. . . .


16 Dec 2012

بەرێوەچوونی جێژنی ٢٦ ی سەرماوەز لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوئێد


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ ـ ١٢ ـ ٢٠١٢ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری لینشۆپینگ بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کۆڕێکی بۆ ئەندامانی حیزب و بنەماڵەکانیان و هەروەها بۆ بەشێک لە کوردانی دانیشتووی شاری لینشۆپینگ پێکهێنا.
سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ گیانی هەموو پێشمەرگە شەهیدەکانی ڕێگای رزگاری کوردستان کۆریادی ڕۆژی پێشمەرگە دەستی بە بەرنامەی خۆی کرد، پاشان لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە کاک قادر نەبی‌زادە و بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزب بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرا و ئەم ڕۆژەی لە گشت لایەک پیرۆز کردو کۆمەڵێک شێعرو پەخشانی تایبەت بەم ڕۆژە پێشکەش کردن و هاوکاتیش لە وەسفی پێشمەرگەدا و لە ئاست قارەمانەتی پێشمەرگەدا چەند وتەیەکی پێشکەش کردن.
پاشان لە لایەن کاک کەماڵ قازی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری لینشۆپینگ پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کرا.
پەیامی یەکێەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پەیامی کۆمەڵەی کولتوری کوردی لینشۆپینگ
شایانی باسە کە وەڤدی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەک ڕێزلێنان لەم ڕۆژە و ناوی پێشمەرگە چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستیان پێشکەش بە کۆڕیادی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
پاشان بەرێز حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری حیزب لە دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، بەرێزیان ئاورێکیان لە مێژووی ڕاپەرینەکانی نزیک بە ٩٠ ساڵی ڕابردوو، لە ڕاپەرینی شێخ عەبیدوڵڵا شەمزینان، شێخ سەعیدی پیران، میر محەممەدی ڕەواندوز، سمایل ئاغا سمکۆ شکاک، شێخ ئەحمەدی بارزانی و هێزی چەکداری کورد لەم قۆناخەدا کرد، پاشان ئاورێکی لە چۆنیەتی ناودێر کردنی هێزی چەکدار بە پێشمەرگەی کوردستانی کرد و شانازی‌یەکەی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گەراندەوە و گووتی لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا چەندین لاپەرەی زێرینی وەک درووست کردنی حیزب بە پێی بەرنامە و ئامانجی دیاریکراو، پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد کەسی یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ناودێرکردنی هێزی چەکدار بە پێشمەرگە و درووست کردنی سوپای میللی بە ناوی پێشمەرگە و دواتر دانانی ڕۆژێک بە ناوی پێشمەرگەوە کە ٢٦ ی سەرماوەزە کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بە هێزی شۆرشگێری گەل واتە پێشمەرگە کرد و هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان یارمەتیدەری شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بوون وەک پێشمەرگە ناوبردن و گووتی ئەوانەی لە سەر ماف و ئازادی‌یەکانی گەلەکەیان کە سەرەتایترین مافە و لە بەندیخانەدان، ئەوانەی کوڕەکانیان پێشمەرگە و شەهید بوون، ئەوانەی لە مووچەو مەزرا و گوند و شاردا هاریکاری پێشمەرگەبوون، توێژەکانی ژنان و لاوان و کاسبکار و وەرزێرو جوتێر و بە گشتی توێژی خوێندکاری کورد و ئەوانەی کە وانەی کوردی چ بە شێعرو هەڵبەست و چ بە نووسینی کتێب دەڵێنەوە و هەمووی وەک پێشمەرگە ناوبردن و لە ئاست گەورەیی و دڵفراوانی خەڵکی کورد دا گووتی کە پێشمەرگە بە بێ هاوکاری و یارمەتیدانی خەڵک وەک گوڵێکی بێ ئاوی لێدێ و ناتوانێ لەبەر ڕەشەبا خۆ بگرێ بەڵام لەبەر ئەوە پێشمەرگەی کوردستان هێزی گەلی لە پشتە لە بەرامبەر ڕەشەبا و گەردەلوول دا خۆدەگرێ و گووتی پێشمەرگە شانازی بەو هاوپێوەندی‌یەی نێوان هێزی پێشمەرگە و خەڵکەوە دەکات. کەریمی لە کۆتایی قسەکانی دا سوپاسی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە هەموو لایەنەکانی کوردستان داکرد و گووتی کە پێویستە یەکریز و یەکدەنگ لە ئاست دوژمن و هێرشەکانی دا بێنە مەیدان.
لە دەرێژەی بەرنامەکە چەند کەس لە کادرو پێشمەرگە دێرینەکانی سەنگەری بەرگری لە نیشتماندا بە باس کردنی بیرەوەری و خوێندنەوەی شێعر و هەڵبەستی تایبەت بە پێشمەرگە هەست و سۆزی خۆیان دەربری و هەر کامەیان بە نۆبەی خۆیان لە وەسفی پێشمەرگەدا باسەکانی خۆیان پێشکەش کرد کە ناوەکانیان بریتی‌بوو لە:
کاک برایم شەم ئەندامی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و بەرپرسی کۆمەڵەی کەم‌ئەندامان و بەساڵاچوانی لینشۆپینگ وتارێکی لە سەر هەل‌ومەرجی ئێستا پێشکەش کرد.
کاک عەلی باڵەکی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان
کاک ڕەسووڵ قادرزادە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان
کاک کەریم ڕەحمان‌پوور ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان
کاک حاجی عەبدوڵڵا سولێمانی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان
خاتوو نەسرین محەممەدی هاوسەری کاک عەلی باڵەکی
کاک سەدیق لیلانەیی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێ‌وڕەسمەدا یەکێەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان شیرینی ڕۆژی پێشمەرگەیان بە سەر گشت بەشداربووان دا دابەش کرد و بەم شێوەیە ڕێزیان لەم ڕۆژە گرت.
دوایین بەشی ئەم ڕێ‌وڕەسمە بۆ بەشی هونەری تەرخان کرابوو، کە لەم بەشەش دا دوو گەنجی دەست‌وپەنجە رەنگین و دەنگخۆش بە ناوەکانی ڕەهێڵ بە لێدانی ئۆرگ و خاتوو باوان کەریمی بە دەنگی بە سۆزی خۆی تا درەنگانێک لە شەو هەموو بەشداربووانیان نوقمی شایی و خۆشی کرد و بەم شێوەیە ڕێز لە پێشمەرگەی کوردستان و بە تایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گیرا.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لینشۆپینگ
١٦ ـ ١٢ ـ ٢٠١٢
وێنەکانی ئەو ڕێورەسمە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1049 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact