. . . .


19 Aug 2013

کۆبوونەوەی ئەحزابی کوردی لە دەوری یەک و خۆپیشاندانی کوردانی دانیشتو


ناوەندی هەواڵ- سویس: کۆمەڵکوژی ڕژیمی ئەسەد و گرووپە ترۆریستەکانی سوریا دژ بە گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان نزیک بەتەواوی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی لە وڵاتی سویس لە دەوری یەک کۆکردەوە.
کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 17ی ئاگووستی 2013، لە سەر پێشنیازی کۆمیتەی سویس حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەندین حیزبی کوردستانی کۆ بوونەوە. مەبەستی سەرەکی لەو کۆبوونەوە پێک هێنانی کۆدەنگی و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش بوو بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی نارەزایەتی لە وڵاتی سویس، بۆ ڕیسوا کردنی هێرشی دڕندانەی هیزەکانی حکومەتی بەعسی سوریە و تاقم و گرووپە ئیسلامییە تێرۆرسیتتەکان بۆ سەر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە خۆرئاوای کوردستان. لەو کۆبوونەوەیەدا ڕەوشی نالەباری گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە و لە لایان حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕوونکردنەوەی پێویست ئاراستەی بەشداران کرا.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە 13 حیزب و ڕێکخراوی سیاسی کوردستانی تێیدا بەشدار بوون بریار درا کە بە هەوڵی هەموو لایەنەکانی بەشدار و تەنانەت ئەو لایەنانەشی کە لە بەر هەر هۆیەک بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبوون، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە بەر دەرگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ژنێڤ ڕێک بخرێت. هەروەها بڕیاردرا کە ئەم کۆبوونەویە بکرێتە دەسپێکی یەک دەنگی و هاوکاری زیاتری حیزب و ڕیکخراوە کوردستانیەکان لە سویس.
شایانی باسە لەم کۆبوونەویوەدا زاهید شاعیری بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیموکرای کوردستان لە سویس و مامۆستا عەزیز ئەحمەدی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزب لەو وڵاتە بەشدار بوون. ئەم حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوەش بەشداری ئەو کۆبوونەوە بوون:
حیزبی دیموکراتی کوردستان
یەکیەتی نیستیمانی کوردستان
پارتی دێموکراتی کوردستان
حیزبی شیوعی کوردستان
حیزبی سوسیالستی کوردستان باکوور
حیزبی سوسیالستی کوردستان باشوور
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
پارتی کۆمنیستی کوردستان
پارتی یەکیەتی دێموکراتیک
حیزبی یەکیەتی دێموکراتیکی کورد لە سوریە
سازمانی خەباتی کوردستانی
کۆمەڵی پێشمەرگە دێرینەکان
گروپی ئارارات
شایانی باسە هەر ئەم ڕۆژە لە لایان پارتی یەکیەتی دێموکراتیک PYD خۆپیشاندانێک بە مەبەست ئیدانەکردنی جنایەتەکانی ڕێژیمی ئەسەد و تێرۆریستانی ئیسلامی بەرانبەر بە گەلی کورد لە ڕۆژ ئاوای کوردستان و پشتیوانی لە تێکۆشانی ئەو بەشەی گەلەکەمان لە شاری زووریخی سویس بەڕێوە چوو. بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بەشداری ئەم خۆپیشاندانەیان کرد و لە لایان زاهید شاعیری بەرپرسی کۆمیتەی سویس، وتارێک بۆ پشتیوانی لەو جۆرە هەنگاوانە و ئیدانەی ئەو جنایەتانە پێشکە کرا کە بەرانبەر بە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان پەڕەو دەکرێت. بەڕێز شاعیری ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ڕێژیمی ئاخوندی لە خرابکاریەکانی ناوچەکە و سوریە و ڕۆژئاوای کوردستانی دا بەتایبەتی کرد و ئاماژەی بە فتوا بەدناوەکەی خومینی کرد کە لە 1979ی زاینی دا بەرانبەر بە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەریکرد و فتواکانی ئەمرۆی دژ بە ڕۆژئاوای کوردستانی بە درێژەی ئەم فتوا بەدناوە هێنایە ئەژمار.

شایانی باسەو: لە هەمان ڕۆژدا لە گۆڕپانێکی تری شاری زووریخی سویس لە لایان گرووپی ئاراراتەوە بە هەمان مەبەست خۆپیشاندانێک ڕێکخرا کە لەویشدا حیزبی دێموکرات بەشداری چالاکانەی هەبوو. لەم خۆپیشاندانەشدا بەیانامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە زمانی عەرەبی لە لایان هاوڕێمان ئەحمەد ڕەسووڵی خوێندرایەوە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 682 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact