. . . .


10 Dec 2012

راپۆرتی کاره‌کانی رۆژەکانی یەکەم و دووه‌می کۆنفرانسی بروکسێل


لە یەکەم رۆژی کۆنفڕانسی برۆکسێل دا کە بەدەیان رێکخراوی و کەسایەتی سیاسیی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران تیایدا بەشداربوو، بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، باس لە چۆنیەتی هەوڵدان بۆ نەمانی دەسەلاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیی لە داهاتووی ئێران کرا.

لە پێوەندی لە گەڵ ناوەرۆکی باسەکانی یەکەم رۆژی کاری کۆنفڕانسی برۆکسێل دا "کوردستان و کورد" لە داهاتوودا راپۆرتێک بڵاو دەکاتەوە.

لە ڕۆژی دووهەمی ئەو کۆبوونەوە بەرینەی ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی دا، سەرەتا لە لایەن بەرێز کاک کاوە ئاهەنگەری، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا. لە درێژەی کاری کۆبوونەوەدا داوا لە بەرێز مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی حیزب کرد کە پەیامی دەفتەری سیاسی پێشکەش بکات، بەرێز شەڵماشی بیروبۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە ئاست مەسەلەی گفتگۆ و دیالۆگ و هەروەها چۆنیەتی پێکەوە هەڵکردنی گەلانی ئێرانی باس کرد و هاوکات دیکتاتۆری و زوڵم و تووندوتیژی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ بەشداربووان باس کرد و هاوکات باوەری حیزبی دێموکراتی لە ئاست مەسەلە میللی‌یەکان بە راشکاوی باس کرد.

له‌ سه‌ره‌تای به‌رنامه‌ی کاری رۆژی دووه‌م دا دیوانی یەکەمی ڕۆژی دووەم ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد. به‌ڕێوه‌به‌رانی دیوانی یەکەمی ڕۆژی دووەم بریتی بوون لە بەرێزان گوڵاڵە شەرفکەندی و عەباس خورسەندی و مێهدی زولفەقاری.

عەباس خورسەندی له‌ وته‌کانی دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد پێویستە بزووتنەوەی کەسک بناسین، ئەم دانیشتنە گرینگە و پێویستە سرنج بدرێتە سەر نێوخۆی وڵات، قەیرانەکان خەریکە ئێران و داهاتووی ئێران دەخاتە مەترسی‌یەوە.

دواتر ده‌رفه‌ت درا به‌ عەلی‌رەزا کازمی وته‌کانی پێشکه‌ش بکا. ناوبراو پێشەکی پێناسەیەکی لە شەبەکەی جەوانانی پێشرەو کرد و دواتر ئاماژەی بە شەفافییەت و ڕێکەوتن لە سەر هەندێک بابەت کرد کە پێویستە ئێمە لە نێو خۆماندا هەمان بێ. ئه‌و پێی وابوو ره‌خنه‌ گرتن لە کۆبوونەوەکانی پێشوو لە بواری میتۆدی کارەوە بەجێیه‌ و بۆیە پێویستە لەمە بەولاوە هەوڵ بدرێ بۆ باشتر بەرەو پێشچوونی کارەکان بلۆکی فکری و سیاسی پێک بێ .

به‌رێز ئەحمەد ڕەفعت یه‌کێکی دیکه‌ له‌ به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌که‌ ئەوەی دڵمان دەیهەوێ لەگەڵ ئەوەی چۆن دەتوانین پێی بگەین فەرقی هەیە، پێویستە بە کەرەستەی چۆن گەیشتن بە هیواکان بگەین. لاوەکانی نێوخۆ لەم جۆرە کۆبوونەوانە ماندوو بوون. بزووتنەوەی دژی توندوتیژی واتە یانی من هێرشبەر نابم، بۆیە بەرگری کردن نابێتە توندوتیژی. گۆڕان لە زۆربەی رێژیمەکان دا پێکهاتوه‌، ئەو گۆڕانانە هەروا بێ هۆ نەبوون بۆیە دەبێ موتالای تەواو بکەین و بە ئاکام بگەین.

به‌ دوای ئه‌و دا ڕەحیم بەندەوی یه‌کێکی دیکه‌ له‌ به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌که‌ وته‌کانی ده‌ست پێکرد. به‌نده‌وی له‌ سه‌ره‌تای وته‌کانی دا ئاماژه‌ی بە ستەم و جیاوازیدانان لە نێو ئێرانی‌یەکاندا لە بورای ماڵی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، کۆمەڵایەتی و .... کردو پێی وابوو دەبێ ڕێکاری دیار و عەمەلی بۆ گرفتە دیارەکان پێشکەش بکەن، ئەگینا ئیمکانی هاوپێوەندی و هاوکاری نیە.

به‌ شوێن ئه‌ودا به‌رێز موختاری لە حیزبی مەشرووتە هاته‌ ئاخاوتن و له‌ وته‌کانی دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: جۆری خەباتمان بە دوور توندوتیژی‌یە. خەڵک بۆ خۆی هەڵوێست دەگرێ کە چ ڕێکارێک بۆ خەبات هەڵبژێرێ. ئێمە ناتوانین لە دوور را هێز بە دەستەوە بگرین. مه‌رجی یەکەم و باوەری ئێمە ئەوەیە کە ئێران یەک وڵات و یەک نەتەوەیە. ئەگەر حقوقی قەومەکان لەبەرچاو بگیرێ، قەومەکان بە مافی خۆیان دەگەن و لە سەر ئەو باوەرەین کە بە دانانی تاکی مرۆڤ لە ناوەندی سیاسەتگوزاریەکە بە ئاکاممان دەگەین.

به‌رێز ئەکبەر کەریمیان لە "صدای موج سبز ایران" یه‌کێکی دیکه‌ له‌ به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌که‌ ، له‌ وته‌کانی دا باسی له‌وه‌کرد که‌ خەباتی هێزەکانی ئێرانی بۆ دابین کردنی دێموکراسی دەبێ لە نێوخۆی ئێران بێ. هۆکارەکانی مانەوەی رێژیم: شەڕی نێوخۆیی، هەژاریی ئابووری و فەرهەنگی و هەڵاتنی هێزی شوێندانەره‌.

به‌رێز یاسین ئەهوازی به‌شدار بوویه‌کی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ سه‌ره‌تای وته‌کانی دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد‌ ئەگەر بێ متمانه‌یی هه‌یه‌ هۆکاری چیە؟ ئێمە وەک "حزب تضامن دمکراتیک اهواز" ئامادەی هاوکارین. دەبێ ڕێکاری متمانه‌سازی لە بواری نەتەوەیەوە لە نێوخۆ و دەرەوە و هەروەها لە نێو هێزە سیاسی‌یەکان دا بگرینه‌ به‌ر.

به‌رێز دواتر به‌رێز ئەحمەد رەئفه‌ت وته‌کانی ده‌ست پێ کرد. ناوبراو وتی پێویستە تابۆکان بشکێنین. دروشمی هه‌ڵبژرادن کارساز نیە، لە نێوخۆ نەزەریە دروست ناکرێ هەتا لە دەرەوە باسی بکەین.

له‌ درێژه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌رێز مستەفا شەڵماشی تێبینییه‌کانی خۆی خسته‌ رووو وتی: خەریکە دەگەرێینەوە ئەو جێگایەی گرفتەکان بکەینەوە. گرینگترین تایبەتمەندیی ئەو کۆبوونەوەیە سەراحەتی بەیانی قسەکانە، زۆر شەفاف قسە دەکرێ و هەر کەس بە بێ تەعارووف نەزەری خۆی دەڵێ. بە تایبەت گرنگی لەوە دایە کە باسی مەسەلە نەتەوەکانی و چارەسەری مەسەلەی نەتەوەکانی زۆر گرنگیی پێده‌درێ. سێ نوختەی گرنگی وەک هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی، متمانه‌ سازی و به‌دیل سازی دەکرێ وەک مەسەلەی هاوبەشی هەمووان چاو لێ بکرێ.

دواتر به‌رێز مەنووچێهر عەزیزی لە رێکخراوی دێموکراتیکی یارسان قسه‌ی بۆ به‌شداران کرد. ناوبراو له‌ به‌شێک له‌ قسه‌کانی دا وتی: ئێمە باوەرمان بە چاکسازی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا نیە و هەروەها پێداگری لەسەر مافی مرۆڤ و کونواسیۆنه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ مافی مرۆڤ و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان کرد.

به‌شداربوویه‌کی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ڕێز پەرویز خیرغالی له‌ قسه‌کانی دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد بۆ من هەندێک پرنسیپی تایبەتی هەن کە هەمیشە و لە هەموو حاڵەتێک دا دەبێ بیپارێزم. تەشکیلات دەبێ له‌ زۆر کاری نێوخۆی ئێران و رووداوەکان دا دەخاڵەت بکا و نابێ دەست لە سەر دەت دابنێین و چاو لێکەر بین بەڵکوو بە پێچەوانە دەبێ ئێمە دەستپێشخەر بین و پێشرەو.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ کاری کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ڕێز کاوە ئاهەنگەری ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان قسه‌ بۆ به‌شداران کرد. ئاهه‌نگه‌ری له‌ به‌شێک له‌ قسه‌کانی دا وتی: ئێمە بۆ خەڵک تەکلیف دیاری ناکەین بەڵکوو ئێمە وەک حیزبی سیاسی و مرۆڤی سیاسی حەقی هەڵبژاردنمان هەیە. ئێمە نامانهەوێ کتێبێکی پیرۆز بنووسین. بەو هەموو جیاوازییەوە چۆن دەتوانین لە سەر دەقێکی پیرۆز ساغ ببینەوە. ئێمە سیاسین ، جیهان و ناوەرۆکی جیهانیش لە حاڵی گۆڕان دایە، کەوابوو ناکرێ خۆمان بە یەک ڕێکار ببەستینەوە، کەمترین ڕێکەوتن ئەوەیە کە ئێمە گفتگۆ لە سەر چۆنیەتی دەرباز بوون لە کۆماری ئیسلامی درێژە بدەین و شێوازی خەباتی چەند ڕەهەندی پەسەند بکەین.

دواتر حوسێن لاجوەردی به‌شداروویه‌کی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ قسه‌ بۆ به‌شدارن کرد و وتی: بە باوەری من هەموومان ناتوانین بە یەکەوە بین بەڵام دەتوانین هەموو ئەوانەی لێک نزیکن و بیروباوەریان لێک نزیکە بە یەکەوە بن و بە یەکەوە هاوکاری بکەن و لە زۆر شت کەمێک لە خۆمان بگوزەرێین.

به‌رێز ناسر به‌لیدەیی یه‌کێکی دیکه‌ له‌ ئاخێوه‌رانی پانێله‌کانی رۆژی دووه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ : پێویست ناکا هەموو کێشەکان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، بەڵکوو پیویستە گرنگەکان چاره‌سه‌ر بکەین و دواتر گرفتەکانی دیکە چارەسەر بکەین و دەبێ بۆ سیناریۆ جیاوازەکان ڕێکاری دیکەمان هەبێ و هەروەها پێویستیمان بە هاوکاری هەمەلایەنە هەیە.

پاشان نۆره‌ گه‌یشته‌ به‌رێز مێهدی زولفەقاری. ناوبراو وتی: ئایا ئێمە بۆ هەموو جۆرە بەرەنگارییەک لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی ئامادەییمان هەیە ؟ بەداخەوە جۆری بەرگری حاکمییەت دیاریی دەکا. توندوتیژی کۆماری ئیسلامی دیارە و بەرچاوە و کوردستانیش خەباتێکی دوورودرێژی بەرێوەبردوە و سەنگەری واقیعی بەرگری لە خۆی و ئێران بووە.

به ‌داوی ئه‌ودا یه‌کێکی دیکه‌ له‌ به‌شداران واته‌ به‌ڕێز جەمشید ئەسەدی له‌ وتی: دەرباز بوون لە کۆماری ئیسلامی بۆ کوێ و بۆچی؟ هەڵبژاردنی ئازاد دروشمێکی جیهان پەسەندە، ئیـمە دەبێ دەرەوە لە دەست کۆماری ئیسلامی ئێران بستێنین و کاروباری دەرەوەی وڵات بخەینە دەست ئوپوزیسیۆن. ئەمرۆ پێویست ناکا هەموومان بە ئاڵترناتیڤەوە لەگەڵ یەکتر بین ئەگەر لە سەر هەندێک مەسەلە ڕێکەوتین ئەوکات ئاڵترناتیڤ بدۆزینەوە و شێوازی خەبات بۆ خۆمان هەڵیبژێرین نەک بۆمان هەڵبژێرن.

ئاسۆ حەسەن‌زادە ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان یه‌کێکی دیکه‌ له‌ که‌سانه‌ بوو که‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌وه‌ری پانێله‌که‌دا قسه‌ بۆ هبه‌شدارن کرد. ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: ئەمرۆ سنوور بەندیەکانی نێو ئوپوزیسیۆن کەمرەنگ بۆتەوە و ڕەوتیک لە دیالۆگی هەمەلایەنە دەستی پێکردوە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەو دیالۆگانە بەرهەمی کارای لە بوای هاوخەباتی دا هەبێ. ئوپوزیسیۆنی ئێرانی گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەی وەک مەجازی بوونی لە ڕادەبەدەری چالاکیی سیاسی، تێگەیشتنی هەڵە لە جێگە و نەخشی ڕێکخراوە سیاسییەکان، بێ متمانەیی بە یەکتر، ونبوون لە نێو کۆمەڵێک باس‌و خواسی لاوەکیدا بوه‌. پەڕش‌وبڵاوی لەم قۆناغەدا زۆر بە زیانە. بەڵام هەر لەو کاتەدا هاوکاری و هاوخەباتی پێویستە لەسەر بنەمای بە ڕەسمی ناسینی ماف و داخوازی‌یەکانی یەکتر پێکدێ.

وێنەکانی ئەو کۆبوونەوە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 4868 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact