. . . .


19 Feb 2013

بەڕێوەچوونی سمینارێکی تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حدک لە وڵاتی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: کاتژمێر ١١ی بەیانیی رۆژی ٢٨ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی، بەرامبەربە ١٦ی فێورییەی ٢٠١٣ی زایینی، سێمینارێکی سیاسی ـ تەشکیلاتی بۆ بەرێزان کاک مستەفای شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی‌و بەرپرسی کۆمیتەی بەرێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات‌و کاک سەعید بەگزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی‌و جێگری بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوە و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات ساز درا.
سەرەتا هاورێ سەعید بەگزادە سەبارەت بە مەبەستی پێکهێنان‌و تەوەرە سەرەکییەکانی سێمینارەکە لە هەردووک بواری سیاسی و باسە نێوخۆییەکان بۆ بەشداران قسەی کردو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: ئێمە بڕیارمانداوە لە سەرجەم کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات ئەمجۆرە سێمینارانە پێک بێنین، تا راوبۆچوونی ئەندامانی حیزب لەسەر مەسەلە جیاجیاکان وەربگرین‌و لە داهاتوودا بۆ دانانی پلانە سیاسی‌و تەشکیلاتییەکان کەڵکیان لێوەربگرین. لە بەشیکی دیکەی باسەکەیدابە مەبەستی پتەوتر کردنی ریزەکانی حیزب و ئامادەکردنی بەدەنەی حیزب بۆ هەر ئەگەریكی دوارۆژ، ئاماژەی بە کۆمەلێک لە باس و روداوەکانی دەرونی حیزب کرد. دواتر هاورێ مستەفا شەڵماشی سەبارەت بە مەسەلە سیاسییەکانی کوردستان، ئێران‌و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لێکدانەوەیەکی بەپێزی خستەبەر دیدەی بەشێک لە ئەندامانی بەشداری سێمینارەکەو ئەندامانی حیزبیش بە بەشدارییەکی چالاکانە لە باسە سیاسییەکاندا راو بۆچوونی خۆیان لەسەر تەوەرە جیاجیاکان هێنایەگۆرێ‌. پێویستە بگوترێ کە سەرجەم ئەندامانی بەشدار لە سێمینارەکە بە بۆچوون‌و پێشنیاری بەکەڵک باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد‌. بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر باسەکەی هاورێ مستەفا شەڵماشی چەند بەشێکی لێکدانەوەکە دەخەینە بەردەیدەی ئێوە بەرێزان:
لە سەرەتای باسەکەی‌دا کاک مستەفا شەڵماشی سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو شیوە سێمینارانە بۆ ئەندامانی حیزب دواو وتی: بە پێویستی دەزانین لەسەر مەسەلە جۆراوجۆرە سیاسییەکان راو بۆچوونی ئەندامانی حیزب ئاگادار بین‌و بۆ ئەوەی بۆ دارشتنی سیاسەت‌و هەڵوێستەکانی حیزب لەسەر مەسەلە گرینگەکان بە بەرچاو روونییەکی تەواوەوە کەڵکیان لێوەربگرین‌‌و بەتایبەتی ئەو مەسەلە تایبەتییانەی کە دەبێ سیاسەتسازییەکی گونجاویان بۆ بکرێ تا ئێمەش لە رێبەرایەتیی حیزبەکەماندا بتوانین ئەو راوبۆچوونانە لە کاتی پێویستی خۆیدا بکار بێنین، بۆیە ئەو باسانەی کە ئەمرۆ دێنە گۆرێ هەوڵ نادەم زۆریان شی بکەمەوەو زۆرتر مەبەستمان گوێدانە راوبۆچوونەکانی ئێوەیە.
کاک مستەفا شەڵماشی باسەکەی خۆی بۆ دوو تەوەر دابەشکردو لە بەشی یەکەمیدا کە بۆ باسێکی گشتی لەسەر وەزعی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران‌و لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست‌ تەرخانکرابوو وتی: ئەوەی بەگشتی لەباری سیاسییەوە کە دەتوانم وەک قۆناغێکی مێژوویی سیاسیی ئەمرۆ باسی بکەم، تەنیا ئەوەندەیە لە سەتحی جیهانیدا ئێستا دنیا لە قۆناغێک دایە کە ئەوەی تەعین کونندەیە، رۆڵی گرووپەکان بۆخۆیانە، یانی ئەگەر بە کورتی بیڵێم، مەسەلەی کورد زۆرتر کوردە بۆ خۆی دەتوانێ چارەنووسی خۆی دیاری بکا، تا ئەوەیکە ئۆمێدی هەبێ بە وڵاتان چی بۆ بکەن یان لە فڵان هاوکێشەدا چی بۆ بکەن. بۆیە تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە لەلایەک ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە ئێمەی تێدا هەڵکەوتووین، ئەمرۆ جێگای باسی هەموو سیاسیکارانی جیهانەو لەسەر مێزی سیاسەت‌دارێژەرانی دنیا یەکێک لە مەسەلە هەرە گرینگەکانە لە دنیای ئەمرۆداو ئێمەشی کە تێداهەڵکەوتووین دەبێ بە وشیارییەکی تەواوەوەو بەتایبەتی ئێمە کە کاری سیاسی دەکەین وەک حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، بە وشیاریی تەواوەوە بەرەو پێلی ئەو مەسەلانە بچین. ئەو وشیارییەش، وشیارییەک نیە کە وەک زەمانی پێشوو بڵێین ئێمە هێندێک ئەندازیاری سیاسیمان هەڵبژاردوەو ئەوان دادەنیشن‌و سیاسەتێکی پڕ بە پێستی خۆی‌مان بۆ دادەرێژن. من پێموایە ئەوە بەس نیە وەک جاران چاوەڕوانی ئەوە بین کە رێبەرایەتیی حیزبەکەمان هەموو شتێک لە جێگای خۆیدا بە تەواوی دیاری بکا، من پێموایە هەر تاکێکی حیزبی ئەرکی سەرشانییەتی بەشداری لە دارشتنی سیاسەتەکانی حیزبدا بکا.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەی‌دا ناوبراو تیشکی خستەسەر ئێران‌و جێگاو شوێنی کورد لە ئێراندا وتی: ئێستا مەسەلەی ئێران بە دوو هۆ زۆر زەق‌و بەرچاوە، یەکێک لە باسە گەرمەکانی سیاسەت‌دارێژیی نێونەتەوەییە، یەکیان بەهۆی ئەوە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستتێوەردانێکی یەکجار زۆر لە کاروباری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست‌دا دەکا کە ئەو ناوچەیە بۆ هەموو دنیا گرینگە بەگشتی‌و، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی پیشەسازی‌و وڵاتان رۆژئاواو ئەمریکاو، لە لایەکی دیکەوە خەریکی دروستکردنی جۆرە چەکێکە کە بەو جۆرە چەکەی دەتوانێ کێشەیەکی یەکجار زۆری نێونەتەوەیی لە ناوچەکەدا دەستپێبکاو بیگەیەنێتە لوتکەو کێشەیەکی یەکجار زۆر بۆ بەرژەوەندییە ئابووری‌و سیاسی‌و ژێئۆپۆلێتیکی وڵاتە زلهێزەکان ساز بکا. لەبەر ئەوە ئێستا ئێران لە رۆژەوی سیاسیی دنیا دایە.
جێگای کورد لەناو ئەو مەسەلەیەدا چیە؟ جێگای کورد لە ئێران چیە؟
هەروەک بۆ خۆتان دەزانن لە ئێراندا کورد ناکرێ بەراورد بکرێ تەنانەت لەگەڵ کورد لە عێراق، تورکیاو سووریا. ئێران هەلومەرجی تایبەتیی خۆی هەیە، ئێمە بە ئاوڕدانەوە لەو هەلومەرجە تایبەتییە سیاسەتسازی بکەین بۆ گەلەکەمان.
ئەو جێگایە چیە؟
کورد لە ئێراندا یەکەم: تەنیا لەگەڵ یەک نەتەوەی فەرمانڕەوا تەرەف نیە کە ئەویش بە پلەی دووهەم بێ، وەک ئەوەی لە عێراق هەیە، هەروەها وەک تورکیاو تەنانەت لە سووریاش هەیە. کورد لە ئێراندا لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا دەژی کە بۆ نموونە نەتەوەی فارس وەک فەرمانڕەوای سەرەکییە، گرینگی تایبەتی هەیە لەو چوارچێوەیەدا باسی لێوە بکەین، بۆ نموونە نەتەوەی دووهەم کە نەتەوەی ئازەرییە ئەویش گرینگیی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی لە پێوەندییەکانی خۆماندا باسی لێوە بکەین‌و، هەروەها نەتەوەکانی دیکەو بەتایبەتی ئەو دوو نەتەوەی فارس‌و ئازەرییە هەر کاتێک لە ئێراندا پشتی یەکتر بگرن، جا بە هۆی مەزهەبەوە بێ، یان ئەوە کە هەر دووکیان ئابووریی ئێرانیان بەدەستەوەیە، یان بەو هۆیەوە بێ کە هەر لە کۆنەوە لە دەسەڵاتدارێتیی ئێراندا لە ناوەند دا هەر دووکیان رۆڵیان هەبووە، بەراستی کێشەیەکی گەورە بۆ ئێمە دەنێنەوە ئەگەر ئەو دوو نەتەوە پاڵپشتی یەکتر بن. بۆیە مەبەستم ئەوەیە ئەو شتانە بکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ وەزعێکی دیکە لە ئێراندا بەرەورووین تا تورکیا، عێراق‌و سووریا. ئێمە لە ئێراندا لەگەڵ مەسەلەیەکی دیکەش بەرەورووین، ئەویش ئەوەیە کە لە ئێران زۆر زیرەکانە هەر لە دوای شەری یەکەمی جیهانییەوە کار بۆ دروستکردنی دەوڵەت ـ نەتەوە لە ئێراندا کراوە، ئەو دروستکردنی دەوڵەت ـ نەتەوەیە بناغەکەی ئەوەیە کە نەتەوەیەک دروست دەکەین بناغەو پایەکانی فارسن، یانی بە زمان، بە کولتوور، بەبۆچوون، بە دەسەڵات‌، بە ناوچە، بە دانی ناوەند، بە کۆکردنەوەی هێزەکانی ئابووری‌و سیاسی وڵات لەو ناوچەیەدا کە ئەوان لەبەر دەستیاندایە، بەڵام هەموو نەتەوەکانی دیکە لەژێر سێبەری ئەودا بەجۆرێک لانی کەم پلەیەکیان دێنینە خوارێ بۆ لقێک لە نەتەوەیەکی گەورەتر کە سەرەرای ئەوەی کە وەک ناوێک دەیانپارێزین، دەڵین کورد هەیە، دەڵێن ئازەری هەیە، عەرەب هەیە، تورکمان‌و بەلووچ هەیە، بەڵام ئەوانە نەتەوە نین، ئێران نەتەوەیەکە، یانی نەتەوەی ئێرانەو دیارە ئەو ئێرانەش هەڵگری ئەو بناغەیەیە کە نەتەوەی فەرمانڕەوا هەیەتی.
جیاوازی دووهەم ئەوەیە کە ئێران وڵاتێکە دەکرێ بڵێین بە درێژایی مێژوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بە دەسەڵات بووە، ئەگەر نەشڵێین زلهێز بووە، بەڵام یەکێک لە وڵاتە شوێندانەرەکانی ناوچەکە بووە، هەر ئەوە کارێکی ئەوتۆی کردوە کە ببێتە مایەی حیساب کردنی وڵاتانی دەرەوەش، بۆیە لە مێژوودا کاتێک باسی ئێران کراوە وەکوو یەکێک لە هێزەکانی ناوچەکە ناوی هاتووە ئەوەش بۆتە هۆی ونبوونی مەسەلەی نەتەوەکان، ئەوەش نەک تەنیا لە بیرو فکری ئێمەدا، بەڵکوو لە بیرو فکری زلهێزەکانیشدا کە دەیانەوێ لەو ناچەیەدا رۆڵیان هەبێ. لەمبارەشەوە ئێمە دەبێ کارێکی زۆرتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بسەلمێنین کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە، کێشەی نەتەوەکانی هەیەو بۆ هەر ئاڵتێرناتیوێک کە بۆ ئێران دەروانن، دەبێ ئەو مەسەلەیە لەبەرچاو بگرن.
سەبارەت بە رۆڵی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پێوەندییەدا هاورێ مستەفای شەڵماشی وتی: من پێموایە لەمبارەوە ئێمە خاڵێکی ئەرێنیمان بەدەستەوەیە، ئەویش ئەوەیە کە گەلی کورد لە ماوەیەکی یەکجار زۆر لەمەوپێش‌و دەتوانم بڵێم لە سەد ساڵی رابردوودا لە ئێران هیچ کاتێک لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەوەستاوەو بە شێوەیەک لە شێوەکان خەباتی سیاسی کردوەو بە بەردەوامی داوای مافە رەواکانی خۆی کردوە. ئەوە تا رادەیەک قورساییەکی بەخشیوەتە کورد کە تەنانەت کاتێک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، یان کاتی خۆی کە لەگەڵ نوێنەرەکانی رێژیم دادەنیشتین، ئەوەیان نەدەشاردەوە کە دەکرێ کورد حیسابێکی تایبەتی بۆ بکرێ‌و تەنانەت ئەو حیسابە جیاوازی هەیە لەگەڵ نەتەوەی ئازەریش، بۆ؟ چونکە کورد داوای دیاریکراوی خۆی هەیەو توانیویەتی خۆی بسەپێنێ‌، لەلایەک‌و لە لایەکی دیکەشەوە مێژوویەکی خەباتێکی خاوێنی هەیە، کورد دەتوانێ ببێتە نموونە بۆ ئەو خەباتەی کە لە چوارچێوەی ئێراندا بۆ دێمۆکراسی دەکرێ.
پاش تەواوبوونی بەشی یەکەمی سێمینارەکە، ئێنجا کاک سەعید بەگزادە چەند خاڵێکی گرینگی نێوخۆیی و رابردووی حیزبی بە مەبەستی ئینسجامی زیاتری تەشکیلاتی لە لایەک و دەرس لێوەرگرتن بۆ ئایەندەی دەست نیشان کرد، کە دەروازەیەک بێ بۆ کردنەوەی باسەکان. لە لایەکی دیکەش سەبارەت بە کاروباری تەشکیلاتی حیزب‌و چۆنیەتی کارا کردنی توانایەکانی ئەندامان و چۆنیەتی تەئسیر گوزاری راو بۆچوونی ئەندامان لەسەر سیاسەتی گشتی رێبەری بە گشتی و بە تایبەت کۆمیتەی وڵاتی نۆروێژ هێنایە گۆرێ. ئەو باسانە گوڕ وتێنگی زۆری بە ئەندامانی بەشداردا و ،هاورێیانی ئەندامی حیزب کۆمەڵێک پێشنیارو بۆچوونی بەکەڵکیان بۆ باشترو کارا کردنی ئەرکە حیزبیەکان خستەروو کە لەلایەن وەفدی کۆمیتەی بەرێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات بە گەرمی پێشوازی لێکراو لەلایەن هاورێیانی کۆمیتەی دەرەوە بەڵێنی گەیاندنی راوبۆچوونەکان بۆ رێبەریی حیزب‌ درایە بەشدارانی سێمینارەکە.
پێویستە بگوترێ ئەو سێمینارە سیاسی ـ تەشکیلاتییەی کۆمیتەی نۆروێژ بە بەشداریی چالاکانی زۆربەی ئەندامانی حیزب لە باس‌و لێکدانەوەکانداو لە ئاستێکی یەکجار بەرزی سیاسی‌و هەروەها بۆ هەرچی باشتر بەرێوەچوونی ئەرکە تەشکیلاتییەکانی حیزب، بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر درێژەی کێشا.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆروێژ

بۆ بنینی وێنەکان بە قەبارە گەورە کرتە لە سەر ئالبومەکە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1530 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact