. . . .


24 Feb 2013

بەشداری هەیئەتێکی حدک لە سمینارێکی فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکا


ناوەندی هەواڵ- سوید: رۆژی شەممە ٢٣ی فێبرواری لە کاتژمێری ١٢ تا ٤ری ئێوارێ، بە دەستپێشخەری فیدراسیونی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە وڵاتی سوئێد، سیمینارێک لە ژێرناوی " کوردەکان لە سوئێد، هەلە ڕەخساوەکان و بەربەست و گرفتەکان " لە یەکێک لە هۆڵەکانی ABF ی شاری ستۆکهۆڵم بەرێوە چوو. لە سەر بانگهێشتی فەرمی ڕێکخەرانی سمینارەکە لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاوڕێ حەسەن ئەهوەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کومیتەی حدک و ئەندامی کومیسیۆنی پەیوەندییەکانی حیزب لەو وڵاتە، بەشداری ئەم سیمینارە بوو.
سەرەتا لە لایەن خاتوو ئایجان شەرمین بوزئەرسلان سەرۆکی فیدراسیونی کۆمەڵە کوردستانییەکان، مەبەستی سەرەکی پێکهێنانی سیمینارەکەی ڕوونکردەوە و پاشان ئەو کەسایەتییانەی لە سەر بابەتی کوردان لە سوئێد ڕوونکردنەوە و بابەت پێشکەش دەکەن ناسێندرا و هەروەها کورتە باسێکی لە سەر چلۆنایەتی دیاسپۆرای کوردان بۆ سۆئێد پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
پاشان خاتوو مینا سێدێم، پسپۆرو دوکتوری پسیکۆلۆژی ومامۆستای زانستگا، لەسەر ڕادەی سەرکەوتنەکان و داکەوتنەکانی کورد، بە تایبەت ئەو کێشەو گرفتانەی بە هۆی چەند رووداوی قەتڵی نامووسی و کاردانەوەی زۆر خراپی لە کۆمەڵگای سوئێد دا قسە وباسی کرد.
یەکێکی دیکە لە پانێلگێرانی ئەو سیمینارە بەڕێز عوسمان ئایتار، پسپۆر و دوکتوری کۆمەڵناسی و مامۆستای زانکۆ، باسێکی بە پێزی سەبارەت بە دیاسپۆرای کوردان هەر لە نێوەراستی دەیەی شەستەوە تا بە ئەمرۆ و هۆکارەکانی سەرکەوتنی شیکردەوە و چەندین دیمەن و وێنەی سەبارەت بە سەرکەوتنی زۆرێک لەو کوردانە کە هەر کام لەوان بوونە کەسایەتێکی گەورە بە بەشدارانی سیمینارەکە نیشان دا. بە باوەری عوسمان ئایتار، سەرچاوەی گرفتی کوردانی گەڕاندەوە بۆ نەبوون یا لاواز بوونی ناسنامەی کوردی و تەئسیری فەرهەنگی نەتەوەی سەردەست بە سەر کوردان دا.
لە دواین بەشی ئەو سیمینارەکە پانێلێک بە بەشداری ئەو کەسایەتییە کوردانەی خوارەوە کە بریتی بوون لە: گوڵان ئاوجی، سیاسەتوان وبەرپرسی کۆمۆن لە ستۆکهۆڵم. خاتوو لاوێن رێدار، بەرپرسی پرۆژەکانی یارمەتی منداڵان لە خاچی سووری سوئێد و هەروەها شارەزای سیاسی لە بواری ئازادی لاوان و مافناسی. سالار ڕەشید، ئەندامی بەرێوەبەری لە کۆمۆنی ستۆکهۆڵم. خاتوو نافی جیلگین، ئەندامی بیرۆی سیاسی کۆمۆن و بەرپرسی بەشی گرفتی بنەماڵە. خاتوو سوسانا گووێن، ئەندامی بیرۆی سیاسی یەکێک لە کۆمۆنەکانی ستۆکهۆڵم وخویندکاری بەشی یاسا. هەرکام لەو بەرێزانە پاش ناساندنی خۆیان، باسیان لە ڕێکارەکانی سەرکەوتن و هەروەها ئەو گرفتانەی سەررێگایان کرد کە لەماوەی چەندین ساڵ ژیان و خوێندن و کارکردن لە وڵاتی سوید هاتوونەتە سەر رێیان ئەو ئەزموونەی لەو ماوەیە دا بە دەستیان هێناوە بۆ بەشداران باس کرد.
جگە لە پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو لێنا ئینسولاندێر، هەموو پانێلگێڕەکان لەو کەسایەتییە کوردانە پێکهاتبوون کە لە سەرەتای گەنجێتی تەمەنیان دان. پێویست بە ئاماژەیە کە تەواوی باسەکانی سیمینارەکە بە زمانی سوئێدی بەرێوە چوو. شایانی باسە زیاتر لە سەد کەس، تێکەڵاوێک لە هاووڵاتیانی کورد و سویدی بەشداری سمینارەکەیان کرد.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 787 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact