. . . .


2 Jun 2013

بەرێوەچوونی سمینارێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان لە نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی ١شەممە، رێکەوتی ٢ی مانگی ٦ی ٢٠١٣ی زایینی، بەرامبەر بە ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە لایەن یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، کۆمیتەی نۆروێژ و بە هاوکاری کۆمیتەی دەرەوەی یەکێتی ناوبراو، سمینارێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان بەرێوەچوو.
سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب کە لە لایەن کۆری سروودی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا و چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سمینارەکە لە لایەن خوشکە بەفرین رۆستەمی وەک پێشکەشکار، بە چەند وشەیەک دەستی بە کارەکانی کرد.
پاشان خاتوو فەوزیە ئەحمەدی وەک کۆنترین ئەندامی ی.ژ.د.ک. سمینارەکەی کردەوە، هەربەدوای ئەودا پەیامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو مەحبوبە رەحیمی بەرپرسی رێکخراوی ناوبراو پێشکەش کرا. لە بەشێکی پەیامەکەیدا هاتبوو: دیارە زیاتر لە 24 ساڵ به‌سه‌ر راگه‌یاندنی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی منداڵان دا تێ ده‌په‌ڕێ و چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش له‌ زۆر شوێنی دوونیادا بەتایبەت وڵاتی ئێران ، بارودۆخی منداڵان تا دێت‌ خراپتر ده‌بێت و ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ به‌ هۆی فەقر و بێ ئیمکاناتییەوە ژیانیان دژوارتر دەبێ له‌ زیادبووندایه‌ .
رەحیمی ئیشارەی بەوە کرد کە ئێستاش منداڵانێکی زۆر لە دوونیادا هەن که‌ ته‌مه‌نیان له‌ ژێر١٨‌ ساڵی دایە کە بە زۆری چه‌کیان پێ هه‌ڵگرتوون و بۆ شه‌ڕ ده‌یان نێرنە بەرەکانی شەر، تا ئه‌مڕۆش به‌ هۆی هه‌ژاری و نه‌بوونییه‌وه‌ به‌ ملیۆنها منداڵ به‌ ناچاری کار ده‌که‌ن و زۆربه‌یان له‌ خوێندن بێبەش کراون، ئه‌م منداڵانه‌ تامی خۆشی و شادی نازانن و لە‌ بەدبەختیدا ده‌ژین .
ئینجا بەرێز شوعلە قادری بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەسەر وەزعی مناڵانی کوردستان پێشکەش کرد، خاتوو قادری ئیشارەی بەوە کرد کە یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە وێدا ژیانی بەشێکی زۆر لە منداڵان لەو پەڕی خەراپی دایە وڵاتی ئێرانە. له‌و وڵاتەدا ‌ رۆژانه‌ ده‌یان رووداوی ناخۆش و دڵته‌زێن له‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ منداڵاندا روو دەدە‌ن، که‌چی ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییه‌کی له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ مناڵان دا له‌ سه‌ر شان نه‌بێ، ئەسڵەن به‌ ئه‌رکی خۆی نازانێ کە لایان لێ بکاته‌وه‌ و زۆر به‌ هاسانی گویی خۆیان لێ داخنێ وخۆیان لێ ده‌رباز ده‌کا، کاتێک کە باس لە منداڵ دەکرێ دەبێ وەک ئیسانێک باسی لێ بکرێ و چاوی لێبکری. ئینسانێک کە پێوێستی بە پێڕاگەیشتنی زۆرترو چاوەدێری چاکتر هەیە. چونکە داهاتوو لە دەست وان دایە.

برگەیەکی تری سمینارەکە تەرخانکرا بۆ بەرێز عوسمان عەبدووڵڵاهی کە باسێکی لەسەر بارودۆخی منداڵان لە ئێران وهەروەها هەڵسەنگاندنێک لە نێوان بەندەکانی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان و یاساکانی کۆمارەی ئیسلامی دا، هەروەها ئاماژەی بە هێندیک ئامار لەسەر بارودۆخی منداڵان لە ئێراندا کرد.
لەدرێژەی باسەکەیدا بەرێز عەبدووڵڵاهی باسی لە حیزبی دێموکڕات و کار بۆ منداڵانی ناو شۆرش کرد کە ئاوڕ دانەوەیەک بوو لەو کارانەی ئەو حیزبە بۆ منداڵان کردوونی. ئەوە جگە لەوەی کە بە چاوێکی ڕخنەگرانەوە کەمکووڕییەکانیشی هێنایە بەرباس و چەندین خاڵی خستەڕوو کە دەکرێ لە داهاتوو دا بۆ باشتر کردنی ڕەوشی منداڵان بگیرێنە بەرچاو. لە کۆتایی باسەکەدا بەرێزیان ئاوڕێکی لە کارەکانی ناوەندی منداڵپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان دایەوە و بەبایخەوە کارەکانی هەڵسەنگاند.
دوایین کۆرگێری سمینارەکە بەرێز کۆستان عومەرزادە لە باسێکی تێروتەسەڵدا لەسەر منداڵ و پەروەردەو کاریگەری شەڕەکان و هەروەها چەمکی منداڵ و لایەنەکانی پەروەدەو ئەو دەستەواژانەی کە لە لایەن دایک و باوکان بەکاردێن کە دەتوانی ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر هۆش و ئایندەی مندال هەبێ. خاتوو کوێستان لە درێژەی باسەکەدا ئاماژەی بە یاسای داڵدەدانی منداڵان کرد و هێندێ لە بەندەکانی جارنامەی مافی منداڵی هێنایە بەر باس. لە کۆتایی باسەکەیدا ئیشارەی بە ئەو لایەنانە کە لە کۆمەڵگادا لەسەر ئایندەو پەروەدەی منداڵان بەرپرسن کرد.

شایانی باسە کە گروپی هەڵپەرکێی یەکێتی لاوان بە سروودو هەڵپەرکێ بەشداریان لە رۆژی خۆیان، واتە رۆژی جیهانی مناڵان کرد.
کۆتایی سمینارەکە بۆ پرسیار و تێبینی ئامادەبووان تەرخان کرا کە بووە هۆی دەوڵەمەند کردنی زیاتر باسی کۆڕگێڕەکان.
بەشی کۆتایی سمینارەکە تەرخان کرا بۆ دانی دیاری کۆمیتەی نۆروێژی یەکێتی ژنان بە کۆری سروود و هەڵپەرکێی یەکێتی لاوان.
پێویست بە ئاماژەکردنە کە کۆمیتەی بەرێوەبەری دەرەوەی وڵاتی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان هەر ساڵێ لە وڵاتێک چاڵاکی بەرێوە دەبا.
یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، کۆمیتەی نۆروێژ
02.06.2013
وێنەگر: شاهین حاجی ئەحمەدی
بۆ بینینی وێنەکان بە قەبارەی گەورە کرتە لە سەر ئالبوومەکە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1005 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact