بوون؟

-- خۆشترین بیره‌وه‌ریم ئەو رۆژە بوو کە پێشمەرگەکانی حیزب لە شیمیابارانی هەڵەبجەی نەجاتیان بوو.
دیارە شتی خۆش زۆرن، بەڵام ئەوەیان تایبەتی بوو، ناخۆشترین کات ئەو کاتانە بوون که هاوڕێیەکم شەهید دەبوو، لە هەر هەموویان ناخۆشتر شەهیدبوونی هەر دوو رێبەری هه‌ڵکه‌وته‌ی گه‌له‌که‌مان کاک دکتۆر قاسملوو کاک دکتۆر سەعید بوو کە به‌ ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانم دێنه‌ ئه‌ژمار ..
ibrahim1-5.jpg

*حه‌ز ده‌که‌ی دوا وته‌ت بۆ خوێنه‌ران چی بێ؟

-- دوا وتەی من بۆ هاوڕێکانم ئەوەیە وەرن با هەموومان فشار بۆ هەردوو رێبەرایەتی حیزب بێنین کە واز لەو لوتبەرزییەی بێنن و نەک بۆ جارێک، بەڵکو بۆ هەمیشە ئاواتی دوژمنان لە گۆڕ بنێن! وه‌رن با بە رێبەریی حیزب بڵێین به‌رژه‌وه‌ندی گەلی کورد لە به‌رژه‌وه‌ندیی چەند کەسی کورسی پەرەست و قازانج ویست گه‌وره‌تره‌،با بە هەموومان نا بەو کەسانە بڵێین کە بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێ جوڵانەوەیەک لەناو بەرن،هاڕێیان ئەو ناو و ناتۆرە قێزەونانەی کە ئێمە لە یەکتریان هەڵده‌ده‌ین هیچیان ناچنە خانەی خزمەتکردن بە جوڵانەوەی هەقخوازانەی گەلەکەمان.
هاوڕێیان وه‌رن با هه‌موومان به‌ره‌و یه‌کبوونه‌وه‌ و برایه‌تی هه‌نگاو هه‌ڵبگرین و ئەگەر ئەوە نەکەین، گەمە بە رابردووی خۆمان و بە هاوسەنگەرە شەهیدەکانمان دەکەین، چاو لێکەن چۆن بووین بە گاڵتەجاڕی زاری کەسانێک کە بۆ قازانج و بەرژەوەندیی کەسانی دیکە خۆیان بە دار و بەرد دادەدەن.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1499 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact