. . . .


12 Nov 2012

بەرێوەچوونی هەشتەمین کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان ل?


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: ڕۆژی یەکشەممە11ی نوامبری 2012ی زایینی هەشتەمین کۆنفرانسی کۆمیتەی یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان بە ناوی کۆنفرانسی "شەهید پەروین رووحی" لە وڵاتی نۆروێژ بەرێوەچوو.
سەرەتا بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بە تایبەت ئەو شێرە ژنانەی کە لە رێگای ئازادی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە کۆنفرانسەکە دەستی بە کارەکانی کرد.
پەخشانێک بۆ شیرە ژنی پێشمەرگەی شەهید "پەروین رووحی" لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامەوە بەرێز بەفرین رۆستەمی لە ژێر ناوی تەوارە سوورپۆشەکەم لە نووسینی بەرێز هاشم رۆستەمی پێشکەش بە بەشداران کرد.
لە لایەن بەرێزان فەوزیە ئەحمەدی و هەمین رۆستەمی هەشت مۆم بە بۆنەی هەشتەمین کۆنفرانسی ی ژ دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ داگیرسێندرا.
بەرێز "مەحبوب رەحیمی" بەرپرسی کومیتەی یەکێتی ژنان لە نۆروێژ، باسێکی لە گرینگی چالاکی ژنی کورد لە هەل و مەرجی ئێستادا پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.لە باسەکەی رەحیمی دا هاتبوو: هەر وەک هەمووتان دەزانن خەباتی رزگاریخوازانەی ژنان لە جیهاندا مێژوویەکی تۆمار کردووە کە دەستی کەمی لە خەباتە بەناوبانگەکان نیە.
کۆمەڵگای کوردەواری و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیش بە گوێرەی ئیمکان لە چاو وڵاتانی دیکەی جیهان کە ژن بە هۆی کولتوور و ئایین زیاتر چەوساوەتەوە، خەباتی یەکسانی خوازی دژوارتر بووە و هەر ئەوەش بۆتە یەکێک لە هۆکارە ئەسلیەکان کە ژنان لەم وڵاتانەدا تا ئێستاشی لەگەڵ بێت نەیانتوانیوە بەو ئاستە بگەن کە لە کۆر وکۆمەڵەکانی رۆژئاوایی دا دەیبینین.
ئەگەر بە وردی و زۆر بە کورتی ئاورێک لە خەباتی ژنان لە کوردستان بدەینەوە و بە تایبەتی ژنانی رۆژهەلاتی کوردستان کە لە ئەسلدا مەیدانی خەباتی ئێمە ئەوبەشە لە کوردستانە ، دەبینین کە لە چاو زۆر وڵاتانی دیکە بە خۆشیەوە ژنانمان پێشکەوتنێکی باشییان لە هەموو بوارەکانی کۆمەلایەتی،سیاسی،ئابووری و هونەری بە خۆیەوە بینیوە، بەلام ئایا بە ئامانج گەیشتووین و کەم و کورێکانمان تەواو بوون؟ ئایا ئەو رادە پێشکەوتنەی کە باسی دەکەین (هەمە لایەنەیە)،بێگومان وەلامەکەی نایە! چ بکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجی ژنان کە ئامانجێکی گشتییە ئەویش مافی یەکسانیخوازییە.
مێژوو بە ئێمەی سەلماندووە کە هەر ئەو بە هانا هاتنەی تاکەکان و کۆی ئەو چالاکیانە بوون کە ئێمەی گەیاندوتە ئەمرۆ کە ژنی کورد سیاسەتمەدار، رێبەر، خویندەوار و پسپۆری لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە بەرهەم هێناوە.
کەواتە با هەموومان بۆ جارێکی دیکە پەیمان نوێ بکەینەوە کە هاوکار و یاریدەدەری یەکتر بین لە گەیشتن بە ئامانجی گشتیمان واتە مافی یەکسانیخوازی.

پاشان رەحیمی ڕاپۆرتی کارو چالاکییەکانی کۆمیتەی یەکێتی ژنان لە نۆروێژی لە نێوان کۆنفرانسی حەوتەم بۆ هەشتەم پێشکەش کرد.
دواتر بەشدارانی کۆنفرانس ڕاوبۆچوونی خۆیان بۆ تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرت و کارو چالاکییەکانی کۆمیتەی "ی ژ د" لە نێوان دوو کونفرانس دا خستە ڕوو، دوای گرتنی ڕخنەو تێبینی بەشداران، ڕاپۆرت بە تێکرای دەنگ پەسەند کرا.
هوونەرمەندی لاو ئارەزوو عومەرزادە بە چەند گۆرانی گروتینێکی دیکەی بە کۆنفرانسەکە بەخشی.
شایانی باسە کە بەشێک لە میوانەکانی کۆنفرانس بۆ باشتر بەرێوەچوونی کارەکان بەشداری چالاکانەیان لە بەحسەکاندا کرد.
ئینجا خوێندنەوەی راپۆرتی ماڵی لە لایەن خوشکە نەمام زەرینفام کە لە لایەن بەشداربوانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.
پەیامی پیرۆزبایی کۆمیتەی حدک لە نۆروێژ لە لایەن بەرێز ئەحمەد نەقشی بۆ کۆنفرانسی یەکێتی ژنان پێشکەش کرا و بەرێزیان پشتیوانی کۆمیتەی حدک ی بۆ یەکێتی ژنان دووپات کردەوە، هەروەها بەو بۆنەوە برووسکەی پیرۆزبایی و چەپکە گوڵ لە لایەن بەرێز سەیران مەعرووفی بەرپرسی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە کۆنفرانس کرا.
لە برگەیەکی تری کۆنفرانسەکەدا بەرێز شوعلە قادری بەرپرسی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات باسێکی گشتی لە سەر زەروورەتی بزووتنەوەی ژنان و کاری هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنان کرد، بەرێز قادری وتی: ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە کەش و هەوایەکدا دەژین کە لە لایەکەوە سیستمێکی ‏حکومەتیی دژی ژن و دژی یەکسانی رەگەزی، وەک یاسا بەسەر وڵاتدا زاڵە، لە لایەکی دیکەشەوە فەرهەنگی پیاوسالاری کۆمەڵگای ئێمەی توشی نەخۆشی کردوە. بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ ئەم کۆمەڵگا نەخۆشەش، ئێمە پێویستیمان بە هەوڵی ژنان و دەنگی راستەوخۆی یەکسانیخوازان هەیە. ئەگەر چی هەموومان دەزانین کە پرسی ‏یەکسانی و مافی بەرانبەری ژن و پیاو، پرسی هەموو کۆمەڵگایە و تایبەت بە ئێمەی ژن نییە، بەڵام ‏خودی ئەوە کە ئەم پرسە زۆر جاران کەوتۆتە سەر شانی ئێمە، ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە پرسی ژن لە ‏ڕاستیدا کەوتۆتە پەراوێزی پرسەکانی دیکەوە، بۆیە پیویسته‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد وردە وردە فێر بێت‌و خۆی لەو پرسانه‌ نه‌دزێته‌وه‌.

رێزدار قادری لە دوایی باسەکەیدا کوتی، بزووتنەوەی ژنان و چالاكانی بواری مافی ژن بە بەردەوامی و ماندوو نەناسانە كار دەکەن و بەبێ هیچ چاوەڕوانیەك هێزی خۆیان بۆ چارەسەریی پرسی ژن و هەوڵدان بۆ نەمانی ستەم و نایەكسانی بەرامبەر بە ژنان تەرخان كردوە.
دوا برگەی کاری کۆنفرانس بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی بەرێوەبەرایەتییەکی نوێ بۆ ڕاپەڕاندنی کارو چالاکییەکانی یەکێتی ناوبراو بوو کە لە پروسەیەکی ئازاد و بە دەنگدان ئەو بڕگەیەش لە کاری کۆنفڕانس بەڕێوەچوو و بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ بۆ کومیتەی گشتی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ هەڵبژێردرا.
کۆنفرانس دوای پێنج کاتژمێر کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان،نۆروێژ.
11.11.2012

وێنەگر: دلێر خورشیدی

بۆ بینینی وێنەکان لێرە کرتە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1319 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact