. . . .


18 Jun 2013

بەڕێوە چوونی جەژنی کۆتایی ساڵی خوێندن بۆ قوتابیانی زمانی کوردی لە ن?


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: کۆمەڵەی کولتووری کوردی ناوچەی ڕۆمەریکە لە وڵاتی نۆروێژ بە مەبەستی فێر بوون و ئاشنا بوونی منداڵانی کورد لەگەڵ زمان و فەرهەنگی خۆیان، دەورەیەکی یەک ساڵەی فێربوونی زمانی پاراوی کوردییان بۆ فرخوازانی ئەو دەڤەرە دەست پێکرد و تاکۆتایی ساڵی خوێندن بەردەوام بوو. وانەکە لە سێ پۆل دا بۆ تەمەنی جیاوازلە لایەن سێ مامۆستا بە درێژایی ساڵی خوێندن بەڕێوە چوو. یەکێتی لاوان لەو ماوەیەدا بە ئاواڵا کردنی دەرگای کومیتەکەیان هاریکارییەکی باشی مامۆستا و قوتابیانی کردیان کرد.
بۆ ڕێزگرتن لە ماندوو بوونی یەکساڵی مامۆستا و قوتابیانی ئەو دەورە لە خوێندن، کۆمەڵەی کولتووری رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 16.06.2013 بە هاوکاری یەکێتی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندن، جێژنێکیان بۆ قوتابی و بنەماڵەکانیان پێکهێنا.
جێژنەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لە لایەن قوتابیەکان و دەقیقەیەک بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان تێکۆشەری دێرین کاک محەممەد ئەمین مەجیدیان باسێکی لەسەر گرینگی زمانی کوردی پێشکەش بە دایک و باوکان کرد. بەڕێزیان ئاوڕێکی مێژوویی لە هەل ومەرجی کورد دایەوە و لەو چواچیوەیە دا گرینگی فێر بوونی زمانی دایکی بۆ مناڵانی کورد لە تاراوگە شی کردەوە. لە بەشێک لە باسەکەی دا کەمینەی سامی لە نۆروێژ بە نموونە هێناوە کە لە سەرەتا دا هەستیان بە شەرم و کەمی دەکرد بۆ فێربوونی زمانی خۆیان، بەڵام دواتر هەوڵی خۆیان خستە گەڕ بۆ دابین کردنی مافی فێر بوون و خوێندن بە زمانی (سامی). لەو باروە داوای لە دایک وباوکەکان کرد هانی مناڵەکانیان بدەن و پشتیان بگرن بۆ سەرکەوتنیان لە فێر بوونی زمانی دایک.
دوای وتەکانی کاک محەممەد ئەمین، قوتابیەکان سروودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)یان پێشکەش بە بەشداران کرد.
پاشان کاک ئەبووبەکر قەدی کورد لە لایەن کۆمەڵەی کولتووری کوردی بەخێرهاتنی هەموولایەکی کرد و باسی لە چۆنیەتی پەڕێوەچوونی وانەکە کرد. هیوای خواست کە منداڵی زیاتر بەشداری پۆلەکانی فێربوونی وانەی کوردی بکەن لە ساڵی داهاتوو دا.شایانی باسە کە کاک محەممەد مستەفاپوور و کاک قادر رەسووڵی لە لایەن کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە ناوچەی ئاکێشهووس بەشداری جەژنەکە بوون.
پاشان کاک فەرامەرز ئەڵماسی باسێکی لەسەر رۆڵی دایک و باوک و گرینگی خەو بۆ منداڵ، پێشکەش کرد. کاک فەرامەرز باسەکەی لەسەر بناغەی لێکۆڵینەوە و ئەزموونە زانستیەکان لەسەر پەروەردە و فێر بوونی منداڵ هێنا بەرباس و بە ‌هێنانەوەی چەندین نموونە و بەڵگەی عیلمی، باسەکەی دەوڵەمەندتر کرد. لێ پرسینەوە و هاوکاری و ڕۆڵی دایک و باوکی بەهەمان شێوە بە گرینگ زانی کە مامۆستا و قوتابخانە هەیەتی. لەو بارەوە بوونی دەفتەرێک کە پەیوەندی نێوان مامۆستا و دایک وباوک پێک دێنێ، بە پێویست زانی. لە رێگای ئەو دەفتەرەوە دایک و باوک و خوێندگە دەتوانن پەیامەکانیان ئاڵ و گۆڕ بکەن. بەشێک لەسەرکەوتنی منداڵانی گەڕاندەوە بۆ خەوی ڕێک و پێک و رۆژانە لە کاتی خۆی دا.
دوای ئەوە مامۆستاکان بڕوامانەی خوێندنیان بەسەر قوتابیەکاندا دابەش کرد، هاوکات یەکێتی لاوانیش بۆ هاندانی زیاتری خوێندکاران، شاخە گوڵێکیان پێشکەش کردن. پاشان لە لایەن کۆمەڵەی کولتووری لەوحی رێزلێنان و چەپکە گوڵ پێشکەش بە مامۆستاکان کرا. هەروەها یەکێتی لاوانیش چەپکە گوڵیان پێشکەش بە مامۆستاکان کرد. بۆ ڕێزگرن لە ماندبوونی مامۆستاکانی، یەکێک لە خوێندکارانی بەشداری لەو دەورەیە دا، دیاری بە مامۆستاکان کرد و لەو ڕێگەیەوە سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش کردن.
کۆتایی ئەو ڕێورەسمە بە دەنگی گۆرانیبێژانی دەنگ خۆش پیران قادرزادە، نەبەز موکریانی، زیوەر زاخۆیی و دونیا نەبەر و هەڵپەڕکێ و شادی بەشداران ڕازایەوە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 934 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact