. . . .


3 Jun 2013

پێکهێنانی سمینارێک بۆ کۆمەڵێک حیزب و رێکخراوی کورد و ئێرانی، لە پاڕل?


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاویی، بەرامبەر بە ٣ی جونی ٢٠١٣ی زایینی، لە سەر بانگهێشتنی فەڕمی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئێد، کۆبوونەوەیەک لە ساڵۆنێکی لە ساڵۆنێکی پاڕلمانی سوئێد بۆ حیزبە کوردستانی و ئێرانییەکانی بەرهەڵستکاری رژێمی ئیسلامیی ئێران پێکهات.
سەرەتای کۆبوونەوەکە خاتوو '' ئانا لێنا سۆرێن سۆن'' سپاسی تایبەتی حدک ی کرد کە لە کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکاندا لە '' یۆتێبۆری'' ئەو پێشنیارەیان بە حیزبەکەیان کردووە کە سمینارێکی ئاوا بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی پێک‌بێنێ و ئەوانیش پێشوازییان لە پێشنیارەکەی '' ئارێز رەمەزانی'' کردووە و ئەمرٶ ئەم سمینارەیان پێکهێناوە.
دواتر ریزی بەرنامەی سمینارەکە بەم جۆرە راگەیەندرا:
• لەبەرەبەری هەڵبژاردن‌دا هەلومەرجی ئێران چۆنە؟
• ستراتێژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ هەڵبژاردن چیە و لەم پێناوەدا هاوکاریی و لێک نیزیک بوونەوەکان چۆنن؟
• ئەگەری راپەرینی خەڵک لە کاتی ئاشکرا بوونی فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردن‌دا هەیە، ئەگەر هەیە، بە چ شێوەیەک دەتوانین باشترین یارمەتییان پێبکەین؟
• مافی کەمینەکان(ئەقەلییەتەکان) چلۆن دەستەبەر دەکرێ و نەخشی ئەوان لە بەرەو پێش بردنی پرسی دێموکراتی لە کۆمەڵگادا چیە؟
• هەلومەرجی کوردەکان لە بەرەبەری هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێراندا چۆنە و ستراتێژی حیزبە کوردییەکان لەمەڕ هەڵبژاردن چیە و هاوکاری نیوان هیزە کوردییەکان لە قۆناغێکدایە؟
دنیا و سوئێد و سوسیال دێموکراتەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چی لەدەست دێ بۆ گەشەسەندنی ئاشتیانە و ئەرێنی ئەم پرسە؟
پاشان خاتوو '' کارینا هێگ'' بەرپرسی کۆمیسیۆنی پێوەندییە دەرەکییەکانی حیزبی سوسیال دێموکرات باسێکی سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستای کوردەکان لە تورکیە و سوریە کرد و هیوای خواست رەوتی ئاشتی لەو وڵاتانە پەرەبستێنێ و کوردەکان بە مافە رەواکانیان بگەن. لەمەڕ پیویستی هاوکاری و هاوئاهەنگیی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی یای '' کارینا'' رایگەیاند، هەتا ئێستا بەداخەوە سیاسەتی سوسیال‌دێموکراتەکان لەمبارەوە هەڵە بووە و ئەوان تەنیا جاروبار سەبارەت بە دێموکراسی و مافی مرۆڤ قسەیان لەگەڵ کاربەدەستانی رژێمی ئیسلامیی ئێران کردووە و زۆریان سەرنج نەداوەتە راوبۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە. ناوبراو هەروەها رایگەیاند کە لەمەودوا ئەوان زیاتر هاودەنگیی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی دەکەن بۆ گەیشتنە ئامانج کە ئەویش، دەستەبەرکردنی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی کۆمەڵایەتییە.
لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا خاتوو '' کارینا هێگ'' رایگەیاند کە لێکدانەوەی دیپلۆماتە ئوروپاییەکان سەبارەت بە ئێران هەڵە بووە و لەمەو دوا ئێمە سیاسەتمان سەبارەت بە ئێران دەگۆڕین و لە یەکیەتی ئوروپا و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سیاسەتێکی چالاکترمان دژ بە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەبێ. دواین بەشی قسەکانی خاتوو '' کارینا'' روو بە هێزە بەرهەڵستکارەکانی کورد و ئێرانی ئەوە بوو کە ئەگەر دەتانهەوێ قسەتان بگاتە کۆڕوکۆمەلە نیونەتەوەییەکان و سەرنجی راگەیەنەرە گشتییەکان بۆلای کێشەکەتان راکیشن، ئەوە دەبێ یەکبگرن و لانیکەم لەسەر هێندێک خاڵی هاوبەش کە زۆریشتان پێکەوە هەیە، هاوئاهەنگیتان پێکەوە هەبێ.
پاشان نۆرە گەیشتە نوێنەری حیزب و رێکخراوەکان کە بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و باروودووخی ئێستای ئەم وڵاتە دەرببڕن.
نوێنەری حدک لەم کۆبوونەوەیەدا بەڕیز سەید عەزیز نیژادیان، بۆچوونی حیزبی لەسەر هەموو خاڵەکانی سمینارەکە روونکردەوە کە بەشێک لە قسەکانی بەم شیوەیە بوو:
رژێمی ئیسلامیی ئێران هەر لە یەکەم رێفڕاندۆمی دامەزرانی خۆیدا بە شێوەیەکی نادێموکراتیک، بەڵام لە بێچمی رواڵەتیی راپرسیدا، نەتەوەکانی ئێرانی لەبەردەم تەنیا یەک بژاردەدا سەرپشک کرد. ئەویش ئەوە بوو: '' کۆماری ئیسلامی، ئا یا نا''!
زۆری نەخایاند زۆربەی حیزب و رێکخراوە سیاسییە تێکۆشەرەکانی خەباتی سەردەمی حەمەرەزاشای بە نادەستووری لە قەلەم دا و مەیدانی هەڵسووڕانی لێ بەرتەسک کردنەوەو لە کۆتاییدا هەڵوەشاوەی راگەیاندن.
هێشتا خەڵکی کوردستان تامی ئازادی دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی نەچێشتبوو کە ئایەتوڵلا خومەینی '' فەرمانی جیهاد'' واتە ژێنوسایدی دژی نەتەوەی کورد دا و هێزەسەرکوتکەرەکانی لەو دەمەوە تائیستا لەکوشتن و لەناوبردنی خەڵکی کوردستان بەردەوامن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی رژێم هیچکات باوەڕی بە رێگاچارەی ئاشتییانەی کێشەکانی لەگەڵ کورد نەبووە،دیسانیش هەرکات هەلومەرجێک هاتووەتە پێش کە بەرپرسانی رژێمی ناچارکردبێ مل بۆ وتووێژ راکێشن، رێبەرانی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کورد پێشوازییان لەم دەرفەتە کردووە و چوونەتە سەر مێزی وتووێژ. بەڵام بەداخەوە دوکتور قاسملوویان لەسەر مێزی وتووێژ لە وییەن شەهید کرد و دوکتور شەرەفکەندی لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کە ئەودەم بۆ لێک کۆکردنەوەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە حەولی دەدا، لە رێستورانی میکۆنۆسی بەڕلین تیرۆر کرد و تیرۆری دەوڵەتییان لە کارنامەی خۆیاندا چەسپاند. لە کردەوەدا دەرکەوتووە کە رژێم تەنیا بە مەبەستی تێپەڕاندنی کات و دۆزینەوەی دەرفەت بۆ زەبر لێدان لە کورد و رێبەرانی جولانەوەی کوردستان خوازیاری وتووێژ بووە. تەنانەت ئەوەی بەڕاشکاوی دەڵێین کە بەرگریی چەکدارانەی کوردستان، شێوازێک بوو، رژێم بە سەر رێکخراوەکانی کوردستانی دا سەپاند و ناچاری کردن بۆ پاراستنی خۆیان و نەتەوەکەیان بەرگریی چەکداریی بکەن، دەنا ئەم شێوازە بژاردەیەک نەبووە کورد بۆخۆی هەڵیبژاردبێ. پێویستە ئەوەش وەبیر بێنینەوە کە تاکتیکی رژێم بۆ کات تێپەڕاندن و لەبنەوەکار کردن، بووەتە سیاسەتی ئەو رژێمە و هەرئێستا لە وتووێژەکانی خۆیدا لەگەڵ ولاتانی ٥ زیادە یەک، هەمان تاکتیک بەکار دێنێ.

هەروەک دەزانن گەلانی ئێران بەرەو بەناو هەڵبژاردنی سەرکۆماری دەچن، سەرکۆمارێک کە دەبێ باوەڕی بە ویلایەتی فەقێ هەبێ، شێعە بێ، پارێزەری قانوونی بنەرەتی ئیسلامیی ئێران بێ. کەواتە کورد و سوننی‌یەکانی ئێران ناتوانن بەربژێریان بۆ ئەم پۆستە هەبێ، لە خۆتان دەپرسم، ئەرێ دەکرێ لە هەڵبژاردنێک دا بەشدار بی کە نوێنەرت لەودا نیە؟ لەوەش سەیرتر ئەوەیە، ژنان کە پێکهێنەری نیوەی هەر کۆمەڵگایەکن، بەپێی قانوون مافی خۆ پاڵاوتنیان بۆ پۆستی سەرکۆماری نیە.
بەسەرنج دان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پێشووتری رژێم، خەڵک باوەڕیان بەوە نیە کە ئەوان دەتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و دەزانن کە هەڵبژاردن '' موهەندیسی'' کراوەو پێش ئەوەی خەڵک دەنگ بدەن، رژێم ساغ بۆتەوە کێ بکاتە سەرکۆمار. دیارە ئەو دیاردە دزێوە، تەنانەت هەڵبژاردنی شوڕای شار و گوندەکانیشی گرتووەتەوەو لەوانیشدا تەنیا کەسانێک دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن کە جێی متمانەی رژێمن نەک خەڵک! هەربۆیە بە ئاشکرا بوونی زیاتری ئەو سیاسەتەی رێژیم رەنگە ئەو جارەیان وەک جاری پێشوو خەڵک زۆر بایەخ بۆ ئاکامی هەڵبژاردن دانەنێ و لە ترسی سەرکوتی لە رادە بەدر نەیەنە سەر شەقامەکان.
سەبارەت بە ستراتێژی و هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کورد لەسەر هەڵبژاردن بەداخەوە دەبێ دان بەو راستییەدا بنێن کە ئەمجاریش وەک جاران، ئۆپۆزیسیۆن پەرتەوازەیە و هەر لایەنەی بە جیا هەڵوێستی گرتووە. بەڵام لەسەر یەک هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن ئاماژەیە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن.
لەسەر هاوکاری هێزەەکانی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بەداخەوە دەبێ ئەوەی بڵێین کە بەشێکی بەرچاوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی روانگە و بۆچوونیان لەسەر کورد، لە رژێم زۆر جیاوازتر نیە، هەردووک لا وەک یەک حاشا لە فرەنەتەوە بوونی ئێران دەکەن و ئەفسانەی ''میللەتی ئێران''یان لێ بۆتە راستی. ئەوە لە کاتێکدایە لە ئێراندا لانیکەم ٦ نەتەوەی سەرەکی دەژین کە بریتین لە کورد،ئازەری، تورکمان، فارس، بەلووچ و عەرەب.
سەبارەت بە مافی کەمینەکان لە ئێراندا، پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوەش بکەین، بە پێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێمەی کورد خوازیاری مافی وەک یەک بۆ هەموو نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێرانین و کاتێک سۆز و خۆشەویستیمان بۆ وڵاتێک دەبێ کە لەو وڵاتەدا مافە نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانمان پارێزروا بن و ئەگەر بە پێچەوانەوە بێ بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی تێکۆشان، خەباتمان درێژەی دەبێ. دەبێ لە ئێرانی داهاتوودا دەستەواژەی، ''زمانی رەسمی''،'' دینی رەسمی'' و... نابێ بمێنێ و هەموو زمان و دینەکانی نەتەوەکانی ئێران رەسمین و ئەو کەسانەی باوڕیان بە هیچ دینێکیش نیە، دەبێ مافیان وەک ئەوانی دیکە پارێزراو بێ.
سەبارەت بە هەڵوێستی کوردەکان لەمەڕ بەناو هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرکۆماری لە ئێراند، لەسەر یەک کوردەکان بەرەو بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەچن و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نە حاکمییەت و نە هیچکام لە کاندیدەکانی پۆستی سەرکۆماری، بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێراندا پێ نیە و باوەڕیشیان پێی نیە و ئەگەر باسیشی بکەن زیاتر پروپاگەندەی هەڵبژاردنە و بەس. ئەوەی راستی بێ کورد بۆی گرینگ نیە کێ دەبێ بە سەرکۆمار، ئەوەی بۆ کورد گرینگە بەرنامەی کاندیدەکانی سەرکۆمارییە سەبارەت بە دێموکراسی و مافی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران. بۆ وێنە لە قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا '' ئەسڵی ١٥'' هەیە کە ئیزن بە نەتەوە غەیرە فارسەکان دەدا زمانی خۆیان بەکار بێنن، بەڵام ئەوە ٣٤ ساڵە ئەو ئەسڵە پشتگوێ خراوەو کاری پێناکرێ. لەوەش سەیرتر ئەوەیە لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رێکخراوی وا هەیە، پێی وایە ئەو ئەسڵە ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوە سەرەتای دابەشبوونی ئێرانە!
سەبارەت بە دواین پرسیاری نامەکەتان، دەبێ ئەوەی بڵێین کە بەداخەوە، هەتا ئێستا ئیرادەیەکی جیدی نێونەتەوەیی بۆ زەخت خستنەسەر رژێمی ئیسلامیی ئێران نەدەبیندرا و هەموو هەر بەرژەوەندییەکانیان دەخستە سەروو داخوازییەکانی نەتەوەکانی ئێران کە خوازیاری دێموکراسی و ژیانی شیاوی ئینسانی بوون. ئێوەی سوسیال دێموکرات سەردەمێک باسێکتان هێنایە ئاراوە کە گوایە '' دیالۆگی رەخنەگرانە'' دەتوانێ رێکارێک بێ بۆ ئەوەی رژێمی ئیسلامیی ئێران ئالوگۆڕی بەسەردا بێ، بەڵام ١٥ ساڵ دوای هێنانی ئەم رێکارە ئەوە بۆخۆتان دەبینن، رژێم نەک هەر لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات، تەنانەت لەگەڵ مۆرە سەرکییەکانی خۆشی دەرگای دیالۆگی داخستووە و ئەوانیشی پەڕاوێز خستووە بۆ وێنە میر حوسێنی موسەوی و کەهڕوبی و تەنانەت رەفسەنجانی کە دەستی بە قەرا وان بە خوێنی رۆڵەکانی ئێران سوورە.
بەبڕوای ئێمە باشترین رێکار بۆ ئەوەی نەتەوەکانی ئێران بگەنە ئازادی و دێموکراسی و دنیا لە دڵەراوکێی تیرۆریزم و بێ ئەمنییەتی بێتەدەرێ، ئەوەیە رژێمی ئیسلامیی ئێران لەسەر کار نەمێنێ. بێشک بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی جیهان دەتوانن یارمەتی گەلانی ئێران بدەن و تەنیا پێویستە واز لە بەرژەوەندیی کاتیی خۆیان بێنن و چاو ببڕنە بەرژەوەندیی درێژخایەن، کە ئەویش یارمەتیدانی نەتەوەکانی ئێرانە بۆ دامەزراندن و هێنانە ئارای حکومەتێکی پابەند بە دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش پێویستە، لە هەمانکاتدا کە بۆ وەیهێنانی دیموکڕاسی لە ئێران هەوڵ دەدا، دان بنێ بە بوونی کێشەیەک بە ناوی کیشەی نەتەوەکانی ئێران و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو . بەڕێزان بۆ چارەسەری هەموو کێشەیەک پێویستە سەرەتا دان بەو کێشەیەدا بنرێ و پاشان رێکارو چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، کە بەداخەوە تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هەموو شێوەیەک خۆ لە باسەکە دەبوێرێ و بە جیدی نایکاتە بەرنامەی کاری خۆی. پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەلومەرجی نوێ و ئاڵووگۆڕەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، ئەوەندە خێران کە ئەگەر لە سات و کاتی گونجاودا بەرەوپیری گۆڕانکارییەکان نەچین، بێشک ئاڵووگۆڕی پێشبینی نەکراو چاوەڕوانی داهاتووی ئێران دەکەن. لەراستیدا ئەوانەی بەناوی دڵسۆزی بۆ ئێران و تەواویەتی عەرزیی ئێران سینگ دەکوتن، باشترە لەوە تێبگەن، پاراستنی ئەو جوغرافیایە، بە دەستەبەر کردنی ویستی نەتەوەکانی ئێران باشتر دەپارێزرێ نەک بە نکۆڵی و حاشا لێکردنی.
ئەم رێکخراوانە بەشداری سمینارەکە بوون و بەو ریزبەندییەی خوارەوە رووانگەی خۆیان باسکرد:
١ – حدکا
٢ – حدک
٣ – کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران
٤ - کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٥ – پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٦ – رێکخراوی فیداییانی خەڵکی ئێران( ئەکسەرییەت)
٧ – رێکخراوی دێموکراتیکی یارسان
٨ – کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ
لە حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئێد ئەم بەڕێزانە بەشدار بوون:
'' کلاس نوردمارک'' بەرپرسی رایەلەی کوردی لە پارڵمانی سوئێد، خاتوو'' کارینا هێگ'' بەرپرسی کۆمیسیۆنی پێوەندییە دەرەکییەکانی حیزبی سوسیال دێموکرات، خاتوو'' شادی حەیدەری'' و خاتوو '' ئانا لێنا سۆرێن سۆن''.
پێویست بە ئاماژەیە کە هەیئەتی حدک کە لەم سمینارەدا بەشدارییان کرد بریتی بوو لە بەڕێزان: محمەمەدی ئیسماعیلی، عەزیز سەیدنیژادیان، کەماڵ گروێسی، ئارێز رەمەزانی.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بۆ بینینی وێنەکان بە قەبارەی گەورە کرتە لە سەر ئالبۆمەکە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1071 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact