. . . .


7 Aug 2013

عەزیز عوسمان تاڵانی:ویستی ئێمە فیدراڵیزمە بۆ کوردستان و دێموکراتییە?


دیمانە: مەولود سوارە

رۆژئاوای کوردستان به‌ بارودۆخێکی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ و هێزه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کانیش به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا ده‌که‌ن و گوشاره‌کانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و حکوومه‌تی سووریه‌ له‌ لایه‌ک و گرووپه‌ ده‌ستکرده‌ بنائاژۆ ئیسلامییه‌کان له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ بۆ سه‌ر کورد له‌ رۆژئاوای کوردستان، هاوکات نه‌بوونی یه‌کده‌نگی و یه‌کڕیزی هێزه‌ کوردییه‌کان، زۆرێک ئه‌گه‌ری هێناوه‌ته‌ کایه‌وه‌ و داهاتووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌ ناڕوونی هێشتووه‌ته‌وه‌ . عەزیز عوسمان تاڵانی ئەندامی دەفتەری سیاسی پارتی یەکیەتیی کوردستانی و نوێنه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و حیزبه‌، تێشک ده‌خاته‌ سه‌ر بارودۆخی هه‌نووکه‌یی رۆژئاوای کوردستان و پێگه‌ و جێگه‌ی پارتی یه‌کیه‌تیی کوردستانی که‌ له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و ئه‌ندامانی ئه‌سڵیان له‌ ناوخۆی کوردستانه‌ و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانیش کومیته‌ و چالاکییان هه‌یه‌ .


.*پارتەکەی ئێوە لەگەڵ کام یەک لە هێز و لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان له‌ بەرەیەدایه یاخود هاوکاریی هه‌یه‌‌؟

-- وەکوو پارتی یەکیەتیی کوردستانی، مه‌به‌ستی ئێمەی کوردایەتییە و لە یەکەمین رۆژی دامەزرانی پارتەکەمانه‌وه‌ ئەوە ستراتیژی پارتی یەکیەتیی کوردستانی بووە و هەروەها یەکڕیزیی هەموو هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و بەتایبەت رۆژئاوا هیوای ئێمەیە. کاتی خۆی بۆ ئێمە زۆر گرینگ نەبوو کە حیزب و لایەنی دیکەی سیاسی لە رۆژئاوا هه‌بن، بەڵام ئێمە دەمانهەویست هەڵوێست و داخوازی کورد یەک بێت و یەک پڕۆژەی کۆنکرێت هەبێ بۆ داخوازییەکانمان، بەڵام له‌ ئێستادا زیادبوونی هێزە سیاسییەکان زۆر بە سوودی کورد نییە و پێویستە ئەو هێز و لایەنانەی کە داخوازییەکانیان یەکن، ببن بە یەک، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر دەنگەکانمان ببیسرێن و ماف و داواکانمان باشتر وەدەست بێنین. هەر لەو پێوەندییەدا ئێمە پڕۆژەیەکمان ئامادە کرد و گەڕاینەوە کوردستان و لەگەڵ بەڕێز دوکتور کەمال کەرکووکی دانیشتنمان کرد وداوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە له‌ پێوەندی لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا هاوکاریمان بکەن بۆ وەسەریەکخستنەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوا. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی بکەم کە لەم پێوەندییەدا هەوڵی زۆریان دا و نەتیجەی ئەو کۆبوونەوە و دانیشتنانەش، دروستبوونی ئەو یەکیەتییه‌ سیاسییه‌ی نێوان ئەو لایەنانە بوو که‌ لە پیرمام دروست بوو.
1.jpg

*ئێوە لە کۆنفڕانسی تورکیەو میسردا وێڕای ئۆپۆزیسیۆن بەشداریتان کرد، بۆچی دواتر پاشەکشەتان کرد و بە گشتی پێوەندیتان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا چۆنە؟

-- ئێمە یەکەم حیزب بووین کە لە کۆبوونەی ئەنتالیادا لە تورکیە بەشداریمان کرد، ئەو کۆبوونەوە زۆر باش بوو بۆ سه‌قامگیرکردنی داواکانی کورد لەم کۆنگرەیەدا له‌ دەستوری تازەی سووریەدا مافی کورد بڕیاری لەسەر درا و وەك دووهەمین نەتەوە لە سووریەدا ددانی پێداهێنرا و ئێمە لەو کۆمیتەیەدا وەك ئەندام ماینەوە و دوای ئەوە کۆبوونەوەی دووهەم لە ئیستانبۆل گیرا، دیارە ئەو کۆنگرەیە زیاتر ئیسلامییەکان پێكهێنەری بوون و بە کۆنگرەی ئینقاز ناودێر کرا . لەم کۆنگرەدا دروشمی کۆنگرە بە نووسراویەکی گەورە، لەسەر دیوار نووسرابوو کۆماری عەربیی سووریە. ئەوە یەکەمین کێشەی ئێمە بوو لەگەڵ ئەم کۆنگرەیەدا، هەروەها لە راگه‌یه‌ندراوی کۆتایی کۆنگرەکەشدا هیچ شتێكی لەسەر کورد تێدا نەبوو، هەر بۆیە ئێمە کۆنگرەکەمان بەجێ هێشت و لەم پێوەندییەشدا بەیاننامەیەکمان بڵاو کرده‌وه‌ . کۆنگرەی میسریش چەندین لایەنی کوردی بەشداریمان کرد کە لەوێش هەر بەو شێوەیە هیچ باسێك لە کورد و داخوازییەکانی نەبوو، هەر بۆیە لەوێش کوردەکان هەموو پێکەوە بەیاننامەیه‌کمان دایە دەره‌وە و لە کۆنگرە هاتینە دەرێ.
ئێمە نزیکایه‌تی و پێوەندیی زۆر باشـمان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریادا هه‌بوو، بەڵام کاتێك کە بووینە ئەندامی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کورد کە پێك هاتبوو لە یازدە حیزب و لایەنی سیاسی، ئەو ئەنجوومەنە بڕیاری دا کە بۆ گرتنی پێوەندییەکان هیچ حیزبێك بۆی نییە راستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆندا هەبێت و ئەوە ئەرکە دەکەوێته‌ سەر شانی ئەم ئەنجوومەنە.
2.jpg

*پارتەکەی ئێوە ئێستا لەناو باژێر و گوندەکانی کوردستاندا بە چ شێوەیەک چالاکی هەیە، ئایا ئێوەش لە خەباتی چەکداریدا به‌شداریتان هه‌یه؟

-- خەباتی ئێمە خەباتی سیاسی و مەدنییە و لە زۆربەی شارو گوندەکانی کوردستان حزورمان هەیە و ئۆفیسمان کردوونەتەوە . بۆ خەباتی چەکدارییش ئیمە لەگەڵ ئەوە نین کە هەر حیزب و لایەنێك بۆ خۆی چەکدار بێت، ئیمە لە ئیستاوه‌ بۆ ئەوە کار ده‌که‌ین کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە هیچ حیزب و لایەنێك نەبێت و هێزی نەتەوەیی بێت.

*به‌رنامه‌ و رێکاری ئێوە بۆ داهاتووی رۆژئاوای کوردستان چییە؟

-- ویستی ئێمە فیدراڵیزمە بۆ کوردستان و دێموکراتییەته‌ بۆ سووریە . سووریە پێویستە لامەرکەزی بێت و پێویستە عیلمانی بێت .

*لە میدیاکاندا رۆژانە دەیان هەواڵ لەسەر کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیل ‌و بێتاوان بڵاو دەبێتەوە، ئەو هەواڵانە تا چەند راستن؟

-- بەداخەوە ئەو هەواڵانە زۆر راستییان تێدایە و ئەو ئیسلامییانەی دژی کورد شه‌ڕ ده‌که‌ن، یەک گرووپ و لایەن نین، بەڵکوو ئەوانە بەشێکیان نیزامی بەشار ئەسەد دروستی کردوون و بەشێکی دیکە حکومەتی تورکیە و ئێران بەنێوی جیا جیای وەکوو جیهادی ئیسلامی، جبهەت ئه‌لنەسرا، خورابا ئه‌لشام، ده‌وڵه‌‌تی عێراق و شام کە هه‌موویان سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیدەن.
3.jpg

*بۆچی دەوڵەتی تورکیە یارمەتی ئەوانە دەدات؟

-- لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیە نایهەوێت کوردستانێکی فیدراڵ و حکومەتێکی کوردی لە رۆژئاوا دروست بێت و بتوانێ بۆ خۆی خۆی ئیدارە بکات و وەکوو باشووری کوردستان لێی ببێتە ئەمرێکی واقیع.

*ئێوە پێتانوایه‌ حکوومەتی ئێران لەم کۆمەڵکوژییانەدا رۆڵی هه‌یه؟

-- حکومەتی ئێران به‌ ئاشکرا یارمەتی بەشار ئەسەد دەدات و ئەگەر تاوه‌کوو ئیستا پشتیوانی لە بەشار نەکردبا، له‌مێژ بوو حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د رووخابوو .

*هەروەك ئاگادارن، ئێران بانگهێشتی بەڕێز ساڵح موسیلم سەرۆکی په‌یه‌دە و حەکیم
بەشار سکرتێری ئەلپارتی کردووە، ئێوە خۆێندنەوەتان بۆ ئەم بانگێشتنە چییە؟


-- ئێمە وەکوو پارتی یەکیەتیی کوردستانی دژی هیچ تێکەڵییەکی سیاسی نین و بەتایبەت کە بەرژەوەندیی کوردی تێدا بێت . هەر دانیشتن و لێکنزێكبوونەوەیەک کە قازانج و بەرژەوەندییەکانی کورد لە بەشەکانی دیکه‌ نەخاتە مەترسییەوە ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین و پێمان باشە، بەداخەوە تا ئیستا هۆی ئەم بانگهێشتە بۆ ئێمەش روون نییە.
4.jpg

*داهاتووی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان بە چ ئاقارێکدا دەڕوات و پارتەکەی ئێوە لەم گۆڕه‌پانه‌دا چ رۆڵێکی هەیە؟

-- ئێمە پێمانوایە هیچ کات سوننە و عەلەوی ناتوانن لە داهاتوودا پێکەوە هه‌ڵکه‌ن و هۆیەکەشی ئەوەیە کە دوژمنایەتی و ئەو کوشت و کوشتارە بۆشاییه‌کی زۆری خستووه‌ته‌ نێوانیان و لێکی دوور کردوونه‌ته‌وه‌ . ئەوان هەمیشە کوردیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە کورد دەیهەوێت سووریە پارچە پارچە بکات، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە عەرەبەکان بۆخۆیان خەریکن سووریە پارچە پارچە دەکەن، جا بۆیە بۆ کورد ده‌رفه‌تێکی باشە بۆ ئەوەی له‌و هه‌له‌ که‌ڵک وه‌ربگرێ و له‌ راستای سەقامگیرکردنی داخوازییە نەتەواییه‌کانی و دامەزراندنی سیسته‌مێکی فیدراڵی لە هەریمی رۆژئاوای کوردستان هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ. ئێمە هەوڵ دەدین کە دەنگ و رەنگی کورد بکەینە یەک و پێمانوایە کە کوردستان مڵکی هەموو کوردێکە و هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی دیکە بە تەنیا ناتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی ئەم خه‌ڵکه‌ و پێویستە لە ئێستاوه‌ بەرنامەی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەموو لایەنەکاندا دروست بکەین.
ئیمە وەکوو پارتی یەکیەتیی کوردستانی هەوڵ و تێکۆشانمان ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تری کوردی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و دروستکردنی هەرێمێکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستاندا کار بکه‌ین..

*بە ناوی ستافی ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، سوپاسی بەڕێزتان دەکەین کە دەرفەتی ئەم دیمانەیەتان بۆ رەخساندین.

-- منیش زۆر سوپاس ئێوە دەکەم بۆ ئەو وتووێژە و هەروەها سوپاسی حیزبی دێموکراتی
کوردستان دەکەم بۆ پاڵپشتی کوردانی رۆژئاوا، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ تازه‌ی که‌ سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاوا بڵاویان کرده‌وە.
5.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 5514 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact