. . . .


2 Feb 2013

دیداری نێوان هەیئەتێکی حدک و پارتی چەپی سویدی


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣١ی ژانوییەی ٢٠١٣ی زایینی کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ، هەیئەتێکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کومیتەی سویدی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە سەرپەرستی کاک سەید عەزیز نژادیان و هاوڕێیەتی کاک ئەسعەد یوسفی و خاتوو نەوژین ڕۆستەمی، لە پارلەمانی سوید، چاویان بە بەڕێز هانس لیندە، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی پارتی چەپی سویدی، کە هاوکات سەرۆکی گروپی کاری پارلەمانتارانی پارتی چەپیشە لە پارلەمانی ئەو ولاتە کەوت و سەبارەت بە باردۆخی گەلی کورد و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی قسە وباسیان کرد.
لە سەرەتای ئەو چاوپێکەوتنە دا بەڕێز عەزیز نژادیان سپاسی هانس لیندە و پارتی چەپی کرد کە ئەو هەلەیان ڕەخساند بۆ ئەو چاوپێکەوتنە. بەڕێز نژادیان با ئاوڕ دانەوەیەک لە مێژووی دۆستایەتی پارتی چەپی سویدی لەگەڵ گەلی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئەو پشتگیری و پشتیوانییەی کە ئەو پارتە لە هەموو هەل و دەرفەتەکاندا و لە پارلەمان و داودەزگا فەرمییە سویدییەکان لە کوردیان کردووە، سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەڕێز لیندە و لە ڕیگەی ئەویشەوە حیزبەکەی کرد. پاشان بەڕێز نژادیان و هەیئەتی هاوڕێی باسیان لە دۆخی کوردانی دانیشتووی سوید کرد و باس لەوە کرا کە هەردووک لا بتوانن میکانیزمێکی گونجاو بۆ تێکەڵاوی زیاتری کوردان و کۆمەڵگەی سوید بدۆزنەوە و لەو ڕێگەشەوە هاریکاری ئەو حیزبانە بکەن کە لە بەرەی سوسیالیسی دان و دژ بە پارتە ڕاستڕەوەکان بەتایبەت حیزبی سویدییە دیموکراتەکان تێکۆشان دەکەن، تا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دا بۆ جارێکی دیکە جڵەوی دەسەڵات لەو وڵاتە دا بگرنەوە دەست.
دوای وتەکانی هەیئەتی حیزبی، نۆبە گەیشتە بەڕێز هانس لیندە. بەڕێزیان بە باسێکی کورت سەبارەت بە هەوڵ و تێکۆشانی حیزبەکەی بۆ ناساندی کێشەی گەلی کورد بە خەڵکی سوید و هەوڵەکانیان بۆ بە فەرمی ناساندنی ئەو کێشەیە لە داودەزگا فەرمییە سویدی و نێودەوڵەتییەکان دا کوتی: ساڵی ١٩٧٧ " ئوسوالد سۆدیرکڤیست،ی" پارلەمانتاری ئەو کاتی پارتی چەپ لە داوایەکی فەرمی دا کە ئاڕاستەی پارلەمانی سویدی کرد، داوای کرد کە حکومەتی سوید گوشار بخاتە سەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی کوردان بە ڕەسمی بناسرێت و داکۆکی کەو گەلە بکرێت لە بەرامبەر هێرشی حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دا. ئەوە جگە لەوەی کە بەڕێز لارس ویرنەر، سەرۆکی پێشووی ئەو پارتە کە ١١ی ژانویەی ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد، یەکێک بوو لە داکۆکیکارانی زۆر بە هێزی دۆزی و کورد و چەندین جار پێشنیاری پشتیوانی لە گەلی کوردی ئاراستەی پارلەمان و حکومەتی سوید کردووە.
پاشان هەیئەتی حیزبی هاتە سەر باس کردن لەو پێشێلکارییانەی کە دژ بە مافەکانی مرۆڤ چ لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن و داوای لە بەڕێز هانس لیندە کرد کە لە ڕێگەی خۆیان و گرووپی چەپی ناو پارلەمانی سویدەوە، هەوڵ بدەن کە گوشار بخەنە سەر دەسەڵات دارانی ڕژیمی تاران کۆتایی بە ڕەوتی سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامی جیا بیران و لە سەرووی ئەوانە لاوانی کورد بێنن.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو چاوپێکەوتنە پاش باس و ڕاوێژێکی زۆر، لە کەشی دۆستانە دا کۆتایی پێ هات.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 819 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact