. . . .


25 Aug 2013

تراویلکەی ڕووحانی و خاڵی ١٥ و ١٩


ئاشق ئیسماعیلی

لەو کاتەوە کە ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆککۆمار لە ئێران نێزیک بۆوە تا ئێستا کە ڕووحانی لەو پۆستە دا دەستی بەکار کردوە و وەزیرەکانی بە مەجلیس ناساندوە، منیش وەک زۆر کەسی دیکە بە دوای بەسەرهات و ئاکامەکانی ئەو ئاڵوگۆڕانەوە بووم و بە تایبەت چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو هەڵبژاردنە لە هێندیک لاو لایەنەوە پێوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبوو و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش شوین لە سەر شێوە خەباتی خەڵک و حیزبەکانی مەیدانی بزووتنەوەی کوردستان دادەنێ، بە وردی ڕەوتی ڕووداوەکان، باسوخواسەکان وهەڵسوکەوتی لایەن و بەرپرسە سیاسییە کوردەکانم دابووە بەر سەرنج و پیم‌خۆش بوو بزانم ئەوان چۆن لە گەڵ ڕەوتی ئەو ڕووداو و ئەو قۆناخە تایبەتییە دەچنە پێش، ئاکامی لێکدانەوەکان لە سەر ئەم قۆناخە تایبەتە چۆن پوختە دەکەن، چ ئەزموونێک دەدەنە دەست و چ ئاسۆیەک دەستنیشان دەکەن کە هەر نەبێ دوورەدیمەنێک لە ئایندەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان لەو بەشەی کوردستان بخاتە بەرچاو.
بۆ ئەوەی وتارەکە درێژ نەبێتەوە هەوڵ دەدەم ئەوەندەی دەتوانم کورت قسە بکەم و لە کاکڵ و نێوەرۆکی مەبەست لانەدەم، هەرچەند بە وتەی کوردیی خۆمان"ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەبا" .
ئەمن وای بۆ دەچم کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تایبەت خامنەیی بۆخۆی، لە بەکارهێنانی فێڵ و تەڵەکەی سیاسی دا تایان نیە و بە واتایەک دەتوانین بڵێین لەو بوارە دا نەک هەر پێش هەموو کەس دەستی نوخبەکانی ئۆپۆزیسیۆن ــ کە پێیان وابوو ئاخوند سیاسەت نازانێ ــ یان لە پشتەوە بەستووە، بەڵکوو زۆر جار سەریان لە سیاسەتوانە بە نێوبانگەکانی جیهانیش شێواندوە و خافڵگیریان کردوون. نموونەیەکی هەرە دیار و ئاشکراش لەم پێوەندییە دا مەسەلەی هەڵبژاردنی ئەم جارە و ئاکامەکەیەتی کە ڕاست لە بارودۆخی هەرە دژوار و ئاستەمی خۆی دا و لە کاتێک دا نەیارانی ڕێژیم دەتوانم بڵێم بە گشتی پێیان وا بوو ئەو قۆرتە وا ڕێژیم سەرەنگرێ دەکا کە قەتی خۆ پێ‌ناگیرێتەوە و هەموو نیشانە و بەراوەردێکی سیاسییش هەر ئەو دوورەدیمەنەی دەخستە بەرچاو، وەلی فەقیە و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە تەڕدەست، بەوەخت و ماهیرانە وەزعەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و قومارەکەیان بە لای قازانجی خۆیان دا خست، کە چاوەدێرە سیاسییە بە ئەزموونە دەرەوەیییەکانیش بۆیان لێک‌نەدرایەوە و نەیان‌توانی پێشبینیی بکەن.
قایمبوونی جێگای ڕووحانی دوای پشتیوانی و ڕاسپاردنی ڕەفسەنجانی و خاتەمی و دواتریش کشانەوەی بەوەخت و جێی عارف ــ چ بە پێی بەرنامەیەکی ورد هاتبێتە کایەوە، یان هەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکە ڕەخساندبێتی ــ ڕاست ئەو کارتە لەبار و تاقانەیە بوو کە مانەوە و خۆگرتنەوەی ڕێژیمی لانی‌کەم بۆ ساڵانێکی دیکە مسۆگەر کرد. کە دەڵێم کارتی تاقانە، مەبەستم ئەوەیە کە ئەوە تەنیا ڕێگای دەربازبوونی ڕێژیم لەو قۆرتە سامناکە بوو کە بە پێی بارودۆخی سیاسی و بە تایبەت پێشینەی هەڵبژاردنی ساڵی ٨٨ پێشبینی دەکرا.
تەبلیغات و وادە بەڵێنیی قەبە و بریقەداری سەردەمی هەڵبژاردن لە هەموو شوێنەکانی دنیا دا وەک یەک باوە و هەر بەو پێیەش خەڵک دەزانن کە تاچ رادەیەک باوەڕیان پێ‌بکەن و چاوەڕوانی جێبەجێبوونیان بن و پێوەری هەرەسەرەکییش بۆ متمانەی خەڵک هەر ئەو پێشینە و ناسیاوییەیە کە کابرای کاندید هەیەتی.
هەموومان دەزانین کە لە سیستیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا ئەگەر مەحاڵ نەبێ، زۆر زەحمەتە هەر لە سەرەتاوە کاندیدێکی جێگای پەسندی خەڵک بگاتە قۆناخی کێبەرکێی هەڵبژاردن، چونکە فیلتێری شۆڕای نیگابان تەنیا ئەو کەسانە دێڵێتەوە کە بە تەواوی باوەڕیان بە نیزامی ئیسلامی و وەلی فەقیە هەبێ. ئەوە بەو مانایەیە کە هەر لە بناخە دا نەک هەر ئۆپۆزیسیۆنی جیددی و بەرەی دژی دەسەڵاتی مەزهەبی، بەڵکوو تەنانەت ئەو کەسایەتی و لایەنانەی بەشێوەیەک باوەڕ و بیرکردنەوەیان لە گەڵ بناخەکانی ئەو نیزامە یەکتر ناگرێتەوە و گومانی ئەوەیان لێ‌بکرێ کە بیانەوێ بەڕاستی هێندێک ئاڵوگۆڕی دڵخوازی خەڵک لە وڵات دا پێک‌بێنن، هەر لە سەرەتاوە ناگەنە قۆناخی کێبەرکێی هەڵبژاردن و قرت دەکرێن. ئەوانەی دەمێننەوە، قسە، دەربڕین، بەرنامە و بەڵێنییان هەرچییەک بێ، پاراستنی دەسەڵاتی نیزام و لانەدان لە ئەسڵی ویلایەتی فەقیه و ڕێباز و ئیدیۆلۆژیی نیزامەکە بە ئەرکی خۆیان دەزانن. کەوابوو خەڵکەکە ئەگەر لە هەڵبژاردن دا بەشدارببن، چاویان لە ئاڵوگۆڕێکی قووڵی بنەڕەتی نیە و ناچارن بە وەبەرچاوگرتنی قسە و وادەکان و هەڵسەنگاندنێکی سەرپێیی
دەنگ بدەن و لە ڕاستی دا لە نێوان خراپ و خراپتر دەنگ بە کەسێک بدەن کە پێیان‌وایە لەوانەیە بتوانێ و هەوڵ بدا وەزعی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵات هێندێک سەروبەر بکا.
ئەوە شتێکی شاراوە نیە کە وەدیهاتنی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران بە گشتی و نەتەوەکان بە تایبەتی، تەنیا لە سیستیمێکی دێمۆکڕاتی دا دەگونجێ. مەسەلەکانی وەک هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادیی ڕادەربڕین، وەبەرچاوگرتنی بناخەکانی مافی مرۆڤ، ئازادیی ژنان و مافی نەتەوەکان هەرگیز لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا کە هەم لەباری ژێرخانی فکرییەوە لە گەڵ ئەو بایەخ و مافانە دژایەتیی هەیە و هەم لە بواری سەرخانی بەڕێوەبەری دا چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەو داخوازییانەی لێ‌ناوەشێتەوە، چارەسەر ناکرێن و ئەگەر وابێ لاچوونی ئەحمەدینەژاد و هاتنە سەرکاری ڕووحانی دەتوانێ چ جیاوازییەک نیشان بدا و چ دەردێک لە دەردەکان دەرمان دەکا؟
لەو بەینە دا بۆچوون و شێوەبیرکردنەوەی بەشێک لە ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسیی کورد و تەنانەت هێندێک لە بەرپرسە سەرووەکانی حیزبەکوردییەکان لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر جێگای وردبوونەوە و سەرسوڕمانە! مەبەستم شێوەبیرکردنەوە و لێکدانەوەی ئەو کەس و بەرپرسانەیە کە هومێدێکی زۆریان بە هاتنەسەرکاری ڕووحانی هەیە و پێیان وایە ناوبراو بەڵێنییەکانی سەردەمی هەڵبژاردنی خۆی جێبەجێ دەکا و بە جێبەجێ کردنی مادەی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکانیش دەستەبەر دەکا.
من دڵنیام کە لێرە دا ئیشاڕە کردن بە نێوەرۆکی مادەکانی ١٥ و ١٩ی ئەو یاسایە، پێویستە، تا بزانین هەر لە بناخە دا ئەو خاڵانە چییان بۆ نەتەوەکان تێ‌دایە و داخوا ــ ئەگەر جێبەجێ بکرێن ــ بۆ وێنە تاچ ڕادەیەک لانی کەم سەدەیەک مایەدانان، تێکۆشان، قوربانیدان و فیداکاریی نەتەوەی کورد لە ڕێگای مافی نەتەوایەتیی خۆی دا قەرەبوو دەکەنەوە؟
ئەوە هردووک ئەسڵ وەک ئەسڵی خۆیان بە فارسی:
اصل 15 ـ زبان و خط رسمی و مشترک مردم ایران فارسی است‌.اسناد و مکاتبات و متون رسمی و کتب درسی باید با این زبان وخط باشد ولی استفاده از زبانهای محلی و قومی در مطبوعات ورسانه‌های گروهی و تدریس ادبیات آنها در مدارس‌، در کنار زبان‌فارسی آزاد است‌.
اصل 19 ـ مردم ایران از هر قوم و قبیله که باشند از حقوق مساوی ‌برخوردارند و رنگ‌، نژاد، زبان و مانند اینها سبب امتیاز نخواهد بود.
ئەمەش وەرگێڕراوەکەیان بە کوردی:
ئەسڵی ١٥ ــ زمان و خەتی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگە، نامە، نووسین و دەقی ڕەسمی(ئیدارەکان) و کتێبە دەرسییەکان دەبێ بەو زمانە و بەو خەتە بێ، بەڵام کەلکوەرگرتن لە زمانە خۆجێیی و قەومییەکان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و ڕاگەیەنە گشتییەکان دا و فیرکردنی ئەدەبیاتی ئەوان لە فێرگەکان، لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.
ئەسڵی ١٩ ــ خەڵکی ئێران لە هەر قەوم و قەبیلەیەک بن مافیان وەک یەکە و ڕەنگ، رەگەز، زمان و شتی وا نابێتە هۆی لەسەرتر بوون و جیاوازی بۆدانان.
لێرە دا هێندێک پرسیار دێنە پێش:
بە ڕاستی کورد ئەوەی دەوێ؟ ئەوە دەتوانێ وەڵامی داخوازەکانی نەتەوەی کورد لە قۆناخی ئێستا دا بداتەوە؟ بڵێی نەتەوەی کورد زیاتر لە سەدەیەک بۆ ئەوە خەباتی کردبێ و هەزاران قوربانیی لە پێناوی ئەوە دا دابێ کە سەرەنجام بەزەیییان پێی دابێ و ئیجازەی بدەن کە "لە رۆژنامەکان دا بە زمانی خۆی بنووسێ" یان لوتفی دەگەڵ بکەن و دوای ئەو هەموو تێکۆشان و ماڵوێرانی و مایەدانانە ئازادیی ئەوەندەی بدەنێ کە بتوانێ (لەتەنیشت زمانی فارسی) ئەدەبیاتی خۆی فێر(ی منداڵەکانی) بکا؟
خۆ ئەسڵی نۆزدەکەشی شتێکی گشتییە ودەڵێ هەموو مافیان وەک یەکە. بەو حاڵەش وەک ڕۆژی ڕوون وایە کە نێوەرۆکی ئەو مادەیە درۆیەکی گەورەیە کە بۆ ڕواڵەتڕازاندنەوە دروست کراوە، دەنا ئەو "یاسابنەڕەتی"یە کە سی و چوار سال پێش ئێستا پەسند کراوە، دەبوو لەو ماوە دوور و درێژە دا جارێک وەبەرچاو گیرابا. ئەو ڕێژیمە بە درێژایی تەمەنی، تاکەکان، گرووپەکان، ژنان، نەتەوەکان و کەمایەتییە ئاینییەکانی ئێرانی لە مافەکانیان بێبەش کردوە و ئەگەر وەجواب هاتبن و ڕەخنەیان گرتبێ، گرتوونی, کوشتوونی و لە ماڵ‌وحاڵی خۆیان تەرەی کردوون و ئەوەش ئەوەندە ئاشکرایە کە پێویستیی بە هێنانەوەی بەڵگە نیە.
ئەو نیزامە لە ماوەی تەمەنی خۆی دا لە سەر دەستدرێژی کردنی بەردەوام بۆ سەر ئەو مافانە و بە گشتی نەپاراستنی مافی مرۆڤ، دەیان جار هەر لە کۆڕی هێمنایەتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە ڕادەیەکی زۆر زیاتریش کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەیی و بنکە و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤەوە دراوەتە بەر ڕەخنە، بڕیارنامەی لەسەر دەرکراوە و مەحکووم کراوە. کەوابوو هێندێک سەیر و نامۆ دەنوێنێ ئەگەر کەسێک ــ ئەویش کەسێک کە سەروکاری دەگەڵ سیاسەت بێ ــ بڕوا بکا ڕووحانی و کاربەدەستە تازەهاتووەکانی دەوڵەتەکەی کە هەموویان خزمەتکاری بە بیروبڕوا و بێ‌ئەملاوئەولای ئەو نیزامە بوون و هەن، لەپڕ بچنە بەرگی فریشتەی ئازادییەوە و ئەوە بکەن کە خەڵکی ئێران پێویستییەتی و دنیای پیشکەوتوو لێیان داوا دەکا.
بێجگە لە وەش ئەو مافەی نەتەوەی ئێمە پێویستییەتی، بە دوای دا عەوداڵە و خەباتی بۆ کردوە، مافی دیاریکردنی چارەنووس و دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی نەتەوایەتییە و لانی کەمی سیستیم و شێوەی جێبە‌جێکردن و دابینکردنی ئەو مافە‌ش فیدڕالیزمە، کە لە بەرنامەی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هاتوە و وەک ئاڵتڕناتیوێکی گونجاو بۆ سەردەمی ئێستا کراوەتە ئامانج. ئیدی بەرپرسی کورد چۆن بە نێوەرۆکی خاڵی ١٥ و ١٩ ڕازی دەبێ و چۆن نێوەرۆکی ئەو خاڵانە بە باڵای ویستی نەتەوایەتیی کوردی ڕۆژهەڵات دەگرێ، جێگای پرسیارە!

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 5592 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact