. . . .


19 Mar 2013

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی، بۆ بەشێک لە ئەندامانی


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ١٧ی مارس کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سیاسی- ته‌شکیلاتی له‌ ژێر ناوی یادی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی کوردستان بۆ ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ شاری بێرمینگهامی وڵاتی بریتانیا پێکهات.
له‌ سه‌ره‌تا دا هاورێ ڕزگار قادرزاده‌ به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزب له‌ وڵاتی بریتانیا ده‌ستپێکی کۆبوونه‌وه‌که‌ی به‌ خوله‌کێک بێده‌نگی و هه‌ستانه‌ سه‌رپێ بۆ یادی شه‌هیدانی گه‌له‌که‌مان ڕاگه‌یاندوو پاشان وێرای به‌خیرهێنانی به‌رێز کاک سه‌عید بیگزاده‌ به‌رپرسی گشتی ته‌شکیلاتی حدک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ولات، ڕیزبه‌ندی به‌رنامه‌کانی بۆ به‌شداربووان باس کرد.
دواتر هاورێ فه‌رزاد حیکمه‌ت به‌رپرسی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ بریتانیا سپاس و پێزانینی خۆی بۆ سه‌رجه‌م به‌شداربووان ده‌ربڕی و باسێکی کورتی له‌ سه‌ر ڕووداو و باس و خواسته‌کان له‌ ناو حیزب و ده‌وروبه‌ر کرد وئاماژه‌ی به‌ گرینگی ئه‌م دانیشتنانه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی و ڕێکخستنی کار و ئه‌رکی حیزبی کرد. پاشان بانگهێشتی ڕێزدار بیگزاده‌ی کرد تا وته‌کانی ده‌ست پێ بکات.
کاک سه‌عید وێرای خۆشحاڵی ده‌ربرینی خۆی بۆ دووباره‌ چاوپێکه‌وتنه‌وه‌ی به‌ هاورێیانی حیزبی له‌ وڵاتی بریتانیا، پێشه‌کی باسه‌که‌ی به‌ یادکردنه‌وه‌ له‌ 25 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری شه‌هیدانی هه‌له‌بجه‌ کرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی بە بێ ده‌ره‌تانی و بێ که‌سی کورد له‌و سه‌رده‌م کرد و ووتی که‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م کاره‌ساته‌ نامرۆڤایه‌تی‌یه‌ وه‌ک پێویست نه‌گوازراوەتەوە‌ بۆ ڕای گشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕاده‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ژینۆسایده‌ی ده‌رحه‌ق به‌ میلله‌تی کورد هێنده‌ی تێداچوونی تیمێکی فوتباڵ له‌ وڵاتی ئیسرائیل یا ڕووداوێکی سێڵاو له‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو. به‌رێزیان پێداگری له‌ سه‌ر هاوده‌نگی و هاوخه‌باتی کوردی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان کرد و گرتنه‌به‌ری به‌رخۆدانێکی برایانه‌و سه‌رده‌میانه‌ی به‌ هه‌وێنی وه‌دیهاتنی ویست و داخوازییه‌کانی گه‌له‌که‌مان زانی. باسی کاری دیپلۆماسی و دانیشتنه‌کانی نوینه‌رانی حیزب له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ تەوەرێکی دیکەی باسەکەی بەڕێزیان بوو و وتی: له‌ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کان که‌ڵکی پێویست وه‌ر ده‌گیردرێت بۆ ناساندنی ئاوێنه‌ی مێژووی کورد و توانا و کاریگه‌ری کورد له‌ ئێستا و داهاتوو دا و هیوای خواست کە ئەم سەدەیە سەدی گەشتنی کورد بێت بە ئامانج و ئاواتەکانی. هه‌ماهه‌نگی و یه‌ک هه‌ڵوێستی هێزو لایه‌نه‌ کوردییه‌کانی به‌ ره‌مزی به‌رخۆدان و سه‌رکه‌وتن دا نا. هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌م باسه‌ دا داوای له‌ هاورێیانی به‌شی راگه‌یاندن کرد که‌ ناوی کۆبوونه‌وه‌که‌ بکرێت به‌ یادی شه‌هیدانی هه‌له‌بجه‌ی کوردستان.
ئینجا بابه‌تێکی گشتی له‌ ژێر دوو ته‌وه‌ری سیاسی و ده‌روونی دا هێنایه‌ به‌ر باس و هه‌ر وه‌ک خۆی ئیشاره‌ی پێدا کردنه‌وه‌ی ده‌رگای باسه‌کان بوو که‌ به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی حیزب بتواندرێ پێویستی‌یه‌کان ده‌ستنیشان بکه‌ن و باس و راوێژیان له‌ دانیشتنه‌که‌ دا بۆ بکردرێت. بەڕێزیان لە سەرەتای باسەکەی دا ڕاپۆرتێکی لە کاروچالاکی بەشی پەیوەندییەکانی حدک لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و هیوا خواست کە هەم حیزبی ئێمە و هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بتوانن پێش هاتنە پێشی هەرچەشنە ئاڵووگۆڕێک لە ئێراندا، لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سەرانسەرییەکاندا بگەنە سیغەیەک کە ماف و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە داهاتوو دا مسووگەر بکات.
بەڕێز بیگزادە هیوای خواست کە ئەندامانی حیزب سەرەڕای کاری زیاتر و هەوڵدانی زیاتر بۆ بردنە پێشی سیاسەت و ڕاسپاردە و ئەرک و کارە حیزبییەکان، هاوکات ڕخنە و پێشنیارەکانیان بەرەوڕووی ڕێبەری حیزب بکەنەوە و ببنە هاریکارێکی باش بۆ ئەوەی هەموو پێکەوە لە ئاست ویست و داواکاری گەلەکەمان و ئەو دۆخە هەستیارەی ئیستا دا بین کە دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت.
به‌شداری کردنی چالاکانه‌ی به‌شێکی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی بەشدار له‌ باسه‌کان دا و به‌ سەرنج و تێ‌بینیی‌یه‌کانیان کەشووهەوایەکی زۆر هیوابه‌خشیان دا به‌ کۆبوونه‌وه‌که‌.
ئەو سمینارە دوای 4 کاتژمێر کاری بەردەوام کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێنا.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1064 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact