. . . .


21 Apr 2013

بە بەشداری کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حدک، سمینارێکی بەرینی تەشکیلاتی بۆ


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ئاپریلی ٢٠١٣ی زایینی، بە بەشداری بەشیکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید و لە ژێر چاوەدێری کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب، کۆبوونەوەیەکی سیاسیی- تەشکیلاتی لە شاری ئۆرێبرو پێک هات.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەرەقیب و یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلەکەمان دەستی پێ کرد. پاشان بەڕیز کاک نەبەز عەلیدووست بەپرسی بەشی تەشکیلاتی کومیتەی سوید،ی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پاش بە خێر هێنانی هاوڕێیانی حیزبی، باسێکی کورتی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوون و باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە پێشکەش کرد.
لە بڕگەی یەکەم دا بەرێز مامۆستا سیروان حەفیدی وەک یەکێک لە کادرە تێکۆشەرە دێرینەکانی حیزب و بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ئورێبرۆی حیزب بە ڕەسمی کۆبوونەوەکەی کردەوە و چەند وتەیەکی سەبارەت بە سمینارەکە و ئەرکی ئەندامانی حیزب پێشکەش کرد.
ئەوجارهاوڕێ حەمەرەسووڵ کەریمی، ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەرپرسی کومیتەی سوید، مەبەستی سمینار و کۆبوونەوەکەی بۆ هاورێیانی بەشداربوو باس کرد و هاوکاتیش ئاوڕێکی کورتی لە چۆنیەتی کارو ئەرکی کۆمیسیۆنەکانی سەر بە کۆمیتەی سوئێد دایەوە و مافی ئەندام و ئەرکی ئەندامی لە پەیوەندی لەگەڵ کاری حیزبیدا باس کرد و ئاماژەی بە چەند و چۆنی کاری تەشکیلاتی و پەیوەندی‌یە سیاسی و دیپلۆماسی‌یەکان لە وڵاتی سوئێد کرد.
دوای بەدوای ئەو بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومتیەی دەرەوەی وڵاتی حیزب وتەیەکی پڕ ناوەرۆکی سەبارەت بە جیهان، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و جێگە و پێگەی کورد لە ستراتیژی زلهێزەکان جیهانییەکان لە ناوچەکە دا پێشکەش کرد. بەڕێز شەڵماشی لە باسەکەی دا بە ئاماژە بە ئاڵوگۆڕەکانی چەند ساڵی رابردوو لە ناوچەکە دا، باسی لەو فاکتەرە گرینگانە کرد کە لە داهاتوو دا دەبنە هۆکار بۆ هاتنە بەرباسی مەسەلەی کورد و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەی بەپەلە بۆ ئەو کێشەیە کە سەدان ساڵە بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایش و هێورایەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاشان بەڕێز شەڵماشی لە باسەکەی دا ئاوڕێکی لە هەوڵ و تێکۆشانی چەندین ساڵەی کورد بۆ بە دەست هێنانی مافە ڕەواکانی و دژکردەوەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دایەوە و وتی: بە داخەوە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و تەنانەت زۆر وڵاتی دەسەلات بە دستی جیهانیش لە جیات دەستبەر کردنی ماف و داواکارییەکانی کورد، سەدان سالە ئەو گەلە ڕوبەڕووی توندرین ئەشکەنجە و ئازار و کوشتن و دەربەدری دەکەنەوە، هەر بۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە کورد هەموو پێکەوە هەوڵی ناساندنی ئەو دواکارییانە بە گەلانی دیکەی جیهان و کاناڵڕیزە کردنی داواکارییەکانی بە ڕێگەی گونجاوەوە بدەن.
لە بەشیکی دیکە باسەکە دا بەڕیز شەڵماشی ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی حیزب و ئەو هەوڵانە دا کە بۆ لێک نزیکردنەوەی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان لە ماوەی ڕابردوو دا دراوە و یەکگرتن و کۆدەنگی گەلی کوردی بە گرینگترین هەنگاو بۆ ڕزگاری نەتەوەیی زانیی. بەڕێز شەڵماشی ئاماژەی بە مەقوولەی پلۆرالیزمی سیاسی لە مەیدانی تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کرد کە وەک یەکێک لە درووشمە ستراتیژییەکانی حیزب هەموو کاتێک گرنگییەکی زۆری پێدراوە و لە ئێستاش دا بە بایەخەوە دەروانێتە ئەو پرسە. حیزبی دیموکرات ئیمانێکی قووڵی بە درووست بوونی حیزب و ڕێکخراوەی دیکە لە مەیدانی تێکۆشانی سیاسی کوردستان دا هەیە و هەر لەو سۆنگەیەوە چی دیکە خۆی بە تەنیا بە ڕێبەر و ڕێکخەری شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا نازانێ و هەوڵ دەدات بە هاوکاری هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان مەیدانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماف و ئازادییەکانی گەلەکەمان دەستبەر بکات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە دا بەڕێز کاک سەعید بیگزادە ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، باسێکی ورد و تێر و تەسەلی لە سەر بارودۆخی تەشکیلاتی حیزب لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و ئاماژەی بە ئاڵ‌وگۆرەکانی دەوروبەری حیزب کرد و داوای لە ئەندامانی حیزب کرد کە بۆ هەرچی چالاکتر کردنی ڕیزەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان هاوکاری کۆمیسیۆن بکەن و کارو ئەرکی حیزبی وەئەستۆی خۆیان بگرن. بەرێز بیگزادە لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانی ئاماژەی بە مافی ئەندام و ئەرکی ئەندام و پێرەوی نێوخۆی حیزب کرد و کۆمەڵێک باسی پەیوەندیدار بە مەسەلەی تەشکیلاتی هێنانە گۆڕ بۆ ئەوەی ئەندامانی بەشدار لە سمیناردا بە دەربرینی بیروبۆچوونی خۆیان تیشک بخەنە سەر مەسەلە تەشکیلاتی‌یەکان و هەروەها بە تێ‌بینی و ڕەخنە لە سەر کەم و کوری‌یەکان چارەسەری گیروگرفتەکان بکرێ.
بە دوای ئەو دا نۆبە گەشتە ئەندامانی حیزب کە بێن و لە سەر تریبوون، ڕخنە، گلەیی و گازندە و هەروها پێشنیار و ڕێنوێنییەکانی خۆیان بۆ هەرچی باشتر و تۆکمەتر کردنی ڕێزەکانی تەشکیلاتی حیزب لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەروها هاریکاری ڕێبەڕی و ئۆرگانە حیزبییەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان پێشکەش بکەن. لەو بەشەش دا کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە هاوڕێیانی حیزبی بە درێژی قسە و باسیان کرد و راوبۆچوونی خۆیان زۆر بە کراوەیی خستە ڕوو و بۆ کەم کردنەوەی کەم‌وکوری‌یەکان چەندین پێشنیاری بە کەڵكیان بۆ بەشی تەشکیلات و ڕێبەری حیزب خستنە بەردەم هاورێیانی کۆمیسیۆنی تەشکیلات.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە دەستپێکی وتەی هاوڕێیان دا تێکۆشەری دێرین و یادگاری کۆماری کوردستان مامە قالە شۆڕش، هۆنراوەیەکی پڕ ناوەرۆکی سەبارەت بە یەکگرتن و تێکۆشان بۆ بە دەست هێنانی مافی گەلەکەمان پێشکەشی ئامدە بووان کرد کە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
لە کۆتایی دا و پاش زیاتر لە ١٢ کاتژمێر کۆبوونەوەی بەردەوام، بە وڵامی بەشێک لە پرسایەرەکان لە لایەن هاوڕێێانی ڕێبەرییەوە، کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ هات.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید
بۆ بینینی وێنەکان بە قەبارەی گەورە کرتە لە سەر ئالبوومەکە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1038 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact