. . . .


8 Mar 2013

چاوپێکەوتنی نێوان هەیئەتێکی حدک و ٣ پارلەمانتاری حیزبی سوسیال دیموک


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی مارسی ٢٠١٣ کاتژمێر ٩ی بەیانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سێ پاڕلمانتاری حیزبی سوسیال‌دێموکراتی سوئێد لە پاڕلمانی ئەو وڵاتە بەرێوەچوو.
لەو دیدارەدا کە بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئێد و لەسەرداوای ئەوان بەڕێوەچوو، زۆر بەگەرمی لە لایەن هەیئەتی خانەخوێوە پێشوازیان لێکرا.
لە ماوەی سەعات‌و نیوێکی دیدارەکەدا، پاڕلمانتارەکانی حیزبی سوسیال‌دێموکرات کە بریتی بوون لە بەڕێزان، خاتوو: '' ئانا لێنا سۆرێنسۆن'' خاتوو : '' شادیە حەیدەری'' و بەرێز: ئارهێ حەمەدانکا'' کە هاوکات ئەندامی رایەڵەی کوردیی پاڕلمانی سوئێدیشن، گەلێک پرسیاریان لەسەر وەزعی کورد بە گشتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی و باقی حیزبە کوردستانیەکان و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پێوەندییان لەگەڵ حدک، ئاڕاستەی هەیئەتی حیزبی کرد و لە هەموو بوارەکاندا هەیئەتی حیزب کە بریتی بوو لە کەسایەتی ناسراوی نێوجوڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان و تێکۆشەری دێرینی ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرێز کاک حەسەنی ڕەستگار و کاک ئارێز ڕەمەزانی کادری پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی سوئێد، وەڵامیان درایەوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێز حەسەن ڕەستگار سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی‌مرۆڤ لە کوردستان هەروەها چەوسانەوەی نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ئێران لە لایەن رژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە قسە و باسی کرد و نیگەرانیی حیزبی لەو پەیوەندییە دا بە وەفدی سوسیال دێموکراتەکانی سوید گەیاند.
لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا بەرێز رەستگار، ئاماژەی بە ئاژاوەنانەوەی رژێمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و سوریە بە تایبەتی کرد. لە درێژەی وتەکانی دا کاک حەسەن داوای کرد کە لە هەل و مەرجی ئێستا دا کە خەباتی ئازادیخوازانە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە لە هەموو بەشەکان بە گوێرەی توانا بەڕێوەدەبرێ و بەرەو پێش چووە، کوردەکان زۆرتر پێویستیان بە پاڵپشتی و یارمەتی بنەماڵەی گەورەی سوسیال‌دێموکراتەکان و کۆڕ و کۆمەڵی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی نێونەتەوەیی هەیە.
لەو دیدارەدا هەیئەتی حیزب بانگهێشتی ئەو ئەندام پاڕلمانتارانە و لە ڕێگەی ئەوانێشەوە هاوکارەکانیان کرد کە لە سەفەری خۆیاندا بۆ کوردستان، سەردانی بنکەی دفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەن و ئەوانیش رایانگەیاند کە بە پێی دەرفەت، ئەم کارە دەکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا پاڕلمانتارانی حیزبی سوسیال‌دێموکراتی سوئێد خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی کە لە زمان و سەرنجی کەسایەتییەکی بە ئەزموونی بزووتنەوەی کوردەوە، گوێبیستی کێشەکانی کورد لە هەموو کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بوون.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید
hdk-s-1.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 954 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact