. . . .


21 Aug 2013

ئه‌وانه‌ی مێژوویان دروست کرد


ئاوڕێک له‌ ژیان و تێکۆشانی مام قادر مه‌عرووفی
-- پێشمەرگایەتی جیا لەوەی تاڵی و سوێریت پێ دەبەخشێ، خۆڕاگری و شانازیشت پێ دەبەخشێ

-- دڵسۆزی و ماندوونەناسیی خێزانم و هەست بە بەرپرسایەتیکردنی منداڵەکانم وایکردووە، بەو ئیمکاناتە که‌مه‌ی حیزب خستبوویە بەر دەستیان، خۆیان پێ بگەیەنن

ئا: هه‌مزه‌ ئاگوشی

حەز دەکەین بزانین مام قادر مەعرووفی کێیە و لە کوێ لە دایک بووە و پێش دەستپێکی ژیانی سیاسی، بە چییەوە خەریک بوو؟
-- من قادر مه‌عرووفی کوڕی حەسەن، وەک لە منداڵیمەوە پێیان گوتووم مام قادر، ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە گوندی گەنەداری مامەشان، لە ناوچەی لاجانی پیرانشار (خانێ) لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە دایک بوومە. هەتا کاتی پێشمەرگایەتیم هەر لەو دێیە ژیاوم و بە کار و کاسبی خەریک بوومە.

*چۆن و لە ڕێگای کێیەوە تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و حیزبایەتی بووی؟
-- پێش ئەوەی بچمە سەر ئەسڵی وەڵامەکەت، پێم خۆشە کەمێک بۆ دواوەتر و بۆ تەمەنی مێرمنداڵیم وەگەڕیم. ئەگەر باشم لە بیر مابێ، تەمەنم لە نێوان ١٠- ١٢ ساڵاندا بوو، کابرایەک بە نێوی سەید خدری گردەگۆرانی هاتە ماڵمان. بابم بە سەفەر چووبوو، دوای کەمێک دانیشتن، کاغەزێکی لەبەر پشتێنی هێنا دەر و دایه‌ برا گەورەکەم و پێی گوت، ئەگەر باوکت هاتەوە ئەو کاغەزەی بدەیە و بڵێ "چاوبادامی" لە لای حاجی مارف ئاغای درەبکەی ڕا هێناوێتی. ئەو کات ژاندارم ئەرکی هێنان و بردنی نامەی دەوڵەتی لە ئەستۆ بوو. یەکەم جار بوو دەمدیت بابم لە لایەن کەسێکی ناسیاوییەوە کاغەزێکی بۆ بێ کە لە خەڵکە و کاربەدەستی تۆقێنەری دەوڵەتی نەبێ.
بەرەبەرە کە باوخۆشتر دەبووم، باوکم زۆربەی جاران کە بۆ شت کڕێن ده‌چووه‌ خانێ، منی دەگەڵ خۆی دەبرد. لەوێ لە گەڵ دۆست و ناسیاوەکانی وەک: مراد ڕەسوو و حاسڵی عەلی لەیلانی، سەید مەستەفای تەهازادە (سەید مستەفای ناڵبەند)، مەلا سەید عەوڵای نمنجێ، مستەفای سۆفی تەها... دادەنیشت. ئەوان باسی زۆر شتیان دەکرد، بۆ من نامۆ بوون، زۆر کەم دەنا لێیان تێنەدەگەیشتم. دۆستایەتی کۆنمان لەگەڵ بنەماڵەی عەلی لەیلانی هەبوو و ڕەنگە هەر بە ڕێگای ئەوانیشەوە، باوکم لەگەڵ ئەو کەسانەی که‌ له‌سەرەوە نێوم هێنان و زۆری دیکەش کە نێویانم لەبیر نەماون، ناسیاوی پەیدا کردبوو. ساڵی ٤٢ی هەتاوی- ئەگەر ڕاستم لە بیر مابێ- خەڵکێکی یەکجار زۆر لە ناوچە هەڵاتن و وەک لەنێو خەڵک داکەوتبوو، ئەوان بۆ کوردستانی گەرمێن هەڵاتن و خەڵکێکی یەکجار زۆریش گیران. مراد ڕەسوو و مراد حاسڵ و مەلا سەید عەوڵا هەڵاتن. ئەو دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە و ئەو جار خەڵک بە ورد و درشتەوە دەیانزانی چ ڕووی داوە و ئەوه‌ خەڵکەش سەر بە حیزبی دێموکراتن. ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی لێ دەرکەی، ئێمە مانان کە تەمەنێکی زۆرمان نەبوو و خەڵکیش بە گشتی پێیان وابوو، بە هەر دووک بەشی گەرمێن و کوێستان تەنیا حیزبێکی دێموکرات هەیە. بە دوای ئەو ڕووداوە بۆم دەرکەوت، باوکم لەگەڵ ئەو خەڵکەی له‌ خانێ سەری دەدان، باسی چی دەکرد. هەرچەند بۆم ڕوون نەبووه‌وە، بابم پێوەندی بە حیزبه‌وه‌ هەبووبێ یان نا، بەڵام ئەو جۆرە تێکەڵاوییەی لەگەڵ ئەندامانی حیزب، بیری منی بە ڕووداوەکانی ئەو کاتی جووڵانەوەوه‌ خەریک کردبوو..
زستانی ٤٦ی هه‌تاوی، تیمێک لە پێشمەرگەکان لەگەڵ شەهید مراد شیرێژ هاتنە ماڵە ئێمە. مراد شیرێژ بەرپرسیان بوو. سولەیمان کەرقەشانیش لەگەڵیان بوو. پێشتر ماڵە سولەیمان کەرقەشان لە دێی ئێمە بوون و ئەوم زۆر چاک دەناسی. حەمەدەمینی ڕوو بەخاڵ، مەحمودی مامەندی، عەبدوڵڵای مەعرووفی و چەند پێشمەرگەی دیکەش لە گەڵیان بوون. بۆ کار و باری ڕێکخستن هاتبوون، کاریان بۆ ئەوە دەکرد خەڵک بۆ وەلانانی کیشە و ناکۆکییەکانیان پەنا بۆ ژاندارم نەبەن و لەنێو خۆیاندا کێشەکان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. مەلا خدر، مەلای ئاوەدانی ئاوری نێوان ناخۆشی لەنێو خەڵکدا دەبووژاندەوە. دوو کەس لە دێ، مراد شیرێژیان لەو کارەی مەلا خدر ئاگادار کردبووه‌وە. مراد نیزیکەی سەعات و نیوێک چووه‌ دەره‌وه‌ و لە نزیکەوە بە توندی مەلا خدری لە چاندنی تۆوی دووبەرەکی ئاگادار کردبووه‌وە. پاش نانخواردنی شەو ڕۆیشتن. ساڵی دواتر، سەید فەتاح حوسێنی و عەوڵای مامەندی لە کوردستانی گەرمێن ڕا هاتبوونەوە. هاتنە گەنەداری. دوو ڕۆژ لە ماڵە ئێمە مانەوە. عەوڵای مامەندی گوتی، مام قادر پێیان وتووم تۆ دەبێ لە "گردەگۆرانی" ڕا هەتا "زەنگیاوێ" کاروبارەکان وە ئەستۆ بگری. ساڵی ٤٧ تەرمی کاک سولەیمان موعینی، مەلا مەحمود زەنگەنەیان هێنایەوە خانێ و پێشتریش تەرمی شەهیدەکانیان دەهێنایەوە بۆ خانێ. جموجۆڵی پێشمەرگە، دانی شەهید و زۆڵم و زۆریی دامودەزگای دەوڵەتی، حیزبی دێموکرات و شۆڕشیان بە خەڵک ناساند. بە داخەوە ئەو شۆڕشە تێکشکا، دەنا هەر لەو ناوچەیەی ئیمە سەدانی وەک من ئامادە دەبوون ئەرکی زۆر قورستر لەوە وەئەستۆ بگرن.
لە پاش ڕووخانی پاشایەتی، ساڵی ٥٨ کە حیزب تێکۆشانی ئاشکرای دەست پێکرد و شانەکانی حیزب زیندوو بوونەوە، یەکێک لەو کەسانە بووم داوای ئەندامەتیم لە کۆمیتەی حیزب لە خانێ کرد و بە جۆرە ڕاستەوخۆ بووم بە ئەندامی تەشکیلاتی حیزب.
mam-qadr.jpg

*ئەدی ئەو قۆناغەت هەتا کاتی بوون بە پێشمەرگەت چۆن تێپەڕاند و لەگەڵ کێ کارت کردووە؟
-- لە ساڵی ٦٢ەوە وەک ئەندامی نێوخۆی حیزب، ڕابیتی نێوان کۆمیتەی شارستان و کۆمیتەی نێو شار بووم. هێندێک لەو هاوڕێیانە ناکرێ نێویان بەرم، بەڵام لەگەڵ، شەهیدان: ئەبووبەکری ئازەربەرز کە سەردەستەی پێشمەرگەکانی نێو شار بوو و لە زیندانی ڕێژیمدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، لەگەڵ کاک سەید مستەفای حوسێنی کە ئەویش لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا، کارم کردووە. لەگەڵ بەرپرسانی کۆمیتەی پیرانشار، نەمران: کاک سەید ڕەسووڵی بابی گەورە، کاک نەبی قادری، کاک قادر ئیفتخاری، کاک هەمزە بێهنام، کاک حەسۆی عەلیپور، ڕەحیم مەحموودی و کاک ڕەحمان سۆفی زادە ، کاک سەدیق بابایی، کاک عەبدوڵا ئیبڕاهیمی، کاک سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی و کاک ئەبووبەکر قەدیکورد کارم کردووە. . سەر بە کۆمیتەی ناوچەی پیران بووم و ئەو کۆمیتەیەش منی بە کاک عەبدوڵڵا ئیبراهیمی و کاک ڕەحمان سۆفی زادە بۆ کاری تەشکیلاتی نێو شار ناساند. شەهید ڕەحمان سۆفی زادە هەموو جارێ کە دەیناردم بۆ نێو شاری، لەتکە بیست تمەنی یان دە تمەنی دەدامێ و دەیناردم بۆ لای ئەو ئەندامانەی کە پێشتر لەتکە پووڵەکەی دیکەی دابوونێ.
زستانی ساڵی٦٨ی هه‌تاوی، هەستم دەکرد خراومەتە ژێر چاوەدێری. ڕەحمەتی، خەجێ قۆڕەغچی و دۆستێکی دیکە زۆر جار سه‌باره‌ت به‌ که‌سێک که‌ بە داخەوە خیانەتی کرد و خەڵکیش چاک دەیناسن و ئه‌و ده‌م به‌ رواڵه‌ت کاری تەشکیلاتی نێوخۆیی دەرکرد، وریایان دەکردمەوە. دەمزانی ئەو که‌سه‌ منی بە ئیتلاعات ناساندووە و خراومەتە ژێر چاوەدێری. ئەو کەسەش لەگەڵ شەهید سولەیمان ڕەسوڵزادە کادری کۆمیتە شارستانی پیرانشار کاری دەکرد.
٢ی پوشپەڕی ساڵی ٦٩ ، کاک سولەیمان هاتە لای من و شەو و ڕۆژێک لە ماڵە من مایەوە. یەکەم جار بوو کاک سولەیمانم دەدیت. بە ڕاشکاوی پێمگوت کە من باوەڕم بەو که‌سه‌ نییە و تۆش دەبێ ئاگات لە خۆ بێ. بەداخەوە دوای سێ حەوتوو، لە گوندی کێلێ- بەلەبان، کاک سولەیمان لەگەڵ ڕەحیم بەرشان کەوتنە داوی خیانەتی ئەو که‌سه‌ و شەهید کران. منیش یا دەبوو خۆم بۆ ئەشکەنجەی بێسنووری دەوڵەتی ئامادە بکەم ، یان نێوی ئەندامانی حیزب هەڵدەم. بۆیە ڕێگەی هەڵاتنم گرتە بەر.
mam-qadr1.jpg

*ئایا بۆ تۆ کە تەمەنێکت تێپەڕ کردبوو و خاوەنی ماڵ و منداڵ بووی، ئەوە بڕیارێکی قورس نەبوو؟
-- دەتوانم بڵێم، ئەو بڕیارە، بڕیارێکی قورس بوو. ڕەنگە بۆ من کە ئەو کات تەمەنم چل و چەند ساڵێک بوو، یا دەبوو بەرگەی ئەشکەنجە و ئاکامەکانی بگرم، یان دەنا نێوی زۆر ئەندام هەڵدەم. دیسان، منداڵەکانیشم کە ئەو کات خەریکی دەرس و خوێندن بوون، هەڵقەندنیان لەو ژیانە، بڕیارێکی قورس بوو و دەبوو ئەو بڕیارەشم دابا. ئێستا دەزانم وێڕای قورسییەکەی، بڕیارێکی بە جێم داوە.

*ئەرکی پێشمەرگانەت لە کام ئۆرگانەوە دەست پێکرد؟
-- ئەرکی پێشمەرگایەتیم لە مەڵبەندی سپی سەنگ و لە گومرگی قەندیل دەست پێکرد. دوو ساڵ لە مەڵبەندی سپی سەنگ مامەوە. دواتر لە هێزی پارێزگاری و دواتریش لە تەداروکاتی حیزب ئەرکی پیشمەرگایەتیم بە جێ گەیاندووە.

*وێڕای ئەرکی پێشمەرگانە، ئەرکی پێگەیاندنی منداڵەکانیشت لەسەر شان بوو، بەو ئیمکاناته‌ کەمەی لەبەر دەستتدا بوو، چۆن توانیت پارسەنگێکی بۆ پێگەیاندنی منداڵەکانت دروست بکه‌ی؟
-- دڵسۆزی و ماندوونەناسیی خێزانم و هەست بە بەرپرسایەتیکردنی منداڵەکانم وایکردووە، بەو ئیمکاناتە که‌مه‌ی حیزب خستبوویە بەر دەستیان، خۆیان پێ بگەیەنن.
mam-qadr2.jpg

*پێشمەرگایەتی چی پێ بەخشی و چی لێ ئەستاندووی؟
-- پێشمەرگایەتی جیا لەوەی تاڵی و سوێریت پێ دەبەخشێ ، خۆڕاگری و شانازیشت پێ دەبەخشێ. بۆ نموونە٧ ساڵ لە تورکیە ماوینەوە، بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی دیکە، من و ئەوانەش کە پێشمەرگە نەباین بەرگەی سەختی و تاڵییەکانی تەمەنێک مانەوە لەو وڵاتەمان نەدەگرت. سەربەرزیشم بە ڕابردووی خۆم..

*قەت وا هەبووە، ئەرکێکت پێ بسپێرن و نەتوانی ڕایپەڕێنی؟
-- نەخێر نەبووە. ئەرکەکەم ئەوەندە قورس نەبووە، پێم نەکرێ. ئەوه‌ی پێم ئه‌سپێردراوه رامپه‌ڕاندووه‌

ئایا پێشمەرگایەتی تەمەن دەناسێ؟
وەک جموجۆڵ و کاری عه‌مه‌لی، به‌ڵێ پێشمەرگایەتی تەمەن دەناسێ، چونکە کەسێک تەمەنی هەوراز بچێ، پێشمەرگایەتی پێ ناکرێ. بەڵام لە ڕووی بیر و باوەڕەوە پێشمەرگایەتی دەتوانێ هەموو تەمەن بگریتەوە.

دوا وتەت بۆ خوێنەران چییە؟
وێڕای سوپاس بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە و سڵاو لە خوێنەرانی بەڕێز، پێویستە بڵێم ئەوەی لە سەره‌وه‌ باسم کردووە، تەنیا چاوخشاندنێکی کورته‌ لەسەر ژیان و چۆنیەتی ئاشنابوون و تێکەڵبوونم بە شۆڕشی ڕەوای کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان.
mam-qadr3.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1350 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact