. . . .


1 Mar 2013

لە پارله‌مانی‌ به‌ریتانیا تاوتوێی‌ جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كورد کر??


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: دوێنی پێنجشەممەرێکەوتی 28ی فێوریەی 2013، هاوکات لەگەڵ نزیک بوونەوەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی و کیمیابارانی شاری هەڵبجەدا، په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا دانیشتنێكی‌ تایبه‌تی بۆ تاوتوێكردنی‌ پرسی‌ به‌جینۆساید ناساندنی‌ تاوانی‌ كیمیاباران و ئه‌نفالی‌ كورد لە باشووری کوردستان ئه‌نجامدا. لەو دانیشتنە دا کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارلەمانی بریتانیا بە مەبەستی پشتیوانی لەو کەیسە ئامادە بوون کە بریتی بوون لە: بەرێز خاتو ئان کلود، خاتو مەگ مێن، جێرمی کۆربین، نەدیم زەهاوی، رۆبێرت هاڵفۆن، ئین لوکاس، ئالستەر بورت، ئاغای ئەندرسۆن، ستێفن ماتکالف.
ئەو بەڕێزانە هەریەکەوە لای خۆیەوە بە وردی باسی کەیسی جینۆساید و کیمیابارانی کوردستانیان کرد و بەرنامەی کاری ئەو دانیشتنەیان بۆ باس لەو پرسە دست پێکرد. ئەو دانیشتنەی پارلەمانی بریتانیاش له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئەو هه‌وڵانە دایە کە‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپایی و بەتایبەت ئیسکاندینافیا بۆ به ‌جینۆساید ناساندنی‌ تاوانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه ‌و ئه‌نفال دەستیان پێکردووە و دوای‌ وڵاتی‌ سوید په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا یەکێکی دیکە لەو وڵاتە خاوەن دەسەڵات و بڕیارانەی ئەندامی یەکێتی ئوروپا کەو ئەو پرسە تاوتوێ دەکات. جێگەی باسە کە لە سەر دەستی چەندین کەس لەو پارلەمانتارانە و بە هاریکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاریکاری حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە بریتانیا، ماوەیەکە هەڵمەتێکی واژوو کۆکردنەوە لەو وڵاتە دەستی پێکردووە و وەک لەو دانیشتنەی دوێنی دا ئاشكرا بوو، تاکوو ئێستا نزیکەی ٣٠ هەزار واژوو کۆکراوەتەوە و دەبێ ئەو ڕێژەیە بگاتە ١٠٠ هەزار واژوو، ئەو جار لە لایەن پارلەمانەوە دەبێتە پڕۆژە بڕیار و ڕادەستی حکومەتی بریتانیا دەکرێت بۆ ئەوەی کاری پێبکات.
ئه‌مرۆ ڕۆژێكی‌ مێژوییه‌، له‌كات ژمێر 2 به‌كاتی‌ به‌ریتانیا، داواكارییه‌كه‌مان له‌په‌رله‌مان ده‌خرێته‌ به‌رباس، به‌نیازم به‌شداری‌ و قسه‌ی‌ تایبه‌ت له‌و پرسه‌دا بكه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ ده‌نگی‌ پێویست به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ مێژویی‌ و ئه‌و ناساندنه‌ش ده‌بێته‌ فشارێكی‌ ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا تاو ئه‌و پرسه‌ وه‌ك تاوانی‌ ئه‌نفال و‌ جینۆساید بناسێنێت.
یه‌كێکی دیکە له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان داوای لە حكومه‌تی به‌ریتانیا کرد کە بڕیاری بە زۆرناردنەوەی كورده‌كان بۆ كوردستان ڕاگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی کورد میلەتێکە جینۆساید كراوە و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان و پێویسته‌ هاوكاری بكرێن، هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌ کە ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ ده‌نگی‌ پێویست به‌ده‌ستبهێنێت ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ مێژویی‌ بۆ بریتانیا و پارلمان.
لەم دانیشتنەدا چەندین ئەندام پارلمانتاری دیکەی بریتانیا و هەروەها هەریەکە لەبەڕێزان: ئارام ئەحمەد محمەمەد وەزیری شەهیدان و ئەنفالی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرێز دوکتۆر زریان عوسمان ڕاوێژکاری دەرمانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشوی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبریتانیا، دوکتور محێدین حوسین عبداللە باڵوێزی عێراقی فیدرال لە لەندەن و هەروەها ڕەوەندی کورد لەم وڵاتە و بەشێك لە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان بەشداری ئەم کۆبونەوەیە بوون.
بەڕێز نازم زه‌هاوی په‌رله‌مانتاری به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد که‌ کاتی خۆی باوک و دايکي له‌ عيراق و بۆ پاراستنی گیانیان لە جینۆساید وڵاتیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە وڵاتی بریتانیا کردووە،‌ به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ووت:‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له ‌لايه‌ن سه‌دام حوسه‌ين و ڕژیمەکەیەوە‌ دژ به‌ گه‌له‌که‌ی ئه‌نجامدرا، بووه‌ هۆی بزر بوونی زياتر له‌ مليۆنێک هاووڵاتی، کە تاکوو ئێستاشی لەگەڵ دا بێت هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نیە.
نازم زه‌هاوی لە درێژەی قسەکانی دا ووتي: تاکوو ئەم چرکە ساتەش کە ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە هيچ دادگاييه‌کی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێکۆڵينه‌وه‌ و باس له‌ ئەنفال و جینۆساید و لە ناوبردنی کورد دروست نه‌کراوه‌. تا ئێستا هيچ هه‌ڵمه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو کارە و بەرپرسانی پێک نەهاتووە و پێویستە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومتی بریتانیا لەو بوارە دا هەنگاوی پیویست بهاویژێت.
رۆبێرت هاڵفۆن، یه‌كێکی دیکە له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ كه‌ دواكه‌یان پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مانی‌ وڵاته‌كه‌یان كردووه‌ له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا وتی: من و چه‌ندین په‌رله‌مانتاری‌ دیکەی وه‌ک نه‌دیم زه‌هاوی‌ كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز كورده‌، داواكارییه‌كمان پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیاكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا ئه‌و تاوانه‌ی‌ دژ به‌گه‌لی‌ كورد ئه‌نجامدراوه‌ له‌عێراق به‌جینۆساید بناسن.
لەکۆتایی کۆبونەوەکە پرێس کۆنفڕانسێک لە سەر کۆبوونەوەی پارلەمانی بریتانیا رێکخرا کە هەریەکە لەبەرێزان: ئارام ئەحمەد محمەمەد وەزیری شەهیدان و ئەنفال، خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبریتانیا، بەریز نەدیم زەهاوی ئەندامی پارلمانی بریتانیا و خاتوو مەگ مێن ئەندامی پارلەمانی بریتانیا سەبارەت بە باس و خواسەکانی دانیشتنی تایبەتی پارلمانی بریتانیا لە سەر ژینۆساید و ئەنفال لێدوانیان دا.

جێگای ئاماژەیە کە لە کۆتای ساڵی ڕابردووی زایینی دا بە هەول و تێکۆشانی گرووپی کاری کوردان لە پارلەمانی سوید کە بریتییە لە چەندین پارلەمانتاری کورد و سویدی و پشتگیری ڕەوەندی کورد لەو وڵاتە، تاوان ئەنفال وەك جینوساید ناسێندرا.
پێویست بە ئاماژەیە کە بەڕیز مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان و نوێنەری حیزب لەبریتانیا، بە یاوەری کاک عەبدوڵا ئەمینی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەندەن ئامادەی ئەم دانیشتنە بوون.
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبریتانیا


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 787 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact