. . . .


14 Dec 2012

له‌سه‌ر ده‌عوه‌تی رێکخراوی جینێڤا کاڵ نوێنه‌رانی پێنج حیزبی رۆژ


له درێژه‌ی پرۆژه‌ و به‌رنامه‌کانی رێکخراوی بانگه‌وازی ژنێڤ (جنیڤا کاڵ) بۆ ده‌روه‌ست کردنی بزوتنه‌وه چه‌کداره‌کانی جیهان له‌بواری قانوونی به‌شه‌ردۆستیدا، و له‌سه‌ر بانگهێشتنی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌و رێکخراوه نوێنه‌رانی پێنج حیزبی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان واته حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، و کۆمه‌ڵه – رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران له شاری ژنێڤ کۆبوونه‌وه.

هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ به‌شداری له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که دوو رۆژ ده‌خایه‌نێ له به‌ڕێزان مسته‌فای شڵماشی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب، ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده و گوڵاڵه شه‌ڕه‌فکه‌ندی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێک هاتووه.

مه‌به‌ست له‌و کۆبوونه‌وه‌‌یه ئه‌وه‌یه که پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م حیزبانه له‌بواری قه‌ده‌غه‌کردنی مینه‌ دژه که‌سییه‌کان ده‌روه‌ستنامه‌ی رێکخراوی بانگه‌وازی ژنێڤیان ئیمزا کردووه، ئه‌مجاره له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافه‌کانی ژنان و منداڵاندا پره‌نسیپه‌ په‌سندکراوه‌کانی ئه‌و رێكخراوه‌ له چوارچێوه‌ی دوو په‌یمانی به‌جیادا ئیمزا بکه‌ن.

له دانیشتنه‌کانی رۆژی 13ی دێسامبری 2012 دا که یه‌که‌م رۆژی کۆبوونه‌وه‌که بوو، ورده‌کارییه‌کانی نێو ئه‌م دوو په‌یمانه‌ و ئه‌و ئه‌رک و ئیلزاماته‌ی لێی ده‌که‌وێته‌وه له‌لایه‌ن به‌رپرسان و پسپۆڕانی رێکخراوی ژنێڤا کاڵه‌وه شی کرانه‌وه و له چوارچێوه‌ی گفتگۆیه‌کی کراوه و به‌نێوه‌رۆکدا نوێنه‌رانی حیزبه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان روانگه‌کانی خۆیان له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و رێککه‌وتننامانه و زه‌مینه و پێویستییه‌کانی تایبه‌ت به بارودۆخی زاڵ به‌سه‌ر خه‌باتی خۆیان له‌و پێوه‌ندییه‌دا خسته‌ڕوو.

له کۆتایی کاره‌کانی رۆژی یه‌که‌م و پاش ئێواره‌ خوانێک، خانمی ئێلیزابێت دێکرێ ڤارنێر هه‌یئه‌ته‌کانی هه‌ر پێنج حیزبی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی بۆ پارلمانی کۆماری ژنێڤ هاوڕێیه‌تی کرد هه‌تا به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كێک له دانیشتنه‌کانی ئه‌و پارلمانه ببینن و له‌وێ سه‌رۆکی پارلمانی کۆماری ژنێڤ به‌‌ڕه‌سمی ئاماژه‌ی به حزووری نوێنه‌رانی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران له ساڵۆنه‌که‌دا کرد و به‌خێرهاتنی کردن.

شایانی گوتنه که وه‌ک بڕیار دراوه، له دوانیوه‌ڕۆی رۆژی دووه‌‌می ئه‌و ده‌وره له کۆبوونه‌وه‌کانی رێکخراوی بانگه‌وازی ژنێڤ له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، هه‌ردوو په‌یمانی ئاماژه‌پێکراو له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی دیاریکراوی ئه‌م حیزبانه‌‌وه له رێوره‌سمێکی تایبه‌تیدا که له پارلمانی ژنێڤ به‌ڕێوه ده‌چێ ئیمزا ده‌کرێ.
jenivakal.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 944 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact