. . . .


7 Sep 2013

بەرێوەچوونی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: ئێوارەی ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٦ی سێپتامبری ٢٠١٣ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بە هاوکاری یەکیتیەکانی ژنان و لاوانی دێموکرات، ٦٨مین ساڵرۆژی ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان جیژن گرت.
لەو جێژنە دا ژمارەیەکی زۆر لە دۆستان، لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکەمان بۆ رێز گرتن لەو رۆژە پیرۆزە لە مێژوویی خەباتی سیاسی گەلەکەمان دا کۆ ببوونەوە. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاویش لە نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و نۆروێژی بەشدار بوون.
سەرەتای رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی " ئەی رەقیب" وخولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە رووحی پاکی شەهیدانی کوردوکوردستان دەستی پێکرد. دواتر پەیامی کۆمیتەی نۆرویژی حدک لە لایەن ئەسعەد خزری، بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا کە تێیدا وێرای پیرۆزبایی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئاماژەی بە شێوەی دامەزراندنی حیزب و رۆڵ و هەوڵی پێشەوای نەمر قازی محەممەدی کرد و کوتی: " لە دایک بوونی حیزبی دێموکرات بە بەرنامەیەکی سیاسی نۆی و مودێرن، نوختە گۆرانێکی گرینگ بوولە خەباتی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان بە گشتی و گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی. حێزبی دێموکرات یەکەم حیزبی کوردستانییە بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کە داخوازە رەواکانی خەڵکی کوردی لەم بەشەی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سیاسی نۆی، لە لایەک پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کرد و لە لایەکی دیکە سەرنج و بیرورای دەسەڵاتدارانی حاکم بە سەر ئێرانی دا راکێشا بۆ چارە سەری."
لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ هاتبوو" حیزبی دێموکرات لە ماوەی تەمەنی ٦٨ ساڵەی خۆی دا زۆر قۆناغی دژوارو هەستیاری تێپەر کردووە، بەڵام لە هەمووکات دا رێبەری ئەو حیزبە هەوڵی داوە وەک هێزێکی نەتەوەیی، سەربەخۆیی خۆی نەخاتە ژێرپرسیاروهەوڵی داوە لە رێگای دیپڵۆماسی خۆیەوە کێشەی سیاسی نەتەوایەتی گەلی کورد بە گشتی بباتە نێو کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەیەکان بۆ چارەسەری، بەڵام هەرگیز دەستی لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کورستان وەرنەداوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەی دا وێرای باسێکی گشتی لە سەر دەسکەوت و تێکۆشانی بەشەکانی کوردستان، هەڵسەنگاندنی وەزعی ئێستای ناوچەکە و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی کورد کرا و سەبارەت بە ئامادەکردنی ئەو کۆنگرەیە هاتبوو کە :" پێویستە هەموو هێزولایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان بە نیسبەت گرتنی ئەم کۆنگرەیە هەست بە بەرپرسیاریەتی سیاسی و نەتەوەیی بکەن و هیوادارین کۆنگرەی نەتەویی هەڵگری دەنگی هەر تاکێکی کورد بێ لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان بە بێ جیاوازی فکری و سیاسی."
دوایی خوێندنەوەی پەیامی کۆمیتە، سروودی " گەلاوێژ هاتی قەدەمت خێر بێ" لە لایەن کۆری هونەری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ناوی ئەو حیزب و رێکخراوانەی کە بەشداربوون و پەیام و بروسکە و دەستەگوڵیان بەو بۆنەوە ناردبوو، خوێندرایەوە کە بریتی بوون لە:
پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمەڵە ـ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران زەحمەتکێشانی کوردستان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
پارتی ئازادی کوردستان
کۆمیتەی هاوبەشی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و
کۆمەڵەی کولتووری کوردی.
لە حیزبە نۆروێژییەکانیش ئەو حیزبانە بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بوون:
حیزبی کار
حیزبی سوسیالیستی چەپ
حیزبی راست
حیزبی دێموکرات مەسیحی
دوابڕگەی رێورەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ گۆرانی و هەڵپەرکێ کە بە دەنگی هونەرمەندی دەنگ خۆش، شۆرش بۆکانی جێژنەکەی زیاتر رازاندەوە و تا کاتژمێر ١٢ی شەو شایی و هەڵپەرکێی بەشداران درێژەی هەبوو.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆروێژ


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1338 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact