. . . .


2 Mar 2013

به‌شداری هه‌یئه‌تی حدک له‌ کۆبونه‌وه‌ی گه‌وره‌ی حیزبی سۆسیا??


به‌شداری هه‌یئه‌تی حێزب له‌ کۆبونه‌وه‌ی گه‌وره‌ی حیزبی سۆسیال دێموکراتی هوله‌ند له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست
له‌ سه‌ر بانگهێشتنی سکرتێری به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی حیزبی سۆسیال دێموکڕاتی هوله‌ند، هه‌یئه‌تێک له‌ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ، به‌ سه‌رپه‌رستی مسته‌فا شڵماشی به‌رپرسی کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌شداری شۆڕش سوڵتانی به‌رپرسی به‌شی ته‌شکیلات له‌ کومیته‌ی هوله‌ند، به‌شداریان کرد له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی به‌رین دا که‌ له‌سه‌ر پرسه‌ گرنگه‌ کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کە له‌ لایه‌ن حێزبی سۆسیال دێموکڕاتی هوله‌نده‌وه‌ ڕێکخرابوو.
باسه‌کانی ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ به‌ قسه‌کانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هوله‌ند به‌ڕێز فڕانس تیمه‌رمانس ده‌ستی پێکرد و به‌ قسه‌کانی ڕێبه‌ری ئه‌و حیزبه‌ به‌ڕێز دیده‌ریک سامسۆم کۆتایی هات ودوو وورک شۆپیشی له‌ خۆ گرتبوو که‌ باسه‌کانی ئه‌و ۆرک شۆپانه‌ بیتی بوون له‌ :
شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ سورییه‌، داهاتوی کورده‌کان له‌ عێڕاق، تورکییه‌ وه‌ک زلهێزێکی ناوچه‌یی تازه‌، ئیسڕائیل و فه‌له‌ستین به‌ره‌و ناسینی دوو ده‌وڵه‌ت، ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌تۆمی و هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگای نێو نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌نجندای گه‌شه‌ کردنی میسر و تونس .
ئه‌و دوو ورک شۆپه‌ به‌سه‌ر چه‌ند پانێلێک دا دابه‌ش کرابوون و به‌ پێی باسه‌کانی به‌رنامه‌که‌ و له‌ هه‌رکام له‌ ورک شۆپه‌کان دا چه‌ ند باسێک هاوکات هه‌ڵده‌سه‌نگێنران. نوێنه‌رانی حیزب له‌ ورک شۆپی یه‌که‌م و لو پانێلی داهاتوی کورده‌کانی عێڕاق دا به‌شداریان کرد که‌ له‌ لایه‌ن یان مارینۆس ویرسما له‌ حیزبی سۆسیال دێموکراتی هوله‌ند، ئاریه‌ن بێرکفنس له‌ حیزبی سۆسیال دێموکڕاتی هوله‌ند، به‌ختیار به‌کر نوێنه‌ری یه‌کییه‌تی نیشتمانی کوردستان و کاوه‌ حه‌سه‌ن نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چو. هه‌رکام له‌و به‌ڕێزانه‌ کاتێکیان پێ درابوو که‌ بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ داهاتوی باشوری کوردستان بڵێن و به‌ دوای ئه‌وان دا به‌شداربووان تێبینی و نه‌زه‌ره‌کانی خۆیان باس ده‌کرد، یا پرسیاریان له‌ پانێل گێڕه‌کان ده‌کرد. له‌و به‌شه‌ دا به‌رپرسی کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب کاک مسته‌فا شڵماشی تیشکی خسته‌ سه‌ر هێندێک مه‌سه‌له‌ی گرنگ که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ داهاتوی گه‌لی کورد له‌ باشووری کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. بەڕێز شەڵماشی ئاماژە‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌زمونی کورد له‌ تاقی کردنه‌وه‌ی دێموکڕاسی دا ئه‌زمونێکی ساوایه‌، به‌ڵام‌ به‌ پێی هه‌ل و مه‌رجی ئه‌و ناوچه‌یه‌ سه‌رکه‌وتووە، هه‌رچه‌ند که‌م و کوڕیشی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئیشاره‌ی به‌وه‌ کرد که‌ له‌ باسه‌کان دا زۆر مه‌سه‌له‌ی وورد دێنه‌ گۆڕێ، که‌چی فاکتۆری گرنگی وه‌ک جێ به‌جێ کردنی مادده‌ی 149ی ده‌ستوری عێڕاق بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان، کێشه‌کانی نێوان حکومه‌تی عێڕاق و حکومه‌تی هه‌رێم و مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ بیر ده‌کرێن. هه‌رله‌و کاته‌دا ئیشاره‌یه‌ک به‌وه‌ ناکرێ که‌ ئه‌گه‌ر کورد و حکومه‌تی عێڕاق له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی جێکای ناکۆکی ڕێک نه‌که‌ون چ ده‌بێ و چۆن پشتیوانی له‌ کورد ده‌کرێ.
له‌ ورک شۆپی دووه‌میش دا نوێنه‌رانی حیزب به‌ شداریان له‌و پانێله‌ دا کرد که‌ ته‌رخان کرابوو بۆ باس له‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگای نێو نه‌ته‌وه‌یی.
به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و پانێله‌ بریتی بوون له‌ نیکۆ سخرایفه‌ر سه‌ناتۆر له‌ حیزبی سۆسیال دێموکڕاتی هوله‌ند ، په‌یمان جه‌عفه‌ری لێکۆڵه‌ر و نوسه‌ری ئێرانی، ئاریه‌ن د ۆڵف دیرێکتۆری ڕادیۆ زه‌مانه‌و مینا سه‌ددادی له‌ ده‌زگای خه‌بەریی شهرزاد نیوز.
لێره‌ش دا ئه‌و چه‌ند به‌ڕێزه‌ نه‌زه‌ر و تێبین خۆیان باس ده‌کرد و به‌ دوای دا به‌شداران نه‌زه‌ری خۆیان ده‌گوت، یا پرسیاریان ده‌کرد. له‌ و به‌شه‌ش دا کاک مسته‌فا شڵماشی به‌رپرسی کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ، باسێکی کورتی سه‌باره‌ت به‌ گرفته‌ بناغه‌ییه‌کانی خه‌ڵکی ئێران کرد. ئه‌و ڕاگه‌یاند که‌ زۆر جێگای تێڕامانه‌ که‌ ته‌نیا باسی هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌تۆمیی ڕژیمی ئێران ده‌کرێ و مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کانی وه‌ک مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌کان، مافی مرۆڤ، ده‌ست تێوه‌ردانه‌کانی ڕژیم له‌ ناوچه‌ و جیهان دا و پشتیوانی ڕژیم له‌ تیڕۆریزم ناکرێ.

شایانی باسه‌ که‌ هه‌یئه‌تی حیزب له‌ کاتی پشودانه‌کان دا چاوی به‌ چه‌ندین که‌سایه‌تی که‌وت و به‌کورتی ئاڵ و گۆڕی بیر و ڕای کرد له‌وانه‌:
دیده‌ریک سامسۆم ڕێبه‌ری حیزبی سۆسیال دێموکڕاتی هوله‌ند، فڕانس تیمه‌رمانس وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی هوله‌ند له‌ حیزبی سۆسیال دێموکڕات، کێرستن مایه‌ر سکرتێری په‌یوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی حیزبی سۆسیال دێموکڕاتی هوله‌ند، نیکۆ سخڕایفه‌ر سه‌ناتۆڕ له‌ حیزبی سۆسیال دێموکڕاتی هوله‌ند، ئاریه‌ن دۆڵف دیریکتۆری ڕادیۆ زه‌مانه‌، به‌ختیار به‌کر نوێنه‌ری یه‌کییه‌تی نیشتمانی کوردستان، کاوه‌ حه‌سه‌ن نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و چه‌ندین که‌سایه‌تی کورد، ئیرانی و هوله‌ندی دیکه‌.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 995 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact