. . . .


6 Aug 2013

حاسڵ داسە: کوردەکان لە ئێران دەیانهەوێ دان بە پێناسەی نەتەوەییان دا?


ئا: هەمزە ئاگووشی
رۆژهەڵات تایمز: حاسڵ داسە یەکێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە خولی شەشەمی پارلمانی ئێران دەڵێ: "ئەو هەڵبژاردنەی دوایی دیسان بۆ جاریکی دیکه‌ ئەوەی سەلماند کە خەڵکی کوردستان خوازیاری به‌ فه‌رمی ناسینی مافەکانیانن و دەیانهەوێ دان بە پێناسەی نەتەوەییان دابنرێ و هەڵاواردن و سووکایەتیپێکردن، لەژێر هەر ناو و بیانوویەکدا بێ، کۆتایی پێ بهێنرێت. ئەوان، یەکدەنگ لەگەڵ خەمخۆران و رووناکبیرانی گەلەکەمان، دەنگیان بو خواستەکانی خۆیان دا".
نوێنەری پێشووی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت ئەو وتانەی لە تازەترین دیمانەیدا بە زمانی فارسی و لەگەڵ رۆژنامەوان هەمزە ئاگوشی بۆ ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز بەیان کرد و گوتی: "خواستەکانی خەڵکی کوردستان ئاشکران و دەبێ دەستەبەر بکرێن و بە شتی لاوەکی جێیان پڕ ناکرێتەوە. ئەوەش بەو مانایە نییە کە خواستەکانمان لەگەڵ هەلومەرجەکە نەگونجێنین، چاوکراوەیی خەڵکی کوردستان لەوەدایە کە دەرفەتەکان بە باشی دەناسێتەوە."
هەر لە بابەت هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەهەمی سەرکۆماری، حاسڵ داسە ئەم هەڵبژاردنەی لە چەند بواردا بەم جۆرە هەڵسەنگاند:
- یەکەم، ئەم هەڵبژاردنە پێگەیشتوویی شعووری سیاسیی خەڵکی کوردستانی نیشان دا، دەریخست کە خەڵکی کوردستان حەز دەکەن و پێیان باشە ئەگەر هەلومەرجه‌که‌ بلوێ، بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە لەگەڵ حکومەت دیالۆگ بکەن و داوای مافەکانیان بکەن.
- دووهەم، ئەو ''نا گەورەیە" بوو کە خەڵکی کوردستان لە رێی سندووقەکانی دەنگدانەوە بە سیاسەتە پۆپۆلیستی و خەڵک هەڵخەڵەتێنەرەکانی ئەو هەشت ساڵەی رابردوویان گوت . ''نا''یەک کە هەڵگری مانایەکی گەورە و شایانی تێڕامانە، ''نا''یەک کە ئاوێنەی باڵانوێنی تێکشکانی سیاسەتی پاوانخوازانە و مڵهوڕانەیە .
- سێیەم، ئەوەیکە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە، نیشانەی وەزاڵەهاتنی خەڵک بوو لەو دۆخە نگبەتەی گوزەران و زەختی ئابووری، بە جۆرێک کە هیج بنەماڵەیەک داهات و دەرکەوتی یەکتری نەدەخوێندەوە و، بێکارییەکی سامناک باڵی بە سەر تەواوی کوردستاندا کێشا بوو، ئەمە جۆرێک راکردن بوو لەو دۆخە داسەپاوە.
- چوارەم، دەربرینی ناڕەزایەتییەکی بەرین بوو بە نەبوونی ئازادیی هەڵسووڕانی سیاسی و مەدەنی، بە جۆرێک کە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەهۆی چالاکییەکی زۆر سەرەتاییەوە تووشی لێپێچینەوە دەبوون و، هەناسەدان لە وەها دۆخێکدا، ئاکامی زۆر زیانباری لێ دەکەوتەوە و، هەر جۆرە جالاکییەکی مەدەنی تەگەرەی دەخرایە بەر. ئاغای رووحانی ئەوە باش دەزانێت کە خواستی خە ڵک، دەرچوونە لەو دۆخە داسەپاوە. خەڵکی کوردستان ئەمجارەش دەنگیان بە بەربژێرێک دا کە بانگەشەی پاراستنی مافەکانیانی دەکرد.
بەرامبەر بە ئەگەری پشتگوێخستنی خواستەکانی دەنگدەرانی کورد کە بە چڕی دەنگیان بە حەسەنی رووحانی دا، حاسڵ داسە دەڵێ: "شلکردن و نەرمی نواندنی ئاغای رووحانی لە بەرامبەر پاوانخوازان و نەیارانی پێشکەوتنی ناوچە کوردنشینەکان، ئاکامی ناڕوونی بۆ دەستەڵات بە دواوە دەبێ. ئێمە هیوادارین کە ئاغای رووحانی قورس و قایم لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا راوەستێ کە ئیزن بە خۆیان دەدەن دۆخی کوردستان نا ئەمن پێشان بدەن. بە دڵنیاییەوە، هەر لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین هەنگاوەکانی جێگای پەسەندی خەڵک و بە پیلەوەهاتنی داخوازییەکانیان، ئاغای رووحانی بەرەوڕووی پێشوازی و پشتیوانییەکی بەرینی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە. ئەو، بە قسە و بە نووسراوە، قەولی بە خەڵکی کوردستان داوە کە لە هەموو وزە و تواناکانیان کەڵک وەربگرێت، هەم لە بواری بەکارهێنانی کەسانی لێهاتوو و هەم لە بواری ئابووری و فەرهەنگی و، نەهێشتنی هەژاری و بەشمەینەتی و، هەم لە بواری بناتنانەوەی متمانەی گشتی خەڵک بە دەستەلات."

*ئێوه‌ وه‌ک چالاکانی مه‌ده‌نی له‌ ناوخۆی وڵات داواكارییه‌كتان پێشکه‌ش به‌ محه‌مه‌دره‌زا عارف کرد، به‌ڵام دوایی‌ له‌ ململانییه‌کانی هه‌ڵبژاردن كشایه‌وه‌.، ئایا له‌لایان ئێوه‌وه‌ گڵاڵه‌یه‌کی له‌و شێوه‌ دراوه‌ به‌ ئاغای رووحانی‌ ؟
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دا، پێش ئەوەی چالاکان و رێکخراوە کوردیەکان لە ناوخۆی وڵات ئێمە روو لە حەسەنی روحانی بکەن، محەممەد رەزا عارف جێگری سەرکۆماری پێشوو محەممەدی خاتەمی کۆمەڵێک وادە و بەڵێنی بە کوردەکان دا و بەو پێیەش ئەو بژارەی کوردەکان بوو بۆ سەرکۆماری داهاتوو. حاسڵ داسەش وەک جێگری ناوبراو بۆ بەشی کەمە نەتەوەکان دیاری کرا، بەڵام دواتر عارف بە قازانجی روحانی کشایەوە. حاسڵ داسە لەم بارەوە بۆ رۆژنامەنووس هەمزە ئاگووشی دوا و وتی: "وەک چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بەپێی ئەو تێگەیشتنەی کە لەمەڕ ئێران و ناوچەکە هەمانە، بەو ئاکامە گەیشتین کە دەبێ لە چەندین دانیشتندا، لەگەڵ بەربژێرە ریفۆرمخوازەکان، بکەوینە دیالۆگەوە و، بە خۆشییەوە، هەم دوکتور عارف و هەم ئاغای رووحانی بە رووی خۆش و وه‌ڵامی ئەرێنی-یەوە پێشوازیان لە داواکارییەکانی ئێمە کرد و، لە دوو راگه‌یه‌ندراودا، لە لایەن دوو بەربژێری ریفۆرمخواز و ئوسولگەراوە، بە شێوەی جیاجیا، روو بە کەمە نەتەوەکانی ئێران بڵاو کرانەوە کە بیرۆکە و ئامادەکردنیان، لە لایەن ئێمەی کوردەوە بوو. تەنانەت دوکتور عارف بیرۆکەی دامەزراندن و دروستکردنی چه‌ند جێگرێک بۆ کەمە نەتەوەکانی لە ئێمە قبوڵ کرد و، ئاغای رووحانیش راگه‌یه‌ندراوێکی١٠ خاڵی لەو بوارەدا بڵاو کردەوە."
ئەو هەنگاوانەشی بەوە لێکدایەوە کە "کوردەکان لە ئێراندا توانیویانە لە رێگەی دیپڵۆماسیی نێوخۆییەوە، راستەوخۆ خواستەکانی خەڵکی کوردستان بە گوێی سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی دەوڵەت بگەیەنن و، کاریگەریشیان لەسەریان هەبێت." وتیشی کە: "بە درێژایی کاتی هەڵبژاردنەکان، چالاکانی کورد، بە لەبەرچاوگرتنی راگه‌یه‌ندراوه‌کان و ناوەرۆکیان، خەڵکیان بۆ دەنگدان و پشتگرتنی دوکتور عارف و حەسەنی رووحانی هان دەدا، بەڵام دواتر دوکتور عارف لەسەر خواستی ئاغای خاتەمی، بە مەبەستی پرش و بڵاونەبوونی دەنگەکان و پاراستنی یەکپارچەیی ریفۆرمخوازەکان، خۆی کێشایەوە و داوای کرد کە هەمووان دەنگ بە ئاغای رووحانی بدەن و بۆ ئەو تێبکۆشن. بە خۆشیەوە ئێمە دەبینین کە هەلومەرجێک هاتووه‌تە گۆڕێ کە خەڵک بە هیوا و ئاواتەوە دەڕواننە داهاتوو."
هەر لەو دیمانەیەدا، حاسڵ داسە باسی لە به‌ره‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ كوردیش کرد و پێی وابوو: "ئه‌گه‌ر رێگری لێ نەکرێت و دەرەتانی چالاکیی ئاشکرای پێ بدرێت، لە کۆکردنەوەی هێزە پشتگوێخراوەکان و گۆڕینیان بۆ هێزێکی ئەکتیف، بە مەبەستی رێبەری و ریکخستنی سیاسی و مەدەنی، دەتوانێ زۆر شوێندانەر بێت، بە تایبەت کە لە ئایینامەی بەرەدا، هیج سنوورێکی ئیدیۆلۆژیک بۆ کوردەکان دانەنراوە و هەر کوردێک، بە هەر دین و ئایینێکەوە، لە خوراسانەوە بگرە تا ماکۆ و چاڵدۆران، بۆیان هەیە و دەتوانن خواستەکانی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە. ئەم بەرەیە، بە ڕوانگەیەکی ئاشتیخوازانە و گیانی پێکەوە هەڵکردن و قبوڵکردنی راستی، پێی ناوەتە گۆڕەپانی سیاسییه‌وه‌".
وتیشی: "ئەگەر ئەو ئیمتیازانەی بە هێزە سیاسییەکانی دیکە دراوە بە بەرەی یەکگرتووی کوردیش بدرێت، بە خێرایی کەسانی دڵسۆز و خاوەن بەهرە و توانا لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە."

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1003 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact