. . . .


18 Feb 2013

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ ڕیسوا کردنی ١٤ ساڵەی گرتنی بەڕیز ئۆجال?


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: هەروەك ئاگادارن ١٤ ساڵ لەمەوپێش لە پیلانێکی چەند قۆڵیدا، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلان لە وڵاتی'' کێنیا'' دەستبەسەرکرا و گوێزرایەوە بۆ تورکیە.
ڕۆژی ١٦ فیبریوری ٢٠١٣ی زایینی و لە سەر بانگەوازی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانێک لە پەیوەندی لەگەڵ ١٤هەمین ساڵەوەگەڕی گیران و رادەست کردنەوەی بەڕیز عەبدووڵا ئۆجالان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان پ. ک . ک بۆ تورکیە، کاتژمێری ١٢ بۆ ٢و نیوی پاش نیوەرۆ، خۆپێشانێک بە بەشداری بەشێکی زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی بریتانیا، لە شاری شەفیڵد بەڕێوەچوو. لەو خۆپیشاندانە دا کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان، بە بەرزکردنەوە دەیان درووشم و نووسراوەی جۆراوجۆر و ئاڵای کوردستان و وێنەی ئۆجالان، بێزاری و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بەو کارە تێرۆریستییەی حکومەتی تورکیە نیشاندا و خوازیاری ئازادی بەڕیز ئۆجالان و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە تورکیە دا بوون.
لەو خۆپیشاندانە دا چەندین پەیام لە لایەن حیزب ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە ئاراستەی بەڕێوەبەران کران. پێویست بە ئاماژەیە کە هاوڕێ ئایات مورادی فەرد بە نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەوپیوەندەیەدا پێشکەشی ئامادە بووان کرد.

جێگەی ئاماژەیە کە هاوکات لە شاری لەندەنیش کە خۆپیشانێک بەڕێوەچوو، لە لایەن نوینەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا پەیامێك بەم بۆنەوە ئاڕاستەی هەڤاڵانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرا، کە ئەوێ خوارەوە دەقەکەیەتی.

پەیامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، بە بۆنەی چاردەیەمین ساڵڕۆژی دەستبەسەرکرانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کورستان.
هاونیشتمانە بەڕێزەکان!
خۆشک و برایانی خۆشەویست!
١٤ ساڵ لەمەوپێش لە پیلانێکی چەند قۆڵیدا، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلان لە وڵاتی'' کێنیا'' دەستبەسەرکرا و گوێزرایەوە بۆ تورکیە.
زۆر وێدەچێ لێکدانەوەی بەڕێوەبەرانی ئەو پیلانە ئەو دەم ئەوە بووبێ کە بە گرتنی رێبەری پ.ک.ک جوڵانەوەی کورد بە چۆکدادێ و لە ناو دەچێ. بەڵام ئەوەی ئەوان بیریان لێنەکردبۆوە ئەوە بوو کە نەتەوەی کورد بەو رادەیە لە وشیاری سیاسی و نەتەوەیی گەیشتووە کە گیران یان شەهید کرانی رێبەرانی جوڵانەوەیەک، لەگەڵ ئەوەی زەبرێکی قورسە لە جوڵانەوەکە، بەڵام رەورەوەی خەبات بۆ ساتێکیش ناوەستێ و تا گەیشتن بە هەواری سەرکەوتن درێژە بە رێگای خۆی دەدا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر ئەو کات ئەم کردەوە ناشارستانیانەی مەحکووم کرد و پێیوابوو ئەم کردەوەیە نەک نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان لە خەبات بۆ رزگاری شل ناکاتەوە، بگرە هاوخەمی و هاوسۆزیی کورد لە هەموو کوردستاندا بەدوای خۆیدا دێنێ و هەرواش بوو. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستان رژانە سەر شەقامەکان و لە رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بەخاوەن دەرکەوتن.
ئێستا دوای تێپەڕینی ١٤ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە ناخۆشەدا، هێدی هێدی ئاسۆیەکی روونتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان بەدیی دەکرێ. سەرەنجام حکوومەتی تورکیە بەو ئاکامە گەیشت کە ناتوانێ کێشەی نەتەوەیەک بە رێگای نیزامیی چارەسەر بکا.
ئێستا ئەو ئیمڕاڵییەی ئەوان وەک سەرکەوتنی نیزامی لێیان دەڕوانی و شانازییان پێوەدەکرد، بووەتە جێگەی هومێدی دەسەڵاتدارانی تورکیە کە لەوێوە بتوانن پرسی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەربکەن.
ئێمە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە چارەسەری کێشەی کورد لە هەموو پارچەیەکی کوردستان تەنیا لە رێگای وتووێژەوە دەبێ.
داوامان لە دۆستانی نەتەوەی کورد و تورک ئەوەیە کە پشتی ئەوە رەوتە ئاشتیخوازیە نوێ‌یە بگرن کە لە نێوان کورد و حکوومەتی تورکیە هاتووەتە ئاراوەو و یارمەتیدەر بن بۆ بە ئاکام گەیاندنی. پێویستە ئەوەش بگوترێ کە ئازاد کردنی بەڕێز ئۆجەلان دەتوانێ دڵنیایی زیاتر بدا بە لایەنی کوردی و سەرکەوتنی حەولەکانی چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی کورد لە باکووری کوردستان.
سەرکەوێ خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد!
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبریتانیا
١٧ی فێوریەی ٢٠١٣


xopishandan-p-k-k.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 811 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact