. . . .


30 Jul 2013

کچیکی تەمەن ١٢ ساڵەی ئەفغانی گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان بڵاو دەکاتە?


و: ئازاد بانەیی
سەرچاوە: بی بی سی فارسی
لە پاش کۆتایی تاقیکردنەوەکەی بە پەلە و دڵخۆشییەکی زۆر و تەنانەت بە جل و بەرگی قوتابخانەوە هاوڕێ لەگەڵ باوکم خۆمان گەیاندە کۆشکی سەرۆک کۆماری.
دیارە تا گەشتینە ژووری جێی مەبەست چەند جارێک هەموو گیانی ئێمەیان پشکنی و تا سەرئەنجام گەشتینە ژوورێکی گەورە. هەستێکی سەیرم لا درووست ببوو. بڕوام نە دەکرد کە ڕۆژێک بگەمە کۆشکی سەرۆک کۆماری و لە هەمووشی گرینگتر چاوم بە سەرۆک کۆماری وڵات بکەوێت. پاش چەند خولەکێک چاوەڕوانی، سەرۆک کۆمار هاتە ژوورەوە و دوای هەواڵپرسین و چاک و خۆشی، ئینجا هەستم کرد کە ئەمە خەون نیە و ڕاستییە.
ئەوە وتەی حسینا معاسر،ی سەرنووسەری گۆڤاری منداڵی ئەفغانە، کە حەفتەی ڕابردوو لە لایەن حامد کارزای سەرۆک کۆماری ئەفغانستانەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری میوانداری کرا.
ئەنجامی ماندوو بوون و هەوڵ و کۆششی یەکساڵی کچێکی تەمەن دوانزە ساڵەی شەرمنی ئەفغانی ئەوە بوو کە پاش گەشتنی یەکەمین ژمارەی گۆڤارەکەی بە دەست سەرۆکی وڵات، یەکسەر بۆ دیدار و چاوپێکەوتن و هاندانی بانگهێشتی کۆشکی سەرۆک کۆماری دەکرێ.
" حسینا معاسر" ئەو کچە ١٢ ساڵە ئەفغانییەیە کە تا حەفتەیەک لەمەوبەر جگە لە هاوپۆلی و خزم و قەم و کەسانی دەرووبەری کەسی دیکە نەیدەناسی، بەڵام ئیستا ئیتر ئەو لای سەرۆک کۆمار و هەموو گەورە پیاوانی وڵات ناسراوە.
حسینا معاسر تەمەنی ١٢ ساڵە و خوێندکاری پۆلی هەشتی سەرەتاییە. لە ساڵێک لەمەوبەرەوە بە بێ هاریکاری و پشتگیری هیچ داودەزگایەکی حکومەتی دستی بە چاپ و بڵاو کردنەوەی گۆڤارێکی مانگانەی تایبەت بە منداڵان بە ناوی " منداڵی ئەفغان" کردووە. هەموو بابەت و نووسینەکانی لە لایەن خودی حسینا،وە دەنووسرێن و گرینگییەکەی لەوە دایە کە بە زمانێکی تەواو مندالانە دەنووسرێن. بڵاو بوونەوەی ئەو گۆڤارە بووتە هۆی سەرسووڕمانی کاربەدەستانی بەرزی وڵات و خودی حامد کارزای سەرۆک کۆماری وڵات، لە چاوپێکەوتنەکەیدا سپاسی کرد و کارەکەی بە گرینگ وەسف کرد و بەڵێنی پێدا کە لە پەرەپێدان و درێژی کاری گۆڤارەکەیدا هاریکاری بکات.
ناسنامەی گۆڤارەکە:
• گۆڤاری مانگانەی منداڵی ئەفغان
• ڕێکەوتی چاپی یەکەمین ژمارە: جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی
• خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەر: حسینا معاسر
• ڕێژەی چاپ: ٥٠٠ دانە
• ٣٢ لاپەڕە

لە ئەفغانستان دا نزیکەی ٣ملیۆن منداڵی هاوتەمنی حسینا، کە زۆربەی لە ڕەگەزی مێینەن دەستیان بە هیچ سەرچاوەیەکی خوێندن راناگات، خوێندکارانی کچ لە لایەن کۆمەڵگا و تاقم و دەستە ئایینییە توندڕەوەکانی وەک تاقمی تێرۆریستی تاڵبانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، بێ حورمەتییان پێ دەکڕی، لە ناو خوێندنگەکانی خۆیاندا دەرمان داو و تەنانەت لە هێندێک جێگەی ئەو وڵاتە دا تێزاب بە سەروچاوی کچە خوێندکارەکاندا دەکرێ. ئەوە جگە لەوەی کە بە هۆی بیرکردنەوەی کۆنەپەرەستانەی کۆمەڵگا و بنەماڵەوە خەون و خەیاڵی زۆربەی هەرە زۆری کچانی ئەفغانستان، کە دەیانوێت ببنە دکتۆر و موهەندیس و یان داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان دابین بکەن، لە پرۆسەی بە زۆر بە شوو دان و ماڵی مێرد دا، ئەویش لە تەمەنێکی کەمدا کۆتایی پێ دێت.
حسینا هەرچەندە هێشتا بۆ خۆی منداڵە و تەمەنێکی وا نیە، بەڵام خەم و کەسەری منداڵانی وڵاتەکەی بە باشی هەست پێکردووە. ئەو لەو بارەوە دەڵێ: منداڵانی ئەفغانستان زوڵمێکی زۆریان لێ دەکرێ، کاری قورسیان بە سەردا دەسەپێندرێ و دەستدرێژی جنسیان دەکرێتە سەر، ئەوان هەم لە لایەن کۆمەڵگا و هەم لە لایەن بنەماڵەکانیاوە بەرەوڕووی زوڵم و چەوسانەوە دەبنەوە.
حسینا لە وڵاتێک چاوی بە دنیا هەڵهێناوە کە بەشی هەرە زۆری دانیشتوانەکەی دژی ناردنی کچەکانیانن بۆ خوێندن و تەنانەت زۆر جار دەڵێن کە ئەوان نایانەوێت بێگانە ڕوخساری کچەکانیان ببینێت. دژایەتی لەگەڵ ئەو بۆچوونە و داکۆکی لە مافی منداڵانی ئەفغان، بە تایبەتی کچانی ئەو وڵاتە و هاوکات هاندانی منداڵانی دیکە بۆ درێژەی پێدانی ئەو ڕێچکەیەی کە ئەو گرتوویەتە بەر، یەکێک لە گەورەترین مەبەستەکانی حسینا،یە.
ئەو دەڵێ لە کابول سەدان کتێبی بێگانەی تابیەتی بە منداڵان دەست دەکەون، بەڵام من ویستم گۆڤارێک چاپ و بڵاو بکەمەوە کە بە تەواوی ئەفغانی بێت و هەر کەسێک کە چاوی پێدا خشاند بە ئاسانی هەست پێبکات کە ئەوە بڵاوکراوەیەکی ناوخۆیی و تایبەتەبە گرفتی منداڵانی ئەم وڵاتەوە. ئەو گۆڤارە هەر مانگە و بابەتگەلێکی جیاواز بڵاو دەکاتەوە و هەموو بابەتەکان تایبەتە بە منداڵان و باس لەو کێشەو گرفتانە دەکات کە ڕۆژانە بەرەوڕووی منداڵان دەبێتەوە و بە شاراوەیی دەمێننەوە. لە ئێستا دا مانگانە تەنیا ٥٠٠ ژمارەی لێ بڵاو دەکرێتەوە و سەرنووسەرە ١٢ سالەکەی ئاواتە خوازە کە لە داهاتوو دا ئاستی ژمارەکانی بەرێتە سەر و بگاتە دەستی هەموو منداڵانی وڵاتەکەی.
هەرچەندە زیاتر لە سەدەیەک بە سەر دەستپێکی بڵاوبوونەوەی یەکەمین گۆڤار و کتێبی تایبەت بە منداڵان لە وڵاتی ئەفغانستان دا تێپەڕ دەبێ، بەڵام لە ئێستا دا ئەو ڕەوتە کەوتووەتە بەر باهۆزی بیرچوونەوە و زۆر کاتیش بە دەستی ئەنقەست ئەو باس و پرسە گرینگەی کۆمەڵگە خراوەتە پەڕاوێزەوە. شەر و ماڵوێرانی دەیان ساڵی ڕابردوو لەو وڵاتە دا، جگە لەوەی کە منداڵانی چ پێشتر و چ لە ئیستا دا کردووەتە قوربانی، هاوکات کارتێکەری خراپی لە سەر نووسین و چاپ و بڵاوکراوەکانی تایبەت بەو توێژە گرینگەی کۆمەڵگا داناوا، هەر ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی کە ئەدەبیاتی منداڵان هەم نووسەر و هەم خوێنەرانی بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە دەست بدات. زیاتر لە نیوسەدەیە کتێبخانەی ناوەندی شاری کابول دامەزراوە و هەر لە سەرەتاوە چەندین بەشی تایبەت بە منداڵ و تازە پێگەشتووان لەو کتێبخانەیە دا دیاری کراوە، و لە ئەفغانستانی نوێ دا بە شێوەیەکی زۆر جوان نۆژەن کراوەتەوە و دەیان ئامرازی سەرقاڵی بۆ منداڵان تێیدا دابین کراوە، بەڵام بە داخەوە چۆل و هۆڵە و سەردانکەرانی ڕۆژانە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن.
لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی تاڵبانەوە خوێندنەوەی کتێب لە ناو کۆمەڵگای ئەفغانستان دا بووتە باو و مانگانە سەدان کتێب و گۆڤاری جۆراوجۆر دەکەونە بازاڕەوە، بەڵام بە داخەوە لەو بڵاو کراوانە دا بەشی منداڵان زۆر کەمە و وڵامی داخوازی منداڵانی وڵات نادانەوە، هەر بۆیە چاپ و بڵاو کردنەوەی گۆڤارێکی وەک گۆڤارەکەی حسینا معاسر زەرورەتێکی زۆری هەیە و بووتە جێی سەرنج و بایەخی لایەنە پەیوەندی دارەکان.
بو ئاواتەی کە حسینا و گۆڤارەکەی بەردەوام بن لە ژیان و لە داهاتوویەکی نزیک دا گۆڤاری منداڵی ئەفغان ببێتە سەرەکی ترین بڵاو کراوەی منداڵان لەو وڵاتە دا.

چەند وێنەیەک لە لاپەرەکانی منداڵی ئەفغان ببینە


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1086 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact