. . . .


20 Jan 2013

٦٧ساڵەی ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی دانمارک پیرۆز کر?


ناوەندی هەواڵ- دانمارک: بە مەبەستی بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی ٢ی ڕێبەندان، ٦٧مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان و پێشەوای مەزنی گەلی کورد قازی محمەممەد و هاوڕێیانی، کومیتەی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە ناوچەی گرێڤەی ئەو وڵاتە، ڕێوڕەسمێکی پڕ شکۆیان بە بەشداری سەدان کەس لە کوردانی دڵسۆزی دانیشتووی ئەو وڵاتە، نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و ئەندام و لایانگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە برد.
ڕێورەسمەکە کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە کاتی دانمارک، بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کە لە لایەن کوڕی هونەری یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئامادە کرابوو و پاراستنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن بەرپرسی کومیتەی دانمارک، بەڕێز حوسێن حەسەنزادە پێشکەش کرا. لەو پەیامە دا هاوڕێ حوسێن وێرای باس لە کۆمار و مێژووی پڕ لە شانازی حیزبی دامەزرێنەری کۆمار، ئاماژەی بەو دەستکەوتە سیاسی و مەعنەوییەی کۆماری کوردستان کرد، کە ئێستاش و پاش ٦٧ ساڵ کارتێکەرییەکی قورسی لە سەر سیاسەت و هەڵوێستی گەلەکەمان بە گشتی و حدک بە تایبەتی هەیە. ئامانجەکانی کۆماری کوردستان کە دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆ و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو، ئێستاش هەر یەکێک بەرزترین و پیرۆزترین ئامانجەکانی گەلی کورد و حێزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانە، هەر بۆیە ئێمە شانازی بە خۆمان و حیزبەکەمانەوە دەکەین کە خاوەن دەستکەوت و بەرهەمێکی ئاوا پڕ بەهاین و ڕێزی لێ دەگرین.
ئینجا سروودی ڕێبەندان لە لایەن کۆڕی سرودی یەکیەتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا و بە دوای ئەو دا پەیامی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو مەراسمە دا بروسکەی پیرۆزبایی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پێشکەش کران کە بەو شێوەی خوارەوە بوون:
لێژنەی ناوچەی دانمارکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن کاک ئازاد عەبدولخالق
کومیتەی دانمارکی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە لایەن کاک ئارام
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن کاک ئەمین ماریجی
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆمەڵە لە لایەن خاتوو گەوهەر
هەروەها پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران و کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لقی دانمارک، لە لایەن پێشکەشکارانی بەرنامەوە خوێندرانەوە.
بەشی دووهەمی ڕێورەسمی دووی ڕێبەندان ٦٧مین ساڵەوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە گۆرانی و هەڵپەڕکی و دەنگی و خۆشی هونەرمەند نەورۆز مەحمود و موسیقای کارزان ئەمین دەستی پێکرد و بە گەڕی هەڵپەڕکێی ئەویندارانی ئازادی و سەربەستی کوردستان زیاتر ڕازایەوە.
جێگەی باسە کە هەردووک کیژۆڵەی جوان و بەهەست، خاتوو سومەیە و خاتوو سنوور، بە شیعر و پەخشانی تایبەت بە یادی ڕێبەندان بەرنامەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.
پیویست بە ئاماژەیە کە کامیڕای کوردکاناڵ و بەشی راپۆڕتی ناوەندی هەواڵ، بۆ هەڵگرتنەوەی فیلم و ئامادە کردنی ڕێپۆرتاژ لەو ڕێورەسمە دا ئامادە بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی دانمارک
وێنەکانی ئەو ڕێوڕەسمە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1584 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact