. . . .


18 Feb 2013

کۆبوونەوەی بەرێز کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدک لەگ?


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٥/٠٢/٢٠١٣ کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرینی بۆ بەرێز کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە دەڤەری ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نۆروێژ لەگەڵ نوێنەری حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکانی دانیشتوویی نۆروێژ پێکهێنا.
ئەو کۆبوونەوەیە کە بە ئامادە بوونی بەڕێز کاک سەعید بیگزادە، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی کۆمسیۆنی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێکهات، سەرەتا بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستی پێکرد و پاشان لە لایەن خوسرەو قادری بەرپرسی بەشی پێوەندیە کوردستانییەکانی حدک لە نۆروێژ، وێرای بەخێر هینانی نوێنەری حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان و سپاس کردن لە بەشدار بوونیان لەو کۆبوونەوەیە، مەبەستی کۆبوونەوە کە ی ڕاگەیاند کە باس و لێکدانەوەی بەرێز مستەفا شەڵماشی لە سەر ئاڵ و گۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و پرسی کورد بە تایبەتی بوو.
دواتر بەرێز کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدک، وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە کۆبوونەوە و دانیشتن دەگەڵ نوێنەرانی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، سەرەتا باسێکی سەبارەت بە بەرفرەوان بوون بە جیهانی بونی پیوەندییە نێو نەتەوەییەکان لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و دیپڵۆماتیک دا هێنایە گۆرێ و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی بە یەکێک لەو شوێنە گرینگانە لە دونیای ئەورۆ دا ناساند کە بۆتە جێگای سەرنجی هێزە بڕیاردەرەکانی جیهان.
بەرێزیان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بە دوای نەمانی بڵۆک بەندیی دوو جەمسەری، جیهان لە راستی دا بەرەو چەند بڵۆکی دەچێ. هێزی دیکەی وەک وڵاتانی چین و هیند دێنە مەیدان. لە لایەکی دیکەوەبەربەرەکانی بەرەی ولاتانی دێموکراتیک و هێزە کۆنەپارێزەکان توندتر دەبێ و خەباتی نەتەوەژێردەستەکان بەرە و سەرکەوتن هەنگاو دەنێ. لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ بە کەڵک وەرگرتن هەستی مەزهەبی وکەمەربەندی شیعە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دەست تێوەردان لە کار و باری وڵاتانی ناوچە و بەهێز کردنی تیڕۆڕیزم خۆی بکا بە جەمسەرێک لە ناوچەدا.
بەرێز شەڵماشی لە بەشێکی دیکەی باسەکەی دا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەراست هاتە سەر دوو مەسەلەی گرینگ کە فەلەستین و کوردە. سەبارەت بە چارەسەری مەسەلەی فەلەستین، ئاماژەی بەوە کرد کە ناسێندراوە و خەریکە بەرەوچارەسەری دەچێ. ئەوکات مەسەلەی کورد وەک نەتەوەیەکی ٤٠ میلیۆنی دەبێتە گەورەترین مەسەلەی ناوچە و دونیا ناتوانێ چاوپۆشی لێبکا. ئیشارەی بەوە کرد کە سێ فاکتەری گرنک مەسەلەی کورد بەرجەستە دەکەن.هەڵکەوتنی کوردستان وەک ناوچەیەکی ژێئۆپۆلیتیک لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بوونی کانگاکانی نەوت و کانزاکانی دیکەی سروشتی و هەروەها هەبوونی سەرچاوەکانی ئاو .ئەو سێ فاکتەرە گرنگە ن کە دەتوانن ڕۆڵی گەورەیان هەبێ لە دیاری کردنی داهاتوی کوردستان دا.
لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیان دا هاورێ مستەفا شەڵماشی باسی لە بواری دیپڵۆماسی کورد بە گشتی کردو ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ دیپۆڵۆماسی ئێمە لە قۆناخی پارانەوە و داوای یارمەتی لە بواری مافی مرۆڤ دا، بگوزرێتەوە بۆ دیپڵۆماسی فەعال و دەگەڵ دەوڵەتان و ناوەندە نێو نەتەوەییەکان، پێویستە پتانسێلی مادی و مەعنەوی کورد بێنینە بەر باس و کاریان پێبکەین و نیشان بدەین کە کوردیش دەتوانێ وەک نەتەوەکانی دیکە لە سەر بناغەی قازانجی هاوبەش ،ببێتە هاو پەیمانێکی بەهێز. دیارە بۆوەی بگەین بەو پلەیە لە دیپڵۆماسی دەبێ لە پێش دا خەریکی رێکخستنی ناو ماڵی کورد بین و گوتاری هاوبەشمان هەبێ هەرچەند حاشا لەوە لێناکرێ کە بە داخەوە بە سەر چوار بەش دابەش کراوین و بوینەتە چوارماڵ.
کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات ئاورێکی کورتیشی لە مێژوویی حیزب و هێزەکانی کوردستان دایەوە کە سەرەرای خەبات و قوربانی دانێکی زۆر لە پێناو وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد، بەداخەوە زۆر جار لێکترازان و جیابوونەوە و تەنانەت شەری براکوژیش ڕووی داوە، بەڵام بە خۆشییەوە لە ئێستا دا بەرەبەرە خەریکە هێزی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەرەو لێک نیزیک بوونەوە دەچن و ئاواتی خواست کە لە داهاتوویەکی نیزیک دا خاوەنی یەک هەڵوێست و گوتاری هاوبەش بن.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەیان دا هاورێ مستەفا شەڵماشی، بەرێوەبەری کۆمیتەی دەرەوەی حدک، هەڵسەنگاندنێکی لە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان پێشەکەش کرد و ئاماژەی بە دەسکەوتەکان و پێشکەوتنەکانی باشووری کوردستان کرد کە رۆژ بە دوایی رۆژ دا بەرەو سەقامگیری زیاتر دەروا و لە نێو کۆڕ و کۆمەڵ و وڵاتانی دونیا دا بە باشی وەردەگێرێ. هەروەها لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە بەرەو لێکنیزیک بوونەوەی حیزبەکان بە تایبەتی هەر دوو باڵی حیزبی دێموکرات کرد کە بە خۆشییەوە کەوتۆتە قۆناغی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و بۆتە مایەی دڵخۆشی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. سەبارەت بە باکوری کوردستان، بەرێزیان ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی خەباتی مەدەنی شانبەشانی خەباتی شاخ کرد و ئەوەی بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە باکووری کوردستان دەستنیشان کرد. هەروەها سەبارەت بە رۆژئاوایی کوردستان باسی لە بەرەوپێشچوونی هێزەکوردییەکان لەو بەشە کرد کە توانییویانە سەرەرایی کەم و کورییەکان بە کەمترین تێچوو ئیدارەی کاری خۆیان بەرەو پێش بەرن و هیوای خواست کەلە داهاتوو دا سەقامگیرتر بێ.
لە کۆتایی باسەکەی دا بەرێز کاک مستەفا شەڵماشی جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە " پێویستە ئێمە بە جیاوازییەکانمانەوە یەکگرتوو بین و بە یەک زمان بچینە پێش و مەسەلەی خۆمان لەگەڵ وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوو بێنینە بەر باس و یەک هەڵوێست بین".
بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ دەربڕینی پرسیار و تێبینی و پێشنیاری نوینەری حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون و هەروەها وڵام دانەوە یا شیکردنەوەی ‌هێندێک باس لە لایەن هاورێ مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتژمێر ٥ ی ئێوارەوە دەستی پێکردو تا ٨ و نیوی شەو درێژەی کێشا و ئەو حیزب و رێکخراوانەش بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون:
- پارتی دێموکراتی کوردستان،
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان،
- حیزبی شیوعی کوردستان،
- حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان،
- یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان،
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان،
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران،
- رێکخراوی خەباتی شۆرشگێری کوردستان،
- پارتی ئازادی کوردستان(پاک)،
- پارتی سەربەخۆیی کوردستان،
- کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان(کنک)،
- پارتی سەربەستی کوردستان،
- یاری کورد،
- ناوەندی چاک،
- چاوەدێری کوردۆساید(چاک)
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- نۆروێژ

بۆ بینینی وێنەکان بە قەبارەی گەورەتر کرتە لە سەر ئالبومەکە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1162 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact