. . . .


2 Sep 2013

بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی لە دەڤەری واشینگتۆن دی سی پایتەختی ئەم?


ناوەندی هەواڵ- ئامریکا: رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ ی ئاگۆستی ٢٠١٣، کۆمیتەی واشینگتۆن،ی حیزبی دێموکرات کوردستان سمینارێکی سەبارەت بە پرسی کورد لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئاکامەکانی بەڕیز مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بە پێشنیاری کۆمیتەی واشینگتۆن، حەسەن حاتەمی- ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی کۆمیتەی باکووریی ئەمریکا، کۆڕگێرانی ئەو سمینارە بوون.
سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان کۆڕگێڕی یەکەم واتە بەڕیز مستەفا شەڵماشی دەستی بە باسەکانی کرد.
شەڵماشی لە بەشێک لەقسەکانی گوتی: رۆژهەڵاتی نێوڕاست کێشەی جۆراوجۆری تێدایە، کە کێشەی کورد یەکێک لەوانە، بۆیە کورد پێویستە زیاتر لە جاران، لەبواری نێوتەوەیی هەوڵ بۆ مەسەلە ڕەواکەی خۆی بدا. پرسی کورد فاکتەرێکی مەزنی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوڕاستە کە ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکان بەپێی هەڵکەوتەیی و هەلومەرجەکەیان، پیوێستە لە دەرفەتە ڕەخساوەکان کەلکی باش وەرگرن. بۆ وێنە لە باشووری کوردستان کە هەل رەخسا، نەتەوەکەمان لە بەشێک لە خاکی خۆی دا، کیانێکی دامەزراند. ئەم کیانە (هەرێمی کوردستان)، سەرەڕای کەم و کوڕی و ئاستەنگەکانی، پێشکەوتنی زۆر مەزنی لە بواری ئاوەدانی، سەرنجی ژمارەیەک کۆمپانی بیانی و سەرمایەدانانی هێندێک وڵات دەسڕۆیشتوویی خاریجی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئەمنییەتی زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستانی زۆر باش دابین کراوە. رێگای گەشەی ئابووری کردراتەوە. لەگەڵ دراوسییەکانی پێوەندیی بازرگانی و دیپڵۆماسی باشی دروست کردوە. ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان، هەم ژیانی خەڵکی پاراستوە و هەم جێی سەرنجی توریسمی جیهانییە.
ناوبراو، سەبارەت بە کونگرەی نەتەوەیی کوتی: بەستنی کۆنگری نەتەوەیی بە دەسکەوتێکی میژوویی نەتەوەکەمانە دەزانم و بۆ سەرخستنی، پێویستە هەموومان تێبکۆشین. شەڵماشی باسی پێکهاتەی ئەو کۆنگرەیەی کرد و بەشداری ژنان، رێکخراوە سیاسی، مەدەنی، کەسایەتییە سەربەخۆییەکانی بەگرینگ زانی کە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خەباتی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، توندوتۆڵتر دەکا و دەتوانێ ئومێدی بەسەرکەوتن و ئازادی گەلەکەمان پتر بکا. ئەوەی کە ٣٩ حیزبی کوردستانی لە هەموو بەشەکانی، پێکەوە دادەنیشین و بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد دیالۆگ دەکەن، مەسەلەیەکی زۆر گرینگە. بۆچۆونە جیا جیاکان و تایبەتیمەندییەکانی هەر بەشێکی کوردستان، پێویستە کاری لەسەر بکرێ و بواری شیاوی خۆی بۆ برەخسێنرێ.
سەبارەت بە ئاکامەکانی هەڵبژاردنی یازدەیەمین دەورەی سەرکۆماری لە ئێران دا، کاک مستەفا شەڵماشی کوتی: هەڵبژاردنەکە لە هەلومەرجێک دا، کە تەحریم وهەڵئاوسانی ئابووری وەزعی خەڵکانی ئێران بەرەو نالەباری پتر دەبرد، بەرێوەچوو. رێژیم بۆ مانەوەی خۆی زۆر هەوڵ دەدا. کاندیدای ئەوان سەعید جەلیلی بوو، بەڵام لە لایەن زۆربەی خەڵکانی دەنگ دەر، حەسەن رووحانی هەڵبژێردرا. ئەو بەڵێنێکی زۆری بە خەڵک داوە کە جێبەجێ کردنی لەو هەلومەرجە دا زۆر زەحمەتە. رێژیم بەگشتیی دەیهەوی بەجۆرێک خۆ لە موشکیلات و دردەکانی گومەڵگای فرە نەتەوەیی رزگار کا، بەڵام زۆر زەحمەتە. چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خۆی قەیران خوڵقێە و بڕوای بە مافی گەلی کورد، ئازەری، بەلووچ، عەرەب و تورکمەن نییە.
رووحانی شێوەی قسەکانی و جۆری بەڵێنی دانەکانی جیاواز بوو، ئەگینا لەچوارچێوەی ئەو نیزامەدا و بە چەند دەستەییە لە دەسەڵاتی نێوخۆیی و دەسەڵاتێکی زۆری سپای پاسداران و خامنەیی نە دەتوانێ و نە ئیزنی پێ دەدرێ ئەو بەڵێنیانییەی داونی جێبەجێیان بکا. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدارێمان لەو هەڵبژاردنە دا نەکرد، بەڵام بە دوای ئاشکرا بوونی ئاکامی هەڵبژاردەنەکان دا، بە نووسراوە رێزمان لە ئیرادەی خەڵک گرت.
لە بەشی دووهەمی ئەو سمینارە دا بەڕێز حەسەن حاتەمی، گێرانی کۆڕەکەی گرتە ئەستۆ. بەڕێز حاتەمی لە بەشێکی قسەکانی سەبارەت بە پێوەندییەکانی ئێران و سووریە، ئاماژەی بە چۆنییەتی دابەشینی ئیمپراتۆری عوسمانی لە گەرمەی شەڕی یەکەمی جیهانی دا، کە لە هەناوی دا وڵاتانی عێراق و سووریە لە لایەن ئینگلیس و فەرانسە دروست بوون و سووریە کە لە ساڵی ١٩٤٦ دا، سەربەخۆیی خۆی وەدەس هێنا و سەرقۆڵی کێشەی نێوان عەرەب و ئیسراییلییەکان بوو. بە دوای دروستبوونی کۆماری ئیسلامی دا، سوریە تەنیا هاوپەیمانی هەمە لایەنەی ئێڕان بوو چ لە ماوەی شەڕی لەگەڵ عێڕاق و چ لە دوای شەڕ دا. لە بەرامبەر دا ئەوە ماوەی ٢ ساڵە کە ئێران ڕاستەخۆ لە کوشتار و خوێنریژی خەڵکانی سووریە دا و بەهۆی یەکە سەربازییەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە دەرەوەی سنوور، واتە لەشکری قودس، دڵسۆزی خۆی بۆ ڕژیمەکەی ئەسەد دەربڕیوە. حیزبووڵڵای لوبنان و ئیسلامییە توند ئاژۆکانی بەدژی موخالیفانی رێژیمی سووریە پڕچەک کردوە و شەڕێکی خۆێناوی و ماڵوێراگەر وەڕێخراوە کە بەداخەوە لە چەکی شیمیایش بۆ کوشتنی خەلکی مەدەنی کەلک وەرگیراوە.
حاتەمی کوتی: ئێستا لە سووریە هەلومەرجێکی دژوار لە ئارادایە و ئیمکانی لێدانی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمریکاوە زۆر قاییمە. ئەگەر شەڕ چێ بێ، ئیمکانی پشتیوانی کردن لە سووریە لە لایەن ئێران لاوازە، هەرچەند توندڕەوییەکانی سپای پاسداران و قاسم سولەیمانیی بەرپرسی سپای قودس و بەشێک لە بەسیج و بە ناوی فیداییان لە نوێژی هەینی دا، دروشمیان دەدا، هەم غەزە و هەم لوبنان، هەم سووریە هەم ئێران، بەڵام ئەوە نابێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ پشتگیری ڕاستەوخۆی ئێران لە ڕژیمی سوریە.
ئەو سمینارە پاش چەند کاتژمێر قسە و باس و خواس، لە ناو ڕەزامەندی بەشداران کۆتایی پێ هات.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئەمریکا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 910 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact