. . . .


14 Aug 2013

دڵۆپێک له‌ ده‌ریای ژیانی پێشمه‌رگانه‌ی عه‌وڵای مام ئاغا


ئه‌وانه‌ی مێژوویان دروست کرد و ته‌مه‌نی خۆیان له‌پێناو ئازادیی نه‌ته‌وه‌که‌یان دانا
ئا: هەمزە ئاگوشی
به‌کرێگیراوانی رژیم چەندین جار بابمیان خستبووه‌ ناو بۆشکەی بەتاڵی نەوت و لەبەر گەرمای هاوین دایان نابوو یان تەقەیان لە دەوری بۆشکەکەی کردبوو
له‌ شوێنی کاری بنەماڵەکەمان نارنجۆک و مینی ته‌ڵه‌ییان داده‌ناوه‌ کە دوو جاران بە بابمدا تەقینەوە و زۆر بە سەختی برینداریان کرد


عه‌وڵا مام ئاغا کێیه‌ و له‌ کوێ له‌دایک بووه‌ و ژیانی مێرمنداڵی و لاوی به‌ چییه‌وه‌ تێپه‌ڕ کردووه‌؟
ناوم عەبدوڵڵا حەسەنزادەیە و ناسراوم بە عەوڵای مام ئاغای، لە ساڵی 1343ی هەتاوی، لە گوندی بێورانی خوارێ لە بنەماڵەیەکی جوتیار و زەحمەتکێش لەسەر دەستی مامانێکی خۆماڵی بەناوی ئامۆژنە مریه‌م لە دایک بووم و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا هەر لە بێوران چوومە قوتابخانه‌ و دەستم بە خوێندن کرد و لە کاتی پشووەکانی قوتابخانەشدا بەپێی توانای خۆم لە مووچە و مەزراکاندا یارمەتی باوکم دەکرد کە تەنیا نانهێنەرەوەی بنەماڵەکەمان بوو. گیا دروین ، کەتیرەکردن و چوونە بەر مەڕو ماڵات بەشێک لەو کارانە بوون کە دەمکردن و هەر لەو گوندەی خۆمان خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد و بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی ڕاهنمایی، بۆ درێژەدانی خوێندن چوومە شاری سەردەشت و هەتا پۆلی سێیەمی ڕاهنمایی دەرسم خوێندووە .

چۆن تێکه‌ڵ به‌ ژیانی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی بووی؟
لە کاتی دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی رژیمی پادشایی لە ئێراندا، لە قوتابخانەی ڕاهنمایی کورشی کەبیری ئەو کاتی و شەهیدانی چاردەی ئازەری دوایی دەرسم دەخوێند . کە ڕاپەڕین شارو ناوچەکانی کوردستانیشی گرتووە، لەو کاتەدا که‌سێک بە ناوی مەلا باقی کە هەتا سەر ئێسقان دژ بەو رژیمە بوو و کابرایەکی ڕەوانی بوو دەگەڵ ئەوەی کە ده‌یزانی پشووی قوتابخانەیە، دەهاتە حەوشەی بۆ لای ئێمەی قوتابی و دەستی دەکرد بە دروشمدان بە دژی ڕژیمی گەندەڵی پەهلەوی، ئێمەش بە دووبارەکردنەوەی دروشمه‌کاکان بە دوایدا دەڕۆیشتن بۆ سەر شەقامەکان و هەتا دەڕۆیشتین ڕێژەی جەماوەر زیاتری دەکرد زۆر جار بە تەقەی هەوایی بڵاوەیان پێدەکردین، بەڵام لە چاردەی ئازەری پەنجاو حەوتدا قەسابخانەیەکیان ساز کرد و خەڵکێکی زۆر شەهید و بریندار بوون. بە دوای ڕووخانی رژیمی پادشایی و بە دەستەوەگرتنی کۆنتڕۆڵی شارەکان لە لایەن شۆڕاکانی شارەوە، وردە وردە جموجۆڵی سیاسیش پەیدا بوون کە هەتاکو ئەو کاتی ئەمن تەنیا ناوی پێشمەرگەم بیستبوو، ئەویش نەمدەزانی کێن و بۆ پێیان دەڵێن پێشمەرگە ، لە حاڵێکدا چەند کەسێک لە خەڵکی بێوران لە ریزی پێشمەرگەکانی باشووری کوردستاندا بوون ، هیچ جۆرە زانیارییەکی دیکەم لەسەر هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نە بوو . ئەوکات لە سەردەشت لە خانووێکی چوار ژووریدا بووین کە هەر هه‌موومان خەڵکی بێوران بووین و لەوێ دەرسمان دەخوێند . دوو مامۆستای قوتابخانە کە پێشتریش یەکترمان دەناسی، جار جارە دەهاتنە لامان کە یەکێک لەوان ڕەوان شاد خوسرەوی مەزەفەری بوو ئەوەی دیکەش بە خۆشییەوە هەر لە ژیاندایە و لە ناو خۆی وڵاتە، ئه‌و دوو مامۆستایه‌ هاتوچۆی ئێمەیان دەکرد و زۆر شەوان هەر لە لای ئێمە دەمانەوە ، وردە وردە بە گوێی ئێمەیاندا چرپاند و کورد گوتەنی سەری خۆمان دەو قاڵمە قاڵ مەی ڕۆکرد کە ئێستاش دەیپێوین و لەو کاتە بەدواوە چوومە ناوی دنیای سیاسەت و کوردایەتی و قۆلم لێ هەڵمالی .
abdulla-mam-aga1.jpg
پێت وایه‌ هۆکاره‌که‌ی چی بوو که‌ به‌شێکی به‌رچاوی خه‌ڵکه‌که‌ی گوندی ئێوه‌ واته‌ بێوران تێکه‌ڵ به‌ حیزبی دێموکرات و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و سیاسی بوون؟
بە هۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی گوندەکەمان کە هاوسنوورە دەگەڵ سنووری دەستکردی باشووری کوردستان، تێکەڵاویی خەڵکی قەڵادزێ و هێرۆ و گوندەکانی ئەو بنارە، یەکێک لە هۆکارەکان بووە . دووهەم ئەوەیە کە بێوران هەر لە زەمانی ڕەزاشاوە هەتاکو ئێستا بێ پێشمەرگە نەبووە، هەمیشە چەند کەسێک لە شاخ و ئاوارەییدا ژیانیان بەسەر بردووە، بۆ نموونە دەتوانم ناوی جەند کەسێک بێنم کە کاتی خۆی خواردن و خەویان لە چاوی داگیرکەران لەم ناوچەیە حەرام کردووە، وەک خوا لێی خۆش بێت مام شێخ عەبدوڵڵای سلیمانی ، مام ڕۆستەم محەممەد پوور ، مام وەتمانی حەسەن پوور، سێمانا ئاغا و زۆر کەسی دیکەش کە بەداخەوە ناوی هەموویانم لە یاد نییە. هەروەها لە زەمانی شای گۆڕکراویشدا ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی بێوران لە ریزی پێشمەرگەکانی باشووری کوردستاندا خزمەتیان دەکرد وەک شەهید حەمەدەمینی مەلا عەزیزی کە فەرماندەری کەرتێکی پێشمەرگە بوو لەوێ، ئەوانەو زۆر هۆکاری دیکە وەک باوەر بە ڕەزگاریی و دیتنی زەخت و فشارێکی زۆر لە سەر نەتەوەکەمان.

ئه‌رکه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیت له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێکرد؟
لە زستانی ساڵی 1358 دا بە ڕەسمی بوومە پێشمەرگە و لە دەستەی زەربەت بە فەرماندەیی شەهید حەمەدەمین مەلا عەزیزی دەستم دایە خەباتی سیاسی و نیزامی لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەماندا. سێ جار بە سووکی بریندار کراوم و لە زۆربەی هەرەزۆری شەڕەکانی ناوچەی سەردەشتدا بەشداریم کردووە و زۆر شوێنی کوردستان گەڕاوم ، وەک ناوچه‌کانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، بانە، سەرشیوی سەقز. لە بەهاری ساڵی 1362 ڕژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسڵامی هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەرمان و بەداخەوە ئێمەش بە ناچاری بۆ دیوی باشووری کوردستان واتە هێرۆ و باوەزێ پاشەکشەمان کرد، زۆر بە داخەوە هەر لەو شەڕەدا فەرماندەری دەستەکەمان کاک حەمەدەمین مەلا عەزیزی شەهید بوو و چاردە پێشمەرگەشمان بریندار بوون.

به‌رپرسان و فه‌رمانده‌رانی ئه‌و کاتی ئه‌و هێزه‌ کێ بوون؟
ئەوەی ڕاستی بێت لە سەرەتادا شتەکان هەر کەسە بەپێی سەلیقەی خۆی کاری دەکرد، سازماندەییەکی ڕێکخراو نەبوو، ماوەیەک بە شێوەی ستاد ئەو ناوچەیە بەڕێوە دەچوو و که‌سێک بە ناوی سەرداری ئەحمەد هەرمێ وەک به‌رپرس دیاری کرابوو . لە دوای ئەو، کاک کەریم حه‌داد کرا بە فەرماندەری هێزی 11ی شه‌هید موعینی کە بەداخەوە ئەویش خوێندەواری نەبوو، بەدوای ئەودا شۆڕش ئەحمەد ناوێک کرایە فەرماندەری هێز . ناوبراو دەرەجەدارێکی ئەرتەشی بوو لە زەمانی شادا کە دوایی خۆی تەسلیم بە کۆماری ئیسلامی کردەوە. بە دوای ئەودا کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی کرایە فەرماندەری هێز کە ناوبراو لە کارەکەیدا زۆر سەرکەوتوو بوو، هێز گڕوتینێکی باشی بە خۆوە گرت، بەداخەوە ئەویش کەوتە بەر پلاماری تیرۆریستی و کەم ئەندام بوو. لە سەرەتادا هێزەکەمان لە سێ لک پێک هاتبوو ، لکی 1 لە ناوچەی بوڵفەت، لکی 2 لە بەری ڕەبەت، لکی3 لە ناوچەی باژاڕ و ئالان و لە ئاخیرییه‌کانیشدا لکی 4یش کرایەوە و شوێنی کاری ئەوانیش باژاڕ و باسکی کۆڵەسەی بوو، کە بە هۆی ئاڵوگۆڕی فەرماندەکان لە کارەکانیاندا لە ناوهێنانی ئەوان خۆم دەبوێرم، جێگر هێزەکانیش شەهید فە‌قێ رەسووڵ، شەهید میرزا عەوڵآی نێشکۆڵان، خوالێخۆش بوو محەممەدی حاجی رەسووی کە کۆماری ئیسلامی لە دوای تەسلیمبوونەوەی ئیعدامی کرد.
abdulla-mam-aga2.jpg
چۆن قۆناغه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیت بڕی و ئه‌و به‌رپرسایه‌تییانه‌ چی بوون که‌ هه‌تبوو؟
لە کاتی پێشمەرگایەتیمدا لە دەستەی زەربەت، بەهۆی ئەوەی شەهید حەمەدەمین بەداخەوە لە بەهرەی خوێندن و نووسین بێبەش بوو، ئەمن هەمیشە لە خزمەتی ئەو شەهیدەدا بووم وەک کاتب و باوەڕپێکراوی ئەو، کارم دەگەڵ دەکرد. بە دوای شەهیدبوونی ناوبراودا و گیرانەوەی ناوچە واتە ساڵی 62، بوومە جێگری پەل و به‌رپرسی ماڵیی دەستەی چواری شەهید کاوە مارەغانی لە لکی سێ، وەک مامۆستاش دەرسم بە پێشمەرگە نەخوێندەوارەکان دەگوت و ئەو دەورانە هەتا ساڵی 1365 درێژەیان کێشا. لە هاوینی ساڵی 1365 لە لایەن کۆمیتەی شارستانی سەردەشتەوە نێردرام بۆ دەورەی دەرمانی و دوای ئەوەی کە دەورەکەم بەسەر کەوتوویی کۆتایی پێ هات ، گەڕامەوە بۆ هێز و بوومە کادری دەرمانیی لکی چوار لە هێزی گیاڕەنگ. لە ساڵی 1367 چوومە دەورەی سیاسی - تەشکیلاتی و بە دوای تەواوبوونی دەورەکەم بوومە کادری تەشکیلاتyی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت. بە دوای ئەودا بوومە ئەندامی کۆمیتەی شارستان و بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی باژاڕ. لە ساڵی 1376 چومە دەورەی حیسابداری و بە دوای تەواوبوونی ئەو دەورەیەشدا بوومە حیسابداری کۆمیتەی وەرگرتنی پێشمەرگە. ئاخرین کارم حیسابداریی خه‌دەماتی گشتیی حیزب بوو هەتا کاتی پاکانە حیسابم لە ئەرکی تەواووەختم لە پێشمەرگایەتی.

ئێوه‌ دوو برا له‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگایه‌تیدا بوون، ئه‌و زه‌ختی دروست نه‌کردبوو بۆسه‌ر ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌تان؟
بەڵێ کاک گیان بەدڵنیایەوە زەختێکی یەکجار زۆر و گەورەی بۆ بنەماڵه‌کەمان دروست کردبوو. هەر کاتێک من یان محەممەدی برام دەچووینەوە بۆ ناوخۆ، بەکرێگیراوانی خۆماڵی لە پێناو بارەقەڵآیەکدا خۆیان دەگەیاندە ئاغاکانیان و هەواڵی چوونی ئێمەیان پێدەدان، جاشە خۆفرۆشەکان وێڕای پاستارە داگیرکەرەکان دەچوونە سەر بنەماڵەکەمان و ئەوەی بێڕێزی بوو پێیان دەکردن و بابمیان دەگەڵ خۆیان دەبردو هەموو جارێ بە نیوە مردوویی دەیان ناردەوە . چەندین جار خستبوویانە ناو بۆشکەی بەتاڵی نەوت و لەبەر گەرمای هاوین دایان نابوو یان تەقەیان لە دەوری بۆشکەکەی کردبوو. ئاخیرەکەی کە نەیانتوانی لەم ڕێگایەدا هیچ سەرکەوتنێک بە دەست بێنن، ئەو جار لە بێورانیان دەرکردن و هەرچی پێناسەی ئێرانی کە هەیانبوون لێیا ئەستاندنەوە. چەندین جار له‌ شوێنی کاری بنەماڵەکەمان نارنجۆک و مینی ته‌ڵه‌ییان داده‌ناوه‌ کە دوو جاران بە بابمدا تەقینەوە و زۆر بە سەختی برینداریان کرد. هەموو جارێ لە مردن دەگەڕایەوە، ئەو خانوویەی کە لەسەر مووچەکەمان بوو، ئیتر هیچ کەس تازە نەیوێرا بچێتەوە ناوی و بەسەریەکدا ڕووخاوەو بووه‌تە وێرانەیه‌ک.
abdulla-mam-aga3.jpg
پێشمه‌رگایه‌تی چی پێ به‌خشی و چی لێ ئه‌ستاندی؟
ژیانی پێشمەرگایەتی زۆر شتی بە نرخی پێ بەخشیوم، بۆ من وەک زانکۆیه‌ک بوو و فێری زۆر شتی باش بووم و زۆر کەسی باش و هاوڕیی زۆر بە وەفا و گیانی گیانیم دۆزینەوە . شارەزای زۆر شوێن بووم ، خۆشەویستی بە ژیان بە ئاو و خاکی پێ بەخشیم و هیوادارم توانیبێتم خزمەتێکی کەمم بە خاک و نیشتیمانەکەم کردبێت . پێشمەرگایەتی نازانم دەبێ بۆ شتم لێ بستێنێت؟ بۆ خۆم بە ویستی خۆم ئەم ڕێگایەم هەڵبژاردووە، دیارە کەندو کۆسپ زۆر بوون، نەبوونی، تینوویەتی و برسییەتی و ئاوارەیی، بەڵام هەموویان میداڵی شانازین بۆ من، چونکە لە پێناوی خاک و نەتەوەکەمدا کردوومن و چێشتوومن و لێشیان پەشیمان نیم و خۆزگە بمتوانیبا زیاتر خزمەت بکەم.

خۆشترین و ناخۆشترین بیره‌وه‌ریی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیت چی بووه‌؟
بە هەموو سەرکەوتنەکانی گەلی کورد لە هەر شوێنێکی کوردستان بایە زۆر خۆشحاڵ دەبووم و دەبم، رزگارکرانی باشووری کوردستانم بە هەموو کەموکۆڕییەکانەوە زۆر بە لاوە خۆشە . کاتێک کە هاوڕێیەکی پێشمەرگەمان بریندار ده‌بوو و نەماندەتوانی هیچی لێ بکەین و دەبوو سەیرمان کردبا هەتا بەیەک جاری ماڵئاوایی لێ دەکردین و دووری لە ئازیزانم ناخۆشترین کاتەکانی ژیانم بوون.
abdulla-mam-aga5.jpg
حه‌ز ده‌که‌ی دوایین وته‌ت بۆ خوێنه‌ران چی بێ؟
لە کۆتاییدا پێویستە سوپاس و ڕێزی خۆم ئاڕاستەی هەموو ئەو خۆشەویستانە بکەم کە لە ژیانی پێشمەرگایەتیمدا هاوکارو یارمەتیدەرم بووەن، سڵاو دەنێرم بۆ بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی کوردستان، دەڵێم با هەموومان بە یەک هەڵوێست بۆ یەک ئامانج کە ئەویش ڕزگاریی نەتەوەکەمانە، بە دوور لە هەموو بیروباوڕێکی جیاوازی حیزبی و ئایینی با ڕێز لە یەکتر بگرین دەست لە ناو دەست بەرەو سەرکەوتن هه‌نگاو هه‌ڵگرین.
پێم خۆشه‌ له‌ کۆتاییدا ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ لە سەرەتای ساڵی 1991، دەگەڵ کچه‌ کوردێک به‌ ناوی ئیقباڵ یه‌زدانپه‌رست ژیانی هاوبەشمان پێک هێناو خاوەنی دوو منداڵین بە ناوەکانی ژیار و ژینۆ . پێویستە بگوترێ بنەماڵەی هاوسه‌ره‌که‌سم هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە زێدی خۆیان واتە مارەغانیان بە جێ هێشتووەو لە پەنا بنکەکانی پێشمەرگە گریساونەته‌وه‌ و برایەکی بە ناوی زورار یه‌زدانپەرست لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبدا شەهید بووە و سێ برای دیکەشی لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبدا درێژەدەری ڕێبازی برای شەهیدیان بوون. لە ژیانی پێشمەرگایەتیمدا ئێقباڵ پشتیوانێکی زۆر باش بوو بۆم و تاڵی و ناخۆشیی زۆری تەحەموول کردووە و لە پێگەیاندنی منداڵەکاندا دەوری ئەساسی گێڕاوە و ئەرکی قورسی له‌سه‌ر شان بووه‌، بۆیه‌ زۆر سوپاسی دەکەم و رێز لە زەحمەتەکانی دەگرم و لەشساغی بۆ بە ئاوات دەخوازم.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1581 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact