. . . .


16 Jun 2013

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی کۆمیتەی سوئێدی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکڕات?


ناوەندی هەوال- سوید: رۆژی شەممە، 25 ی جۆزه‌ردان کۆمیتەی سوئێدی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان سێهەم کۆنفڕانسی خۆی بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی خۆی لەو وڵاتە پێک هێنا.
ئه‌و کۆنفرانسه‌ بە سرودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب‌و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن له‌ گیانی پاکی شەهیدانی نەتەوەکەمان و هەموو شەهیدانی رێگای یەکسانی کۆمەڵگا دەستی پێ کردو کۆنفرانسه‌که‌ بە وتارێکی کورت لەلایەن سۆزان ئەمینی، ئەندامی لاوی پێگەیشتووی یه‌کیه‌تیی کرایەوە.

پاشان خاتوو گوڵالە شەڕەفکەندی بە ناوی کۆمیتەی دەرەوەی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان باسێکی کورتی لە سەر زەروورەت و شێوەی کاری ئەو رێکخراوەیە لە دەرەوە پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێکی باسەکەی دا ئاماژه‌ی بە گرینگیی هه‌وڵدانی بوون بە هاووڵاتیی چالاک لە کۆمەڵگا دا کردو تیشکی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ چۆن کارتێکەریمان هەبێ لەسەر ئەو کۆمەڵگایە کە لێی دەژین. کورد بوون بناسین و بزانین کە کورد بوونی ئێمە چۆن لەگەڵ ژیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌ ته‌عامول ده‌کا.

له‌ درێژه‌ی کاری کۆنفرانس‌دا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن حەسەن مەحمودی، ئەندامی بەڕیوەبەری کۆمیتە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دا هاتبوو که‌ ژنان وەک پێکهێنەری نیوەی هەر کۆمەڵگایەک و دایکی نیوەکەی دیکەی کۆمەڵگا، لە راستی دا دایکی مرۆڤایەتین. هەر بەم بۆنەشەوە لە هەر شوێنێک ئەم بەشەی کۆمەڵگا لە ماڤەکانی بێبەش کراوە ئەوە ئەو کۆمەلگایە نەیتوانیوە وەک پێویستە گەشە بکاو لە بوارە جۆراجۆرەکان‌دا پێش بکەوێ.

پاشان په‌یامی کۆمەڵەی ژنانی سێنتەر پارتی لەلایەن خاتوو سۆلڤیە زاندار، نوێنەری ئەو پارتەوە پێشکەش کرا.

له‌ بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کاری کۆنفڕانس‌دا رێز لەو کور کچە کوردانە گیرا کە دیپلۆمیان وەرگرتوە، یان زانکۆیان تەواو کردوەو دواتر گۆرانی‌یه‌ک بە دەنگی خۆشی باوان کەریمی، ئەندامی لاوی یه‌کیه‌تیی ژنان پێشکەش کرا.

له‌به‌شی دیکه‌ی کاری کۆنفرانس‌دا راپۆرتی کارو چالاکی‌یەکانی کۆمیتەی سوئێدی یه‌کیه‌تیی ژنان لە لایەن خاتوو شوعلە قادری، بەرپرسی ئەم کۆمیتەیە خوێندرایەوەو دواتر راپۆرتی ماڵی لە لایەن خاتوو جەمیلە کرمانجی، بەرپرسی ماڵی کۆمیتە پێشکێش کرا.

دوابە دوای خوێندنەوەی راپۆرتەکان و دەربڕینی راو بۆچوون و تێبینی‌یەکانی بەشداران لەسەر هەر دوو راپۆرتەکە، بە تێکرای دەنگ پەسند کران.

شایانی باسه‌ که‌ بەشی کۆتایی کاری کۆنفڕانس بە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی تازە لە وڵاتی سوئێد تەرخان کرابوو.

لە ئاکامی هەڵبژاردنەکە دا ئەو حەوت کەسە : بەڕێزان شلێر حەسەنپور، جەمیلە کرمانجی، موژدە عەزیزی، سۆزان فەتحی، فریشتە عەبباسی، ئەفسەر محەممەدی، سکالا حەکیم‌زادە وەک ئەندامی ئەسڵی و بەڕێزان کوێستان بابایی و نەسرین محەممەدی وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی تازە دەنگی متمانەیان پێدرا. دواتر بەڕێزان گوڵاڵە شەڕەفکەندی و شوعلە قادری ئامادەگی خۆیان دەربری وەک موشاویر هاوکاری کۆمیتەی تازە بکەن و لە لایەن تێکڕای بەشدارانەوە پێشوازی لێ کرا.

شایانی باسە کە هەر لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی هەڵبژێردراو دا بە تێکرای دەنگ خاتوو شلێر حەسەنپور وەک بەرپرسی کۆمیتەی تازە دەست‌نیشان کرا.

بۆ بینینی وێنەکان بە قەبارەی گەورە کرتە لە سەر ئالبوومەکە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 919 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact