. . . .


20 Jan 2013

بەرز راگرتنی یادی کۆماری کوردستان لە شاری ترۆندهایمی وڵاتی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ:بەرز راگرتنی یادی کۆماری کوردستان لە شاری ترۆندهایمی وڵاتی نۆروێژ
کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ لە رێوڕەسمێکی بەشکۆدا یادی ٦٧ـەمین ساڵی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان لە شاری ترۆندهایمی ئەو وڵاتە بەرز راگرت.
رۆژی شەممە ٣٠ی مانگی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، ٦٧ـەمین ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان کە لە لایەن کۆمیتەی ترۆندهایمی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە هاوکاری کۆمیتەی ترۆندهایمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ و لە شاری ترۆندهایم بەڕێوە چوو، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی رێگای رزگاری دەستی پێکرد.
دوای داگیرسانی مۆمی ٦٧ ساڵەی کۆماری کوردستان لە لایەن خاتوو دڵکەش شێنانی، کچی شەهیدی فەرماندە عەوڵا شێنانی، پەیامی کۆمیتەی ترۆندهایمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کاک کامیل ئوستاد ئەحمەدی، بەرپرسی کۆمیتە خوێندرایەوە. ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای هێنانە بەر باسی کورتەیەک لە مێژوو و شانازییەکانی کۆماری کوردستان بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان و پەرە ئەستاندنی فشارەکانی ئەو رێژیمە بۆ سەر خەڵک گوتی: لە کاتیکدا ئێمە ئەو یادە بەرز رادەگرین کە بە هۆی فشار و کەمتەرخەمیەکانی رێژیم دەرحەق بە خەڵکی کورد، هەژاری و کوشتنی کۆڵبەران و کاروانچیان درێژەی هەیە، دۆخی ژیانی گەلانی دانیشتووی ئێران و یەک لەوان کوردستان بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ سەر ئەو وڵاتە دژوار بۆتەوە و دەزگای ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیش دەنگی هەموو ئازادبیرانی نێوخۆی کپ کردوە. بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری ترۆندهایم ئاماژەی بە مەترسی ئێعدامی زانیارو لوقمان مرادی کرد و گوتی کە بە هۆی سیاسەتەکانی رێژیم لاوانی کورد بەردەوام دەدرێنە بەر حوکمی سێدارە. کاک کامیل ئوستاد ئەحمەدی لە کۆتایی پەیامەکەدا وێڕای مەحکوومکردنی تیرۆری سێ تێکۆشەری کورد لە وڵاتی فەڕانسە باسی لە دیالۆگی نێوان هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لە ئاستی رێبەریدا کرد و هیوای خواست کە ئەم دانیشتنانە بە پێداچوونەوە بە کەموکووڕی و هەڵەکان حیزب بەرەو یەکگرتنەوە بەرن. دوابەدوای پەیامی کۆمیتەی حیزب وتاری هاوبەشی پارت و رێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکان لە نێوەڕاستی نوروێژ لە لایەن بێکەس بەرواری خوێندایەوە. پێشکەشکردنی پەیامی کۆمیتەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بەڕیزان خاتوو فەریدە مەعرووفی و هەژار خوڕەمگاهی بەشێکی دیکە لە رێوڕەسمەکەی پێک هێنابوو. بڕگەی یەکەمی رێوڕەسمەکە بە گۆرانیەکی رامین شێنانی کۆتایی پێهات. بڕگەی دووهەمی ئەم یادە بە پێشکەشکردنی شێعرێک لە لایەن خاتوو کەژاڵ مەرزبان تایبەت بە یادی کۆماری کوردستان دەستی پێکرد. پاش خوێندنەوەی شێعرێک لە لایەن هۆزان ئاگووشی، کۆمیتەی ترۆندهایمی حیزبی دێموکراتی کوردستان شاخە گوڵی رێزلێنانی پێشکەش بەو تێکۆشەرانە کرد کە بۆ ماوەیەک لە ریزی خەبات و تێکۆشاندا بوون. لە درێژەشدا کۆمیتەی هاوکاری کوردستانیان بە مەبەستی رێزگرتن لە بەڕیوەبەرانی رێوڕەسمەکە شاخە گوڵی رێزلێنانی پێشکەش کردن.
شایانی باسە کە ئەم حیزب و لایەنانەی پەیامی پیرۆزباییان پێشکەشی یادەکە کردبوو بریتین لە:
1. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK
2. پارتی دێموکراتی کوردستان
3. یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
4. بزووتنەوەی گۆڕان
5. پارتی کرێکارانی کوردستان PKK
6. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
7. یەکیەتیی دێموکراتیکی کوردستان PYD
8. کۆمەڵەی کلتووری و ئاواتە بوون
9. کۆمەڵەی سۆرێنی کلتووری
10. کۆمەڵەی ئاشتیی کوردستان

لە بڕگەی کۆتایی رێوڕەسمەکەدا هونەرمەند مستەفا دادار، چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانە و هەروەها چەند گۆرانیەکی خۆی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و رێوڕەسمەکەی زیاتر رازاندەوە. ئەم رێوڕەسمە بە چەند گۆرانیەکی گشتی هونەرمەندان رامین شێنانی و محەممەد زێوەیی کۆتایی پێهات.


حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، نۆروێژ

وێنەگر:سالار عەبدی پوور
بۆ بینینی وێنەکان لێرە کرتە بکە


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1162 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact