. . . .


26 Nov 2012

سێمیناری "ئەزموونە تاڵەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانەک?


ناوەندی هەواڵ- سوید: رۆژی شەممە رێکەتی ٢٤ی نوامبری ٢٠١٢ لە لایەن ٨ رێکخراوی ژنانی کوردی رۆژهە‌ڵات، سێمینارێک لە ژێر سەردێڕی "ئەزموونە تاڵەکانی ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران" له ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوئید بەڕیوە چوو.
ئه‌م هاوکاری و بەرنامە هاوبەشە به بۆنه‌ی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان به‌ڕێوه چوو و بایەخێکی تایبەتی دابو بە گێرانه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کانی ژنان و وێناکردنی جۆری توندوتیژی دەوڵەتی که ژنانی کوردی زیندانی سیاسی له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ته‌جره‌به‌یان کردبوو.
بەرنامەکە کاتژمێر ١ی دوای نیوەرۆ بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و هەر وەها قوربانیانی توندوتیژی دەستی پێکرد.
دوای بە خێر هێنانی بەشداران، مەبەستی بەرنامەکە لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە خاتوو ئاوارە جەلالی باس کرا. ئەوجار پارچە مۆسیقایەک لە لایەن کاک فەریبۆرزی فەخاری پێشکەش کرا.
سەرەتا پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی پێک‌هێنەری بەرنامەکە لە لایەن خاتوو ناهید موکری خوێندرایەوە.
دواتر پارچە پەخشانێک لە لایەن خاتوو زیبا سەرەوەی پێشکەشی بەرنامەکە کرا.
لە بەشی پانێل دا ٦ چالاکوانی مافەکانی ژنان، بەرێزان مینا لبادی، شیرین جەلالی، شۆعلە قادری و نگین شێخ اسلامی و گۆڵالە شەرەفکەندی، کە بۆخۆیان ئێش‌و ئازارەکانی زیندانیان تەجروبە کردوە، بەسەرهاتەکانی خۆیان گێڕایەوە. پاشان داوا لە خاتوو پرشنگ محەمەدی و خاتوو کوێستان داودی کرا کە ئەوانیش باس لە بەسەرهاتی خۆیان بکەن کە لەگەڵ پێشوازیەکی بەرچاوی بەشداران رووبەروو بوون. دوا بەدوای پانێل نۆرە گەیشتە بەشداران کە پرسیارو تێبینیەکانی خۆیان بێننە بەرباس‌و هەر وەها پشتیوانی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی دووپات کردەوە.
ئەوجار خاتوو شەهین شەهلایی پەخشانە شێعرێکی پێشکەشی یادەکە کرد کە بە قەلەمی کاک ناسر حیسامی نووسرا بۆوە.
دوا بەشی بەرنامەکە تەرخان کرابوو بە پێشکەش کردنی چەپەکە گوڵ بۆ بەشدارانی پانێل‌و نوێنەری هەرکام لە رێکخراوەکان‌و هەر وەها رێز لێنان لەو کەسانەی کە لە ماوەی ژیانیان دا تووشی زیندان هاتوونە.
پێویست بە ئاماژەیە کە بەشێکی بەرچاو لە حیزب‌و رێکخراوەکان بە بۆنەی ٢٥ نوامبر پەیامیان بۆ هەیئەتی ئامادەکاری بەرنامەکە ناردبوو کە تەنیا ئاماژە بە ناوەکانیان کرا ،
پەیامی حێزبی دێموکراتی کوردستان
پەیامی هاوبەشی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
پەیامی کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان
پەیامی شەفیق کەیا ، بەرپرسی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیە کورد و کوردستانیەکان
هەر وەها پەیامی زێنەب بایزیدی، کە نێوەرۆکەکەی لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە خوێندرایەوە.
کاتژمێر ١٧،٣٠ بە خوێندنەوەی جەمع‌بەندی و ئاکامی باسەکان لە لایەن گوڵرۆخ قۆبادی، کۆتایی بە بەرنامەکە هات.
شایانی باسە کە رێکخراوەکانی پێک‌هێنەری ئەو بەرنامە هاوبەشە بریتی بوون لە:
– ڕێکخراوەی ژنانی کورد لە ئۆپسالا
– کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
– ڕێکخراوەی ژنانی ئازەرمێهر
– ڕێکخراوەی ژنانی کۆمەڵەی زحمەتکێشان
– ژنانی ڕەوتی سوسیالیستی کۆمەڵە
– یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
– یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان
– ڕێکخراوەی مافی ژنی کورد
٢٦ی نوامبری ٢٠١٢

وێنەکانی ئەو سمینارە لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 862 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact