. . . .


23 Mar 2013

به‌ڕێوه‌چوونی جێژنی نه‌ورۆز له پاڕلمانی ئوروپا


ناوەندی هەواڵ- بلژیک: ئێواره‌ی رۆژی ٢١ی مارس واته یه‌که‌م رۆژی به‌هار له لایه‌ن گروپی سەوزە‌کانی پاڕڵمانی ئوروپاوه جێژنی نه‌ورۆز به‌شکۆوه به‌ڕێوه‌چوو. له‌م جێژنه‌دا‌ نزیک ٣٠٠ که‌س له نه‌ته‌وه‌کانی کورد، فارس، تورکی ئازه‌ری، لور، گیله‌ک، تاجیک، ئه‌فغانی، ئازه‌ری، ، تورکمان و بلژیکی له وڵاتانی جۆراوجۆری ئوروپا و ئامریکاوه تێیدا به‌شدار بوون.
سه‌ره‌تا به دوای به‌خێرهاتنکردنی میوانان له لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ری به‌رنامه‌که‌، جێژنی نه‌ورۆز له پاڕڵمانی ئوروپا له لایه‌ن خانمی ئیزابێل دوڕانت جێگری سه‌رۆکی پاڕڵمانی ئوروپاوه کرایه‌وه و دواتر شۆوی جل و به‌رگی ژنانی نه‌ته‌وه‌کانی جۆراوجۆری باوه‌ڕمه‌ند به نه‌ورۆز به‌ڕێوه‌چوو. ئینجا کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی ئێرانی و ئوروپی وتاریان پێشکه‌ش کرد. هاورێ کاوه ئاهه‌نگه‌ری ئه‌ندامی کۆمیته‌ ناوه‌ندی له‌ لایه‌ن کوره‌کانه‌وه وتارێکی له‌سه‌ر نه‌ورۆز به سێ زمانی کوردی، ئینگلیسی و فارسی پێشکه‌ش کرد. هاورێ ئاهه‌نگه‌ریی وێڕای پیرۆزبایی جێژنی نه‌ورۆز له هۆگرانی و باوه‌ڕمه‌ندانی ئەو جێژنە دێرینەیە، ئاماژه‌ی به گرینگی ئاگر له ژیان و کولتوری کورد و ته‌کیدی له سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ورۆز له دوو بواری سروشتی و سیاسیدا کرد و ڕایگه‌یاند که نه‌ورۆز و ئاگری نه‌ورۆز نزیک به دووسه‌د ساڵه بۆته هێما و هانده‌ر بۆ خه‌بات و تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ گه‌یشتن به ئازادی، دێموکراسی و ئاشتی.
به دوای به‌شی وتاره‌کان، به‌شی مۆسیقا و هه‌لپه‌ڕکی و سه‌مای نه‌ته‌وه‌کانی به‌شدار له جێژنه‌که‌دا به‌ڕێوه‌ چوو.که گروپێکی هه‌ڵپه‌ڕکێی باکووری کوردستان به پێشکەش کردنی چه‌ند جۆر هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی ڕێوڕەسمەکه‌یان زیاتر ڕازانده‌وه.
شایانی باسه که جێژنی نه‌ورۆز له پاڕلمانی ئوروپا له بروکسێل له کاتژمێر ٥ی ئێواره هه‌تا کاژمێر ٧ی شه‌و درێژەی کێشا.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی بلژیک

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1226 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact