. . . .


28 Aug 2013

سكرتێری گشتیی حزبی دیموكرات: چاوه‌ڕوانین بزانین به‌رنامه‌ی رۆحان


دیمانه‌ (باس) زامدار ئه‌حمه‌د-
په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا ئاسایی بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام نه‌كه‌وتووینه‌ته‌ دانوستانه‌وه‌
رووخانی رژێمی سووریا شکستێکی ناوچەیی ده‌بێ بۆ ئێران
كۆچی كوردانی سووریا شتێكی باش نییه‌

ئەگەر بەرژەوەندییەکانی نەمسا نەبوایە، تێرۆری د.قاسملو دەبووه‌ کەیسێکی گەورەی کوردی ئێران

خالید عه‌زیزی سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستان، له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر دوایین هه‌وڵه‌كانی حزبه‌ كوردییه‌كانی ئێران بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاساییه‌ ئێران به‌شداریی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بكات، به‌ مه‌رجێك كۆنگره‌ شتێكی پێ بێ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ ئێران، عه‌زیزی هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی (باس)دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئاینده‌ی كێشه‌ی كورد له‌ سایه‌ی سه‌ركۆماری تازه‌ی ئێران حه‌سه‌ن رۆحانی و چه‌ند پرس و باسێكی تر.

(باس)- دیدی ئێوە لەمەڕ بەشداریی ئێران لە کۆنگرەی نەتەوەییدا چییە؟ پێتوایە ئەوە ببێتە هۆی گۆرانی سیاسەتی ئێران لە سەر کوردی ڕۆژهەڵات؟

خالید عه‌زیزی: نەتەوەی کورد لەلایەک لە مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانی و لەلایەکی تر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆتە فاکتۆرێک کە ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ. کۆمەڵیک کێشە و بەرژەوەندیش لەنێوان کورد و دراوسێکانیدا هەیە. ئێرانیش بەشێک لەو گۆرەپانە سیاسییەیه‌، بۆیە شتێکی زۆر ئاساییە کە ئێران دەعوەت بکرێ و بەو جۆرە ئەوانیش بەشدار بن. دەبێ چاوەڕوان بین و بزانین کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێ بە پەیام و ڕێکارەکانی خۆی سیاسەتی ئێران بەنیسبەت کورد بگۆڕێ، ئەوە لە کاتێکدایە کە پەیامی کورد لە ئێران هەمیشە ڕیگاچارەی سیاسی و دیالۆگ و گفتگۆ بووە.

(باس)- ئەمریکا و ئێران بە هۆی عێراقه‌وه‌ لێک نزیک دەبنەوە، ئەوە نابێته‌ هۆی دواخستنی داواکارییه‌کانی کوردی رۆژهەڵات؟

خالید عه‌زیزی: مەسەلەی کورد لە ئێران کێشەیەکی نێوخۆیی ئێرانە و خاوەن تایبەتی و مێژووی خۆیەتی. کێشەی ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرژەوەنییه‌کانی خۆیانە و کورد بەشێک لەو ناکۆکییە نییە، بۆیە ئەگەر ئەو دوو وڵاتەش پێوەندییه‌کانیان ئاسایی بێتەوە، مەسەلەی کورد لە ئێران و کار و تێکۆشانی ئێمە بەردەوام لە جێگەی خۆیەتی. زۆر ئاساییە کە ئێمە بۆ سەقامگیرکردنی مافەکانی خۆمان لە هەموو دەرفەتەکان و ئه‌گه‌ره‌كاندا کە دێنە پێش کەڵک وەردەگرین.

(باس)- هاتنی روحانی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له‌ ئێران، ده‌رفه‌تی گفتوگۆ بۆ ئێوە دروست دەکات؟ کورد هیچ دەستکەوتیکی لە ڕوحانی دەبێت؟

خالید عه‌زیزی: هەڵبژاردنی ئێران هەرچەند دێموکراتیک نەبوو و ئیمەش وەک حزبی دیموکرات ده‌رفه‌تی بەشداریمان نەبوو، بەڵام دیسانیش دەرئەنجامی دەنگدانەکە و هەڵبژاردنی روحانی دەربڕینی ناڕەزایەتیی خەڵک لەو سیستەمەیە و لە هەمان کاتیشدا خەڵک کۆمەڵێک چاوەڕوانییان لە روحانی هەیە، کە کاتی هەڵبژاردن باسی کردوون و لە قسەکانی خۆی لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا ئاماژەی پێ داون. ئێمە هەمیشە لەو باوەڕەداین کە کێشەی کورد لە ئێران دەبێ لە ڕیگای وتوێژه‌وه‌ چارەسەر بکرێ. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ چاوەڕوان بین بزانین سیاسەت و بەرنامەی روحانی سەبارەت بە چارەسەری مەسەلەی کورد لە ئێراندا چۆن دەبێ. ئەوە قورسایی کار و تێکۆشان و یەکگرتوویی حزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات بە نیوخۆی وڵات و دەرەوەیە کە کورد لە ئێراندا دەکات بە فاکتۆرێک کە روحانی یان هەر کەسێکی دیکە، مەجبوور بێت دان بە مافەکانی ئێمەدا بنێت.

(باس)- کاری یەکگرتنەوەتان لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە کوێ گەیشتووە؟

خالید عه‌زیزی: ماوەیەکە گفتوگۆ و باس و ڕاوێژ لە نێوان دیموکراتەکان، واتە حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دەستی پێ کردووە. ئێمە لە قۆناخی سەرەتایی واتە ئاساییکردنەوەی پێوەندییه‌کانی خۆمانداین لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان. چارەسەری ئەو کێشەیە پێویستی بە زەمینەسازیی رەوانی و ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو هەیە، بۆ ئەوه‌ی بەرچاوڕوونیی باشمان هەبێ بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک کە یەکگرتنەوە بە شێوەیه‌کی باش و کەمزەرەر بۆ هەردووک لا جێ بکەوێت. ئێمە چەند مانگێکە میکانیزمێکمان ئامادە کردووە و داوامان لەوانیش کردووە کە ڕیگه‌چارەی خۆیان دەستنیشان بکەن. لەبەرئەوەی تا ئێسته‌ش ڕیگه‌چارەی ئەوانمان بە نووسراو پێ نەگەیشتووە، نەمانتوانیوە بکەوینە قۆناخی دانوستان و ساخبوونەوه‌ لەسەر رێگه‌چاره‌یه‌كی هاوبەش. هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیک و نەک زۆر دووردا بکەوینە ئەم قۆناخه‌.

(باس)- ئێوە بیرتان لەوە نەکردووه‌تەوە سەرجەم حزبە کوردییه‌کانی ڕۆژهەڵات یەک بگرن؟

خالید عه‌زیزی: بەداخەوە لێکدابڕان و لێکجیابوونەوه‌ی حزبەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە بەباشی نەتوانین بەیەکەوە پڕۆژەکانی نەتەوەیی و مافخوازانەی خۆمان بە کۆدەنگییه‌کی باش لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا جێ بخەین. بۆیە ئێمە لە حزبی دیموکراتی کوردستاندا ئەو بەربڵاوییه‌ بە گرفتێکی گەەورەی رۆژهەڵات دەزانین. گرفتێک کە بەشداری و هەست بە بەرپرسایەتیی هەموو لایەکی گەرەکە، بەتایبەت دیموکراتەکان. چارەسەری کێشەی دیموکراتەکان دەتوانێ سەرەتا و یارمەتیدەرێکی باشی ئەو پڕۆسەیە بێت. ئێمە زۆری پێوە ماندووین و لەمەودواش لەگەڵ هەموو حزبەکان کاری بۆ دەکەین و هیوادارم ئاکامی باشی لێ بکەوێتەوە.

(باس)- ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرفراوان یادی شەهید قاسملو کرایه‌وە، هیچ بەرژەوەندیی سیاسیی لەپشتەوە بوو؟

خالید عه‌زیزی: یادکردنەوه‌ی د. قاسملو ئەرکێکی حزبی و نەتەوەیی ئێمەیە و دەبێ هەمیشە بە باشترین شێوەی مومکین یادی بکەینە و زۆریش ئاساییە کە لە یادکردنەوەی د.قاسملودا، کۆمەڵێک مەبەستی سیاسیمان هەبێ و بە دوایاندا بڕۆین. مەبەستی سەرەکیمان ئەوەیە کە هەموو لایەک لەو ڕاستییە تێبگەن کە د.قاسملو بە پەیامی ئاشتی دەیویست کۆتایی بە شەڕ لە کوردستانی ئێران بێنێ و بە موزاکرە و گفتوگۆش کێشەی کورد لە ئێران چارەسەر بکات. جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بکەم، ئەگەر سات و سەودا و بەرژەوەندییەکانی بازرگانی دەوڵەتی نەمسا نەبوایە، تێرۆری د. قاسملو لە بوارەکانی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی و قانوونی دەبوو بە کەیسێکی گەورەی کوردی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی.

(باس)- لە کۆتایی هەڵبژاردنی ئێران ڕۆڵ و کاریگەریی حزبە کوردییه‌کان کەمتر بە دیار کەوت بۆچی؟

خالید عه‌زیزی: پێشەکی نازانم مەبەست لە ڕۆڵ و گاریگەری چییە؟بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین مادام حزبی دیموکرات و لایەنەکانی دیکە بە شێوەی ئاشکرا و قانوونی لە ئێراندا ئاماده‌ییان نییە و دەبێ بە نهینی کار بکەن، دیارە سروشتییە کە مەجالی شوێندانانیان لەسەر ڕووداوەکان کەمتر دەبێتەوە. لە کەشوهەوای سیاسی لە ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستان کونترۆڵی ئەمنییەتی ئەو ڕیژێمە ئەوەندە بەربڵاو و نیزامییە کە مەجاڵێکی ئەوتۆ بۆ ڕۆڵ و کاریگەریی ئێمە نەهێشتۆتەوە. تەنانەت تێکۆشەرنی نێوخۆی وڵاتیش کە لە چوارچێوەی ئەو نیزامەدا بە جۆرێ کار و چالاکیی مەدەنی دەکەن لەژێر هەڕەشە و مەترسیی گرتن و بە زیندانیبووندا دەژین. سەرەڕای هەمووی ئەو فاکتۆرانە دیسانیش ئێمە هەوڵمان داوە و کارمان کردووە کە تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات لە هەموو دەرفەتەکانی دوای هەڵبژاردن کەڵک وەربگرن بۆ باسکردن لە مافەکانی کورد لە ئێران و فشار بخەنە سەر کۆماری ئێران و بەگوێرەی توانا مەجبووری کەن کە دەبێ بە دوای ڕێگه‌چارەدا بێت.

(باس)- رووخانی ڕژێمی سووریا چەند کاریگەریی لەسەر ئێران دەبێت؟

خالید عه‌زیزی: لە بەر ئەوەی ئێران بەشێکە لە هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆیە هەر ئاڵوگۆڕێک لەو وڵاتانە بە چاک و خراپ شوێن دەخاتە سەر ئێران و کۆمەڵگای ئێرانی. بێگومان رووخانی رژێمی سووریا بەمانای شکستێکی ناوچەیی بۆ ئێران دەبێت، بەڵام دیسانیش بەو مانایە نییە کە ئێران بەتەواوی دەستی لە گۆڕەپانی سیاسیی سووریا کورت دەبێتەوە. ئەوە سروشتی سیاسی و ئایینیی قەومیی پڕۆسەی دامەزراندنەوەی سووریا و لایەنەکانی بەشداریی کێبڕکێ بکەن کە دەری دەخات ئێران چەندە بەتەواوی دەستی کورت بۆتەوە و بەو جۆرە گەمەکەی دۆڕاندووە.

(باس)- سەبارەت بە کۆچکردنی بەلێشاوی کوردانی سووریا دەڵێن چی؟

خالید عه‌زیزی: گومان لەوەدا نییە کە ره‌وشی سووریا بەگشتی فرە ناخۆش و نالەبارە بۆ ژیان، بەڵام کۆچکردنی کوردانی سووریا بۆ هەندران و هەرێمی کوردستان بە باش نازانم. من پێموایە ده‌رفه‌ت هەبوو کە لایەنە کوردییه‌کانی باشوور و باکور بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر و بە یەکەوە چارەسەری ئەو کێشەیه‌یان کردبایە و لەجیاتی ئەوەی ئەو خەڵکە زۆرە کۆچ بکات، هەر لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە شوێنی خۆیان خزمەتگوزاری و پێڕاگەیشتنیان بەگوێرەی توانا بۆ دابین کردبایە.

ئەو وتووێژە لە سایتی باس وەرگیراوە

http://bas-news.net/ArticleDetail.aspx?articleid=6246

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1109 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact