. . . .


26 Jul 2013

هونەرمەندان بۆ رازیكردنی كێ گۆرانی ئایینی دەڵێن


لە مانگی رەمەزاندا هەندێك لە هونەرمەندان ئاراستەی گۆرانییەكانیان لە ئەڤینداری و هەڵپەڕكێوە دەگۆڕن بۆ موناجات و سروودی ئاینی. ئەو كارە بەلای هەندێك لە هونەرمەندانەوە پەسەندكراو نییەو دەڵێن تەنیا بۆ ناوبانگە، بەڵام ئەوانەی گۆرانی ئاینی دەڵێن لە رەمەزاندا دەڵێن ئەوەش هەر خزمەتە.
هونەرمەند زانا جەبەلی، كە خاوەنی گۆرانییەكی ئاینی و چەندین گۆرانی ئەڤیندارییە، دەڵێت ئەو لە خێزانێكە كە رێز لە ئاینی ئیسلام دەگرن، ئەو گۆرانییە ئاینیەی گوتوویەتی بۆ پەیداكردنی ناوبانگ و جەماوەر نەبووە “بەڵكو تەنیا مەبەستم رازیكردنی خوا بووە”.
ئەوە چەند رەمەزانێكە دیاردەی گوتنی گۆرانی ئاینی لە نێو هونەرمەندانی كورد سەری هەڵداوەو تاوەكو ئێستا چەندین هونەرمەند بە هەردوو رەگەزەوە گۆرانی ئاینییان گوتووە. لەوانەش هەردی سەڵاح، عەبدولقەهار زاخۆیی، لۆكە، میرا، بڵند ئیبراهیم و گۆران ساڵح و زانا جەبەلی.
هەندێك لەو گۆرانیبێژانەی تەنیا گۆرانی دڵداری و نیشتمانی دەڵێن، بەدروستی نازانن كە گۆرانیبێژ لەیەك كاتدا گۆرانی ئاینی و خۆشەویستیش بڵێ و بەدوو دونیای جیاوازی دادەنێن.
گۆرانیبێژ ئاراس كۆیی پێیوایە گۆرانیبێژانی كورد لاسایی گۆرانیبێژانی عەرەب و فارس و تورك دەكەنەوە و دەڵێت “پێویستە هونەرمەند خۆی یەكلایی بكاتەوەو پەیامێكی ڕاستگۆی پێبێت، نەك تەنیا لەمانگی رەمەزان گۆرانی ئاینی بڵێت و پاشان دەست بكاتەوە بە ئارەق خواردنەوە”. ئاراس گوتیشی “هونەرمەندم بینیوە لەكاتی تۆماركردنی گۆرانی ئاینی مەشروبی خواردووەتەوە”.
ئەو هونەرمەندانەی تەنیا گۆرانی ئاینی دەڵێن، بۆچوونەكەیان لە بۆچوونی ئاراس كۆیی نزیكە و دەڵێن دەبێ هونەرمەند یەكێكیان هەڵبژێرێت. هونەرمەند ئەیاد محەممەد كە تەنیا سروودی ئاینی دەڵێت، گوتی “وا باشە هونەرمەند هەمیشە گۆرانی و موناجات و سروودی ئاینی بڵێت، بۆ ئەوەی خوای گەورە لە خۆی رازی بكات و خۆشیان ئاسوودە بن لە كارەكانیان”.
هاووڵاتیانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەو كارەی هونەرمەندان، هەندێكیان بە گونجاوی دەزانن و هەندێكیشیان پێیانوایە تەنیا بۆ ناوبانگ پەیداكردنە.
رابەر مەغدید، دانیشتووی هەولێر، دەڵێت “هەندێك كەس تەنیا گوێ لە گۆرانییە ئایینیەكان دەگرن، هەندێكیش تەنیا گۆرانیی خۆشەویستی، بەمەش هونەرمەند سوودمەند دەبێت ئەگەر هەردوو جۆرە گۆرانییەكە بڵێت، خەڵك زیاتر گوێی لێدەگرن”.
بەڵام عومەر ساڵح، كە زۆر گوێ لەگۆرانی ئاینی دەگرێت، دەڵێت “ئەو هونەرمەندانەی تەنیا لەمانگی رەمەزاندا گۆرانی ئاینی دەڵێن من گوێیان لێناگرم، چونكە مەبەستیان خواپەرستی نییە، بەڵكو بۆ خۆدەرخستن و پەیداكردنی ناوبانگ و جەماوەرە، یاخود بۆ خۆپەڕاندنەوەیە لەو رەخنانەی لێیان دەگیرێت لەڕووی ئاینییەوە”.
رەوەند ئەسعەد، خاوەنی تۆمارگەی رۆتانا لە شاری هەولێر دەڵێت “مەبەستی زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی تەنیا لە مانگی رەمەزاندا گۆرانی ئاینی دەڵێن، تەنیا ناوبانگ و جەماوەر كۆكردنەوەیە”.
سەبارەت بە بازاڕی گۆرانی ئەو هونەرمەندانە، رەوەند گوتی “خەڵك زیاتر گۆرانی ئەو هونەرمەندانە دەكڕێت كە تەنیا گۆرانی ئایینی دەڵێن وەك سامی یوسف، ماهیر زەین و ئەیاد محەممەد”.
لە ماوەی رابردوودا چەند هونەرمەندێك بە یەكجاری دەستبەرداری گۆرانی ئەڤینداری بوون و روویان لە گوتنی گۆرانی ئاینی كرد، لەوانەش هونەرمەندان نیزام شوكر و هاوتا ئەسعەد.
سەید یادگار سەید عەلی، كە مامۆستایەكی ئاینی شاری هەولێرە دەڵێت “ئەو گۆرانی و سروود و موناجاتە ئاینیانەی لە خزمەتی ئاینی ئیسلام و نیشتیماندان حەڵاڵن”.
سەبارەت بەو هونەرمەندانەی لە مانگی رەمەزاندا گۆرانی ئاینی دەڵێن، سەید یادگار گوتی “ئاساییە و رێگەپێدراوە هەر هونەرمەندێك چ ئافرەت بێت یان پیاو كە گۆرانی خۆشەویستی هەیە لە ڕەمەزاندا گۆرانییەكی ئایینی بڵێت”.
وه‌رگیراوه‌ له‌ ڕووداو

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1005 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact