. . . .


16 Jul 2013

مەولوود سوارە: بەدەنەی حدکا هاتۆتە سەر ئەو باوەرە کە دەبێ کار بۆ یەک??


دیمانە: رۆژهەڵات تایمز
ماوەی چەند مانگە دوو لایەنی حیزبی دێموکرات دەستیان بە دانوستان و وتووێژ کردووە لە گەڵ یەکتر بە ئامانجی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانی نێوانیان بەڵام ئەوەی تا ئیستا بۆ خەڵک و بۆ بەدەنەی ئەو دوو لایەنەش جێگای پرسیارە خولدانەوەی باس و بابەتەکانی ئەو دانیشتنانەیە بە دەوری بازنەیەکی بەرتەسک و بەدوور لەو ئامانجەی کە چاوەروان دەکرا دانیشتن و دانوستانەکانی لە سەر بنیات بنرێ، بەو جۆرەی کە مێدیاکانی دوو لایەن دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانیان بڵاوی دەکەنەوە.
بە مەبەستی وەرددانەوەی ئامانج و سیاسەتەکانی پشت ئەو دانیشتن‌و کۆبوونەوانە، رۆژهەڵات تایمز کۆمەڵێک پرسیاری بەرەوڕووی مەولوود سوارە ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان کردۆتەوە:
مەولوود سوارە: لە سەرەتادا، پێمخۆشە ئاماژە بەو ڕاستییە بکەم کە کێشەی دێموکراتەکان‌و پڕۆسەی چارەسەری ئەو کێشەیە بۆتە مەسەلەیەکی زۆر گرینگی تەشکیلاتیی هەردووک لا و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆیە هەر دووک بەشی حیزبی دێموکرات ناتوانن ئەو حەقیقەتە نادیدە بگرن و گرینگی بە یەک ماڵیی دێموکرات نەدەن. ئەوەش بە کارێکی پێویست دەزانم کە ماس مێدیای کوردی بە تایبەت هی ڕۆژهەلاتی کوردستان خۆیان بەو کێشەیە ماندوو بکەن .

دەستپێکی چاوپێکەوتن‌و دیالۆگی نێوان دێمۆکراتەکان بۆچی دەگەرێتەوە؟
یەکەم ئەوە کە حدک هەر لەسەرەتاوە پاش لێکدابران سیاسەتی نزیکبوونەوەو ئاشتی‌و تەبایی‌و یەک ماڵیی رەچاو کرد‌ووه‌، پاشانیش هاورێیانی پێشومان لە سیاسەت‌و هەڵوێستەکانی خۆیان ئالوگۆرێکی موسبەتیان پێکهێنا کە ئەم دوو هەڵویستە زەمینەی دیدارەکانی پێکهێنا.
حدک هەمیشە ئامادە بووە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە لەگەڵ هاوڕێیان وتوێژ بکات. بۆیە ئێمە لەو بارەوە گرفتێکمان نەبووه‌، بریاڕی کۆنگرەشی لەپشت بووە، دووهەم،ئەوە ئەوان بوون کە ئامادەی موزاکره‌یان نەبووه‌. دوای کۆنگرەی ١٥ی ئەوان، دەرکەوت کە کۆنگرەکەیان بریاری داوە، کە دەبێ سیاسەتی وتوێژ قبووڵ بکەن‌و بە دوای دا بڕۆن. مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەر دوو لامان ئێستا لەو باوەرەداین کە دیالۆگ تەنیا ڕیگا چارەی ئەو کێشەیەیە.

رێبەرانی هەر دوو لایەن زۆرتر باس لەوە دەکەن کە دانوستانەکان ویستی خەڵک‌و دۆستانی حیزبەو کەمتر بیستومانە کە بڵێن بۆ خۆشمان هاتووینە سەر ئەو بروایە کە دەبێ چارەسەرێك وەبینین. بە راستی مەبەستتان لەو وتووێژانە چییە؟
ئامانجی هەر دووک لا، هەریەکەو بە تێروانینی خۆی بۆ مەبەستی چارەسەری ئەو کێشەیە ده‌ڕوانێ، بێگومان هەر دوو لا خوێندنەوەی حیزبی خۆیان لەو کێشەیە هەیە. ئێمە لە حیزبی دێموکرات دا بەو مەبەستە ئەو وتووێژه‌مان دەست پێکردووە کە یەکگرتنەوەیەک بێتە ئاراوە. دیاره‌ به‌ ده‌ستنیشانکردن‌و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان و بە دەرس وەرگرتن له‌ ناکۆکییەکانی دەیان ساڵەی نێوخۆیی دێموکرات و بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ئه‌وه‌ی دێموکرات بە یەکەوە دروست بکەینەوە، بەجۆرێک کە هەم حیزبی دێمۆکرات‌و بزووتنەوەی کورد بەهێز بکەین‌و لە لایەکی دیکەشەوە رێگا چارەسەریەک بدۆزینەوە کە حیزبی دێمۆکرات جاریکی دیکە تووشی لێکدابران نەیەتەوە. لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان و دۆستانمان داوای یەکگرتنەوە دەکەن، ئەوە کارێکی باشە ئێمە داوای ئەوان لەبەر چاو بگرین. ئەوەی کە رێبەریی هەر دوو لا چەندە هاتوونەتە سەر ئەو باوەرە، من تەنیا دەتوانم ڕابگەیەنم کە ڕیبەریی حیزبی ئێمە وەک باوەر سەیری یەکگرتنەوە دەکات‌و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە، بەڵام هاوڕێیانی پێشوومان چەندە بەڕاستی خوازیاری یەکگرتنەوەن ئەوه‌ وا باشە پرسیار لە خۆیان بکرێ. دیارە بەخۆشییەوە بەدەنەی ئەوانیش هاتوونەتە سەر ئەو باوەرە کە دەبێ کار بۆ ئەو مەبەستە بکرێ و حیزب لە دوو پارچەیی رزگاری بێ.

لەم چەند دانیشتن‌و دیدارەدا کە تائێستا بەرێوە چووە، بازنەی سەرەکی وتووێژەکان لە چ چوارچێوەیەک‌دا بووە؟
ئێمە دوای شەش ساڵ لێکدابڕان ئێستا ماوەیەکە دیدارو چاوپیکەوتنمان دەست پێکردووە. بۆیە زۆر ئاساییە کە لە ئێستادا ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی نێوان هەردوو لا خاڵی یەکەمی دەستووری کارەکان بێت. هەر ئەو جۆرە دانیشتنانەیە کە لە درێژەی خۆیدا دوو لایەن لەبەردەم دەستووری کاری عەمەلی بۆ قۆناخەکانی داهاتوو به‌رپرس دەکا. بەو پێیە ئێمە ئێستاش هەر لە قۆناخی یەکەم داین‌و زۆر بە جیدی نەکەوتووینە سەر باسی ئەساسی، بەڵام زۆر ئاساییە کە لەمەوبەدوا دەبێ لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراو کار بکەین. لە لایەن رێبەرایەتیی ئێمەوە پڕۆژەیەک بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کراوەو هەیەو هیوادارین کە هاوڕێیانی پێشووشمان پرۆژەی خۆیان ئامادە بکەن.

دوورە دیمەنی دیالۆگی نێوان دوو حیزبی دێمۆکرات چۆن دەبینی؟
ئەگەر ڕێبەریی هەر دوو لا بەڕاستی بە دوای یەکگرتنەوەدا بڕۆن و کاری بۆ بکەن، ئەگەر بەدەنەی هەر دوو لا ماندوو نەبن‌و لێپرسینەوەیان لێبکەن، ئەوە ئیتر بێگومان دوورە دیمەنی ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێ. دیارە ئەوەندەی بۆ حدک دەگەرێتەوە ئامادەگی‌و حوسنی نییەتی خۆی نیشانداوەو لەم سیاسەت و هەڵوێستەشی پاشگەز نابێتەوە. با ئه‌وه‌ش بڵێم چارەسەری ئەو جۆرە کێشانە بێ‌گرفت نابێت‌و لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگ ڕووبەڕوو دەبینەوە. ئێستا ئیدی ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە نە ئێمەو نە ئەوان ناتوانین یەکتر لە پەراوێز بخەین و یەکتر نادیدە بگرین. من گەشبینم‌و دەبێ هەموو ئه‌و که‌سانه‌ی کە بۆ داهاتووی کوردی ڕۆژهەڵات‌و حیزبی دێموکرات بە پەرۆشن یارمەتی ئەو ڕەوتە بدەن.

پێتوایە نییەتی هەر دوو حیزبی دێمۆکرات، زۆرتر بیر لە مانەوەیان بەمشێوەی ئێستاو وەک دوو هێزی سیاسی، بەڵام بە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لە گەڵ یەکتر دەکەنەوە یان نییەتی دواییان وەسەریەکخستنەوەی سەرجەم دێمۆکراتەکانە؟
هیچ گومان لەوە دا نییە کە رەنگە ڕێگاچارەی جۆراوجۆر بێتە ئاراوە. ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزبی ئێمە هەیە، ئێمە وەسەر یەکخستنەوەی دێموکراتەکان و یەکگرتنەوە بە باش دەزانین. بۆیە لە ڕوانگەی ئێمە ئەو پڕۆسەیە لە سەرەتای خۆی دایەو بە دروستی نازانین فاتیحای ئەو ڕەوتە بخوێنین و قسە لە چارەسەرێکی دیکە بکەین. لانیکەم نییەتی ئێمە لە حیزبی دێموکرات کە بڕیاری کۆنگرەی لەسەرەو کۆمیتەی ناوەندی کاری بۆ دەکات یەکگرتنەوەیە. ئیتر مەبەست و نییەتی هاوڕێیانی پێشومان چییە، واباشە لە خۆیان پرسیار بکەن.

قازانجەکانی وەسەریەککەوتنەوەی دێموکراتەکان ئەگەر لە چەند خاڵدا کۆبکەیەوە، ئەو خاڵانە کامانەن؟
یەکەم: هیواو ئارەزووەکانی کۆمەڵانی خەڵک بەگشتی لە نێوخۆی وڵات لەو پیوەندیەدا دێتەدی‌و گڕو تینیکی زۆرتریان لە تێکۆشاندا تێدا پیکدێ.
دووهەم: ویست و داخوازی ئەندامانی دێموکرات لە نێوخۆ و دەرەوە کە بەو لەتبوونە زۆر نارەحەت و خەمبار بوون جێبەجی دەبێ و وزە و توانای خۆیان بە یەکەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی بە کار دێنن.
سێهەم: لە ئاستی ئێراندا جێگەو پێگەی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو بۆ سەلماندن‌و چەسپاندی مافەکانی نەتەوایەتی ئێمە باشتر و بە‌هێزتر دەبێ.
چوارەم: لە ئاستی نێودەوڵەتی‌و ناوچەییشدا دیسان زۆر بە قازانجی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و حیسابی زیاتری بۆ دەکرێ.
پێنجەم: لە داهاتووی ناڕوونی ئێراندا پێگەی دێموکرات و کوردستانی ئێران بەهێزتر دەبێت.

ئەگەر وەک دوو حیزب یەکتر قبووڵ بکەن‌و بە یەکەوە هاوکاری‌و هەماهەنگی بکەن، ئەو حاڵەتە لە روانگەی ئێوەوە چۆن دەبێ؟ ئایا ئەوە مومکینە؟
ئێمە تا ئێستاش هەروەک دوو حیزبی لێکجیا کارمان کردووەو هەر لایەنەی بە شێوەی خۆی دریژەی بە چالاکی داوە. دانیشتنەکان ئەوە دەردەخەن کە دوو حیزبی دێموکرات باش یان خراپ ئەمری واقیعەو ئەگەر یەکیش نەگرنەوە ئەو دوو حیزبە درێژە بە ژیانی سیاسی خۆیان دەدەن. نە ئێمە و نە ئەوان شەرعییەت لێکتر وەرناگرین. لە کاری سیاسیدا ئەوە چالاکی هەر حیزبێکە کە شەرعییەت بۆ ئەو حیزبە دروست دەکات، نەک دان پیانان و ئیعترافی ئەم و ئەو. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا سیاسەت‌و مەبەستی ئێمە تێکەڵبوونەوەی هەردووک لایە، بەڵام ئێمە لایەنێکی قەزیەین و ئەو هاورێیانەش لایەنی دیکە. بەکورتی هیچ گریمانەو ئەگەرێک موتلەق ناکەین. بۆ رێگا خۆشکردن بۆ ئایندەی هەردوک لامان و گێرانەوەی تەبایی و برایەتی و یەک ماڵیی دێموکرات، ئێمە هەتا ئیستا چەندین جار داوای کاری هاوبەشمان دەگەڵیان هێناوەتە گۆرێ، هەر لەو چەند رۆژه‌ی رابردوو کە خەریکین بەرە بەرە لە ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو نزیک دەبینەوە داوای کاری هاوبەشمان هەم بۆ نێوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوەدا و هه‌روه‌ها له‌ پێوەندی له‌گه‌ڵ پەروەندەی شەهید دوکتور قاسملوووە له‌و هاوڕێیانه‌ کردووه‌، بەڵام بەداخەوە له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وەڵامی ئه‌رینی دا سەرکەوتو نەبووین.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 908 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact