. . . .


25 Aug 2013

بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٦٨سالەی دامەزرانی حدک لە شاری


ناوەندی هەوال- سوید: کومیته‌ی سۆئیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ بۆنه‌ی بۆنەی ٦٨سالەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان سمینارێکی پێک هێنا.
ڕۆژی شه‌ممه‌، 2 ی خه‌رمانان لە شاری یۆتێبۆری وڵاتی سۆئێد‌و بەبەشداری نوێنەرایەتیی حێزب و ڕێکخراوە کوردستانی‌یەکان، کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە باشووری سوئێد، سمینارێکی سیاسی بۆ ئێقباڵ سەفەری، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و حاتەم مێنبەری، چالاکی سیاسی‌و تێکۆشەری دێرینی نێو ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.
له‌و سمیناره‌دا ئیقباڵ سەفەری ئاوڕێکی لە مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی ٦٨ساڵەی حیزبی دیموکراتی کوردستان دایەوەو باسێکی له‌ شانازی و سەروەری‌یەکان‌و هه‌روه‌ها کەم‌و کوڕی‌یه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.
ئیقباڵ سەفەری لە بەشێکی باسەکەی‌دا هەموو ئەو سەروەری‌و دەستکەوتانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ ئیمانی قووڵی دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە بە دیموکراسی‌و مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلی کورد گێڕایەوەو دامەزراندنی یەکەمین حکومەتی کوردی له‌لایه‌ن حیزبی دێموکڕات به‌ سه‌رۆکایه‌تیی قازی محەممەدی، وەک نموونه‌یەک بۆ ئەو ئیدیعایەی خۆی هێنایەوە. ناوبرا بەڕێوەبردنی خەباتی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردووی بە خاڵێکی دیکەی جێی ئاماژەی ئەو حیزبە زانی، کە لەو پێناوە هەزاران کەس لە ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکانی خوی، تەنانەت لە ڕێزەکانی ڕیبەریی حیزبیش‌دا فیدا کردوه‌. ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزب به‌ چاوێکی ڕخنە گرانەشەوە ئاوڕی لە لەت بوون‌و ناکۆکی‌یەکانی نێو ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکرات دایەوە کە لە چەندین قۆناغی جیاجیا دا بەرۆکی ئەو حیزبەی گرتوە و بووتە هۆی لاوازی بوونی ڕێزەکانی حیزب.
لە بەشی دووهەمی ئه‌و سمیناره‌دا حاتەم مێنبەری، باسێکی تیروتەسەلی لە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستان، به‌ تایبه‌ت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
مێنبەری بە پێداچوونەوەیەک بە مێژووی دوورو نیزیکی بزووتنەوەی کوردایەتی، کەم وکوڕی و شکستەکانی ئەو بزووتنه‌وانەی بۆ نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزی گەل و ڕێبەرانی کورد گێڕایەوە. ناوبراو بە باس لەو هەلە مێژووییانەی کە بە درێژایی سەدان ساڵی ڕابردوو و لە ئەنجامی گۆڕانکاری‌یە سیاسییە جیهانی‌یەکان بۆ کورد هاتوونە پێش، تیشکی خستە سەر ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا لە گۆڕی دایە و بە هەلێکی گونجاو و لە باری زانی کە گەلی کورد و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی بۆ بە دەست هێنانەوەی مافە ڕەواکانیانیان هەنگاوی بەپەلە بنێن‌و هەوڵ بدەن بە کەڵک وەرگرتن لەو دۆخە داواکانی خۆیان لە کاتی داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێی جیهانی دا بێننە ئاراوە.
حاته‌م مێنبەری پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی بە هەنگاوێ بەجێ‌و گونجاو له‌ قەڵه‌م ا و هیوای خواست کە ئەو کۆنگرەیە ببێتە ستاتۆیەکی بە هیز بۆ نوێنەرایەتیی گەلی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتی‌یەکان‌دا.
پێشکەش کردنی چەند بەرهەمێکی هونەری‌و پرسیاری به‌شداران له‌ پانێلگێڕانی سمیناره‌که‌و وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وان بڕگه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و سمیناره‌ بوون.
شایانی باسه‌ ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی لەو سمینارە دا بەشدار بوون بریتی بوون لە:
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران- کۆمەلە
کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی دیموکراتیکی یارسان
ئەنجومەنی کۆمەلە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای سۆئێد
فدراسیۆنی یارسان لە دەرەوەی وڵات
کەمپینی ئاشتی
یەکیه‌تیی ژنانی دیموکراتی کوردستان‌و یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 847 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact