. . . .


16 Dec 2012

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە پارێزگا??


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی ٢٥ی سەرماوەز، بەرانبەر بە ١٥ی دێسامبری ٢٠١٢ی زایینی، کومیتە ناوچەی ئۆستفۆڵدی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان بەمەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ کوردانی هەرچوارپارچەی کوردستان پیک هێنا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە جەعفەر ڕەسووڵی، هەتاو ساڵحزادە و سازگار ئەمینی چەندین شێعرو پەخشانی شۆرشگێری پێشکەش کراو ناوبراوان بەخێرهاتنی میوانانیان کرد.
ئینجا پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن بەڕێز نادر ئەمینی بەرپرسی کومیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد پێشکەش کرا، لەپەیامەکەی دەفتەری سیاسی دا هاتبوو کە
نەتەوە بندەستەکان بۆ ئەوەی بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن پێویستیان بە تێکۆشان ولە خۆبردوویی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای خۆیان هەبووە، گەلی کوردیش یەک لەو گەلانەیە کە سەڕەرای خەباتێکی دوور و درێژ بەداخەوە هێشتا ڕزگاریان نەبووە و کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای خەبات نەیانتوانیوە کۆڵ بە نەتەوەی کورد بدەن ولە هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی کە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆیەتی و لەو ڕێگایەدا لە هیچ فیداکارییەک دریغی نەکردووە. نوێنگەو چڵە پۆپەی ئەو فیداکاری و لە خۆبردووییە هیزی پێشمەرگەی کوردستانە کە وەک باسکی بەهێزی ئەو خەباتە لە پسان نەهاتووە ئەرکی دیفاع و بەربەرەکانی لە مەیدانەکانی شەڕدا بە دژی دوژمنانی کورد کەوتۆتە سەرشانی.
دواتر پەیامی کۆمەڵیک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن تێکۆشەری دێرینی حدک حەسەن ئەمینی ناسراو بە "حەسەن غەمبار" پێشکەش کرا، لە بەشێکی پەیامی پێشمەرگە دێرینەکاندا هاتبوو، ئێمە وەکوو پۆلێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە خزمەت ئاو و خاکی کوردستان دابووین، و زۆربەمان لە کاتی تێکۆشاندا شەڵاڵی خوێن بووین و بەختیارین کە لەم ماوەیەدا لەیەک سەنگەردا خەباتکاربووین. و هەر لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنین کە لەگەڵ یەکەم بروسکە کە پێمان دەگا، بەڵێن دەدەین وەک جاری جاران شان بە شانی ئێوە تێکۆشەری ڕێی رزگاری نەتەوەکەمان بین و هەتا گەیشتن بە ویستی گەلەکەمان بۆ ساتێکیش لە خەبات نەوەستین.
پەیامی کومیتە ناوچەی ئۆسفۆڵدی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە لایەن بەرێز خاتوو نازێ عەلی دوست خوێندرایەوە، بەرێز نازێ وتی،
وەک هەموو لایەک ئاگادارن زۆر لە مێژە حیزبی ئێمە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی باشترین و بە ئەمەگترین ڕۆڵەکانی کوردستان رۆژی ٢٦ی سەروەزی وەک رۆژی پێشمەرگەی کوردستان نێودێر کردوە، ئەوەی کە ئەندامانی حیزب ڕێز لەو ڕۆژە مێژوویە بگرن و چەپکە گولی ڕێزو خۆشەویستی لە بەرۆکی هاوسەنگەرانیان بدەن ،بۆتە نەریتێکی باو و سالانە پەیڕەو دەکرێ.
لەدرێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پارچە پەخشانێک وشێعرێک لە لایەن بەرێز سامان شۆرش پێشکەش کرا.
کومیتەی ئۆسفۆڵدی یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رێزگرتن لە خەبات و بەرخۆدان و تیکۆشانی پێشمەرگە چەندین چەپکە گوڵ پێشکەش بە سەرجەم پێشمەرگەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان کە لە جێژنەکەدا بەشدار بوون کرا.
شایانی باسە کە چەندین بروسکە و پەیامی پیروزبایی و چەپکە گوڵ لە لایەن حیزب و رێکخراوە کوردستانیەکانەوە گەیشتبوونە دەستی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە کە بریتی بوون لە:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کومیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد
پارتی دێموکڕاتی کوردستان ڕێکخراوی ئۆستفۆڵد
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئۆستفۆڵد
یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان کومیتەی ئۆسفۆڵد

دوابەشی ڕێوڕەسمەکە بە شایی و شادی و هەڵپەرکێی بەشداربووان و دەنگە خۆشەکەی هونەرمەند قادر ئەسعەد تا درەنگانێکی شەو دڕێژەی هەبوو.

کومیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ناوچەی ئۆستفۆڵد

بۆ بینینی وێنەکان لێرە کرتە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1457 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact