. . . .


31 Jul 2013

عومەر باڵەکی: "ئێمە ئەرکمان نوێنەرایەتیی حیزبی خۆمان نییە، ئەرکمان


ئاگری باڵەکی
هەروەک ئاگادارن، لە رۆژانی رابردوودا کۆبوونەوەیەک لە هەولێر پایته‌ختی هه‌رێمی باشووری کوردستان‌و بە به‌شداری ٣٩ لایەنی هەر چوار پارچەی کوردستان بەستراو لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا کە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە مانگەکانی داهاتووی ئەمساڵدا لە هەولێر ببەسترێ. دوای کۆبوونەوەی یەکەمی ئەو لایەنە سیاسییانە، بڕیار درا کە لێژنەیەکی ٢١ کەسی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ ئامادەکاریی کۆنگرە پێک بهێنرێت و بۆ ئەم مەبەستەش رۆژهەڵاتی کوردستان ٥ نوێنەری بەرکەوت و لە پرۆسەیەکی دەنگداندا ئەو ٥ نوێنەرە لە ٩ لایەنی بەشدار دەرچوون کە وەک نوێنەری رۆژهەڵات بەشداری کۆمیتەی ئامادەکاری بکەن، بەڵام تەنها رۆژێک دوای هەڵبژاردنی نوێنەرەکان، ئەو لایەنانەی کە لە هەڵبژاردنه‌که‌دا دەرنەچووبوون، ره‌خنه‌یان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ گرت.
عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و یەکێک لەو پێنج نوێنەرەی رۆژهەڵات بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا لە "کورد کاناڵ"، بە درێژی ئەو پرۆسەیەی شی کردەوە و باسی له‌ چۆنیەتی هەڵبژاردن و دابەشکردنەکە کرد. باڵەکی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە رۆژنامەنووس وریا رەحمانی سه‌باره‌ت به‌ کومیتەی ئامادەکاری کۆنگره‌ ئاراسته‌ی کرد، به‌م شێوه‌یه‌ باسەکه‌ی ده‌ست پێکرد:
وریا رەحمانی :کاک عومەر هەروەکو بینەرانی ئێمە ئاگادارن، کەمتر لە مانگێکی دیکە، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە هەولێر دەگیرێ، جەنابت یەکێک لە ئەندامانی یان دروستترە بڵێین کە نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی لە کومیتەی ئامادەکاری ئەم کۆنگرەیه‌، ئەرکەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە چییە؟ ئەو کومیتە ئامادەکارییە چۆناو چۆن پێکهات؟

عومەر باڵەکی: لە سەرەتاوە پێم خۆشە پرسیارەکە ئیسلاح بکەم، راستە من و هەرکام لە رەفیقەکانی دیکە هەریەک لە لایەنێکی سیاسی تر بەشداری ئەم کومیتەیەین و منیش لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەشدارم، بەڵام نا، ئێمە هەڵبژاردنێکمان کردووە کە لەو هەڵبژاردنەدا ٩ لایەنی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون و لەم هەڵبژاردنەدا ئەم ٥ لایەنە دەنگیان هێناوەتەوە، ئەو لایەنانەی کە دەنگیان هێناوەتەوە لە راستیدا ئەرکمان نوێنەرایەتی حیزبەکەی خۆمان نییە، ئەرکمان نوێنەرایەتی رۆژهەڵاتی کوردستانە! ئەوەشت عەرز بکەم کە ئێمە وەک نوێنەری ئەحزابی رۆژهەڵاتی کوردستان لەوێین و بەشداری کۆنگرەکەین، جا ئێستا ئەوەی کە جار و بار هەندێک شت دەبیستین یان لە تلویزیۆنەکان یان راگەیاندنەکان، موهیم ئەوەیە کە هەر لایەنێک و هەر کەسێک خوێندنەوەی خۆی دەکات بۆ ئەم باسە، بەڵام هەدەفی ئەسلی ئەوەیە ئەو ٥ لایەنە کە لەو هەڵبژاردنەدا هەڵبژێردراون، لە هەڵبژاردنێک کە ٩ لایەنی رۆژهەڵات بەشدار بوون، لەو ٩ لایەنە رۆژهەڵاتییە هەموو لایەنەکان بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە، دەنگی داوە و دەنگی وەرگرتووە، زۆریش تەبیعییە کە ئەو ٥ لایەنە دەرچوون و هەر ئەو ٥ لایەنەی کە دەرچوون و لە یەکەم کۆبوونەوەدا بەشدار بوون، بە عینوانی نوێنەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو کومیتەیه‌ی ئامادەکارییەدا ئەرک و کاریان بۆ دیاری کراوە و خەریکی ئەرک و کارەکانی خۆیانن.
بەڵام ئەرک و کارەکانی ئه‌و کومیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەیە، یەکێکیان ئامادەکارییە بۆ کاری بەستنی کۆنگرە . ئامادەکاری وەک رێژەی بەشداربووان دیاری دەکات، رێژەی میوانەکان دیاری دەکات، دیاریکردنی کومیسیۆنەکانە، ئامادەکردنی بەرنامە و پرۆگرامی کۆنگرە، هەروەها دەعوەتکردنی میوانەکان و هەروەها جێگا و رێگا بۆ هەموو میوانەکان لەسەر تاسەری جیهان کە قەرارە بێن.

وریا رەحمانی: باشە چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەو کومیتە ٥ کەسییە چۆن بووە؟ هەروەک دەزانین کومیتەی ئامادەکاری ٥ نوێنەری بۆ رۆژهەڵات و ٦ بۆ باکور و ٥ بۆ باشوور و ٤ بۆ رۆژئاوا و ١ بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی دیاری کردووە، ئایا ئەو نوێنەرانه‌ی رۆژهەڵات لە چ پرۆسەیەکدا هەڵبژێردراون؟
عومەر باڵەکی: دوای گفتوگۆکان لە کۆبوونەوەی یەکەم، بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی هەر پارچەیەک پێشنیار کرا لە لایەن کومیتەی ئامادەکاریی کۆبوونەوەکە کە هەر کەس موافقی ئەو ژمارانەیە دەست هەڵبێنێت، لێرەدا هەموو لایەنەکان دەستیان هەڵێناوە و هیچ ئیعترازێک نەبووە، دوای ئەوە کە ئەمە کراوە، دیسان ئەو کومیتەیە گوتی کە ئێمە پێشنیار دەکەین کە باکووری کوردستان ٦ نوێنەرو رۆژهەڵات ٥ نوێنەر و باشوور ٥ نوێنەر و رۆژئاوا ٤ نوێنەری هەبێت و لەگەڵ نوێنەرێکیش لە کۆنگرەی نەتەوەیی، دوای ئەوە داوا کرا کێ ئیعترازی هەیە و کێ پێشنیاری هەیە؟ کەس نە ئیعترازی هەبوو و نە پێشنیار، دوای ئەمە دەنگی بۆ وەرگیراوە، هەروەها بەڵاغی کۆتاییش دەنگی بۆ وەرگیراوە و بڕیاری لەسەر دراوە و هەموو لایەنەکان ئیمزایان کردووە بێ کێشە.
هەر ئەم رۆژە ٩ لایەنی رۆژهەڵات لە شوێنێکی دیکە لە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە، بەعسییان کردووە و موناقشەیان کردووە، هەموو لایەک موافق بوون کە بە تەوافوق بێت، بەڵام تەوافوق چییە؟ دەبێ لایەنێک بڵێ من بەشداری ناکەم من دەکشێمەوە دەنگی من بۆ فلان لایەن، دوای ئەوەی کە بە تەوافوق نەگەیشتوونە دەرئەنجامێک و دواتر هیچ پێشنیارێکیش نەهاتووە بۆ تەوافوق، دوای ئەوە کە نەگەیشتوونە ئەنجامێک کار گەیشتۆتە هەڵبژاردن، هیچ کام لە لایەنەکان نەیانگوت ئێمە بەشداری ناکەین! ئەگەر لایەنێکیش گوتبای کە بەشداری ئەم هەڵبژاردنە ناکەم، ئەوە حەقێکی پێ دەبڕا، بەڵام وا نەبووە و هەموو لایەنەکان بەشداری هەڵبژرادنیان کردووە، تەنها یەک لایەن نەبێت . پارتی سەربەخۆیی گوتی کە ئێمە کاندیداتۆرمان نییە، بەڵام زۆر تەبیعییە کە کە کاندیداتۆریان نییە، تەبیعییە کە مافی دەنگپێدانی لێ نابڕدرێ! مافی دەنگدان مافی بێ ئەم لا و ئەولای هەر تاکێک یان هەر حیزب و لایەنێکە لە کۆمەڵگادا . باشە دوای ئەمە ئەو ٩ لایەنە هاتوون و دەنگیان داوە و دەنگیان وەرگرتووە، دوای ئەوەی کە دەنگەکان ئاشکرا بوون دیسان موناقشە کراوە، بەڵام بەداخەوە لایەنێک بەبێ ئەوەی هیچ حورمەتی کۆبوونەوەکە بگرێت، هەڵدەستێ و دەڕواتە دەرێ و دوایە ئێعترازاتێکی زۆریش دەکات، ئەو کاتەی کە دەنگی نەهێناوە ئەو ئێعترازی کرد، هەروەها بەداخەوە لایەنەکانی دیکەش دوای ئەوەی لەوێ زۆر رووخۆش بوون و ئامادەی هاوکاری بوون، بەڵام دوایە لەم راگەیاندن و لەو راگەیاندن گلەیی و گازەندەی خۆیان باس دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا کومیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە کومیتەیەکی کاتییە، هەموو ئەو لایەنانەی چ ئەوەی دەنگی ‌هێناوەتەوە و چ ئەوانەی دەنگیان نە‌هێناوەتەوە ، بەشداری کۆنگرەکە دەبن.
جێگەی ئاماژەیە کە بۆ دەستەی ئامادە کاری کە لەم کۆبوونەوەیە دا هەڵبژێردران و بریتن لە ٢١ حیزب و لایەنی کوردستانی، ئەو ٥ حیزب و ڕێکخراوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری کراون:
١- حیزبی دیموکراتی کوردستان
٢- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
٣-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران- کۆمەڵە
٥- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییانە بەشداری کۆبوونەوەی سەڵاحەدین بوون:

1-پارتی دیموکراتی کوردستان

2-یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

3-پارتی کرێکارانی کوردستان

4-کۆنگرەیا جڤاتا دیموکرات DTK

5-حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

6-پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP

7-ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا

8-ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان

9-حزبی دیموکراتی کوردستان

10-KNK

11-پارتی ژیانەوەی ئازادیی کوردستان

12-یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

13-کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان

14-بزووتنەوەی گۆڕان

15-حزبی شیوعی کوردستان

16-حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

17-بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان

18-حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

19-کۆمەڵی مافی مرۆڤ لە باکوور

20-پارتی ئازادیی کوردستان

21-پارتیا سۆسیالیستا کوردستانێ PSK

22-پارتیا ماف و ئازادییا Hak-Par

23-KESK

24-پارتی سەربەخۆیی کوردستان
25-تەڤگەرا دیموکراتا ژنێن کوردستانێ

26-کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

27-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە

28-گرووپی دیالۆگی دیجلە و فورات

29-پارتیا ئازادی و سۆسیالیزم

30-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

31-سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

32-MEYA-DER

33-تەڤگەرا ئیسلامیا گەل

34-پارتی دیموکراتی بەشدار KADEP

35-DDKD

36-پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان

37-حزبی ئایندەی کوردستان

38-یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان

39-پارتی دیموکراتی کوردستان – باکوور

دەقی ئەو وتووێژە ئەو وتووێژە لێرەوە ببینە


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 958 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact