. . . .


15 Jul 2013

کۆڕیادێک بە بۆنەی تیرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە وڵاتی نۆرو?


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: بە بۆنەی ٢٤ ساڵەی تیرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی، کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد لە وڵاتی نۆروێژ بە هاوکاری یەکێتی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣/٠٧/٢٠١٣ کۆڕیادێکیان پێکهێنا.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب ودەقیقەیەک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بە تایبەت د. قاسملوو، کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر و د. فازڵ رەسوڵ، دۆستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و نوێنەری حیزب و لایەن و رێکخراوە کوردییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دەستی پێ کرد
لەسەرەتا دا بەرپرسی کۆمیتە ناوچە کاک حەسەن غەمبار بەخێرهاتنی میوانەکان و نوێنەری حیزب و لایەنە کوردیەکانی کرد. پاشان لە لایەن کاک حاجی حوسێن حەدداد ، کاک محەممەد غەریب و کاک غەفوور واوەیی پەردە لەسەر وێنەی د. قاسملوو لادرا. دواتر٢٤ مۆم بە بۆنەی بیست و چوارەمین ساڵوەگەڕی تیرۆر کردنی د. قاسملوو و هاوڕێیانی، لە لایەن پۆلێک لە پێشمەرگە دێرینەکان، کەم ئەندامان، ئەندامانی یەکێتی ژنان و یەکێتی لاوان داگیریسێندرا.
لە بەشی دووهەمی ئەو کۆڕیادە دا بەڕێز کاک باباعەلی مێهرپەروەر کادری دێرینی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕات و یار و هاوکاری نزیکی د. قاسملوو، دوای ناردنی سڵاو بۆ بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان و کەم ئەندامان و بەشدارانی کۆڕیادەکە، باسێکی دەوڵەمەندی لەسەر کەسایەتی و دەوری د. قاسملوو لە حیزبی دێموکڕات، لە کۆنفڕانسی سێ تا کاتی شەهید بوونی، پێشکەش کرد. بەڕێزیان بەشێک لە تایبەتمەندیە بەرزەکانی د. قاسملووی وەک رێبەرێکی ئاکادێمیک، دیپڵۆمات و زمانزان بۆ بەشداران شی کردەوە و بە هێنانەوەی چەندین فاکت و نموونە لەو پەیوەندییە دا، توانا و شارەزایی ئەو ڕێبەرە بلیمەتەی بۆ بەشداران شی کردەوە. هەروەها یادێکی لە بەڕێز کاک سەید سەلامی عەزیزی، دۆست و هاوکاری نیزیکی خۆی لە ڕیبەریی حیزبی دێموکڕات کردەوە کە ساڵڕۆژی لەدەست دانی هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی تیرۆر کردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی.
دوای وتەکانی کاک باباعەلی، بەڕێز کاک مەحموود برو ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئازادی کورد لە سوریە و دۆستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کەسایەتی رۆژئاوای کوردستان باسێکی لەسەر کەسایەتی د. قاسملوو پێشکەش بە بەشداران کرد. بەڕێزیان پاش باس لە خەسڵەتە بەرزەکانی د. قاسملوو وەک رێبەرێکی گەورەی کورد، وردبینی و شارەزایی ئەو کەسایەتیەی لە سیاسەت کردن لەگەڵ دۆست و دوژمن شی کردەوە و هەموو لایەکی بە قەرزداری فیداکاری و رێبازی ئەو شەهیدە مەزنە زانی.
تەوەرێکی دیکەی کۆڕەکە تەرخان کرابوو بە پێشکەش کردنی شێعر و سروودی شۆڕشگێڕی. لەو بەشە دا بەڕێز کاک حاجی حۆسێن حەداد شێعرێکی پێشکەش کرد کە لە چلەی ماتەمینی شەهید قاسملوو نووسیبووی. پاشان کاک خالید عەبدوڵڵازادە شیعرێکی بە ناوی ''دەریا'' بۆ یادی د. قاسملوو، پێشکەش بە بەشداران کرد. دوای ئەوە هونەرمەندی بە توانا و دەنگ خۆشی کورد، بەڕێز خوسرەو ماملێ چەند سروودی شۆرشگێری پێشکەش کرد. دەنگی بە سۆزی هونەرمەند تێکەڵ بە سازی کاک بەهمەن هەوڵێری و زەربی کاک ئاکام پور خزری بوو و بەشدارانی زیاتر ئاوێتەی خەمی لەدەست چوونی ئەو ڕێبەرە بە توانایەی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان.
کۆمەلەڵێک لەو حیزب و لایەنانەی بەشداری کوڕیادەکە بوون، بروسکەی ماتەمینیان نارد کە بریتین لەو هێز و لایەنانەی خوارەوە:
پارتی دێموکڕاتی کوردستان ناوچەی ئۆستفۆڵد
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەرتی ئۆستفۆڵد
ئەنجومەنی نیشتمانی کوردەکانی سوریە کە لە ١٧ حیزب و کەسایەتی پێکهاتووە
پارتی ئازادی کوردی سوریە
پارتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک)
یەکێتی ژنانی باشووری کوردستان لقی ئوروپا
کۆمەڵەی کولتوری کوردەکان
لە ناوئاخنی کۆڕیادەکە دا، بەڕێوەبەری بەرنامە، کاک یاسین حاجی زادە بە پێشکەش کردنی شێعری شاعیرانی کورد بۆ خەم و کۆستی لەدەست دانی سەرکردەی مەزنی کورد د. قاسملوو، کۆڕەکەی زیاتر ڕازاندەوە.
بۆ رێز گرتن لە هەریەک لە بەڕێزان کاک بابا عەلی و کاک مەحموود برو لەوحێک کە بە وێنەی شەهیدانی ڕێبەر، قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی ڕازابووەوە، لە لایەن کاک رەسووڵ پەناهی و کاک یوسف پووری پێشکەش کرا. هەروەها بەڕێز کاک هاشم رۆستەمی چەپکە گوڵی ڕێز لێنانی پێشکەش بە هەر یەکە لە بەڕێزان خوسرەو ماملێ، بەهمەن هەولێری و ئاکام پورخزری کرد.
لە کۆتایی دا، یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بە ئامادە کردنی ئێوارە خوانێک، پێشوازیان لە میوانەکان کرد. پێویست بە ئاماژەیە کە کۆڕیادەکە دوای چوار کاتژمێر کۆتایی پێهات.
بەرز بێ یادی هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی کورد و کوردستان، بە تایبەت شەهیدانی رێبەر قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی
کۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ئۆستفۆڵد بە هاوکاری یەکێتی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری کوردی


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1195 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact