. . . .


13 Dec 2012

سەردانی شاندێکی کۆنفڕانسی پارتە کوردستانیەکان لە بنکەی سەرەکی لیب?


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: سەرلەبەیانی چوارشەممە رێکەوتی ١٢/١٢/ ١٢ کاتژمێری یازدەو نیو هەیئەتێک بە نوێنەرایەتی کۆنفڕانسی پارتە کوردستانیەکان لە بریتانیا، لە دانیشتێک دا لە بنکەی سەرەکی پارتی لیبرال دێموکرات، لەگەڵ هەریەکە لەبەڕێزان پیتر لیشنەک بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەی و هەروەها ئیەن گی یەل بەرپرسی لیبرال پارتی لە بنیاتی " ویستمنستر" بۆ دێموکراسی کوبونەوە.
لەم کۆبوەنەوەیەدا کە بەنوێنەرایەتی هەرچوار پارچەی کوردستان قسەو لێداوان کرا، هەر کام لە نوێنەرانی بەشدار لە پێوەندی لەگەڵ پارچەیەک لە کوردستان قسەو لێدوانیان کرد و دواین زانیاریان لە پێوەندی لەگەڵ ئالوگۆری ناوچە و هەروەها جێگە و پێگەی کورد لەناوچەدا پێشکەش کرد. بارودۆخی باشووری کوردستان و پێشێلکارییە دەستوورییەکانی حکومەتی ناوەندی و هەڕەشە و گوڕەشەکانی نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پشت گوی خستنی مادەی ١٤٠ی دەستووری بنەڕەتی لە لایەن دسەڵات دارانی ناوەند خوازەوە یەکەم تەوەری باسەکانی ئەو دانیشتە بوون. پاشان ڕەوشی سوریە بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی و ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە لەو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە و هەروەها داوای پشتیگیری لە لایەنی خانەخوێ بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا و چەندین تەوەری دیکە، ئەو باسانە بوون کە لە نێوان دوو لایەن دا ئاڵوگوڕ کران. سەبارەت بە ڕەوشی گەلی کورد کە باکووری کوردستان و ئەو پێشێلکاریانەی کە دژ بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەو بەشەی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە ئەنجام دەدەرێن تەوەرێکی دیکە وتووێژەکانی پێک دێنا، کە هاوکات داوا کرا کە گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی تورکیە بە مەبەستی چارەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتە زیاتر بکەن.
لە بەشی باسەکان سەبارەت بە ڕۆژهەڵات کوردستان، بەڕیز مەولوود سوارە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا، بە وردی سەبارەت بە ڕەوشی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان قسەی کرد و ئاماژەی بەو هەوڵانە دا کە حیزبەکەمان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی ئۆپۆزێسیۆنی کوردستانی و ئێرانی لە ماوەی ڕابردوو دا داوەیەتی و هاوکات باسی لە کۆبوونەوەی بەرینی ئۆپۆزێسیۆنی ئیرانی لە بروکسێلی پایتەختی بلژیک کرد کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە مانگی دیسامبری ٢٠١٢ دا بەردەوام بوو. لە وڵامی پرسیارێکی نوێنەرانی پارتی لێبراڵ دا سەبارەت بە دانیشتن و پەیوەندی نیوان دێموکراتەکان، بەڕێز مەولود سوارە مزگێنی ئەوەی دانێ کە ڕێبەرایەتی هەردووک لایەنی دێموکرات هاوکات لەگەڵ دانیشتنەکەی ئەوان، لە دەفتەری سیاسی حیزبی ئێمەیان کردووە و سەرقاڵی دانووستانن بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی نیوانیان.
پێویست بە ئاماژەیە کە شاندی کۆنفڕانسی پارتە کوردستانییەکان، ڕاشکاوانە داوای پشتگیری و هاریکاری پارتی لیبڕالی بریتانیا،یان کرد بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان و هاوکات خوازیاری ئەوە بوون کە دەرگای دیدار و وتووێژەکانی نێوان نوێنەرانی پارتە کوردستانییەکان و لیبڕال پارتی بریتانیا بەردەوام بێت.
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا
kdp-libral-parti.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 797 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact