. . . .


4 Sep 2013

کۆبوونەوەی هەیئەتی ڕێبەری حدک لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی نەتەوە ?


ناوەندی هەواڵ- ئەمریکا: شەوی یەک شەممە رێکەوتی ١ ی سیپتامبری ٢٠١٣، لە دەڤەری واشینگتۆن دی سی،ی پایتەختی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ چەند کەس لە چالاکانی ڕێکخراویی نەتەوە نافارسەکان پێکهات.
لەو کۆبوونەوەیە دا کە لە لایەن کۆمیتەی واشینگتونی حیزبی دێموکراتی کوردستان رێک خرابوو، هەیئەتێک لە بەرپرسان و ئەندامانی حیزب لە ئەمریکای باکووریی، بەسەرپەرستی بەڕێز مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بەشدار بوون.
چالاکانی نەتەوە نافارسەکان کە هەموویان خەڵکانی ئاکادامینی و مامۆستایانی زانستگا جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا بوون، لە بەڕێزان: دکتور کەریم عەبدیان، دکتور محەممەد حوسێن بوڕ، حەبیب ئازەرسینان و ئەشکبووس تالبی، پێک هاتبوو.
لەو کۆبوونەوەیە دا کە سێیەمین کوبوونەوەی لەو چەشنەیە لە دوو مانگی رابردوو دا،دواین گوڕانکارییەکان سەبارەت بە پرسی گرینگی نەتەوە نافارسەکانی ئێران، رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست، پرسی کورد و کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئاڵوگۆڕی بیرورا کرا. ناوبراوان باسەکانی خۆیان زۆر ڕاشکاوانە لەگەڵ هەئیەتی حدک باس کرد و زۆر خۆشحاڵ بوون کە بۆ سییەمین جارە لە کەش وهەوایەکی زۆر دۆستانە و کراوە دا، لەگەڵ بەرپرسان و ئەندامانی حیزب لە دەڤەری واشینگتۆن دەدوێن.
بەڕێزان شەڵماشی، حاتەمی و باڵنوور، باس و تێبینییەکانی خۆیان، لەگەڵ چالاکە نافارسەکان ڕوون و شەفاف هێنایە گۆڕێ و ئەوانیش خۆشحاڵ بوون لە درێژەدان بە کۆبوونەوەکان و هەوڵ دان بۆ کاری هاوبەش و گواستنەوەی باسەکان، بۆ نێو مێدیاکان لەکاتی گونجاو دا. دوابەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی بۆ ماوەی پتر لە ٣ کاتژمیر، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ زۆربەی ئەندامانی حیزب لە دەڤەری واشینگتۆن پێکهێنا. دوای باس و خواس و پێداچوونەوە بە کاروچالاکییەکانی کومیتەی پێشوو دا، بەشداران لە کەش و هەوایەکی زۆر دێموکراتیک دا ڕخنە و گلەیی و گازندەکانی خۆیان، پێشکەش کرد و هاوکات کۆمیتە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری واشنگتۆن نۆژەن کرایەوە و بەئومێدی کار و تێکۆشانی پتر لە رەهەندە جۆراوجۆرەکانی هەڵسووران و چالاکییەکان دا، بەڵێن درا زیاتر لە پێشوو هەوڵ بۆ بەرەوپێشچوونی ئەرکەکانی ئەندامانی حیزب لەو کۆمیتەیە بدرێ.
کۆمیتەی دەڤەری واشینگتۆن- حدک
shalmash-usa-1.JPG

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 747 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact