. . . .


28 Aug 2013

ئه‌وانه‌ی مێژوویان دروست کرد. تاوێک له‌گه‌ڵ ژیان و سه‌ربورده‌ و ?


ئا: هەمزە ئاگووشی
--- ئه‌گه‌ر وا هات جارێکی دیکه‌ گه‌نجێتیم بۆ گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ سیفره‌وه‌ له‌ یه‌کیه‌تی لاوانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌مه‌وه‌، جا لە چاتێکردن و نیگابانییەوە بگرە هەتا کاری هونەری


--- لە چوار برایان بچووکترم و لە خوشکێکم گەورەترم کە سەد بریا لە براکانم گەورەتر بام و لە خوشکه‌که‌م بچووکتر......

*کاک عوسمان سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی که‌ به‌ ئێمه‌ت دا، بۆ ئاشنایی زیاتری خوێنه‌ران ده‌کرێ خۆت به‌ خوێنه‌ران بناسێنی؟

-- من عوسمان ئەمینی، دیارە بە نۆباریش بانگم دەکەن ! ساڵی 1345 لە گوندە خەنجیلانە و دوژمن تۆقێنەکەی نۆبار لە دایک بووم . رێکەوتی لە دایکبوونم زۆر وێناچێت .
لە چوار برایان بچووکترم و لە خوشکێکم گەورەترم کە سەد بریا لە براکانم گەورەتر بام و لە خوشکه‌که‌م بچووکتر .

*ئه‌و عوسمانه‌ مێرمنداڵه‌ چۆن بوو تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت بووی و قۆناغه‌کانی ژیانی سیاسیت له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێکرد؟

-- لە راستیدا ئەو پرسیارە وه‌ڵامێکی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام بە کورتی وڵامت دەدەمەوە ، پاش راپەڕینی گەلانی ئێران به‌ دژی نیزامی پاشایه‌تی، گوندی نۆبار ئەگەر نەڵێم هەموو، بەڵام بنکەی زۆربەی هەرەزۆری حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی لێبوو، بۆیە ئاوێتەبوونی من بە پێشمەرگە و کاری سیاسی هەر لەوێوە سەرچاوەی گرت . جیا لەوەش، من هەم هاوڕێیەکی خۆم بە ناوی کاک یوسفی حاجی هەمزە و هەم ئامۆزایەکم کە شەهید بوو بە ناوی رەحمان نۆباری، پێش من بوون بە پێشمەرگە ، بۆیە دوای ئەوان ئەو هەستە له‌ مندا زیاتر رەنگی دایەوە و یەک دوو جاران چووم بۆ هێزی بەیان تا ببم بە پێشمەرگە، بەڵام بەو هۆیەوە کە تەمەنم کەم بوو، رایاننه‌گرتم، تا ئەوەی سەرنجام لە ئاخر و ئۆخری ساڵی 1360 چووم بۆ رێزەکانی یەکیەتیی لاوانی بۆکان کە ئەو کات بنکه‌یان لە سەدراباد و کاک هەیاس کاردۆ بەرپرس بوو، بووم بە پێشمەرگە .
nobari1.jpg

*ئەو دەرس وانانەی لە یەکیەتیی لاوان فێریان بووی چی بوون؟

-- چەندە فێرم بووم و یان دەزانم و نازانم، ئه‌وه‌ لایه‌کی دیکه‌یه‌، بەڵام بە دڵەوە دەڵێم ئه‌وه‌ی فێری بووم له‌ یه‌کیه‌تی لاوانه‌وه‌ فێری بووم . ئه‌گه‌ر وا هات جارێکی دیکه‌ گه‌نجێتیم بۆ گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ سیفره‌وه‌ له‌ یه‌کیه‌تی لاوانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌مه‌وه‌، جا لە چاتێکردن و نیگابانییەوە بگرە هەتا کاری هونەری وەک شانۆو سرود و گۆرانیگوتن و کاری تەشکیلاتی و به‌ڕێوه‌به‌ری نێوخۆی یەکیەتیی لاوان و کاری ئاموزشی وەک گوتنەوە دەرسی چل ساڵ خەبات و ئەخڵاقی شۆڕشگێرانە، دەرسی هێندێک لە چەکە نیزامییەکان ، ئەندامی بەڕێوەبەریی گشتی یەکیەتیی لاوان، تایپکردنی زیاتر لە دوازدە ژمارەی لاوان، هه‌موو ئه‌وانه‌ کاری من بوون لەو ئۆرگانە خۆشەویستە و من لێیان فێر بووم.
nobari2.jpg

*یه‌کیه‌تی لاوان توانی چ خزمه‌تێک به‌و لاوانه‌ بگه‌یه‌نێ که‌ له‌ ریزی ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌دا بوون؟

-- بەو هۆیەوە کە یەکیەتیی لاوان بەردەوام سایە و سێبەری پیاوانی وەک قاسملوو و شەرەفکەندی زۆر بە سەرەوە بوو، لەو ماوەیەدا کە من خزمەتم کردووە، چەندین بەرەی لە کوڕانی بە ئەزموون و کارامەی پێگەیاند و تەحویلی ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتی دا، ئەگەر بە کورتی ئیشارەیەک بەو سیمایانە بکەم، دەتوانم بە کورتی لە ناویاندا ناوی رەحمان سۆفی زادە ، سولێمان رەسووڵزادە ، ساماڵ ، ئەبوو کانیەڕەشی، سیاوەش وەستا ئه‌حمەدی کوهگەرد کە هه‌مووی له‌ قوتابخانه‌ی پڕ له‌ ئه‌زموونی یەکیەتیی لاواندا پێی گەییون، ئەوانە هەموویان کادر و فەرماندەی بە وەجی ئەو حیزبە بوون کە لە داهاتوودا هەر کامەیان چاوەڕوانی داهاتوویەکی یەکجار گەش و روونیان لێ دەکرا .
ا
*به‌رپرسانی ئه‌و کاتی یه‌کیه‌تی لاوان کێ بوون؟ا

-- لە دەورانی مندا بە گشتی بەرپرسانی ئەو ئۆرگانە بریتی بوون لە :
کاک عەزیمی ئەفسەر
کاک هەیاس
کاک جەعفەری حامیدی
شەهید ئەبوو کانییەڕەشی
کاک قادر وریا
کاک حمەدەمین شەریفی
کاک شاروخ تایرنەسیب
دیارە پێش منیش کاک کەریم ئەڵڵاوەیسی و کاک تەیفوور بەدحایی بەرپرسایەتیی ئەو ئورگانەیان کردبوو .
nobari3.jpg

ئەرکەکانی حیزبیت لە کام هێز و کومیتە شارستانه‌وه‌ دەست پێکرد؟

هاوینی ساڵی 1373 لە سەر داوای خۆم چوومە هێزی بەیان و کومیتەی شارستانی بۆکان و لەوێ جێم گرت . لەو کومیتە خۆشەویستەش هەتا کاتی وازهێنانم لە ئه‌رکی ته‌واو وه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تیم لە خزمەت هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی بە وەفامدا بووم و لەوێش له‌ تیمەکاندا سازمان درام و کاری تەشکیلاتی و کاری ماڵی و ماوەیەکیش وەک ئەندامی کومیتە شارستانی بۆکان هەڵبژێردرام و خزمەتم کردووە .

*دەکرێ بە کورتی باسێک لەو شەڕ و تێکهه‌ڵچوونانە بکەی کە دژ بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تێیدا بەشدار بووی؟

-- دیارە وەختێکی زۆری پێ دەوێ ئەگەر بێت و هەموو ئەو عەمەلیاتەنەی لەگەڵ رێژیم تێیدا بەشداربووم و بێم بە وردی باسیان بکەم، بەڵام من تەنیا باسی شەڕی شاروێران دەکەم کە وێڕای بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی بەیان و پێشەوا و دەستەیەکی باش لە کادر و پێشمەرگەکانی یەکیەتیی لاوانی بۆکان و مەهاباد بەشداریمان کرد . لەو شەڕەدا کە لە سەعاتی نزیک شەشی بەیانییەوە هەتا نزیک حەوتی ئێوارێ بەردەوام بوو، بە داخەوە 24 پێشمەرگە شەهید بوون کە لە نێویاندا فەرماندەری هێزی بەیان شەهید چرچەی بارام میرزای لەگەڵ بوو. هەروەها لەو شەڕەدا بە پێی (جنگ در کردستان ) کە گوڤارێکی ناوخۆی حیزبی و سەرژمێریی شەڕەکانی دەکرد، نزیک بە 700 کەس لە بەکرێگیراونی رێژیم کوژران و بریندار بوون .
nobari4.jpg

*پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە چۆن بوو ؟

-- پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە وەک دوو عەوداڵی خۆشەویستی یەک ، وەک دوو ئاشقی سەوداسەری یەک کە چەندە تامەزرۆی یەکترن وایە و هەرگیزا و هەرگیز یەکتر لەبیر ناکەن .

*خۆشترین و ناخۆشترین بیره‌وه‌رییه‌کانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیت چی بوون؟

-- دیاره‌ بیره‌وه‌ریی خۆش و ناخۆش زۆرن، من ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ ناخۆشترینیان ده‌ده‌م که‌ ئه‌ویش شەهیدبوونی شەهیدانی رێبەر و شەهیدبوونی ئەبوو کانییەڕەشی و شەهید ساماڵ و شەهید سیاوەش بوو.

*حەز دەکەی دوا وته‌ت بۆ خوێنەران چی بێ؟

-- لە ماوەی ژیانی پێشمەگایەتیمدا وەک زۆربەی هاوڕێیانی پێشمەرگە زۆرم نەهامەتی دیوه‌، هەموو ئەو نەهامەتییانە هاوسەری بە وەفام لەگەڵـم شەریک بووه‌ و دەتوانم بڵێم هەشتا لە سەدی ئه‌رکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵانی لە ئەستۆی بووه‌، بۆیە لە ناخی دڵمەوە دەست خۆشی پێ ده‌ڵێم و سوپاسێکی گەرمی ده‌کەم .
دوا وتەشم ئەوەیە کە وەرن با هەموومان پێکەوە جارێکی دیکەش قۆڵ هەڵمالین و ئەو حیزبە خۆشەویستە بکەینەوە بە یەک و حەز و ئاواتی بنەمالە و دایکی شەهیدان وه‌دی بهێنین . پێم وایە کاک هەمزە کارێکی یەکجار قورست دەست داوەتێ، بەڵام دڵنیات دەکەم کە ئەوە گەورەترین کار و پیرۆزترین کارە و دڵنیاشم چۆن تا ئێستا لە گشت بوارەکانی مەیدانی خەباتدا سەرکەوتوو بووی، لەو مەیدانەشدا سەربەرزو سەرکەوتوو دەردەچی .
nobari5.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1723 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact