. . . .


12 Aug 2013

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان نامەیەك ئاڕاستە?


دوای ئەوەی چەندین وێنەی دڵتەزێن و هەواڵی كوشتن و بڕین و هەڕەشەكردن لە هاووڵاتییە بێتاوانە كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە دامودەزگەی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكانی هەواڵ بڵاو بوویەوە و هەروەها باسی ڕاگەیاندنی نەفیرعام و جیهاد لە دژی كورد لە لایەن ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی سەر بە ئەلقاعیدە لە هەواڵەكاندا كرابوو، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپێناو لێكۆلینەوە لەو ڕووداوانەوە و دەركەوتنی ڕاستییەكان نامەیەكی ئاڕاستەی كۆمیتەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كردووە و تێیدا داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی كردووە كە بچنە ڕۆژئاوا و بزانن ئەم هەواڵانە ڕاستن یان نە و ئەگەر ڕاست بن ئەوە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەرگری لە خەڵكی بێتاوانی كورد لە ڕۆژئاوا بكات.

ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو نامەیەیە كە سەرۆك بارزانی لە 8ـی 8ـی 2013 بۆ لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی ناردوویەتی:

بۆ لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد

سڵاوێكی گەرم...

ماوەیەكە لە میدیاكان و هەندێ ناوەندی سیاسی و ڕاگەیاندنەكاندا كۆمەڵێك هەواڵ و دەنگۆ بڵاو بووەتەوە كە گوایە لە لایەن تیرۆریستانەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان نەفیرعام لەدژی هاووڵاتیانی كورد ڕاگەیێندراوە و تیرۆریستانی سەر بە ئەلقاعیدە پەلاماری خەڵكی مەدەنی و بێتاوان دەدەن و سەری ژن و منداڵی كورد دەبڕن. بۆ دەركەوتنی ڕاستی و دروستیی ئەم هەواڵانە داواتان لێ دەكەم لیژنەیەكی تایبەت پێك بهێنن بۆ ئەوەی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن و لێكۆلینەوە لەسەر ئەو هەواڵانە بكەن. ئەگەر بێتوو ئەم زانیاریانە ڕاست بن و هاووڵاتی و ژن و منداڵی بێتاوانی كورد لەژێر هەڕەشەی كوشتن و بڕین و تیرۆردا بن ئەوا هەرێمی كوردستان هەموو تواناكانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە ژن و منداڵ و هاووڵاتی بێتاوانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بكات.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
8ـی 8ـی 2013

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 684 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact