. . . .


27 Aug 2013

کۆڕ و شەوئاهەنگێک بۆ یارمەتی دانی کوردانی رۆژئاوا لە ئۆتاوا


ناوەندی هەواڵ- کانادا: شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ ی ئاگۆستی ٢٠١٣، لەلایەن ژمارەیەک لە کوردستانیانی دانیشتوانی ئۆتاوا،ی پێتەختی کانادا، کۆڕێکی سیاسی و شەوئاهەنگێک بۆ یارمەتی کردن بە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەچوو.
بڕگەی یەکەمی کۆڕەکە پانێلێکی سیاسی بوو، کە کاک نووری بەڕێوەبەری بوو و بەڕێزان خەلیل ئاکسۆیی- نوێنەری پاڕڵمانی باکووری کوردستان لە تورکیە، لە دەڤەری ئاگری و حەسەن حاتەمی ئەندامی ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی تێیدا بەشدار بوون..
خەلیل ئاکسۆیی لە بەشێک لە قسەکانی دا، وێرای پیرۆزبایی دەسپێکردنی خەبات لە ١٥ ی تەباخ، لە باکووری کوردستان بە هۆی پ کا کا و کاریگەری لەسەر باکوور و رۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە نەقشی بەڕێز ئۆجەلان لە تێکۆشانی پتر لە ٣٠ ساڵی رابردوو دا، پێکهاتنی پەیەدە و چالاکی یەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و کۆنگرەی نەتەوەی کورد، لە پێشتر و ئێستا دا، باسێکی پێشکەش کرد.
دواتر حەسەن حاتەمی پیرۆزبایی ٦٨ مین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژ و ٦٧ مین ساڵی دامەزرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستان لە ١٦ ئاگۆست و ٢٩مین ساڵی خەباتی ١٥ ی تەباخێ لە پ کاکا، کرد. پاشان باسێکی مێژوویی لە دابەشینی کوردستان لە ساڵەکانی ١٥١٤، ١٩١٦ و ١٩٢٣ دا کرد و تایبەتمەندی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستانی دوای دروست کرانی سووریە و بەڕێوەچوونی ئەنفالی سپی و بۆر لەو بەشەی کوردستان، ئیزن نەدان بە دروستبوونی جوغرافیای کوردستان لەسەر عەرزی خۆی لەو بەشەدا، گوشار هێنان بۆ کوردان و کۆچ پێکردنیان بۆ ئورووپا و لوبنان، حەڵەب و شام لە دەیەی ٦٠ زایینی دا پێشەکەش کرد.
ناوبراو بەئاماژە بە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و نەقشی پێشەوای نەمر لە دروستکردنی بیر و هاوکاری نەتەوەیی، پێکهاتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە هەولێر و یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی لە ٢٢ ی جولای کە بە هاوڕایی بەڕێزان مام جەلال تاڵەبانی، کاک مەسعوود بارزانی و عەبدوڵلا ئۆجەلان پێک هات زۆر بەرز نرخاند و پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد کرد.
حاتەمی ئۆمێدی خواست لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دا، کە بۆ جاری دوویەم بڕیار درا لە رۆژانی ١٥، ١٦ و ١٧ ی مانگی سێپتامبر دا بگیرێ، شەڕ کورد لەگەڵ کورد (شەڕی خۆکوژی)، بۆ هەمیشە ئیدانە کرێ و بڕیاری گرینگی لەسەر بدرێ. هێرش کردن بۆ هەر بەشێکی کوردستان و غەدر لێکرانی، وەک هێرش و غەدرکردن لە هەموو کورد چاوی لێ بکرێ و لە بەرانبەری دا، کردەوەی پێویست نیشان بدرێ. پرسی کورد لە ڕێگەی ئەو کۆنگریەوە لە داهاتوو دا، بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ببرێ و لەکاتی پێویست دا، داوای جیبەجێ کردنی خاڵی "بەرپرسایەتیی پاراستن"بکرێ، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دا بڕیاری لەسەر دراوە. هاوپێوەندی و کارکردنی کوردان لەهەموو شوێنکی ئەو جیهانە بە پێی "کوردستان یەک نیشتمانە و کورد یەک نەتەوەیە، دابەش کراوە"، بڕیاری شیاوی لەسەر بدرێ و کاری پێ بکرێ.
هەروەها بەرخۆدانی کوردان لە هەر چوارپارچەی کوردستان بۆ ئازادی و مافی ڕەوای نەتەوەیی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو دا، تابڵۆی شەڕ لە گۆڕەپانی سووریە و لەئارادابوونی شەڕێکی سارد بەهۆی بلووکی ئێران- سووریە- عێراق- حیزبوڵلا- رووسیە و پشتیوانی چین لە بەرانبەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریە، جگە لە موسڵمانە بناژۆیەکان، زۆربەی یەکیەتیی عەرەب، یەکیەتیی ئورووپا، ئەمریکا، تورکیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەقشی کاریگەری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە خوێنڕێژێ سوریە و بەتایبەتی سپای قودس، بە فەرماندەیی قاسم سولەیمانی و "زارۆک کوژی" و بەکاربرانی چەکی شیمایی بەدژی خەڵکی مەدەنی، بەشێکی دیکەی قسەکانی حاتەمی بوو.
لەدوا برگەی ئەو پانێلە دا، کە پتر لە ٢ سەعاتی خایاند، هەر دوو بەشداری پانێلەکە ئاکسۆیی و حاتەمی، لە بەشی پرسیار و وڵام دا، وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
بڕگەی دوویەمی کۆڕەکە، شەوئاهەنگێکی موسیک و سروودی شوڕشگیڕی و گورانی جۆراوجۆر بوو کە لە لایەن بەشی هونەرییەوە پێشکەش کرا.
لەو کۆڕ و شەوئاهەنگە، پێشوازی زور گەرم کرا کە تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسان و ئەندامانی پارتی، یەکیەتی، حدک، کۆمەڵە و سەنتەری کوردی، چالاکانە بەشدار بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کانادا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 811 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact