. . . .


23 Jul 2013

ته‌های که‌ریمی، ئه‌و ڕێبواره‌ی مردن ناتوانێ شوێن پێیه‌کانی بسڕ?


قادر وریا
ته‌های که‌ریمی ، ئه‌گه‌ر هیچ به‌رهه‌مێکی سینه‌مایی دیکه‌ و هیچ فیلم و سیناریۆ و نووسینێکی دیکه‌ی جگه‌ له‌ "کویستانی سپی"ی نه‌بووایه‌، به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک هومێدێک و وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ سینه‌مای کوردی، لێی بڕوانین.
جاری وایه‌ به‌رهه‌مێک به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانین و بیرکردنه‌وه‌ و تواناکان و که‌سایه‌تیی مرۆڤیکی پێ‌هه‌ڵسه‌نگێنین. فیلمی "کوێستانی سپی"ی ته‌های که‌ریمی، لای من پێوانه‌یه‌که‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ و ده‌توانێ ناسنامه‌ی که‌سێک بێ که‌ داهاتوویه‌کی پڕ له‌ خزمه‌ت و داهێنان، چاوه‌ڕوانیی ده‌کرد.
"کوێستانی سپی"م چه‌ند جار دیوه‌. دوو ساڵ له‌وه‌ پێش کاتێک به‌ ڕێکه‌وت به‌ سه‌ر ئه‌و فیلمه‌دا که‌وتم، ئه‌وه‌نده‌م پێ جوان بوو که‌ به‌ خۆم نه‌وه‌ستام و چه‌ند جارێکی دیکه‌ش سه‌یرم کرده‌وه‌ و هه‌وڵیشم دا بیخه‌مه‌ به‌ر سه‌رنجی دۆستان تا ئه‌وانیش بی‌بینن، دواجاریش دوای مردنی سیناریست و ده‌رهێنه‌ره‌که‌ی دیتمه‌وه‌. جاره‌کانی یه‌که‌م که‌ سه‌یری فیلمه‌که‌م ده‌کرد، زۆرتر نوقمی ڕووداوه‌کان ودیالۆگی نێو فیلمه‌که‌ ده‌بووم. که‌متر بیرم به‌ لای ئه‌وه‌‌دا ده‌چوو که‌خاوه‌نی فیلمه‌که‌ کێیه‌. به‌ڵام دوو مانگێک له‌مه‌وبه‌ر که‌ زانیم ئه‌و سینه‌ماکاره‌ کورده‌ ڕۆژهه‌لاتی‌یه‌ی له‌ سلێمانی به‌ ڕووداوێک گیانی له‌ ده‌ست دا، ته‌های که‌ریمیی ده‌رهێنه‌ری فیلمی "کوێستانی سپی"یه‌، جارێکی دیکه‌ به‌ دیار ته‌ماشای فیلمه‌که‌وه‌ دانیشتم تا ئه‌مجاره‌یان که‌سایه‌تیی سیناریست و ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که‌ی تێدا بخوێنمه‌وه‌.
"فه‌قێ برایم" ئه‌و کاراکته‌ره‌ی فیلمه‌که‌یه‌ که‌ ده‌توانین دنیابینی وڕوانینه‌کانی ته‌های که‌ریمی له‌ كڵاورۆژنه‌ی مۆنۆلۆگ ودیالۆگه‌کانی ئه‌وه‌وه‌، تێ‌بگه‌ین. پیره‌پیاوێک که‌ چیڕۆکی تاڵی به‌سه‌رهاتی شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌شکراو و خاک‌داگیرکراوی له‌ سینگی خۆی‌دا هه‌ڵ‌گرتوه‌. چیرۆکی وێک‌هه‌ڵنه‌کردنی حیزبه‌کان و پێک‌هه‌ڵپڕژانیان، له‌ سه‌ر خاکی نیشتمانێک که‌ جارێک حکوومه‌تی تورکیه‌ و جارێک حکوومه‌تی عێراق و جارێک حکوومه‌تی ئێران هێرشی ده‌که‌نه‌ سه‌ر. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌بێ به‌ره‌نگاری هێرشکه‌ران ببنه‌وه‌، به‌ شه‌ڕی چه‌په‌ڵی خۆکوژی و یه‌کترکوشتنه‌وه‌، خه‌ریکن. فه‌قێ برایم به‌ خۆی و ئه‌سپه‌که‌یه‌وه‌ له‌ نێوان جامانه‌ ڕه‌شه‌کان و جامانه‌ سووره‌کان و جامانه‌ سه‌وزه‌کان‌دا دێت و ده‌چێ، جارێک ته‌رمی کوژراوی ده‌ستی ئه‌م لایه‌ن و جارێکی دیکه‌ ته‌رمی کوژراوی ده‌ستی ئه‌و لایه‌ن، له‌ مه‌یدانی شه‌ڕ دوور ده‌خاته‌وه‌.... "جه‌نازه‌ی 16 حیزبی گۆڕیوه‌ته‌وه‌" و "به‌ ته‌نیا جه‌نازه‌ی دوازه‌ که‌سی به‌ خاک سپاردوه". ئه‌گه‌رچی جامانه‌ ڕه‌شه‌کان، ته‌رمی کوژراوی سه‌ر به‌ جامانه‌ سوووره‌کان، و جامانه‌ سووره‌کانیش ته‌رمی کوژراوی سه‌ر به‌ جامانه‌ سه‌وزه‌کان به‌ گڵاو ده‌زانن، به‌ڵام فه‌قێ برایم، شێوه‌ی فه‌رهادی جوانه‌مه‌رگی کوڕی خۆی له‌ سیمای هه‌ر هه‌موویان‌دا، ده‌بینێ. چه‌ندین ژنی کوڕکوژراو ده‌باته‌ سه‌ر تاقه‌ یه‌ک گلکۆ ‌بۆ ئه‌وه‌ی تێر و پڕ له‌ سه‌ری بگرین، به‌ هه‌مووانیشیان ده‌ڵێ ته‌رمی خۆشه‌ویسته‌که‌تم لێره‌ به‌ خاک سپاردوه‌! گرنگ نیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ژێر خاکه‌که‌ دایه‌ کوڕه‌که‌ی خۆیانه‌ یان هی دایکێکی دیکه، چونکه‌ ده‌ردی هه‌موویان هه‌ر یه‌ک ده‌رده‌ و "خۆشه‌ویستی‌یه‌که‌یان له‌ یه‌ک ده‌چێ".
له‌ هه‌ر دۆڵیک شه‌ڕ ده‌کرێ، فه‌قی برایم به‌ردی سپی داده‌نێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ چه‌په‌ڵی و دزێویی یه‌کترکوشتن، به‌م به‌ردانه‌ بشارێته‌وه‌." به‌ شوێن که‌سێکدا ده‌گه‌ڕێ داستانی ئێره‌ی بۆ بگێڕێته‌وه‌ و داره‌ سووتاوه‌کانی ئێره‌ی پێشان بدا، له‌ گه‌ڵ به‌رده‌کان ئاشنای بکا... باسی ئۆتۆپیا و ئه‌و دواڕۆژه‌ی بۆ بکا که‌ کاتی خۆی - ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گه‌نج بوو و ڕووی کردبووه‌ پێشمه‌رگایه‌تی - له‌ زمانی "کاک دوکتور"ه‌وه‌ بیستبووی، به‌ڵام شه‌ڕی وێک‌هه‌ڵنه‌کردن نه‌ی‌هێشتوه‌ بێته‌ دی:" ئه‌و ڕۆژه‌ی چی دی منداڵه‌کان مل‌باریک نین، زه‌رد و زه‌عیف نین، ژنان چاوئێشه‌ ناگرن، ده‌سته‌ زبره‌کان نه‌رم و سپی ده‌بنه‌وه‌، وه‌ک په‌نیری تازه‌یان لێ دێ...."
چه‌ند مایه‌ی شانازی‌یه‌، لاوێک که‌ ته‌مه‌نی منداڵی و گه‌نجێتیی خۆی و خوێندنه‌که‌شی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دژه‌کورد‌دا تێپه‌ڕ کردوه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ربه‌ستێک، خۆی پێ‌ده‌گه‌یه‌نێ و بواری فیلم و سینه‌ما بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌ی و گه‌یاندنی په‌یامی مرۆڤه‌کانی نیشتمانه‌که‌ی هه‌ڵ‌ده‌بژێرێ. وه‌ک‌ مه‌مانانی عومرێک تێکۆشه‌ری ئامانجی ڕزگاریی کورد و کوردستان، کوردستان ده‌کا به‌ ڕووگه‌ی خۆی. خه‌م و ئازار و کاره‌ساته‌کانی کوردستانه‌که‌ی له‌ کۆڵی فیلمه‌کانی ده‌نێ و وڵات به‌ وڵات و فستیڤاڵ به‌ فستیڤال ده‌یان‌گێڕێ .
سه‌یری ئه‌و چاره‌نووسه‌ که‌ن، هه‌رکه‌ یه‌کێکمان پێ‌ده‌گا و هومێدی ئه‌وه‌ی لێ‌ده‌کرێ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی داهێنان و خزمه‌تی گه‌وره‌، مه‌رگی ناوه‌خت لێمان ده‌ستینێ! ئه‌وه‌ ژیلای حوسێنی، ئه‌وه‌ مارفی ئاغایی، ئه‌وه‌ ته‌های که‌ریمی، هه‌مووشیان به‌ ڕووداوی وه‌ک یه‌ک!
ته‌های که‌ریمییش به‌ داخه‌وه‌ که‌م ژیا. به‌ڵام هه‌ر له‌و ماوه‌ کورته‌ی ته‌مه‌نی‌دا، وه‌ها دره‌وشایه‌وه‌ که‌ مردن، نه‌توانێ له‌ بیر نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌رێته‌وه‌.
29 ی پووشپه‌ری 1392

له‌ ژماره‌ ٦١٢ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه‌.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1141 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact