. . . .


5 Sep 2013

تاوێک له‌گه‌ڵ که‌ماڵ گڕوێسی و گه‌شتێک به‌ناو کوچه‌ و کۆڵانەکان?


ئەوانەی مێژوویان درووست کرد
ئا: هەمزە ئاگووشی

-- ئێمە لە قوتابخانە هەموو بەیانیان دەبوو تاوێکی چاک بە ریز راوەستاباین و سروودی ''شاهەنشایی''مان خوێندباوە، کەچی ئەو شا بە هەیبەتە، لە دەرەوەی قوتابخانەکان ناوی ''گازەرد'' یان لێنابوو.

-- لە دەرەوەی وڵات کەمئەندامی وامان هەن، بە قەت دە ساغان کار و چالاکییان هەیە.



پێشمه‌رگه‌ی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان که‌ماڵ گڕوێسی، له ‌دیمانه‌یه‌کدا به‌م شێوه‌یه ‌خۆی به ‌خوێنه‌رانی کدپمیدیا ده‌ناسێنێ:
"من کەماڵ گروێسی، وەک دایک و بابم بۆیان باس کردووم، رۆژی سێزدەبەدەری ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گەڕەکی مزگەوتی‌سووری شاری مەهاباد لەدایک بووم. منداڵی نێونجی ماڵی بووم، دوو خوشکی لە خۆم گەورەتر و دووی چووکەترم هەیە. سەردەمی منداڵیم هەر لەو گەڕەکە تێپەڕ کردووە. دواتر ماڵمان لەو گەڕەکە باری کرد و چووینە گەڕەکی ''ئەرمەنییان'' و هەموو تەمەنی مێرمنداڵیم لەوێ بووم. وەک زۆربەی منداڵانی ئەو دەمی لە تەمەنی ٧ ساڵی ناردیانمە قوتابخانە و قۆناخی سەرەتایی خوێندنم لە قوتابخانه‌ی ''پەهلەوی'' تەواو کرد که‌ئه‌و قوتابخانه‌یه‌لە کووچەی''جولەکان'' پشت بازاڕی '' کۆت فرۆشەکان'' هەڵکەوتبوو. قۆناغەکانی دیکەشم لە قوتابخانه‌ی ''ئەدەب'' و ''محەممەدرەزا شا'' تەواو کرد."
2.jpg

وه‌ک گه‌نجێک چ رۆڵێکتان له ‌خۆپێشاندانه‌کانی دژ به ‌رژیمی رووخاوی پاشایه‌تیدا هه‌بوو؟

وەک زۆربەی گەنجەکانی ئەو سەردەمی بە گوێرەی توانا بەشداریی خۆپێشاندانەکانی ئەو دەمی شاری مهابادم کردووە. لەو خۆپێشاندانەی کە بووە هۆی شەهیدبوونی''جەماڵ فەقێ یەعقووبی'' یەکەم شەهیدی خۆپێشاندانەکانی مەهاباد، و دواتر له‌ گرتنی ژاندارمەری و بنکەکانی دیکەی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بەشدار بووم، دیارە ئەودەم هیشتا خەڵک باش رێک نەخرابوو، بەڵام رقێکی گشتی لە دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی هەبوو، هەروەها ساواک ببووە مۆتەکەی خەڵک و کەس لە ترسی ساواک نەیدەوێرا ببزوێ. هۆکارێکی دیکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ماڵە ئێمە بابم و زۆر لە دۆستەکانی کاتێک ناوی حەمەرەزا شا دەهات، دەیانگوت '' گازەرد'' و ئەوە بۆ من پرسیار بوو کە ئەوە بۆ وایە، ئێمە لە قوتابخانە هەموو بەیانیان دەبوو تاوێکی چاک بە ریز راوەستاباین و سروودی '' شاهەنشایی''مان خوێندباوە، کەچی ئەو شا بە هەیبەتە، لە دەرەوەی قوتابخانەکان ناوی '' گازەرد'' یان لێنابوو.
4-1.jpg
ئەودەم نە تەمەنم ئیجازەی دەدام ئەم پرسیارە بکەم، نە ئاقڵیشم پێی دەشکا، بەڵام شەوێک لە تەمەنی دوازە، سێزدە ساڵیدا تا ڕاددەیەک ئەو گرێپووچکەم بۆ کراوە. ئەویش بەم شێوەیە بوو: ئەوکاتی ئێمە ماڵمان لە گەڕەکی ئەرمەنییان بوو، دوو خوشکە گەورەکەم مێردیان کردبوو. هەر ئەمن و دوو خوشکە چکۆلەکەم لە ژوورێ بووین. ئەوان خەویان لێکەوتبوو، بەڵام ئەمن خەوم لێنەدەکەوت، لە جێیە خزابووم و هەر جینگڵم دەدا، بابم نەنووستبوو. سیغاری دەکێشا و چای دەخواردەوە. جار جارەش چاوێکی لە لای ئێمە دەکرد. چرایەکی '' گڕسۆزی'' لە پێش خۆی هەڵکردبوو، سێبەرەکەی هەموو لای ئێمەی تاریک کردبوو. ئانیشکی وەسەر پەنجەرەی دابوو. ئیستیکانێکی قەدباریکی هەبوو، چای هەر بەوی دەخواردەوە. سندووقێکمان هەبوو، پێشەکەی تەنەکەیەکی رەنگاورەنگی جوانی بە بزماری ورد لێدرابوو. سەعات لە ١٢ی شەو تێپەڕیبوو. بابم هەستا چوو لەناو ئامێرەکانی خۆی لە پێشخانەی ''گاز'' ێکی هێناو خەریکی هەڵکێشانەوەی بزمارەکانی تەنەکەی سندووقەکەی بوو. وابزانم سێ، چوار بزماری هەڵکێشاو و لە پشت تەنەکەکە دەستە کاغەزێکی دەرهێنا. نەمدەوێرا هەستم و بچم لە تەنیشتی دانیشم و لەگەڵی چاو لەو شتانە بکەم هیچ، هەرنەمدەوێرا خۆم وا نیشان دەم کە نەنووستووم. لە سەماوەرەکەی پێش پەنجەرەی چایەکی دیکەی تێکرد و سیغارێکی داگیرساند. ئاوڕێکی داوە و سەری بەسەر ئەو شتانە داگرت کە لە لە پشت تەنەکەی سندووقەکە دەریهێنابوون. تاوێکی باش چاوی لێکردن، دوایە دوو سێ جنێوی بە '' گازەرد''ی داو هەستا شتەکانی لە پشت تەنەکەی سندووقەکەی نانەوەو بزمارەکانی داکوتانەوە، دیارە هەر بە پاڵپێوەنان بزمارەکانی لە جێی خۆیان داکوتانەوە، بۆیە دەنگی بزمار داکوتانێ نەهات.
پاش چایەک و سیغارێکی دیکە، گڕسۆزەکەی کوژاندەوەو ئەویش لە جێگاکەی خۆی خزا. ئەمنیش بە داڵغەی ئەوەی کە کەی بێ و بتوانم ئەو شتانەی پشت تەنەکەکەی ببینم، هێدی هیدی خەو دایگرتم و خەوم لێکەوت.
3.jpg
مانگێک دوای ئەو شەوە، رۆژێک بابم بە دایکمی گوت دەچمە نێو '' شکاکان''، ماڵە ئاشنایەکمان هەبوو لە گوندی '' نازناز'' لە لای '' دزەی دۆڵی'' لەسەر رێی مەهاباد – ورمێ. بابم رۆیی بۆ سەفەرەکەی، رۆژی دوایی دایکم و ژنانی گەڕەکێ، ساز بوون بۆ شیووکوڵ لە چۆمی. ئەو دەم خەڵک زۆر پێکەوە باش بوون و کارەکان زۆرتر بە هەرەوەز دەکران. دە، دوازدە ماڵی گەڕەکێ بە سێ ''داشقە ‌و بارگین'' ان ئەو شتانەی دەبوو بشۆرێن، سواری داشقەکانیان کردن و بەرەو چۆمی چوون. ئەو دەمی سەرەوەی چادرەکەی ''مینەگەزۆ'' تەنکاو بوو، عەرزەکەشی دەشتەکی بوو. فەرش و لێفەو نوێن لەو دەشتەی قەراغ ئاوێ هەڵدەخران. هێندێک لە ژنەکان شیویان دەکرد، هێندێکیشیان شێویان ساز دەکرد، چونکە مێردەکانیان دەهاتنەوە چۆمی بۆ نانخواردنێ.
ئەمن لەگەڵ دایکم و ئەوان نەچووم، گوتم دوایە دێم، دایکم و خوشکەکانم لەگەڵ ژنەکانی دیکەی گەڕەکێ، بەرەو چۆمی رۆیشتن و ئەمنیش بە تەنیا لە ماڵێ مامەوە. گوتم هەلی چاکە، دەبێ ئەمن بزانم بابم لەبن ئەو تەنەکەی چی هەیە؟ گازەکەم هێنا و بزمارەکانم هەڵکێشان. کاغەزێکی سپی خەتدار کە خەتەکانی رەنگیان دابۆوە و سێ وێنەی تێدا بوو. کاغەزم لێک کردەوە، وێنەکانم دەرهێنا، کە چاوم بە وێنەکان کەوت، تاسام، یەکیان وێنەی بابم بوو، بە تفەنگی '' کەلاشنیکۆف'' و دەمانچەوە. ئەوی دیکەیان وێنەی ژنێک بوو کە ئەویش هەر چەکی پێبوو، بەڵام چەکی وی بڕنوو بوو. وێنەیەکی دیکەشی تێدا بوو، کە لەبەر دڵی دایکم ئێستاش نایڵێم وێنەی بابم و کێ بوو!
تاوێکی باش چاوم لە وێنەکان کرد. لە دڵە خۆمدا گوتم هەر کاتی سەربازیم هات، هەڵدێم و دەچم وەک بابم دەکەم. نەمدەزانی سیاسەت و حیزبایەتی و پیشمەرگایەتی چییە.
دوای دیتنی ئەو وێنانە، شتێکم وەبیر هاتەوە، وەبیرم هاتەوە ئەودەم کە ماڵمان لە گەڕەکی مزگەوتی سوور بوو، بەیانییەک، ناردیانم بۆ ماست کڕینێ. ئەودەم ژنانی ئاواییەکانی نیزیک مەهاباد بە سواری کەر و گوێدرێژان دەهاتنە شاری و ماست و سپیاییان بۆ دوکانداران ده‌هێنا. کەرەکانیان لە پشت مزگەوتی سوور لە قوڵکەی کەران دەکردن و بۆخۆیان دەچوونە نیو بازاڕی بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان.
ئەو بەیانییەش ئەمن چووبووم بۆ ماست کڕینێ. گەیشتمە سێ‌ڕێیانی '' فەرەح''. لەوێ وەک عادەت چاوم لە دارتێلەکەی لای کاڕێژی بۆکانێ کرد، ئەو کارێژەی '' مام سوارە'' هاواری دەکرد، بۆکان...، بۆکان...، رەزاییە...،رەزاییە...... ، ئەوێ دارتێلێکی لێبوو، وێنەی ئەو فیلمانەی لە سینەمای شار نیشان دەدران، بەوێدا هەڵداوەسران و خەڵک دەیانزانی سینەما چ فیلمێکی هەیە. کە چاوم لە دارتێلەکە کرد، دیتم پیاوێکیان لە نێردیوانی بەستووە و بە دارتێلەکەیانەوە ناوە! زۆرم پێ سەیر بوو، ماست کڕینم لە بیر چۆوە، بە غاردان هەڵاتمەوە ماڵێ و خۆم بە ژوورێدا کرد. بابم لێی پرسیم کەماڵ گیان ئەوە چییە؟ ''سەیدە لووشە'' رەپێی ناوی؟ گوتم نا، لە خیابانێ پیاوێکیان هەڵاوەسیوە. گوتی چی؟ گوتم لە خیابانێ رووبەڕووی دوکانی '' غەفووری مەنسووری''ی چافرۆش کابرایەکیان هەڵواسیوە. کابرا پێدەکەنێ و ددانێکی زێڕی دەزاریدایە. بابم بە پەلە خۆی کۆ کردەوەو دەرپەڕییە دەرێ. وەدووی کەوتم، لێم تووڕە بوو، ناردمییەوە ژوورێ. راوەستام هەتا لە حەسارێ چووە دەرێ. حەسارەکەمان زۆر گەورە بوو، کرێنشینی ماڵە ''حەمەرەسووڵی ئەیازی'' بووین. بەدوای بابمدا هاتمە کووچەی. ماڵە ''سیسەواری''، ''مێریجان'' و ئەژدەری'' م بەجێهێشت و گەیشتمە سەری کووچەی. بە پارێزەوە بەلای ماڵە ''مەلاغەفووری حافز'' و ماڵە بلوری و ماڵە '' بابەجانی''، لە نانەواخانەکانی''مەلا'' و سەنگەکی'' شاترلووی'' تێپەڕیم و گەیشتمەوە لای دوکانی '' مەشەدی قیل'' و'' ناسری دۆفرۆش'' لە سێ ڕێیانی فەڕەح. ئەمجارە ئاپۆرایەکی زۆری خەڵک لەوێ کۆ ببوونەوە. هەموویان ناڕەحەت بوون. گوێم لێدەبوو، دیانگوت '' گازەرد'' کاری خۆی کرد، ئیدی ترسم لەوەی نەمابوو، بابم بمبینێ. بەشێک لە خەڵکەکە دەچوونە کووچەی جولەکان و لەوێ دەگریان. لەوێ زانیم کە ئەو رۆژە لە زۆر چوارڕێ و خیابانی شار '' تەرمی پێشمەرگەکانی جوڵانەوەی ٤٦-٤٧ حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک هەڵاوەسیبوو. هەر ئەو رۆژە لای نیوەڕۆیە بە جیبێکی ئەرتەشی کابرایەکیان بە زیندوویی بە ناو خەڵکدا دەگیڕا، ئەو ناوی یۆسف بوو، قامکێکی دەستی پەڕیبوو. لە ناوەڕاستی جیبەکە رایانگرتبوو، چوار ژاندارمە لە پشتەوەی جیبەکەی دانیشتبوون و تفەنگی '' ئێم یەک''یان پێبوو. ئەودەم نەمزانی، بەڵام دواتر کە گەورە بووم و شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر رژێمی'' گازەرد'' یان حەمەرەزاشا‌دا سەرکەوت، زانیم ئەو کەسە '' شەهید سەید فەتاح نیزامی'' بوو، کە لەوێ هەڵاوەسرابوو هەروەها هەر ئەو سەردەم خەڵک ناوی شاهەنشای بۆ گازەرد گۆڕی.

چۆن بوو ریزه‌کانی حیزبی دێموکراتت بۆ خه‌بات و تێکۆشان هه‌ڵبژارد؟
وەک لە پرسیاری پێشوودا باسم کرد، بە دیتنی ئەو وێنانەی بابم، ئاشقی پێشمەرگایەتی بووم، هەرچەند ئەو دەم نەمدەزانی پێشمەرگە چییە، بەڵام دواتر کە شۆڕشی مەلامستەفای بارزانی تێکچوو، پێشمەرگەکانیان هاتنە مهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان، لەگەڵ ناوی پێشمەرگە ئاشنابووم و ئەوەندی دیی ئۆگری بووم، بەڵام ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات، لە راستیدا، بابم و خاڵە ساڵەم ( ساڵە قەساب) لە سەروبەندی سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٧ دا باسی حیزبی دێموکراتیان بۆ کردم و ئەمنیش ئەوەی لێی دەگەڕام دۆزیمەوە و سەرەتا بوومە ئەندامی'' سازمانی جەوانان''ی حیزب و دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ '' یەکیەتی لاوانی دێموکرات'' .

له‌ کام هێز سازمان درای و به‌رپرسانی ئه‌و کاتی ئه‌و هێز و کومیته ‌شارستانه ‌کێ بوون؟

سەرەتاکان وەک دواتر نەبوو، رێکخراوێکی گشتی هەبوو، ناوی '' شورای نیزامی'' بوو. سەرگورد عەباسی و چەند کەسی دیکەی نیزامی و پێشمەرگەی کۆن لەوێ دەبوون. رێکخستنێکی ئاوا بەربەرین نەبوو، ئەمن بەهۆی خاڵە ساڵە قەسابەوە کاک محەممەد زەنگەنەم ناسی. لەگەڵ کاک محەمەد زەنگەنەی دەبووم، بەڵام نەدەچوومە بنکەی کە ئەودەم لە ناو شار بوو، لە ماڵە خۆمان دەبووم، تفەنگی خۆمانم پێبوو. کاک محەممەد زەنگەنە، ئەودەم خەریکی دروستکردنی خانوو بوو لە گەڕەکی مەیدانی حەیوانان، لای ماڵە وسێن کارێژی. رۆژانە دەچووم یارمەتیم دەدا و خشتم بۆ وەستا محەمەدی کوڕی مەلاخڕەی هەڵداویشت. مەلا محەممەد و ئەمن و ئەبووبەکری مستەفا زادە و دوو کەسی دیکە کە یەکیان ناوی خالید بوو، بە خۆڕایی و وەک یارمەتی کارمان بۆ کاک محەممەد زەنگەنەی دەکرد. دایکی کاک محەممەد زەنگەنەی بۆ قاوەڵتوون و نیوەڕۆ و عەسرانە چا و نانی بۆ ساز دەکردین. دواتر کە حیزب رێک خرایەوە و هێز و کۆمیتە شارستانەکان رێک خران، ئەمن لە هێزی پیشەوا و کۆمیتەی شارستانی مهاباد بووم. بەرپرسی کۆمیتەی مهاباد ، لە ناو شار کاک کەریمی حیسامی بوو. دواتر کە هاتینە دەرەوی شار، کاک حەسەنی شەڕەفی ئەو بەرپرسیارەتییەی هەبوو. فەرماندەی هێزی پیشەواش رەوانشاد سەروان '' ئەحمەد جاویدفەڕ'' ناسراو بە '' هەژار'' بوو. ئەمن تا لە کوردستان بووم، هەر لە هێزی پێشەوا و لکی ٣ی برایمی ساڵە موقەدەم بووم.

ئه‌و چالاکییانه‌ی که ‌به‌شداریت تێدا کردوون، له ‌کام ناوچه ‌بوون؟

بەشی زۆری چالاکییەکانی من لە ناوچەی مهاباد، بووە، هەر لە شامات و شاروێرانەوە تا دەگاتە محاڵ و گەورکایەتی و ناو مەنگوڕان، بەڵام زیاترین ماوە هەر لە گەورکایەتی و مەنگوڕایەتی بووم، چوونکە لکی ٣ی هێزی پیشەوا لەو ناوچانە بوو. بەڵام وەک ئەرکی پیسپێراوی حیزبی، بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەرکانە، لەگەڵ هێز و لک چوومە ناوچەی بۆکان، هەوشار، سەقز، بانە و سەردەشت و لەوانیش چالاکیی نیزامی‌مان هەبووە.
5.jpg

ده‌کرێ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی برینداربوون و که‌مئه‌ندام بوونت بۆمان باس بکه‌ی؟

ئاخرین رۆژی بەهاری ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی، لە کاتی گەڕانەوە لە ئەرکی حیزبی لە ناوچەی بۆکان‌را بۆ ناوچەی گەورکایەتی مهاباد، لەگەڵ پێشمەرگەکانی لکی ٣ گەڕاینەوە بۆ ئاوایی '' چوارگا'' لەسەر رێی مەهاباد- سەردەشت. ئێوارێ بوو، سێبەر بەسەر وڵاتی کشابوو، لە وزنتاش ڕا بەرەو چوارگا هاتین. لە تیرەگی نێوان وزنتاش و چوارگا، دەبوو بە پارێز بڕۆین، چونکە لە پێگەی گوێچکەدەرێ و چاوەدێرەکانی ڕا دەدیتراین. یەک یەک خۆمان داویشتە دۆڵی '' پەڕشان'' و دوای ئەوەی لە پێگەی گوێچکەدەرێ، نەدیوو دەبووین، بەرەو ئاوایی چوارگا داکشاین. هیشتا هەر رووناک بوو هەموومان کە نیزیکەی ٤٠ تا ٥٠ کەس دەبووین، گەیشتینە نێو چوارگا.
لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە دیانناسین، پێشمەرگەکان بۆ حەسانەوەو پشوودان و نانخواردن دەستە دەستە چونە ماڵەکان. کاک خدرە سوور پێی راگەیاندین، شەوێ لای سەعات ١٠ی هەموومان بێینەوە مزگەوتی ئاوایی و کێشک و چاوەدێر بۆ پارێزگاری لە خۆمان دانێین. ئەو دەم کاک خدرە سوور فەرماندەی لکی ٣ بوو. کاک شەکرە فەرماندەی هێزی پێشەوا بوو. بەشێکی زۆری پیشمەرگەکان ماڵ و ژن و منداڵیان لە ئاواییەکانی ئەوبەری جادەی، واتە قۆزلوێ چووک و ئاواییەکانی دیکە بوو. دوای حەسانەوە و نان خواردن، کۆمەڵێکی بەرچاویان لە جادە پەڕیبوونەوە و چووبوونە لای ژن و منداڵەکانیان. کاک خدرە سوور و قادری سووری دەیانویست بچنە ئاوایی گوێچکەدەرێ. قادر هات و تفەنگەکانمان پێکەوە گۆڕییەوە. ئەمن کەڵاشنیکۆفێ موزەلیم پێ بوو، قادر قۆنداغدار. مەنسوور کە بەرپرسی دەستەی ئێمەبوو، ئەویش لەگەڵ یەک دوو کەس چوون بۆ ئاوایی خەلیفان. مەنسوور بە منی گوت بۆخۆت ئاگات لە کوڕەکان بێ، بەیانی دەگەڕێینەوە.
بە کورتی سەعات ١٠ی شەو کە چوومە مزگەوتێ، بۆ نووسینی ناوی ئەو کەسانەی دەبوو بێن بۆ کێشککێشان و چاوەدێری، ٩ کەس بووین. لیستەکەمان نووسی و بەشێوەیەک دابەشمان کرد کە لە سەعات ١٢ وە تا سەعات ٦ی بەیانی سێ کەس سێ کەس بۆ ماوەی دوو سەعات کێشک بن، یەک لەبەر دەرکەی، و دووانیش بە نێو دێ و قەراغ دێی‌دا بگەڕێن. خۆم بۆ کێشکی ئاخیر نووسی. هێشتا نەنووستبووم، دوو پێشمەرگەی دیکەش بە ناوەکانی ئەبوبەکر و کەریم هاتنەوە و بووینە ١١ کەس. ئەوان گوتیان ئێمە لە فڵانە ماڵ دەبین و بۆ دیدەبانی بەیانی بماننووسن. ئەوانیشمان بۆ دیدەبانی بەیانی لە سەعات ٥ هەتا ٧ نووسی.
نووستم، بەیانی هەڵیان ئەستاندم و نۆرە کێشکم بوو، چوومە دەرێ. لەگەڵ عەزیز و بارام عەجەم کێشک بووم. لە پێشدا چووم کەریم و ئەبوبەکرم هەستاند و ئەوان چوون بەرەو تیرەگی نێوان چوارگا و کۆرەگێ.
دە ، پازدە دەقیقە دەبوو، ئەبو و کەریم بەرەو شوێنی دیدەبانی وەڕێ کەوتبوون. لە نەکاو دەنگی دەستڕێژێک هات. عەزیزم نارد پێشمەرگەکان لە مزگەوتێ هەستاند و رەختەکانیان لە خۆ بەست و چاوەڕێ بووین بزانین تەقەی دیکە دەکرێ یا نا. تەقە نەبوو، دیتمان ئەبوو بە غاردان هاتەوە دەرکی مزگەوتێ و گوتی دەورمان گیراوە و شاخەکان پاسدار و جاشی لێیە و کەریم بریندار بووە. ئەبوو، کەریمی بڕێک راکیشابوو، لە پاسدارەکانی نەدیو کردبوو. چووین کەریممان هێناوەو لە ماڵێک داماننا. گوللەی وەزگی کەوتبوو. پێشمەرگەیەکی منداڵکارەمان لەگەڵ بوو ناوی لوقمان بوو. گوتم لوقمان لێرە بە ئاگات لە کەریم بێ.
دەبوو بڕیار بدەین، لە دێ دا بمێنینەوەو یان بڕۆین. ئەگەر بڕیاری رۆیشتنمان دابا، دەبوو دەست لە کەریم بشۆین و بە جێ بمێنێ، چونکە ئەو بەو وەزعەی هەیبوو، لەگەڵمان دەرنەدەچوو. پاش راوێژ لەگەڵ هەموو ئەو ١٠ پێشمەرگەی لەوێ بوون ساغ بووینەوە، لە دێ دا بمێنینەوەو شەڕێ بکەین. سەرەتا دەستمان کرد بە کونکردنی دیواری ماڵەکان، بۆ ئەوەی بتوانین بێ ئەوەی لە ماڵەکان بێینە دەرێ، ئەم سەر ئەو سەری دێی بکەین. دەمانزانی بێتوو رووناک بێ، دەرفەتی هاتووچۆمان نابێ. هاوکات کە خەریکی دیوار کونکردن بووین، خەڵکەکەمان دەنگ دا کە دێ چۆل بکەن و بڕۆنە دێیەکانی دیکە. خەڵکەکە بە قسەی کردین و زۆربەیان دێیان چۆڵ کرد و بەرەو جادەی رۆیشتن. یەک دوو نەفەری بە تەمەن هەرچەند داوامان لێکردن بڕۆن، بە قسەیان نەکردین و گوتیان خوێنی ئێمە لە هی ئێوە رەنگینتر نییە و بە جێتان ناهێڵین. ئەوانیش لە کونکردنی دیواری ماڵەکان یارمەتییان داین. ئاوایی چوارگا لە داوێنی کیوێک هەڵکەوتووە، کە بەشی زۆری ماڵەکانی ئاوایی بە بناری ئەو کێوەوە ساز کراون و لەوبەر ئەو بەری هەر دوو ئەو خڕانەی لە چەپ و راستی هەڵکەوتوون، چەند ماڵێک هەن، واتە دێیەکە سێ بەشە و بەشی چڕ و لێکدانەبڕاوی ئەو بەشەی نێوەڕاستێ‌یە، ئێمەش هەر لەو بەشەیدا خۆمان بۆ شەڕەکە ساز دەکرد.
کاتژمێر ٨ ی بەیانی دیوارەکانمان کون کردبوون و خۆمان حەشار دابوو. لە لای جادەی ڕا دەستەیەک جاش و پاسدار روویان لە دێی کرد، لە پێشدا پیادەکانیان دەهاتن. لە دوای وان جیبێکی ئەرتەشی کە تۆپێکی ١٠٦ی لەسەر بوو، دەهات. جیبەکە بەرەو قەبرستانی ئاوایی کە کەوتبووە لای چەپەی بەرەوەی دێی رۆیشت و لەوێ راوەستا. هێزە پیادەکە لە یەکەم ماڵەکانی دێی نیزیک بۆوە. بڕیارمان دابوو، دوورە تەقەی نەکەین.
لەبەر ئەوەی کەم بووین، پێمان وابوو، بێتوو یەکەم زەبر باشیان لێدەین، وەرەیان دەشکێ و ناتوانن سەرکەوتوو بن. ئەوەشمان دەزانی، ئێستا کە دیواری ماڵەکانمان کون کردووە، ئەوان ئەگەر ماڵێکمان لێ بگرن، دەتوانن هەر بەو کونانەدا ماڵ بە ماڵ بێنە پێشەوە. ئەوان هێزێکی کۆک و پۆشتە و حەساوە، ئێمەش هێزێکی کەم و ماندوو. چەکی هەرە قورسمان قەناسەیەک بوو. ئەوانیش هەموو جۆرە چەکێکیان پێبوو. لە پێگەکانی دەوروبەریش ڕا تۆپخانە و کاتیوشا لە پشتیان بوو.
دەستەی یەکەمیان لەگەڵ ئەوەی گەیشتنە نیزیک دەرکی یەکەم ماڵ، خەریک بوو بڵاو بن و دەوری ماڵەکەی بگرن، جا بێنە ژوورێ. هەتا پۆل بوون و بڵاوەیان نەکردبوو، لێمان دان. کەلاکیان لێکەوت و بەشێکیان بە پەلە پڕووزە هەڵاتن بەرەو جادە. ئەوانەی لەسەر جیبەکەی بوون بە قەناسەی وێیان کەوت و یەکیان بەسەر تۆپەکەیدا خوار ببۆوەو کوژرابوو. ئەو تۆپە ئیدی نەیتوانی تەقەی بکا، بەڵام چەند دەقیقە دوای ئەوەی لێمان دان، لە هەموو لایەکەوە وەبەر ئاوری چەکی قورسیان داین. تۆپ و کاتیۆشا و خۆمپارەباران، بە حەدێک بوو کە قەڵاغە تەپاڵەکانی دێی گڕیان گرتبوو، ئەو تەپاڵانەی لە کاتی ئاساییدا دەبێ لێترێکی نەفت پێداکەی جا دەیگرێ، وەک رۆن گەرچەکی دایسا!
دەمانزانی هەتا ئاوا بە خەستی تۆپ بارانمان بکا، بۆ خۆشیان نایەنە پێش، هەر بۆیە زوو سەری هەموو ئەو ماڵانەمان دا کە پێشمەرگەکانی لێبوون، هەموو ساغ و سڵامەت بوون. کابرایەکی پیر پێی گوتین، وڵات ویشکە و تەقەی تفەنگەکانتان تەپ و تۆز هەڵدەستێنێ و ئەگەر ئاو یان دۆی بە پێش ئەو جێیەی دابکەن کە تەقەی لێوە دەکەن، عەجەم ناتانبینێ. ئامۆژگارییەکی بەکەڵک بوو بە قسەشمان کرد.
تۆپباران هەتا لای سەعات ١١ درێژەی کێشا، کات تێنەدەپەڕی، رۆژ دەتگوت بە ئاسمانەوە گیری کردووە و نەدەبزووت. لای سەعات لە سەر هەموو بەرزاییەکانڕا سروودی پاسداران بە دەنگی '' ئاهەنگەران'' لێدرا و دیسان دەستەیەکی دیکەی جاش و پاسدار بۆمان هاتن. ئەمجار بە لای تیرەگی '' زیندووەقووڵ'' ڕا هاتن. بارام عەجەم دیتنی و بانگی کردین. سێ کەسمان لەبەری لای کۆرەگێ هێشتەوەو ئەوانی دیکەمان چووینە پێشیان و چاوەڕێیان بووین هەتا وەک جاری دیکە بێنە پێش. ئەمجارەیان دوودڵ بوون، خێرا خێرا نەدەهاتن، پارێزیان دەکرد، بە سەعاتێکی ئەو چەند سەت میترەی هاتنە خوارێ. کە نیزیک ماڵەکان بوونەوە، جاشێکیان گوتی پێموایە دایەمان.....ون و جوقەواریان نەماوە، رەپ و راست ملی پێوەنا بەرەو نێو دێ. بۆ ئەوەی ئەوانی دیش چیدی بە ماتەماتە نەیەن، جارێ تەقەمان لەو جاشەی نەکرد. کە جاشەکە گەیشتە بەر دەرکی یەکەم ماڵ، دەستێکی راوەشاند و ئەوانی دیکەش هاتن، دەبوو لەو دوو ماڵەی ئەوبەری خڕێ بپەڕنەوە، تا بگەنە ئێمە، چاوەڕێیان بووین، بە پانەوە لە سەفێکی دە پازدە میتریدا لە خڕەکەی لای حەوزی پیاوان پەڕینەوە. لە بەردەڵانەکەی وەسەر کەوتن. لە پشتێن بەرەو ژووریان لە بەر سێرەی تفەنگەکانمان بوون. کە ئەوان ئاوا هاتنە پێش، دەستەیەکی دیکەش هەر لە پشتی ئەوان داگەڕانە خوارێ، زانیمان بگەنە یەکتر زۆر دەبن و رەنگە باشاریان نەکەین، لێمان دان، ئەو دەستەیەش کەوتن و بەرەو دۆڵێ خللۆر بوونەوە و دوو سێیەکیان لە ئاوەڕۆی حەوزی پیاواندا تخێڵ بوون. ماوەیەک دوای ئەو تەقەیە، وڵات بێدەنگ بوو، وابزانم، چاوەڕێ بوون بزانن کێیان ماوە و دەرچووە. کە زانیان کەسیان نەگەڕاوە، دیسان دەستیان بە تۆپ و خۆمپارەبارانی چوارگای کردەوە. دەنگی سروودی '' ئاهەنگەران'' و گرمە و زرمەی تۆپ و خۆمپارەو کاتیۆشا ئەو مەڵبەندەی پڕکردبوو. لە باسکەکانی دوری دێی‌ڕا، بە دۆشکە و ئارپیجی و قەناسەی، لێیان دەداین و دەستیان لە هیچ نەدەپاراست. ئەمجارەیان تۆپباران تا سەعات سێی نیوەڕۆیە درێژەی کێشا. ئێمەش پێشمەرگەیەکمان دەستی بریندار بوو. ئەوەی بریندار بوو، قەناسەدارەکەی ئێمە بوو. کەماڵ قەناسەکەی ئەوی هەڵگرت و تەقەی پێدەکرد. چوارگا یەکپارچە ببوو بە ئاگر. لە هەموو لایەک ئاور و دووکەڵ بەرەو ئاسمان دەرۆیشت. هێندێک ماڵ و کادێن و تەویلە ئاوریان تێبەرببوو. هیچ دەقیقەیەک بێ ئەوەی تۆپ، کاتیۆشا، خۆمپارە، ئارپیجی‌یەک بتەقێتەوە، تێنەدەپەڕی.
6.jpg
سەعات سێ و نیو دیسان وڵات بێدەنگ بۆوە. جگە لە قرچەی ئاوری قەڵاغ و هەڵاشی سەربانان دەنگێکی دیکە نەدەهات. دیسان پێشمەرگەکانمان بەسەر کردەوە، هەموو ساغ بوون، جگە لە کەریم و حەسەن، بەڵام هەموومان لەبەر تەپ و تۆز وقورمی بن میچان کە بە دەنگی تفەنگەکانمان بەسەرماندا دەباری، دەتگوت لە خۆڵە پۆتەیان وەرداوین، هەر کونی چاومان دەبریسکایەوە. لای سەعات چواری ئیوارێ، کەماڵ گوتی ئەوە دیسان بەرەو دێی دێنە خوارێ، بەڵام ئەمجار لە دوو لاوە دێن. ناچار بووین، ببینە دوو دەستەی چوار کەسی و هەر دەستەیەی ئاگای لە لایەکی دێی بێ. ئەمجارە لە هەردووک بەری کۆرەگێ و زیندووەقوڵ ڕا بۆمان هاتنە خوارێ، دەمانزانی، ئەوە دوایین هێرشە، یان سەردەکەون بێنە ناودێ، یان دەکشێنەوە. ئەمجارە ئەوانەی دەهاتن زۆرتریان پاسدار بوون، زۆر بە پارێزەوە دەهاتنە خوار، چەند میتر دەهاتن، خۆیان مات دەکرد، لای سەعات پێنچ و نیو گەیشتنە پێش ماڵەکان. بەڵام لە خڕەکەی نە پەڕێنەوە و بەرەو قەبرەستانەکەی داگەڕان. ئەوانی لای کۆرەگێ هەتا بەرماڵەکانی هاتبوون، کە ئەو دەستەی ئەوێ لێیان دان. ئەوان هاتبوونە نیو یەکێک لە ماڵەکان. ئەو ماڵەمان بە شەڕە نارنجۆک ئەستاندەوە و چەند چەک و بڕێک فیشەکمان دەستکەوت بوو.
سێبەر بەسەر لاپاڵان کشابوو، ئەبوبەکر هات گوتی پاسدارەکان ئەوە خەریکن پاشەکشەی دەکەن ، ئانتێنی بێسیمی ماشێنەکانیان لە ''خەت ئولرەئسی جوغرافیایی'' را دیار بوو، کە بەرەو لای جادەی دادەکشان. دەنگی تۆپان کز ببوو، لە ماڵەکان هاتینەدەرێ و بە پارێز بە کۆڵانەکاندا دەڕۆیشتین. ئەمن بە کۆڵانێکدا بەرەو ئەو ماڵانەی بەری زیندووەقوڵی رۆیشتم، بۆ وەی بزانم ئەو پاسدارانەی بەوێدا هاتبوونە خوارێ و بەرەو قەبرستانەکەی چووبوون، چییان بەسەر هات و چ دەکەن، لە سەر کۆڵانەکەی کۆگایەکیان پەین هەڵدابۆوە، بۆ ئه‌وەی بیکەنە شیاکە و دواتر بیکەنە تەپاڵە. ئەمنیش ناچار بووم بەسەر کۆگا پەینەکەیدا بڕۆم. دیوارەکەی پێشی رووخابوو، رێگاکەی گرتبوو. وەسەر پەینەکەی کەوتم. لەپڕ وەبیر تۆپەکەی نێو قەبرستانێ کەوتمەوە، ئاوڕم بۆ لای قەبرستان دایەوە، دیتم کەلاکەکە لەسەر تۆپەکەی نەماوە، بریسکەیەک لە لولەی تۆپەکەی هەستا و ئەمنیش بەرەو حەوای هەڵداشترام. هەستامەوە کە بڕۆم، دەتکووت لاقم تەزیوە، کە چاوم لە لاقم کرد، دیتم پەنجەی لاقم پێوە نەماوە، و خوێن فیچقەی دەکرد. ئاغابانووەکەم لە سەرم کردەوەو لە سەرووی چۆکم، رانمم پێ بەست. تەقە نەدەهات، وڵات کڕ و مات بوو. کەماڵ یەکەم کەس بوو گەیشتە سەرم و ئەویش لاقی بۆ بەستمەوە. بارام عەجەم و ئەبووبەکریش هاتن بردیانمە نێو ماڵێکی. گوتیان ئەوە عەجەم پاشەکشەی دەکا، دیار بوو ئەو هێزەی لای سەعات چواری داگەڕابوونە خوارێ، هاتبوون تۆپەکەی بەرنەوە، بۆیە روویان لە دێی نەکرد.
سەعات ٦ی ئیوارێ، هەموو ئەو پێشمەرگانەی شەوێ لە جادەی پەڕیبوونەوە، لەگەڵ کاک خدر و ئەوانی دیکە لەبەری جادەی ڕا هێرشیان کردبووە سەر پاسدارەکانی دەراوێ و گەمارۆکەی سەر ئێمەیان شکاندبوو. کەس پێی وانەبوو، کەسمان بە ساغی دەرچووە، بەڵام کاتێک کاک خدر و پێشمەرگەکانی دیکە گەیشتنە ناودێ، دیتیان ئێمە تەنیا ٣ بریندارمان هەیە، باوەڕیان نەدەکرد. لێرەدا پێویستە سوپاسێکی تایبەتی کاک دوکتور وەهابی کەریمی بکەم کە ئەگەر ئەو نەبوایە و ئەو برینەی منی نەبەستبا و تیماری نەکردبام، رەنگ بوو لاقم زۆر لەوەی کە ئێستا هەیە بەرەو ژوورتر ببڕدرێتەوە.

دوای برینداریت بۆ کوێ گوێزرایه‌وه‌و که‌مئه‌ندامه‌کان له ‌کوێ نیشته‌جێ ده‌کران و چۆن چاوه‌دێری ده‌کران؟

دوای برینداربوونم، بە چوار شەوان گەیاندمیانە نەخۆشخانەی شۆڕش لە دەشتێوی لای قەڵادزێ. لەبەر ئەوەی زۆربەی جادە و بەرزاییەکان رۆژانە لە بەر دەستی رژێمدا بوون، نەماندەتوانی بە رۆژ بڕۆین و تەنیا بە شەو، ئەویش دەبوو بە پارێزەوە بڕۆین، چونکە لەسەر رێیەکان بۆسەیان دادەناوە، بە تایبەت ئەو رێگایانەی ناسرابوون و دەیانزانی هاتووچۆی پێشمەرگەی بەسەردا هەیە. کاتێک گەیشتینە نەخۆشخانەی شۆڕش، شانسی ئێمە دوکتورێکی فەرانسەیی لەوێ بوو. بڕیاریاندا لە پێشدا کەریم عەمەل بکەن. ئەمنیش دەبوو دوای کەریم عەمەل بکرێم. نۆرەی منیش هات و لای بەیانی بردمیانە دیوی عەمەل. دوای عەمەل زانیم، لەو ماوەیدا کە لە رێیە بووم تا گەیشتیینە نەخۆشخانەی، لاقم کرمی هەڵێنابوو، بەڵام دوکتورە فەرانسەوییەکە گوتبووی ئەو کرمانە باش بوون و چڵکەکەیان خواردەووە و نەیانهێشتووە لاقی رەش بێ.
دوای عەمەل چەند مانگ لە دەشتیوێ مامەوە، پاشان بەڕێیان کردین بۆ لای دەفتەری سیاسی لە گەورەدێ. بنکەی ئێمە پێشمەرگەی کەمئەندامه‌کان، لە گەڕەدێ بوو، پێیان دەگوت ئاسایشگا.
لەوێ پێمان ڕادەگەیشتن و بە گوێرەی توانا ئاگایان لێمان بوو.

دوای ئه‌وه‌ی هاتییه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چالاکییه‌کانت له‌ چ بوارێکدا بوون؟

ئەمن ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨٦ی زایینی لەلایەن حیزبەوە بەڕێ کرامە دەرێ. ئێمە ١٥ کەس بووین. لە بەغدایەڕا وێکڕا هاتین بۆ سوئێدێ. لە سوئێدێ دوای عەمەلکردن و تەواوکردنی کاروباری نەخۆشخانە، تازە زانیمان ئێمە لێرە بووینە پەنابەر. ئێمە پێمان وابوو دوای چاکبوونەوەمان دەگەڕێینەوە بۆ کوردستان. دواتر زانیمان نەخێر ئێرە دەبێتە نیشتمانی دووەممان هەتا کوردستان رزگار دەبێ و به‌ ئازادی دەگەڕیینەوە نیشتمان.
لەوەتی لە سوئێدم، لە کاروباری حیزبی هەڵنەبڕاوم و لە هەر بوارێکدا پێم سپێردرابێ، چالاک بووم.
لە باری شەخسیشەوە فێری زمان بووم، دەرسم خوێندووە، دەورەی جۆراوجۆری وەک. مکانیکی، جۆشکاری، تەراشکاری، نەجاڕی، بەرق و ئێلێکترونیکم دیوە.

ئێستا یه‌کێک له ‌چالاکانی بواری راگه‌یاندنی، پێتوایه ‌راگه‌یاندکارێک ده‌بێ چ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌بێ؟

ئەوانەی لە راگەیاندندا کار دەکەن، دەبێ هەوڵ بدەن، هەمیشە راستییەکان بۆ خەڵک بگوازنەوە. پێشوازیی و متمانەی خەڵک محەک و پێوانەی هەر دەزگایەکی راگەیاندنە. لە دنیای ئەمڕۆدا راگەیاندن بە شێوەیەک لە شێوەکان، لە هەموو ماڵێک‌دا حزووری هەیە و خەڵک دەتوانێ لە نێوانیاندا هەڵبژێرێ، کەواتە نابێ بێمنەت بی و دەبێ تامەزرۆیی خەڵک بۆ ئەو راگەیاندنەی کاری تێدا دەکەی، بهێڵییەوە و خەڵک ئارەزووت بکەن، نەک لێت بێزار بن. بە کورتی تا ئەو جێیەی بۆت دەکرێ کارەکەت وا بکەی، ببی بە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو.
7-2.jpg

ئایا که‌م ئه‌ندامی بووه‌ته ‌هۆی ئه‌وه‌ی له ‌کار و تێکۆشانی حیزبیدا هه‌ست به ‌سستی بکه‌ی؟

لە باری جەستەییەوە، رەنگە وەک جاران کە ساغ بووم، نەتوانم وەک ئەوکاتی بم، بەڵام لە باری دیکەوە دەتوانم بڵێم، کەمئەندامی نەیتوانیوە رێگری چالاکییەکانم بێ و هەروەک پێشتر باسم کرد، لەوەتی لە دەرەوەی وڵاتم، بێ دابڕان کار و چالاکیی سیاسی و تەشکیلاتی و حیزبیم هەبووە. تەنانەت لە دەرەوەی وڵات کەمئەندامی وامان هەن، بە قەت دە ساغان کار و چالاکییان هەیە. سەرچاوەی هێزی هەر کەسێک بیروباوەڕی ئەو کەسە بەو کارەیە کە دەیکا، بێگومان باوەڕت بەو کارەی هەبێ کە دەیکەی، کەمئەندامیی جەسته ‌نابێتە رێگر له‌به‌رده‌م خزمه‌تکردندا.

دوا وته‌ت بۆ خوێنه‌ران چییه‌؟

سەرەتا سپاسی ئەو خوێنەرانە دەکەم کە تا ئێستا کاتی خۆیان بۆ خوێندنەوەی ئەم وتووێژە داناوە. پاشان پێموایە، ئێمەی کورد لە دووڕێیانی چارەنووسسازی خۆمان دا دەژین. کوردستان راست کەوتووەتە ئەو هەلومەرجەی کە تێیدا کرا بە چوار پارچە. واتە سەردەمی رووخانی ئیمپراتۆڕی عوسمانی. ئەو دەم لەبەر نەخوێندنەوەی هەلومەرجی ئەودەمی جیهان و هەروەها یەکنەگرتوویی خەڵکەکەمان بووە هۆی ئەوەی بێ ئەوەی پرسمان پێبکەن، وڵاتەکەمان لەت بکەن، بەڵام ئێستا ئێمە دەرفەتی لەبارمان لە پێشە. دەبێ کورد ببێتە هێزێکی یەکگرتوو، ببێتە خاوەن تریبوونێک کە لەوێڕا دەنگی نەتەوەکەمان بە گوێی دنیا بگەیەنێ. کورد دەبێ بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بیسەلمێنێ، داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێ لەبەرچاوگرتنی کوردستان و نەتەوەی کورد و مافەکانی، سەرکەوتوو نابێ. سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێ بڵێم، رژێمی ئیسلامیی ئێران بە خێرایی بەرەو کۆتایی خۆی دەڕوا. ئەم رژێمە ناتوانێ بەو شێوازەی تا ئێستای درێژە بە ژیانی بدا، کەواتە چ پاشەکشە بکا و رێگا بە خەڵک بدا بێنە پێش و مافەکانیان داوابکەن، چ لەسەر ئەم رێیەی تا ئێستای کە سەرکوت و کوشتاری خەڵکە بڕوا و بەردەوام بێ، چارەنووسەکەی هەر یەکە و رووخان و لەناوچوون چاوەڕێیەتی. کەواتە با خەڵکەکەمان بە ورەیەکی بەرزەوە بڕواننە داهاتوو، زۆری نەماوە مۆتەکەی ئەم رژێمە ئیسلامییەیان لەسەر لاچێ و رزگار بن. بۆ کادر و پیشمەرگەکانی حیزبیش داوام ئەوەیە دڵسارد نەبن، ئەو هەلومەرجەی تێیداین، کاتییە و رۆژی ئێمەش دێتەوە و لە چوار چرایە ئاڵاکەمان هەڵدەکەینەوە.
9.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 5642 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact